ئیسلامى سیاسى یان ئیسلامى چالاك
به‌شى شه‌شه‌م
به‌ڵام هێنانه دى ئه‌و جۆره کۆمه‌ڵگایه‌ى که له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته‌دا بگونجێت، به‌پله‌ى یه‌که‌م پشت ده‌به‌ستێت به تاکه‌کان و کلتورى خودى ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه، له‌م ڕووه‌وه له‌هه‌ندێ کۆمه‌ڵگادا ئایین ده‌ورى گرنگ ده‌بینێت به‌وه‌ى که هانده‌ر و ڕێگرى جۆرى هه‌ڵسوکه‌وته، به‌تایبه‌تى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا ئایین هزرى زۆرینه‌ى مرۆڤه‌کانه و توانیویشیهتى ڕێکیان بخات بۆ یه‌کده‌نگى و سه‌رهه‌ڵدانى ڕێکخراوى وه‌ك ئیخوان و ئه‌لقائیده و زۆرى تر. واته تواناى هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌و قۆناغه ( قۆناغى یه‌کسانى مافى مرۆڤ و ته‌کنۆکرات) به‌نده به بوون و نه‌بوونى ڕێگرهکانیهوه، پاشان ئه‌م قۆناغه کۆمه‌ڵێك گۆڕانکارى له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت بۆ پته‌وکردنى پێگه‌کانى خۆى که له‌به‌رژه‌وه‌ندى مرۆڤایه‌تیدان وه‌ك مافى مرۆڤ و دیموکراتى و یه‌کسانى نێوان یاسا ده‌وڵه‌تیه‌کان و چاره‌سه‌رى کێشه‌کان به‌شێوه‌ى ئاشتى و دوور له توند‌و تیژى، که‌هه‌ندێ جار ڕووبه‌ڕووى کلتورى جیاواز له‌و خواستانه ده‌بێته‌وه، ئه‌مه جگه له بارى ئابوورى ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه.
بێگومان کاردانه‌وه‌ى دیارده ئابووریه‌کان پێگه‌یه‌کى گرنگى هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه بۆ ڕه‌وتى سیاسى چ لاى ده‌وڵه‌تان و چ لاى تاکى کۆمه‌ڵ، هه‌رله‌و ڕوانگه‌یه‌وه بینیمان که چۆن کاتێك سه‌رۆکى پێشووى ئه‌مه‌ریکا ڕێکخراوى بازرگانى جیهانى به‌کار ده‌هێنا بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ى بیر‌و ڕ‌ۆشنبیرى ئه‌مه‌ریکى له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى که به‌شدارى ڕێکخراوه‌که‌یان ده‌کرد، تووشى قه‌یرانێکى به‌رهه‌ڵستى کارانه بووه‌وه له زۆربه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا وه‌ك له ئه‌وروپا و ده‌وڵه‌ته ئیسلامیه‌کاندا ده‌بینرا.
هه‌رچى ده‌وڵه‌ته ئهوروپییهکانه به‌خۆپیشاندان و هاتنه سه‌رشه‌قامه‌کان به‌ره‌نگارى خۆیان ده‌نواند، ئه‌وه‌ش به‌هۆى بوونى جۆره‌ها سه‌ندیکا و ڕێکخراوى مه‌ده‌نى ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌وه سه‌رپه‌رشتى ده‌کرا، که له‌ئه‌نجامى پێشکه‌وتنى کۆمه‌ڵگاکه‌وه بهڕهوتێکى مێژوو کرد هاتوونه‌ته کایه‌وه که دهیانتووانى ته‌نانه‌ت ڕێ له سه‌ردانى سه‌رۆکى ده‌وڵه‌تێکى وه‌ك ئه‌مه‌ریکا بگرن و به ئاشکرا دژایه‌تى به‌رامبه‌ر بنوێنن، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ى که شاره‌زایى ئه‌وتۆى ئابووریشیان نه‌بوو به‌شدارى ئه‌و هه‌ڵویست وه‌رگرتنه‌یان ده‌کرد.
وه‌ك هه‌نگاوێکیش بۆ گه‌شه‌کردن و بره‌و پێدانى ئه‌و کاردانه‌وه‌یه، سه‌رکرده‌کانى ساندیکا و لایه‌نه سیاسیه‌کان سهرپشکێتى ئه‌مه‌ریکى و لاوازبوونى ئابوورى ناوخۆیان ده‌به‌سته‌وه به هه‌نگاوه‌کانى جیهانگیریه‌وه، که‌ئه‌مه‌ش تێوهگلانێکى سیاسى بوو زیاتر له‌وه‌ى که هۆکار بێت، چونکه هه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه خۆیشیان له‌لایه‌نێکى تر‌ى جیهانگیریدا به‌شدارن، بۆ نموونه کاتێك که فه‌ره‌نسیه‌کان ئه‌و دژایه‌تیه‌ى ئه‌مه‌ریکیه‌کان ده‌که‌ن له‌ژێر ناوى جیهانگیریدا که‌چى خۆیشیان له‌ڕێى جۆره‌ها ده‌رمانى جوانکاریه‌وه سه‌رتاسه‌رى جیهانیان ته‌نیوه و تائێستاش سه‌رپشکى سه‌ربازى هه‌ندێ له‌ووڵاته ئهفهریقیهکانن و بهڕهوایشى ده‌زانن، به‌و شێوه‌یه ئه‌و تێکه‌ڵبوونه له ئه‌وروپاوه سه‌رى هه‌ڵدا که دژایه‌تى کردنى سهرپشکێتى ئه‌مه‌ریکى ببه‌سترێته‌وه به جیهانگیریه‌وه. ئه‌مه کارى کرده سه‌ر هه‌ندێ له نووسه‌رانى ناو خودى ئه‌مه‌ریکاش، بۆ نموونه د‌یڤید سانجه‌ر که لێکۆڵهرهوهیهکى سیاسى نیویۆرك تایمز بوو، به‌ئاشکرا و له لاپه‌ڕه‌ى یه‌که‌مى ڕۆژنامه‌که‌یاندا نووسى ( وویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا کلتورى خۆى له‌ڕێى په‌یمانه بازرگانیه ده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به بازاڕى ئازاده‌وه، ئیداره‌ى کلینتۆن پشتبه‌ستنى خۆى له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه گوێزاوه‌ته‌وه بۆ ڕێکخراوى بازرگانى جیهانى، بۆئه‌وه‌ى له‌و ڕێگه‌یه‌وه کلتورى ئه‌مه‌ریکى بگه‌یه‌نێته ده‌ره‌وه‌ى خۆى، پاشان به‌ناوى نوێنه‌رى بازرگانى وویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانه‌وه ده‌نوسێ: ڕێکخراوى بازرگانى جیهانى ڕه‌نگبێ چالاکترین هۆکارى بڵاوکردنه‌وه‌ى سه‌روه‌رى ئه‌مه‌ریکى بێت له‌دوا ڕۆژدا به نه‌مان و لابردنى ئه‌و کۆتانهى که‌له‌سه‌ر بازرگانى جیهانى دانراوه، ئه‌ویش به ئازادکردنى بازاڕه‌کان و کردنه‌وه‌ى ململانێ ئازاده‌کانه که کلتورى ئه‌مه‌ریکى ده‌یباته‌وه، به‌هۆى دیارده به‌هێزه‌کانى ته‌کنه‌لۆژیاى وه‌ك ئینته‌رنێت و کۆمپیوته‌رى پێشکه‌وتوو و هۆکاره‌کانى تر‌ى سه‌روه‌رى که له لایه‌ن شۆڕشه‌که‌ى ڕۆناڵد ڕیگنه‌وه ده‌ستى پێ‌کرد به ده‌ست تێ وهرنهدانى ده‌وڵه‌ت بۆ ئامانجه ئابووریه تایبه‌ته‌کان.
کاتێك ئه‌مه هه‌ڵوێستى لێکۆڵهرهوهیهکى خودى ئه‌مه‌ریکى بێت، چۆن ناکرێته پاکانه‌یه‌کى دژایه‌تى کردنى ده‌ره‌کى؟ هه‌ربۆیه تا ئێستاش ئه‌و تێوهگلانهى ڕێکخراوى بازرگانى جیهانى له پله‌ى یه‌که‌مى هۆکاره‌کانى نه‌مانى سه‌روه‌ریدایه له‌لاى زۆر له گه‌لان، که نموونه‌ى به‌هێزیش بۆ ئه‌مه هه‌ڵبژاردنى بنکه‌که‌یان بوو بۆ گورزى توندى ئه‌لقائیده.
به‌لاى منه‌وه ئه‌و دوو دیارده‌یه جیاوازه، چۆن جیهانگیرى قۆناغێکى سه‌رتاسه‌ریه و ئه‌مه‌ریکاش وه‌ك هێزێکى گه‌وره ئه‌و دیارده‌یه به‌کار ده‌هێنێت له پێناو ئامانجه‌کانى خۆیدا هه‌روه‌ك ده‌وڵه‌تان و لایه‌نه‌کانى تر به‌کارى ده‌هێنن، به‌ڵام ده‌رکه‌وتنى ئه‌مه‌ریکا به‌و فراوانیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تواناى زیاترى ته‌کنه‌لۆژى و قه‌باره‌ى ئابووریه دهوڵهمهندهکهى که ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کى به‌رده‌وامى ئیمپریالیستیه، واته به‌کارهێنانى هه‌نگاوه‌کانى جیهانگیرى چۆن بۆ ڕێکخراوى ئه‌لقائیده گونجاوه وه‌ك به‌کارهێنانى ئینته‌رنێت و تهکنهلۆژیاکانى تر‌ى سه‌رده‌م، به‌هه‌مان شێوه ویستى بره‌و پێدانى ئیمپریالیى ئه‌مه‌ریکیش به‌گونجاوى ده‌زانێت بۆ گه‌شه‌ى خۆى، هه‌ربۆیه پێویسته شه‌رعیه‌ت به دژایه‌تى کردنى ئه‌و ویسته ئیمپریالییه بدرێت نه‌ك به هه‌نگاوه‌کانى جیهانگیرى.
له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستیشدا به‌هه‌مان شێوه‌ى ئه‌وروپا به‌رهه‌ڵستى به‌رامبه‌ر سه‌روه‌رى ئه‌مه‌ریکى سه‌رى هه‌ڵدا، به‌ڵام له‌م ووڵاته دواکه‌وتووه‌کاندا که ڕێکخستنێکى ئابوورى پته‌وى سه‌ندیکایى و هزرێکى پێشکه‌وتووى ئه‌وتۆ له‌ئارادا نه‌بوو که بتوانێت سه‌رکردایه‌تى ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه بکات، بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌هه‌لیان زانى و هه‌ستى ئایینیان بۆ ئه‌م کاردانه‌وه‌یه به‌کارهێنا شانبه‌شانى ده‌مارگیرى نه‌ته‌وه‌یى، به‌تایبه‌تى که هه‌ڵوێسته‌که به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریکا بوو زۆر ئاسانتر بۆیان چووه سه‌ر، ئه‌وه‌ش به‌هۆى پشتیوانى کردنى به‌رده‌وامى ئه‌مه‌ریکایه بۆ ئیسرائیلى داگیرکه‌رى خاك و زه‌وى ناو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، له‌هه‌مان کاتدا سه‌رهه‌ڵدانى شه‌ڕى دووه‌مى که‌نداو و هاتنى ئه‌و هێزه زۆره‌ى ئه‌مه‌ریکاش بۆ ناوچه‌که هه‌ست بزوێنه‌رێکى زیاتر بوو، لێره‌وه ئاماده‌کارى کرا بۆ سه‌رهه‌ڵدانى بیرى نوێ که زۆرینه‌ى ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ى به‌ره‌و پته‌و کردنى ڕابوونى ئیسلامى و ڕابوونى نه‌ته‌وه‌یى برد، که نه‌ك ته‌نها ڕابوونێکى ئیسلامییه به‌ڵکو هه‌ست کردن به له‌ده‌ستدانى سه‌روه‌رى نه‌ته‌وه‌یى پشتگیریه‌کى پته‌وى ئه‌و ڕابوونه‌یه.
لێره‌وه هه‌موو دژایه‌تى کردنه‌که خرایه ناو بازنه‌یه‌کى دیارى کراوه‌وه که له‌گه‌ڵ ڕوو به‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکادا به‌کاربهێنرێت و کرایه سه‌رپشکى ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و دیارده نهگونجاوانهى که له‌وانه‌وه دێت و له‌وانه‌ش دیارده‌ى جیهانگیرى. که‌واته دژایه‌تى کردنى کلتور و ئابوورى و داگیرکردنى خاك و دژایه‌تى ئایینى هه‌رهه‌مووى یه‌کى گرته‌وه له‌ناو یه‌ك بازنه‌دا، هه‌ر دو‌ژمنێك بۆ یه‌کێك له لایه‌نه‌کانى ناو بازنه‌که کرایه دوژمنى هه‌موو لایه‌نه‌کان، به‌مه‌ش جیهانگیریش کرایه دوژمنى ئه‌و هه‌ڵوێسته نوێیانه‌ى که له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا سه‌رى هه‌ڵدا و کرایه پاکانه‌یه‌کى تر‌ى ده‌ست نه‌ته‌وه په‌رسته‌کانى ناوچه‌که به‌ره‌و ئازادى نه‌ته‌وایه‌تى، له‌هه‌مان کاتدا خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى ئه‌و نه‌ته‌وه پهرستانهش تێکه‌ڵ به هه‌ڵوێست وه‌رگرتنى لایه‌نه ئایینیه‌کان کرا و به‌م هه‌نگاوه‌ش هیچ بیانوویه‌ك نه‌ما که ڕێگر بێت له‌به‌رده‌م یه‌کگرتنه‌وه‌ى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى له‌گه‌ڵ هه‌ستى ئایینى و ڕابوونى ئیسلامی‌دا که سه‌رئه‌نجام سه‌رهه‌ڵدانى ئهلقائیدهى پته‌وتر کرد و کرایه هه‌ڵوێستێکى جیهانى دژ به ئه‌مه‌ریکا.
به‌تایبه‌تى له ده‌وڵه‌ته عهرهبیهکانى باکورى ئه‌فه‌ریقا که له‌زۆر لایه‌نه‌وه کلتورى بێگانه زاڵ بووه به‌سه‌ر کلتورى ئیسلامی‌دا وه‌ك له جه‌زائیر و تونس و مه‌راکیش، ده‌رگاى له پێکدادانى توندوتیژیدا کرده‌وه و له ووڵاته‌کانى تریشدا تائێستاش به‌ئاشکرا هه‌ست به چالاکى ئه‌و ململانێ ئایینیانه ده‌که‌ین که کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ناوچه‌که هه‌یه که له‌لایه‌ن ڕێکخراوى ئیخوان و ئهلقائیدهوه سه‌رپه‌رشتى ده‌کرێت، هه‌رچه‌نده سه‌رهه‌ڵدانى ئیخوان وه‌ك باسمان کرد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆکارى ناوخۆى کۆمه‌ڵگاى ئیسلامى و سه‌رده‌مى نه‌مانى شه‌رعیه‌تى ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌لقائیده زیاتر هۆکارێکى جیهانى و هاوکاتى قۆناغێکه که به‌جیهانى کردنى ئابوورى مرۆڤایه‌تیه‌وه به‌نده، به‌و پێیه‌ش که هه‌ردوو ڕێکخراوه‌که هه‌ڵوێستێکى یه‌ك ئایینه و یه‌ك ئایدۆلۆژیایه که گه‌ڕانه‌وه‌ى کۆمه‌ڵگایه بۆ بنه‌ما ئایینیه‌کان و خواستى ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست، نزیکبوونه‌وه‌شیان له‌یه‌کتر پێڕه‌وا ده‌بینرێت، هه‌ربۆیه لایه‌نگرانى ئیخوان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناکه‌ونه به‌ره‌ى دژایه‌تى کردن له‌گه‌ڵ ئه‌لقائیده‌دا، به‌تایبه‌تى له‌م سه‌رده‌مه‌دا که هیچیان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان به‌ده‌سته‌وه نییه که‌جێى سه‌رنجى ئه‌وى تریان بێت، به‌هه‌مان پێوانه نزیکبوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه په‌رسته‌کانى گه‌لى عه‌ره‌بدا به‌دى ده‌کرێت، که‌واته هه‌موو هه‌نگاوێکى ڕه‌وتى نه‌ته‌وه په‌رسته‌کانى عه‌ره‌بى ده‌کرێ پشت ببه‌ستێ به ئیخوان و ئه‌لقائیده و پێچه‌وانه‌که‌یشى هه‌ر ڕاسته.
لێره‌وه تێکه‌ڵ کردنه‌که لاى زۆر نوسه‌رانى ناوچه‌که‌ش به‌دى ده‌کرێت که ناتوانن خۆیان له‌وه لابده‌ن که جیهانگیرى قۆناغه و به‌تێکڕا کردنه، زیاتر له‌وه‌ى که به داردهستێکى ئه‌مه‌ریکى و ئیسرائیلى سه‌یر بکه‌ن و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا جیهادو ڕابوونى ئیسلامیى به به‌رامبه‌رى ئه‌و قۆناغه ده‌زانن و له‌م ڕوانگه‌یه‌وه کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن به‌دوو به‌شه‌وه، لایه‌نگرانى جیهانگیرى و لایه‌نگرانى ئیسلامگهڕایى، که له‌ڕاستیدا به‌لاى منه‌وه چ چالاکى ئیسلامییه‌که و چ سیاسه‌تى ووڵاته به‌هیزه‌کان وه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و کلتورى ئه‌مه‌ریکى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خودى ئه‌و هه‌نگاوه‌یه که به‌تێکڕایى کردنه‌که ماوه‌ى بۆ ده‌کاته‌وه و گه‌شه‌یان پێ ده‌دات، له‌م بۆچوونه‌یشه‌وه واى ده‌بینم که دژایه‌تى کردنى ئیسلامیه چالاکه‌کان ده‌کرێت بۆ باڵێکى دیارى کراوى ناو به‌تێکڕایى کردنه‌که بێت نه‌ك قۆناغه‌که، به‌ڵام شانبه‌شانى دژایه‌تى کردنى نه‌ته‌وه په‌رسته‌کان بۆ باڵێکى تر‌ى ناو به‌تێکڕایى کردنه‌که ڕه‌وایى ده‌داته یه‌کگرتنه‌وه‌یان و ده‌بێته به‌رژه‌وه‌ندیه‌کى دوولایه‌نه، ده‌نا ئه‌و تێکه‌ڵکردنه بۆ لایه‌نه ئیسلامیه‌کان تێکه‌ڵ کردنێکى هه‌ڵه‌یه و له ئاکامدا پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ى به‌دوادا دێت، که‌له‌به‌ر که‌م توانایى هزرى ئابوورى زۆر له ڕێکخراوه ئایینیه‌کانى گه‌لانى ناوچه‌که‌ش تێکه‌ڵ به‌م هه‌نگاوه ده‌بن که ئه‌ویش پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌ییه بۆ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب.
بۆ پته‌وکردنى ئه‌و بۆچوونه به پێویستى ده‌زانم له‌سه‌ر لایه‌نێکى تر‌ى ململانێکان بدوێم ئه‌ویش ململانێى نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوایه.
ئاشکرایه له مێژووى نوێ‌دا یه‌کێك له‌و ململانێ گه‌ورانه‌ى که هه‌موو کون و قوژبنێکى ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ى گرتبۆوه شه‌ڕى ساردى نێوان سۆڤیه‌تى ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌مه‌ریکاى ڕۆژئاوا بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌یش قۆناغى خۆى بڕى و کۆتایى پێ هات و هۆکاره‌که‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتى ئابوورى، به‌تایبه‌تى کاتێك ڕۆناڵد ڕیگن پۆستى سه‌رۆکایه‌تى وه‌رگرت له ئه‌مه‌ریکا، سیاسه‌تێکى دوولایه‌نه‌ى نوێى هێنایه ئاراوه که پاڵه‌په‌ستۆى زیاترى خسته سه‌ر سۆڤییه‌ت، له‌لایه‌که‌وه ململانێى خۆچه‌کدار کردنى له‌گه‌ڵ سۆڤییه‌تدا گه‌یانده شه‌ڕى ئه‌ستێره که سالانه به ملیاران دۆلارى تێده‌چوو، ئه‌م تێچوونه زۆره چیتر له تواناى سۆڤییه‌تدا نه‌ما، له‌لایه‌کى تریشه‌وه که‌وته که‌مکردنه‌وه‌ى باج و پشتیوانى کردنى بازرگانى ئازاد له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا، له‌م هه‌نگاوه‌شدا مارگرێت تاتچهرى به‌ریتانى گه‌وره‌ترین پشتیوانى بوو.
ڕۆناڵد ڕیگن که‌سێکى ڕاگه‌یاندن بوو ئه‌کته‌رێکى سینه‌مایى و قسه‌زان بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سیاسیه‌ش پرسیاره به‌ناو بانگه‌که‌ى هاته گۆڕێ و بڵاوکرایه‌وه که ده‌ڵێ ( ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌کرێت ئه‌ى که‌ى؟ ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌یکه‌ین ئه‌ى کێ؟)، هه‌ربۆیه له‌و پێناوه‌دا که‌وته بڕیار دان و جێبه‌جێ کردن، به‌ڵام ڕیگن لێره‌دا سیاسه‌تێکى به‌کار هینا که وه‌ك گۆڤارى کاروبارى ده‌ره‌وه نوسى ( به‌ردانى سه‌رى گوریسى ده‌ست بێگانه)، به‌مه‌ش ئه‌و سه‌ره‌ى که به‌ده‌ست خۆیانه‌وه‌یه ئازاد نییه، واته جیبه‌جێ کردنى فه‌رمانه‌کانى بازاڕ ته‌نها له‌ئه‌ستۆى بێگانه‌کاندا بێت و لایه‌نى ئه‌مه‌ریکى ناگرێته‌وه چونکه ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى سامان و ته‌کنه‌لۆژیاى سه‌رده‌م ئه‌و فه‌رمانانه دێنێته گۆڕێ که‌لاى ئه‌مانه، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه ده‌گه‌یه‌نێت که جیهان ده‌کرێته بازاڕێکى فراوان بۆ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانى سه‌رده‌سته و گرنگى سنوورى نێو ده‌وڵه‌تان که‌م ده‌بیته‌وه. له‌م ڕووه‌وه دامه‌زراندن و فراوانکردنى ڕێکخراوى بازرگانى جیهانى گوڕێکى به‌هێز بوو بۆ ئابوورى سه‌رمایه‌دارى ئه‌مه‌ریکى، زۆرینه‌ى ووڵاته به‌شدار بووه‌کان و گه‌وره‌کانى جیهان سوودمه‌ند بوون و به‌شداریان تێدا کرد، به‌ڵام سوودمه‌ندى یه‌که‌م هه‌ر ئه‌مه‌ریکا بوو و ته‌نانه‌ت ته‌کنه‌لۆژیاى په‌یوه‌ندى نێوانیشیان که ئینته‌رنێته هه‌ر به‌رهه‌مى ئه‌مه‌ریکیه، پاشان ئه‌م ڕێکخراوه کرایه هێزێکى نه‌بینراوى پشت په‌رده بۆ گه‌یشتن به هه‌موو وولاتێك و کاریگه‌رى له‌سه‌ر ئابوورى هه‌مووان هه‌بوو.
هه‌رچه‌نده له‌سه‌ره‌تاوه کرێکارانى کانه ژێر زه‌مینیه‌کان له به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ تاتچه‌ردا که‌وتنه ململانێیه‌کى تونده‌وه و کێشه‌یان بۆ دروست کرد به‌ڵام خۆڕ‌اگرى مارگرێت تاتچه‌ر که‌ناسرابوو به ژنه ئاسنینه‌که له‌سه‌ر سیاسه‌تى خۆى هه‌نگاوى گه‌وره‌ى نا، به‌هۆى ئه‌و باجانه‌ى که هه‌بوو له‌سه‌ر به‌هه‌مه‌کانى به‌ریتانیا کارێکى واى کردبوو بۆ نموونه له‌سه‌ره‌تاوه خه‌ڵوزى ئه‌مه‌ریکى هه‌رزانتر بوو تا خه‌ڵووزى ناوخۆى به‌ریتانیا. هه‌ربۆیه کرێکاران ناچار بوون که خۆپیشاندان بکه‌ن و له‌مه‌شه‌وه به‌یه‌کدادان دروست بوو له‌گه‌ڵ پیاوانى پۆلیس و سیاسه‌تى تاتچه‌ردا.
له‌پڕ ئه‌و خۆپیشاندانه نه‌ما و نهقابهکانیش توشى کێشه هاتن، زۆرینه‌ى کارگه ده‌وڵه‌تیه‌کان له به‌ریتانیا فرۆشرا به که‌رتى تایبه‌ت و کرایه دیارده‌یه‌کى نوێى هه‌موو جیهان، به‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌نگاو نرا بۆ داڕمانى سۆشیالیستى. ئه‌مه کرایه خاڵێکى سه‌ره‌تاى نه‌مانى سۆشیالیزم له ڕووسیاشدا، ووتار و بڕیارى ڕۆناڵد ڕیگن و تاتچه‌ر ئه‌و کێشه گه‌وره‌یه‌ى بۆ سۆڤییه‌ت دروست کرد که پێویست بوو دانیشتن و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بکات و له‌ناوخۆیشدا چاکسازى بکات که ناسرا به پرۆسترۆیکا.
یه‌که‌م هه‌نگاویش لابردنى ئه‌و خه‌رجیه زۆره بوو که به‌هۆى شه‌ڕى سارده‌وه تووشى هات بوو، له‌به‌ر ئه‌وه پێویست بوو له‌پێناوى نههێشتنیدا ڕاسته‌خۆ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌که‌یدا دابنیشێت، هه‌ربۆیه میخائیل گۆرباچۆف چوو بۆ مالتا له‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکیه‌کاندا کۆبویه‌وه به نیازى رێککه‌وتن و نه‌هێشتنى شه‌ڕى سارد.
له‌ناو خۆیشدا پرۆسترۆیکا گه‌یشته قۆناغێکى نوێ که ده‌نگى ناڕه‌زایى به‌رز بوویه‌وه له‌پێناو چاککردنى گوزه‌رانى سیاسى و ئابوورى، زۆر له ده‌وڵه‌ته‌کانى ناو سۆڤییه‌ت کێشه‌ى گه‌وره‌تریان بۆ دروست بوو و نهێنى زۆر ئاشکرا بوو، له کاتى خۆپیشاندانه‌کانى براگدا له ڕۆمانیا دژى نیکۆلا چیاوچیسکۆ، 73 که‌س کوژران، چیاوچیسکۆ بهدیکتاتۆرترین سه‌رکرده ناوى ده‌رکرد، خۆى و ژنه‌که‌ى گیران ئیعدام کران و شه‌ڕى نێوان حیزبه‌کان ده‌ستى پێ کرد که نزیکه‌ى 1000 که‌سى تیا کوژرا.
له مۆسکۆش کێشه بۆ گۆرباچۆف دروست بو و حیزبى شیوعى به‌ره‌و له‌ده‌ستدانى ده‌سه‌ڵات چوو، کێشه‌ى ئابوورى باڵى کێشا به‌سه‌ر بازاڕدا، به‌ڵام به‌هۆى ڕێگه پێدانى بازاڕى ئازاده‌وه، به‌رهه‌مه‌کانى ئه‌مه‌ریکا گه‌یشته مۆسکۆ و یه‌که‌م ماکدۆناڵد کرایه‌وه و کۆکاکۆلا و بیبسى سه‌رتا سه‌رى سۆڤییه‌تى ته‌نى. ئابوورى سۆڤییه‌ت تووشى نالهباریهکى وا هات که گه‌نده‌ڵى سه‌رتاسه‌رى گرته‌وه و خۆپیشاندان گه‌رمتر کرا و داواى گۆڕانکارى و چاکسازى زیاتر ده‌کرا، له یه‌که‌م هه‌نگاودا و له‌و 15 کۆمارانهى که هه‌بوون، لیتوانیا و ئیستۆنیا و لاتڤیا داواى ئازادى ته‌واویان کرد، به‌ڵام شیوعیه توندڕه‌وه‌کان دژى ئه‌وه بوون.
بۆریس یێلتسین که سه‌رۆکى حیزبى شیوعى بوو ناوى ده‌رکرد و پاش ماوه‌یه‌ك کرایه سه‌رۆکى ڕوسیا. ململانێى له‌گه‌ڵ گۆرباچۆڤدا ئاشکرا کرا.
له‌لایه‌کى تره‌وه کێشه‌ى ئه‌ڵه‌مانیاش سه‌رى هه‌ڵدا و هیلمه‌ت کۆل هه‌وڵى دا که ئه‌ڵمانیاى ڕۆژهه‌ڵات بکرێته ئه‌ندامى ناتۆ و له‌ماوه‌یه‌کى کورت‌دا هه‌ردوو ئه‌ڵمانیا یه‌کیان گرته‌وه، له ئۆکرایناش خۆپیشاندان ده‌ستى پێ کرد و 14 که‌س کوژران و سه‌دانى تریش بریندار کران، له ڕوسیاش دژى ئه‌و هه‌ڵوێسته بوونه‌وه که به‌و شێوه‌یه دژایه‌تى خۆپیشانده‌ره‌کان کرا.
گۆرباچۆڤ سوور بوو له‌سه‌ر نه‌مانى شه‌ڕى سارد و ئه‌مجاره چوو بۆ ئه‌مه‌ریکا و ڕێککه‌وتنێکى مۆر کرد بۆ نه‌هێشتنى چه‌کى قورسى ئه‌تۆم، ده‌یان ساڵ بوو ترسى جه‌نگى ئه‌تۆمى هه‌بوو و هه‌روا به‌و ئاسانییه له ڕێککه‌وتنى نێوانیاندا کۆتایى پێ هات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رده‌مى سۆڤییه‌ت نه‌ما.
به‌ڵام نه‌مانى سۆڤیه‌ت ته‌نها سه‌رکه‌وتنى سه‌رمایه‌دارى ڕۆژئاوا نه‌بوو به‌ڵکو سه‌رکه‌وتنى ئه‌و گه‌لانه‌ش بوو که بۆماوه‌یه‌کى دوور و دریژ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى سۆڤییه‌تدا ده‌یان ناڵاند و له خه‌باتدا بوون، له‌وانه‌ش گه‌لى ئه‌فغانستان بوو که له قۆناغى خه‌باتى ڕزگارى نیشتمانیدا بوو، به‌هۆى ئایینى ئیسلامه‌وه و دژایه‌تى کردنى سۆڤییه‌ته‌وه پشتیوانیه‌کى زۆریان لێ ده‌کرا به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته موسوڵمانه‌کانه‌وه و له‌ناویاندا ده‌وڵه‌تانى که‌نداو و که‌سانى ئایینى له سه‌رتاسه‌رى جیهاندا، که پاشان هه‌ر ئه‌و یارمه‌تى دانه له‌لایه‌ن پشتیوانه دهرهکیهکانیهوه تووشى قه‌یرانێکى تر‌ى کردن و شه‌ڕێکى تر‌ى به‌سه‌ردا سه‌پاندن.
ئه‌مه له‌ئه‌نجامى ئه‌و تێکه‌ڵ کردنه‌وه سه‌رى هه‌ڵدا که باسمان کرد، کاتێك ده‌سه‌ڵاتى ئابوورى ڕۆژهه‌ڵات روخا و شه‌ڕى ساردى نیوانیان کۆتایى پێهێنرا ئه‌و مانایه نادات که ئیتر کێشه‌ى نوێ سه‌رهه‌ڵنادات و دونیایه‌کى ئارام دێته ئاراوه، به‌ڵام نه‌مانى ئه‌و شه‌ڕه سارده خۆى له‌خۆیدا دۆڕانێکى یه‌ك لایه‌نه‌و براوهیهکى دوولایه‌نه‌ى له‌خۆ گرت، له‌لایه‌که‌وه ئه‌مه‌ریکا خۆى به‌سه‌رکه‌وتوو ده‌زانى و له‌لایه‌کى تریشه‌وه سه‌رکه‌وتنێکى ناڕاسته‌وخۆ درایه موسوڵمانه‌کانى ئه‌فغانستان و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کان، که نه‌مانى ده‌سه‌ڵاتى سۆڤییه‌ت بوو له ئه‌فغانستان، که ئه‌وه‌ش هه‌ر له ئه‌نجامى نه‌مانى سۆڤییه‌ته‌وه بوو، که له پێش ئه‌وه‌دا به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مه‌ریکیه‌کان و شۆڕشگێڕانى ئه‌فغانى و موسوڵمانه پشتیوانه‌کانیان یه‌کى ده‌گرته‌وه و هاوکارى ته‌واویان له ئه‌مه‌ریکاوه پێده‌گه‌یشت، به‌ڵام وه‌ك باسمان کرد ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا کرایه هۆکارى سه‌ره‌کى بۆ بادانه‌وه‌ى ئه‌و موسوڵمانه بێگانانهى که له ئه‌فغانستاندا هه‌بوون بۆ دژایه‌تى کردنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وه‌شمان له‌یاد بێت که هه‌رچى هێز و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مه‌ریکایه له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا که ڕاسته‌وخۆ تێکه‌ڵ به ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بى و ناوچه‌ى موسوڵمانان کراوه زیاتر بوونێکى بهرژهوهندیانهى خۆیه‌تى زیاتر له‌وه‌ى که به وویستى ناوچه‌که هاتبن، پشتیوانى کردنیشیان بۆ ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل ده‌مامکێکى قیزهوهنى داوه به ڕوویاندا.
ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت که ئه‌م ناوچه‌يه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شوێنى سه‌رهه‌ڵدانى ئايينه‌كانى ئيسلام و گاور (مه‌سیح، کهبهکوردى پێى دوترێت گاور و هه‌ندێ که‌س به‌هه‌ڵه به داتاشراوى کافرى ده‌زانن ئه‌وه‌ش بۆ ناشرینکردنى ناوه‌که‌یه) و جوله‌كه بووه دانيشتوانه‌كه‌ى به‌شوێنێكى پيرۆز و پايه‌به‌رزيان زانيوه، ئه‌مه و چه‌ند هۆكارێكى تر‌ى وه‌ك داگيركردنيان له‌لايه‌ن توركه‌وه بۆ نزيكه‌ى 400 ساڵ، هه‌ستێكى واى داوه به دانيشتوانه‌كه‌ى كه‌هه‌ست به‌كه‌م و كوڕى بكه‌ن و له‌هه‌وڵى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌سته‌دا ئايين و مێژووى زانايانى خۆيان بهدرهوشاوهترين ئه‌ستێره ده‌زانن بۆ يه‌كگرتنه‌وه‌ى خاڵى خه‌باتى يه‌كپارچه‌يى و هێنانه ژێر ڕكێفى لاوهكانيان له‌ده‌ورى ئامانجه نهتهوهييهكانياندا، هه‌رچه‌نده ئه‌م بۆ چوونه به‌خێرايى ته‌شه‌نه‌ى كرد و بوونى قورئانى پيرۆزيش به زمانى عه‌ره‌بى ياريده‌ده‌رێكى گه‌وره‌ى يه‌كخستنى زمانه‌كه‌يان بووه، به‌ڵام له‌لايه‌كى تره‌وه بووه‌ته هۆى سه‌رهه‌ڵدانى كۆمه‌ڵێك بيروبۆچوونى شۆفێنى له‌ناوياندا كه‌بووه هۆى دواكه‌وتنى ناوچه‌كه.
که‌واته هاوته‌ریب کردنى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کاندا و ئاوێته کردنیان به‌یه‌ك جگه له‌وه‌ى که بهمافێکى ڕه‌واى ده‌بینن، گووڕێکى به‌تینیش ده‌داته لاوه دڵگهرمهکانیان که ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مى په‌روه‌رده‌ى ئه‌و چینه‌یه که خۆیان به‌ڕۆشنبیرى نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌زانن و ئایینى ئیسلامیان به‌ته‌نها ده‌نگێك داناوه بۆ سه‌ربه‌خۆیى نه‌ته‌وه‌یى و به‌دى هێنانى ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان و لانهدانى کولتور و مانه‌وه‌ى مۆرکى نه‌ته‌وه‌یى، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا بهیهکدادانى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى چه‌ند چین و توێژێکى گرنگى کۆمهڵگاکهشیانه، که هه‌ر که‌سانى چالاکى ئیسلامین و جیاوازى بیرکردنه‌وه‌یان له شێوه‌ى به‌ڕێوه بردنى نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تدا له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى پێشوودا یه‌کناگرێته‌وه و ئه‌و دهلاقهیهى دروست کردووه.
که‌واته کاتێك ده‌بینین په‌ره‌سه‌ندنى ده‌سه‌ڵاتى ئیسلامى ده‌بێته فاکته‌رى پته‌و کردنى ڕیزه‌کانیان و یهکدهنگیهکى فراوانى عه‌ره‌بایه‌تى، له‌هه‌مان کاتدا ده‌بێته هۆى داپچڕانى ناوه‌ندى عه‌ره‌بى له‌نێوان خۆیان و له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى خۆشیان، که ئه‌مه‌ش ترسى گه‌وره‌ى ڕۆشنبیرهکانیانه و هه‌روا به‌ئاسانى ماوه ناده‌ن بگوزه‌رێت، هه‌ربۆیه سه‌رهه‌ڵدانى ڕێکخراوێکى وه‌ك ئه‌لقائیده دابڕان و که‌لێنێکى گه‌وره‌ى خستۆته نێوان چینه جیاجیاکانى نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌به‌وه.
هه‌ر له‌سه‌رده‌مى عوسمانیه‌کانه‌وه به‌شێوه‌ى جیا جیا ئه‌رکى چالاک‌تر کردنى کۆمه‌ڵێك زیاتر کراوه له‌چاو کۆمه‌ڵێکى تردا و هیچ کاریگه‌رییه‌کى ئه‌وتۆى نه‌بووه له‌سه‌ر دابڕین و جیابوونه‌وه‌ى کۆمه‌ڵگاى ئیسلامى، که توانیویه‌تى هه‌ستى موسوڵمانانى تریش بۆ خۆیان ڕابکێشن و نزیکبوونه‌وه‌ى به‌دوادا هاتووه، بۆ نموونه له لیبیا هاتنى ئیتالیه‌کان بووه هۆى نه‌مان و له‌ده‌ست دانى شه‌رعیه‌تى ده‌وڵه‌ت، عومه‌ر موختاریش وه‌ك سه‌رکرده‌یه‌کى جیهادکه‌ر ناوى ده‌رکرد و له‌هه‌موو لایه‌که‌وه پشتیوانیان لێده‌کرد و تائێستاش جێگه‌ى شانازى نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به، به‌ڵام نه‌بووه هۆى دابڕانى کۆمه‌ڵگاى لیبى له‌گه‌ڵ هیچ ده‌وڵه‌تێکى ئیسلامی‌دا، چونکه ته‌نها هه‌ستێك که به‌کار هێنرا هه‌ستى موسوڵمانێتى خواپه‌رستانه بوو زیاتر له‌وه‌ى که‌هه‌ستى سیاسه‌تکردنى ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست بێت و کارى ناشه‌رعى نه‌کرده پیشه‌ى شۆڕشگێڕه‌کانى بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست، هه‌ربۆیه پشتیوانى کردنیان ئه‌رکێکى باوهڕیى بووه و به ئه‌رکێکى ئایینى دانراوه که بۆ جیهاد کردن پێویسته، ئه‌م هه‌سته له‌ده‌ره‌وه‌ى نیشتیمانى عه‌ره‌بیشدا به‌دى ده‌کرا به‌بێ هیچ هۆکارێکى ڕه‌تکردنه‌وه‌ى جۆرى شۆڕش کردنه‌که که‌وه‌ك ئێستا ده‌بینرێت.
کۆتایى به‌شى شه‌شه‌م
خالید عه‌لى فه‌ره‌ج ـ سوید
khaledfaraj@hotmail.com
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

