دکتۆر ساجد
دکتۆر ساجد ئه‌و شۆڕه‌سواره‌ی به‌بێده‌نگی قومی له‌خه‌مه‌کانی ئه‌دا….!
ئاماده‌کردنی/ خاڵه‌به‌کر

دکتۆر ساجد
هه‌ڵبه‌ته گوزارشت کردن له‌که‌سایه‌تیه‌کی پیرۆزی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌مان ئه‌وه ده‌هێنێت که‌راستگۆیانه ئه‌و مافه‌ی که‌پڕ به‌به‌ژن و باڵا‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانێتی به‌سوجده‌بردنه‌وه جارێکی تر ئه‌و پیرۆزیه‌ی وه‌به‌ردا بکه‌یته‌وه‌و دوور یان نزیک مشتێ له‌و خۆڵه بۆن خۆشه‌ی سه‌ر مه‌زاره‌که‌ی هێدی هێدی به‌رز بکه‌یته‌وه‌و ڕاستگۆیانه بینوسێنیت به‌سنگی پڕ حه‌سره‌ت و ئاهته‌وه،
که‌سایه‌تیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نێو نێوه‌ندێکی ساجید تیاخوڵقاو وه‌ک له‌زاری چه‌ندین هاوڕێ و دوست و که‌سانی نزیکی جوانه‌مه‌رگه‌وه گه‌واهی ئه‌وه ئه‌ده‌ن که‌چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی هه‌ستیارو هێمن و نیشان پێکی دیالۆگ بووه له‌ته‌ک به‌رامبه‌رداو چه‌نده که‌سایه‌تیه‌کی کاریگه‌ر بووه له‌بۆ چاره‌سه‌رکردنی گشت ئاسته‌نگێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی نێو هاوه‌ڵه‌کانی،ساجید هه‌میشه کۆترێکی سپی سپی بووه‌و ئاسته‌نگی گشت که‌سیکی به‌ئاسته‌نگی خۆی زانیوه،سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه که‌ڵه‌که‌بۆکانی سه‌رشانی خۆی که‌هێدی هێدی هه‌موو ڕۆژێ به‌کاوه‌خۆ به‌بێ ده‌نگی قومی لی ئه‌داو بۆ چه‌ن ساتێکی که‌م لێوه‌کانی ته‌ڕ ئه‌کردو پاش ساتێکی که‌متر هه‌مدیسان ئاسته‌نگه‌کان یه‌خه‌و به‌رۆکی پێ ئه‌گرته‌وه‌و ناچار به‌بزه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌رلێوه‌کانی به‌ره‌ورووی قه‌ده‌ری ئه‌کردنه‌وه به‌بی ئه‌وه‌ی له‌ئاستیانا ده‌سته‌و وه‌سان بیت و چی تر نه‌بێته مه‌کۆی ئه‌و خه‌یاڵاتانه‌ی که‌هه‌میشه هه‌موو سره‌وتێکی لێ داگیر کردبوو،ساجیدی هونه‌رمه‌ندو هۆزانڤان و وه‌رزشه‌وان و خه‌م هه‌ڵگرتووی خه‌می مرۆڤایه‌تی،سره‌وتنی هاوڕێکه‌ی سره‌وتنی خۆی بوو،سه‌ره‌ڕای نه‌سره‌وتنی خۆی سره‌وتنی ئازیزێکی ده‌سکه‌وتێکی گه‌لێ گه‌لێ موقه‌ده‌س بوو له‌لای،له‌به‌ر هێندێ شاگه‌شگه‌ده‌بوو،به‌بۆنه‌ی سره‌وتنی ئازیزه‌کانی به‌بێ ده‌نگی قومی له‌خه‌مه‌کانی خۆی ئه‌دا، به‌کاوه‌خۆ له‌گه‌ڵیانا ئه‌دوا،دڵخۆشی خه‌مه‌کانی خۆی ئه‌دایه‌وه،به‌بی ئه‌وه‌ی ڕۆژێ له‌ڕۆژان ته‌نها یه‌ک تاقه شادی سینگوبه‌رۆکی یه‌ک خه‌می ساجید بڕازێنێته‌وه،ساجید هه‌میشه خه‌مه‌کانی خۆی ده‌سته‌مۆ ئه‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی لێی نه‌تۆرێن…هه‌میشه پێی ئه‌ووتن جێم مه‌هێڵن من به‌ئێوه‌وه جوانم..پێی ئه‌ووتن جێم مه‌هێڵن بوونم له‌گه‌ڵ بوونتانایه…مه‌گه‌ر من نه‌مێنم ئێوه‌ش نه‌مێنن…شیشه‌ئاسنینه‌کانی هه‌یئه‌ی خاسه‌و دیواره به‌رزه‌کانی ئه‌بووغرێب نه‌مابوو سه‌ری ڕێز‌و حورمه‌ت و لوتف بۆ ساجید دانه‌نه‌وێنن…پێی ئه‌وتن ئێوه ماده‌ن منیش ماده‌م …به‌جه‌لاده‌که‌ی ئه‌وت حه‌زئه‌که‌م و پێم باشه سیاسی بیت نه‌ک جه‌لاد،ده‌نا جڵه‌وی حوکم به‌ده‌سته‌وه بگرم ڕه‌حم به‌جه‌لاد ناکه‌م…به(مونزیر)و(فه‌لاح)ی به‌ریوه‌به‌رانی ئه‌منی زیندانی ئه‌بوغرێبی ئه‌وت من له‌ئێوه شه‌ریف ترم بۆیه دوای حوکمیش هه‌ر تێم هه‌ڵئه‌ده‌ن (فه‌لاح)و(مونزیر)پێیان ئه‌ووت(إنچب زین ا‌لدین) ساجیدیش دلێرانه ئه‌یووت(انا موو زین ا‌لدین)(انا زینه الدونیا)….ڕاستت کرد ساجد تۆ زینه‌تی دونیابووی..زینه‌تی ئێمه‌ی مادده‌ش بووی..زینه‌تی کوردوستانیش بووی…ئیستاش ئه‌و هه‌ست و نه‌سته پیرۆزانه‌ی که به‌بێ ده‌نگی داخی دڵی خۆت بۆ په‌ره هه‌ڵڕشتووه به‌ئه‌مانه‌ته‌وه بێ ده‌نگێکه‌ی له‌به‌ردا دائه‌دڕم و بۆت بڵاو ئه‌که‌مه‌وه،هه‌رچه‌نده زووربه‌ی هه‌ره‌زۆریانت بێ ناونیشان نووسیوه …بشمبووره گه‌ر حه‌ز ناکه‌یت بڵاو ببنه‌وه…لێ نامه‌وێ ئه‌م هه‌ست و نه‌ست و ترپه‌ی دڵه‌شت به‌بێ ده‌نگی قووم له‌خه‌م بده‌ن…حه‌زیش ده‌که‌م کورته‌یه‌کێش له‌ژیانت بکه‌م به‌به‌رۆکی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌م شیعره جوان و ته‌ڕوپاراوانه‌تا.
*زه‌ینه‌دین نه‌جمه‌دین محه‌مه‌د(ناسراو به‌دکتۆر ساجد)
*سالی 1956 له‌گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قامی سلێمانی له‌دایک بووه.
*ساڵی 1972 په‌یوه‌ندی کردوه به ڕیزه‌کانی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵه‌وه.
*له5/5/1977 له‌لایه‌ن جه‌لادو سیخوره‌کانی ڕژێمه‌وه ئاشکرا بووه‌و ده‌ستگیر کراوه،پاشان به پێنج ساڵ و یه‌ک مانگ حکوم دراوه‌و له‌به‌ندینخانه‌ی ئه‌بوغرێب توندکراوه،پاشان له 16 ی8 ی 1979 به‌لێبوردنی گشتی مه‌ره‌خه‌س کراوه.
*له 2ی 8ی 1980 چۆته ڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردوستانه‌وه وه‌ک کادرێکی کۆمه‌له،له‌هه‌رێمی 5ی قه‌ره‌داغ کاری کردوه‌و درێژه‌ی به‌خه‌بات داوه‌و بووه به‌لێپرسراوی ناوجه‌ی بازیان و دواتریش بووه به‌ڕابه‌رسیاسی تیپی 57 سه‌گرمه.
*دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 له‌کۆمیته‌ی قه‌ره‌داغ بووه‌و پاسان له‌ساڵی 1994 کراوه به‌سه‌رپه‌رشتیاری کۆمیته‌ی ڕێکخستنی ته‌ندروستی.
*له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1996 دا پله‌ی ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندی پێ به‌خشراوه.
* له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1999 دا جارێکی تر متمانه‌ی هه‌ڤالانی وه‌ده‌ست هێنایه‌وه‌و کرا به‌لێپرسراوی ڕادێوی مه‌ڵبه‌ندی 1 ڕێکخستنی سلێمانی.
* له 18 ی 7 ی 2002 دا به‌هه‌ڵبژاردن متمانه‌ی کارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی پێ به‌خشرا.
* له 16 ی 4 ی 2005 کرا به‌ئه‌ندامی مه‌کته‌بی ڕێکخستنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردوستان.
* سه‌د مخابن له‌شه‌وی 18/19 ی1 ی 2006 له‌ماڵه‌ساردوسڕه‌که‌ی خۆیدا بۆ ئێجگاری سره‌وت و به‌بێ ده‌نگی ماڵئاوایی لێ کردین.
(عه‌شقه سات)
به‌ینی دوو شاخ و
له‌ژێر سێبه‌ری دارگوێزێکی زڕدا
ئامێزی ئامێزت
بۆ دڵم واڵا کرده‌وه
خۆشی ئه‌و ڕۆژه‌م پرسه ئاسا بوو
ده‌م زانی ساڵی جارێک ده‌تبینمه‌وه
ته‌زووی خه‌فه‌ت
دڵمی شه‌قار شه‌قار کردبوو
خه‌زان ده‌هات..ده‌چوو
له‌گه‌ڵ گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریوی دا
گۆشه‌یه‌ک له‌دڵم ده‌بوه قوربانی
ئه‌و عه‌شقه ساته‌و
ده‌یانه‌جار
به‌ژیله‌مۆی ئه‌و سۆزه بێ سۆزه ده‌سوتام و ده‌تلامه‌وه
ده‌مزانی پایزه‌مه‌رگه
-ده‌مزانی ساڵی جارێک ده‌تبینمه‌وه
وامده‌زانی ئه‌و عه‌شقه
توێشوی خه‌ونێکی نه‌زۆکه
بۆته خۆراکی ژیان
یاسه‌ره‌ڕۆیی دڵێکی شێته
بۆته ویستگه‌ی ساتێکی ژیان
-ساڵ هات و ساڵ چوو
به‌ئاگاو بێ ئاگا بوین
من وام ده‌زانی بۆخۆم ده‌سوتێم
تۆش واتده‌زانی بۆخۆم ده‌ژێم
هه‌ردووکمان بووینه قوربانی ئه‌و عه‌شقه‌ساته
-ساڵ هاتوو ساڵ چوو
ئامێزی ئامێزت
گه‌رمتر بوو
سنگت
واڵاتر بوو
عه‌شقت
به‌سۆزتر بوو
ئه‌وسا زانیم
چاومان چاوی یه‌که
دڵمان یه‌ک هێلانه‌ی بێ گه‌ردی خه‌مه
ساتێ ئه‌و وه‌رزه سه‌وزه‌ش
دارگوێزه‌که
سێبه‌ری قورس بوو بوو
گوێزه‌کانیش
به‌ردی سه‌ر دڵی من و تۆ بوو
***
(له‌وێ دانتشتبووم)
ده‌مزانی.. دانیشتنم بێ هوده‌یه
چاوه‌ڕێ بووم
زۆرم حه‌ز له‌چاوه‌ڕوانی یه
ده‌شزانم
چاوه‌ڕێی هیچ ناکه‌م
***
هه‌میشه له‌ڕوناکی ئارام ده‌گرم
به‌تاریکی شێت ده‌بم
که‌چی جارجاره
به‌شێتیتاریکی له‌ئامێز ده‌گرم
به‌ڕوناکیش
خه‌وم ده‌بێته کۆچی دوایی و
پرسه‌ی پرسه‌و کۆچی دوایی
***
له‌سه‌ر ئه‌و لوتکه‌یه بووم
به‌فرو شاخ
شاخ و به‌فر
هاوه‌ڵم بوون
چاوم به‌ده‌شت و
شاخی تردا هه‌ڵده‌هێنا
کاتیش هه‌ر به‌یانی و نێوه‌ڕۆو ئێواره بوو
خوا هه‌ر خوایه
هه‌مووش کۆ ئه‌ندامی..یه‌ک ژیانیین
***
ئه‌ی براده‌ر
ئه‌م ووڵاته
ئه‌م شاره
ئه‌م گه‌ڕه‌که
ئه‌م کۆڵانه
ئه‌م ماڵه
هه‌ر هه‌مان ماڵه
ئه‌ی براده‌ر
هه‌مان ژیانه
ئه‌م ژیانه‌ش
خۆ کوشتنه..هه‌مان خۆ کوشتن
ئه‌ی براده‌ر
ئێستا‌و..ئێستا
ئێستا‌و زه‌مه‌نی تۆ
ئێستا‌و زه‌مه‌نی ئه‌و
یه‌ک بووه به‌سێ
سه‌رتان لێ دام
ئه‌ی براده‌ر
3/3/1997
(________)*
مێژۆکانتان لێ وون بووه
خۆتان لێ وون بووه
له‌جیاتی له‌پی ده‌ست
چاوتان شه‌قار شه‌قار بووه
بیرتانه…بیرتان نایه
هه‌زارو شه‌ش سه‌دو هه‌ژده ڕۆژ له‌مه‌و پێش
ئه‌م شاره دیل بوو
ئه‌م شاره سه‌رقه‌برانێکی ژیار ئاسا بوو
سڵێمان پاشای بابان
دوانزه سواره‌ی بابانی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو
ده‌یوویست مردووه‌کان زیندوکاته‌وه
سمکۆی شکاک
ڕۆحی هێنابووه به‌ر هه‌زارمێرد
بیرتانه..بیرتان نایه
زه‌عیم صدیق ئه‌م شاره‌ی شه‌هید کرد
هه‌زارو شه‌ش سه‌دو هه‌ژده ڕۆژ له‌مه‌و پێش
خه‌ڵک وه‌ک ئه‌م ڕۆژه
یادی پێغه‌مه‌رێکی نه‌ده‌کرده‌وه
به‌ڵام هه‌ندێ ڕۆح به‌لایه‌وه غه‌ریب بوو
مه‌زاره‌کان بێزار بووبوون
هه‌ڵه‌بجه وه‌ک ئێستا
موحسین بۆی نه‌ده‌گریا*
ئه‌نفال وه‌ک ئێستا ژماره‌گیر نه‌ده‌کرا
به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه،ئه‌م شاره
ڕۆح گه‌شتبووه لووتی
بیرتانه..بیرتان نایه
هه‌زارو شه‌ش سه‌دو هه‌ژده ڕۆژ له‌مه‌وپێش
ئێواره‌که‌ی بۆ به‌عس،پرسه ئاسا بوو
بۆ شوانه مه‌خزه‌ن له‌پشته‌که‌م
ڕێی خه‌بات بوو
بۆ حه‌مه‌ڕه‌شه‌که‌ی گه‌رمیان
کۆترێکی سپی بوو
بیرتانه..بیرتان نایه
ئه‌و ڕۆژه بۆ شه‌وه‌که‌ی
ته‌نیا ده‌نگ ده‌نگی گه‌لی کوردوستان بوو
بۆ شاڵاو بوو
بۆ سرک بوو
بۆ……
بۆ….بوو
بیرتانه بیرتان نایه
پێنج شه‌موویه‌کی سه‌یر بوو
ئه‌م شاره ده‌تووت
ماشێنێکی خاڵی یه
هه‌ندێ ده‌بوو له‌ماڵه‌وه بن
هه‌ندێ چه‌ک به‌ده‌س
هه‌ندێ ده‌ست له‌چه‌کی پێشمه‌رگه بوون
ئه‌و له‌ئه‌منه سووره‌که
ئه‌و له‌ئه‌منه ئه‌منه‌که‌و
ئه‌و له‌منظه‌مه‌ی به‌عسه‌که
بیرتانه..بیرتان نایه
سه‌رچنار
بیری چوو بۆوه سه‌یرانگا بوو
خه‌بات
بیری چوو بۆوه قه‌ره‌ج ئاوا بوو
مقه‌ڕی ئه‌نفال
ده‌یزانی به‌ختیاریه
سه‌گرمه جه‌یشێ بوو
ئارام له‌ته‌نگیسه‌ره‌وه سه‌رکرده‌ی بوو
ئه‌زمڕ جه‌یشێ بوو
هه‌مووی له‌دارای سه‌عدی به‌گ ده‌چوو
قه‌ندیلی…قه‌ندیلیش
چاوی له‌هه‌موو بوو
ئه‌مڕۆ ئێمه‌و عاشقی به‌عسیان
چاوه‌ڕێی سبه‌ین
ئه‌و سبه‌ینێ یه بۆ من
هه‌زارو شه‌ش سه‌دو هه‌ژده ڕۆژه بۆ کورد
ئه‌و پێنج شه‌ممه مژده به‌خشه‌ی مه‌سیحه بۆ ئۆرشه‌لیم
ئه‌و محه‌مه‌ده محه‌مه‌دی جاهلیه‌ته بۆ مه‌ککه
ئه‌و نه‌بیه‌که‌ی جبرانه
بۆ ئۆرفه‌لیس*
***
ئای له‌و سبه‌ینێ یه‌ی
هه‌ڵبه‌ستی کوڕم ده‌ڵێت!
بیرتانه…بیرتان نایه
لیشبۆنه…دبلن
کورد..کورد ده‌ڵێت
له‌جیاتی چاو
مێشکتان..شه‌قارشه‌قار بووه
بیرتانه..بیرتان نایه
به‌رده‌رکی سه‌را وه‌ک ئه‌مڕۆ نه‌بوو
به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه
هه‌موو ئه‌م شاره تینووی ئازادی بو
قه‌ندیلی..چرا
بیرتانه..بیرتان نایه
کچه‌که‌ی من… ده‌یووت
بابه قاچم ئێشێباران ئه‌و ساته
نه‌خۆش کرۆ بوو
به‌ڵام بۆ گشت
بارانی باران بوو
کۆڕه‌و بوو
کۆڕه‌وی به‌ره‌و مردن
بۆ ژیان بوو
باوه‌ڕناکه‌م بیرتان بێت
چونکه سی و چوار ساڵ
له‌چاو
هه‌زارو هه‌شت سه‌دو هه‌ژده ڕۆژدا
سی و چوار چرکه‌یه
***
*(_____)واته قه‌سیده‌که بێ ناو نیشانه.
موحسین: مه‌به‌ست له‌جوانه‌مه‌رگ موحسینی حاجی حه‌مه‌ومینی هه‌ڵه‌بجه‌ییه.
ئۆرفه‌لیس:واته ئۆرشه‌لیم و فه‌له‌ستین.
(چیت ده‌وێ؟)
هه‌ی عاقڵی له‌من شێتترگڕت،گڕی،گڕ،بوایه!
یه‌ک سوچت ده‌سوتاند
که‌چی گڕی به‌فریت و
هه‌موو دنیای جه‌سته‌م ده‌برژێنی
من نازانم بوکوێم ده‌به‌یت
به‌ڵام وه‌ره ڕێگه‌ی سێ یه‌مم نیشان ده
یامردن،یاژیان
یاگۆرانی…گۆرانی
یاگۆرانی هه‌واری خاڵی
ده‌پێم بڵێ
به‌زمانی گومرگ و باوکی پێغه‌مه‌ران ده‌مدوێنی
یابه‌عه‌شقی ئه‌و سه‌ده‌یه‌ی که‌سی نه‌ماوه
ده‌وه‌ره پێم بڵێ؟
هه‌ی عاقڵی له‌من شێت‌تر
تۆ به‌مه‌عبه‌دی چاوی خۆت ده‌مدوێنی
یابه‌ڕۆحی بێ ڕۆحم
(…..)*
به‌پێنوسی،مه‌دالیا ئاسات
یابه‌قه‌ڵه‌می ئه‌ژنۆ ده‌مجوڵێنی
تۆ به‌گریان و فرمێسک
ده‌مخه‌یته ده‌ریای خه‌مه‌وه
منیش.. به‌یه‌ک نواڵه ووشه‌ی تۆ
تیر نابم و هه‌ر ئه‌تلێمه‌وه
ده‌وه‌ره حه‌مه گیان
ڕاسته ته‌مه‌ن ته‌مه‌نه‌و
زۆر بوونی مردنه
به‌ڵام دڵ هه‌ر دڵه‌و بی ته‌مه‌نه
تۆ هه‌ر شه‌وه‌ی دڵت
له‌خه‌ڵوه‌تێکا ئارام ده‌گرێ
ئه‌ی چی له‌من ده‌که‌یت
بۆ دڵی من یه‌ک خه‌ڵوه‌ت هه‌یه
ئه‌وێش مه‌عبه‌ده‌که‌ی تۆیه و
بته‌وێت یا نه‌ته‌وێت
خاوه‌نی یه‌ک به‌عبوده
12/13/6/1995
*(……):واته قه‌سیده‌که بێ ناونیشانه.
(……)*
ده‌ریا ماسیه‌گره چاوشینه‌که‌ی..
هۆگۆی له‌ئامیز ده‌گرت
وه‌رن باوان ته‌ماشاکه‌ن
ئێستا خه‌ون له‌فه‌رهه‌نگی ژیاندا نه‌ماوه
چرۆ ده‌بێ به‌چقڵ
کانیاو ده‌مه‌یه‌ت
ڕووبار خشه‌ی نایه‌ت
ده‌ریاش بی که‌ناره
په‌تایه‌و نه‌خۆشی بڵاوه
نه‌خۆشی ئاوابوونه
پاسپۆرت ئه‌نفالێکه
سه‌دان ئاتێلا ده‌فه‌وتێنێ
پاسپۆرت کۆڕه‌وێکه
دڵ-دڵ،که‌س-که‌س به‌جێ دێڵێ
6/9/1995
*(…..):واته قه‌سیده‌که بێ ناونیشانه.
(…..)*
له‌شارێکی سه‌ره ڕێدا
مه‌رگ بۆ پشوو لای دابوو
خواکانی کۆن و نوێ
له‌عاستی ئه‌و ملیان دابوو
که‌ژین مه‌رگی خوارد
خوا بۆ سه‌رو،سه‌ریش بۆ خوا
ڕه‌نجیان به‌فیڕۆ دابوو
***
له‌گوندێکی نزیک شاردا
کڵپه‌ی په‌نگ خواردوی گڕ
په‌نجه‌ی تیژی له‌چاو ئه‌نا
که‌چاو له‌ترسا ملی ئه‌نا
به‌ره‌و ڕێگای دژوار‌و چڕ
هه‌وری به‌هار کڵپه‌ی ڕاونا
***
ده‌شته‌کانی به‌ره‌و بنارشاخی سه‌ختیان ئه‌دا له‌دار
هه‌ناسه‌کان که‌یه‌کیان گرت
تاسه‌یان کرد بۆ چاوی یار
***
که‌تینوه‌کان بۆ تۆزێ ئاو
ڕێیان ئه‌گرت هه‌نگاو هه‌نگاو
چاوی برسی له‌دوور دیار بوو
ده‌ستی له‌بین(ژیان)نابوو
***
ساواکانی سه‌ده‌ی دێرین
ڕێیان خسته به‌ر خوای ئێستا
که‌مل که‌چ کا بۆ ئاوێستا
***
له‌ئه‌شکه‌وتی شاخی قوچدا
به‌نیازی دڵ
ده‌می گورگ به‌شدار بوو
که‌چی له‌ده‌شتی به‌ر بناردا
هه‌ر ده‌می گورگ بوو
***
له‌ڕابوردووی ساڵی نوێ‌دا
به‌هاری ئێستا ئه‌خنکێنرا
له‌باڵه‌خانه‌ی واشنتۆن دا
چه‌قۆی مۆسکۆ له‌مل ئه‌نرا
***
ئێستاش به‌فره‌و
شاخ نزاره
ڕه‌نگی ژینی سبه‌ی دیاره
6/1/1976
*(……):واته قه‌سیده‌که بێ ناونیشانه.
(بۆ فریشته‌که‌م)
پایز بوو
که‌نمه بارانی چاوه‌کانت ده‌باری و
فرمێسکه‌کانت له‌سه‌ر ده‌ریی گۆنات جێگیرده‌بوون
ده‌تووت خه‌زانه‌و
گه‌ڵاڕێزان میوانی حه‌زره‌تی ڕووتن
گه‌ڵاڕێزان ده‌بووه تۆوی گوڵی هه‌میشه پایزه
له‌ناو گیانما سه‌وز ده‌بوو
دڵم چاوگه‌ی داکه‌وته‌بوو
تۆ له‌خه‌می خۆتا ده‌توایته‌وه‌و
له‌من بێ ئاگا بووی
منیش وه‌ک دێوانه عه‌وداڵ ده‌بووم و
له‌ناو عه‌شقی تۆدا ده‌توامه‌وه
که‌هه‌ناسه‌و گڕی به‌کوڵی دڵم،
شاڵاویان بۆ هێنای،
خه‌مه‌کانت کرد به‌گژ هه‌ناسه‌ماو
ئۆقره‌ت لێ بڕیم،
خۆم و خه‌مه‌کانمت کرد به‌ودیو سنوری عه‌قڵداو
په‌تیاره ده‌بووم
جارێکی تر وه‌ک دێوانه عه‌وداڵ ده‌بووم و
له‌ناو سۆزی تۆدا ده‌توامه‌وه
که‌بۆنی خۆشه‌ویستیت کرد
به‌هار بوو
نه‌رمه بزه‌ت،
قاقایه‌کی دڵ ته‌زێن بوو
که‌قاقات لێ ئه‌دا
هه‌وره چه‌خماخه بوو
ئاوی چاوه‌کانت وه‌ک شه‌سته ده‌هاتنه خوارێ و
تێکه‌ڵ به‌گزنگی زه‌رده‌خۆری لێوت ده‌بوون
(په‌لکه زێڕینه‌ی پاش بارانی زۆر)
ده‌بوونه میوانی حه‌زره‌تی ڕووت و
ده‌بووه تۆڕی هه‌میشه به‌هار
له‌ناو دڵما سه‌وز ده‌بوو
دڵم ده‌بووه باخچه
خۆشی و خه‌ممان تێکه‌ڵ ده‌بوو
گۆرانیه‌کی به‌تامیان
ده‌چڕان
که‌سنووری وه‌رز گۆڕڕاو،
به‌هار له‌دوای پایز نه‌هات
من بۆ خۆم و تۆش بۆ خۆت،
بووین به‌دوو خه‌می تازه‌و
که‌سمان له‌دوای که‌سمان نه‌هات.
19/20/11/1988
(……)*
ئه‌زانم سورایی چاوه‌کانت
گڕوبڵێسه‌ی وه‌فای دوورین
ئه‌زانم بزه‌و خه‌نده‌ی شێواوت
فێری خه‌مێکی بێ سه‌بوورین،ئه‌زانم،
ئه‌گه‌ر ئاویشله‌ڕۆخانه‌ی خۆی گۆڕڕا
تۆ مه‌گۆڕێ
ئه‌گه‌ر پاساریش
له‌هێلانه‌ی خۆی تۆرا
تۆ مه‌تۆرێ
ئه‌گه‌ر ئاوابوویت و
ئه‌گه‌ر زیز بوویت
وه‌ره‌وه،وه‌ره‌وه
من له‌گۆشه‌ی چاوه‌کانته‌وه
ڕوناکیم پێ ئه‌گا
من له‌خه‌نده‌ی لێوه‌کانته‌وه
ئازار …م لێ ئه‌کا
وه‌ره‌وه
باله‌ئاسۆگه‌ی یاخی بوونا
ئه‌سپی سه‌رکێشی ئاره‌زومان
به‌ره‌و سه‌ختی ده‌ربه‌نده‌کان بشکێته‌وه
باماتیت ببێته تۆزی به‌رپێمان و
له‌ئاوی چاوه‌کانم بتوێته‌وه
زۆر ده‌مێکه
ئاواز‌و سۆز ناخ پروێنن
شنه‌و هه‌واڵی بوونه دڕک و
له‌ناو بیرا
له‌ناو مێشکا
قین و کینه‌م بۆ ئه‌چێنن
زۆر ده‌مێکه بیرت ئه‌که‌م
وه‌ره‌وه،وه‌ره‌وه
من له‌گۆشه‌ی چاوه‌کانته‌وه
ڕوناکیم پێ ئه‌گا
من له‌خه‌نده‌ی لێوه‌کانته‌وه
ئازار…..م لێ ئه‌کا
***
*(…..):واته قه‌سیده‌که بێ ناونیشانه.
(ئه‌ی دایه گیان)
به‌منداڵی له‌بێشکه‌ت شه‌ته‌ک دام
به‌لایلایه‌و چیرۆک ده‌رست دادام
دوو ساڵ به‌ندی کۆت و زنجیر بووم
به‌ده‌سترازه‌و به‌ن له‌دارت دام
فێرت کردم نه‌گریم
که‌بۆ کێڵگه ئه‌چووی
که‌بۆ شاخ ئه‌چووی
له‌پشتت ئه‌به‌ستم
ئاله‌و کاته‌وه فێری ده‌ربه‌ده‌ریم
ئاله‌و کاته‌وه فێری چه‌رمه‌سه‌ریم
فێری گه‌ڕۆکیم
له‌م شاخ بۆ ئه‌و شاخ
فێری خه‌م خه‌مخواریم
کارم تێ نه‌کا هه‌زار ئاخ و داخ
ئه‌ی دایه گیان
وه‌ختی بی شیری
ئاوی تاڵم زۆر خواردووه
ه‌وختی باوک شه‌هید بوونم
ناسۆری و تاڵیم زۆر چه‌شتووه
له‌بیرمه شه‌قسه‌قه‌ی منداڵیم
قه‌وانی فیشه‌ک بوو
جیگای گه‌رمی ئارامگام
بن به‌ردی ڕه‌قوته‌ق بوو
هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ی عه‌شقی چه‌ک بووم
عه‌شقی شاخ و ڕێگه‌ی دوور بووم
ئێستاش نه‌ک بۆ جنوب ئه‌ولاتریش
نه‌ک هه‌ر گرتن بۆ مردنیش
ئاماده‌م و ئه‌رۆم،ئه‌ڕۆم
هه‌تا ئه‌گه‌م به‌هیوای خۆم
31/3/1977
***
(په‌خشانی ئه‌ده‌بی)
بۆیه مردم تاکو تۆڵه‌ی هیوای خۆم،وه‌کو خۆی له‌ناو ئاشی ئاو لێ که‌وتووی دڵمدا گێنگڵ نه‌خواو،وه‌کو ئێستا هه‌موو ساتێ نه‌متاسێنێ و له‌ناو ته‌مومژی خه‌یاڵمدا زینده به‌چاڵ نه‌کرێم. بۆیه مردم تاکو هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشم ئه‌وێن له‌ناو گێژاوی خه‌یاڵی مندا نه‌خنکێن و قه‌واره‌و قاوغێکی به‌تاڵ به‌دۆست نه‌گرن.
له‌که‌س ناگه‌م،ته‌نانه‌ت له‌خۆشم،له‌هیچ که‌سێکی ئه‌م ده‌وروپشته‌م ناگه‌م و له‌ناو بازنه‌یه‌کی داخراودا دۆش داماوم و به‌هیچ کرۆژێک لێی ده‌رباز نابم بۆیه مردم. خۆم له‌ژینمدا به‌ش نه‌حاڵی خۆم ئه‌گه‌ر به‌دزیشه‌وه بووبێ بۆ خۆم گریاوم،ئه‌و که‌سه‌ش بۆم ئه‌گری ئازارم ئه‌داو له‌ناو گۆڕه‌که‌شدا نایه‌ڵێ بسره‌وم. چنگم له‌خۆ،له‌عه‌شقم گیر بووه‌و ته‌سکینی به‌دڵم هاتووه،ئه‌و دڵه‌ی هه‌رگیز خۆشی له‌خۆی نه‌دی،ئێستا له‌کاروانی چیرۆکێکی دوورودرێژدا مردوم،کۆتاییم به‌مان هێناوه‌و په‌تی خه‌یاڵم لێ مه‌پسێنن،ئارامگام لێ مه‌شێوێنن،زۆر زۆر حه‌ز به‌ته‌نهایی ئه‌که‌م.حه‌ز به‌غه‌ریبی ئه‌که‌م و له‌سه‌ر کێلی گۆڕه‌که‌م بنووسن له‌ژیانیشدا هه‌ر نامۆ بوو. حه‌ز ئه‌که‌م گۆڕه‌که‌م نزیک شوان بێت…که‌خرامه گۆڕه‌وه با ئه‌ڵقه‌یه‌کی ئاڵتون له‌ده‌ستی ڕاستمدا بێت،داوای لێ بوردنتان لێ ئه‌که‌م. هه‌ر هه‌موتانم خۆش ئه‌وێ،هه‌ر هه‌موتانم خۆش ئه‌وێ. هه‌ر هه‌موتانم خۆش ئه‌وێ بۆیه مردم،جارێکی تریش داوای لێ بوردنتان لێ ئه‌که‌م. 18/8/1980
(وڕێنه‌ی دڵ)
هه‌ڵ هاتنه…هه‌ڵ هاتن
ئاوا بوونه ئاوا بوون
هه‌ر باڵنده‌یه‌و هێلانه‌که‌ی خۆی به‌رد باران ده‌کات
هه‌ر باڵنده‌یه‌و به‌ره‌و ڕێوی کڕنووش ده‌بات
که‌ناره‌کان خۆیان خواردووه
شه‌پۆل بێ سه‌رو شوێنه
له‌نگه‌ر گرتنی نه‌ماوه
نازانی تووڕه بوون یا ئارامی به‌ره‌و کوێ ببات
وه‌ستان بۆته ڕاکردن
که‌شتێکه‌ی نوح وه‌ستاوه
(طۆفان)یش به‌ڕێوه‌یه
نێر مێ ئه‌بات
مێ نێر ئه‌بات
ئامێز هه‌زار به‌هه‌زاره
له‌ئاوێنه‌ی ماره‌کاندا خۆت ده‌بینیه‌وه
ئێستا کفر
په‌یامێکی پیرۆزه
بێ وه‌فایی
له‌جیاتی هه‌ست و سۆزه
***
(…..)*
که‌وشه له‌لێوت ده‌تۆرێ
چاوه‌کانت ده‌بنه دوو کانی ته‌قیوی به‌هار
منیش دڵم ده‌بێته گۆماوی خوێن و
ژیانم بۆ ڕۆژی سه‌د جار
تیایدا ده‌مرێ
بزه‌ی لێوت
داینه‌مۆی دڵمه
خوێن بۆ به‌رزترین لوتکه‌ی له‌شم ده‌نێری
که‌زه‌ردی لێوت ئاوا ده‌بی
گیانم وه‌ک پووشی پایز گڕ ده‌گرێ و
فریای خۆری دوای تۆرانت ناکه‌وێ
خامۆش ده‌بێ
ئه‌مشه‌و ده‌ستم نایه بینی خه‌مه‌کانم
خه‌م بووه په‌له هه‌ورێکی ئاڵۆز‌و
لێم په‌ڕیه ئاسمانی ژووره‌که‌م
که‌کزه‌با خۆی هاویشته ژورێ
تێکه‌ڵ گڕی هه‌ناسه‌م بوو
هه‌ور بووه بارانی ڕه‌حمه‌ت و
به‌سه‌ر مه‌زاری گیانما نم نم باری
ئه‌مڕۆش ساتێ
خۆڵه‌مێشی عه‌شقم
به‌چڵێ پرژه بووه ئاگر
کۆمه‌ڵێ کزۆڵه خه‌م
دایانه شه‌قه‌ی باڵ و
به‌ره‌و په‌رستگای دڵم هه‌ڵفڕین
نه‌ئاسمانم له‌پانتاییما بجریوێنێ
هه‌زاره‌ها ئه‌ستێره‌ی چاوگه‌ش
نه‌ده‌ریاشم
شه‌پۆلی سه‌رشێت و سه‌رسه‌خت
بگرمه باوه‌ش
خۆ من ئاسمانم نیه
ئه‌ستیره‌ی به‌ختم لێ بتۆرێ
سه‌رشێتێکم
مه‌زاجیش مۆته‌که‌یه‌و
ڕۆژی سه‌دجار خۆی ئه‌گۆڕێ
ده‌وه‌ره
ساڵی جارێ
نا،هه‌موو ڕۆژ جارێ
ده‌ستی نازت له‌هه‌ناوم نێ و
باشه‌رابی غه‌می کۆنت خۆشاوم بێ
ئه‌گه‌ر نایه‌یت
باهه‌ناسه‌و بێ به‌رزه‌کی بانان
ئێسته بێ من و تۆیه
یاده‌کانی بۆ زامی من
زۆر به‌سۆیه
***
*(…..):واته قه‌سیده‌که بێ ناونیشانه.
________________________________________________________________
(…..)*
گوڵم که‌مێک
بۆ ته‌نها ساتێک
چاوت لابه‌و
پشویه‌به،به‌دڵم
بامانگی ڕووت
له‌ئه‌ستێره‌ی خامۆشی دڵما جێگیر بێ
***
خۆشه‌ویستیت
تیر ئاسا هات
نه‌ناوی تۆمه‌زانی و
نه‌نه‌وی خۆم له‌بیرما
***
لێم مه‌گره
دلم بارگه‌ی ته‌لیسمی چاوه‌کانت ناگرێ
عه‌شقت دره‌ختێکه
به‌خۆشه‌ویستی تۆ پاراو بێ
هه‌رگیز نامرێ
***
*(…)واته قه‌سیده‌که بێ ناونیشانه:لێ له‌هامشا ساجد ئاماژه‌ی به‌وه داوه که‌چێژی شیعرێکی نزاره.
(……)*
سه‌ره‌تای وه‌رزی بارانه
لێوه‌کانت بێ خه‌نده‌یه
فرمێسک له‌گۆشه‌ی چاوتا
ئارام ناگرێ و شه‌سته‌ده‌کات
وه‌ک بارانێکی به‌لێزمه
دڵم بێ نه‌وایه
نامۆیی چه‌ند ساله‌ی عه‌شقی تۆیه
له‌ئامێزی تۆدا ئۆقره نه‌گرێ
له‌تابووتی غه‌ما ئه‌مرێ
زامی ده‌ساڵ غه‌م و،ده‌ساڵ دووری
زامی ده‌ساڵ عه‌شقی بێ سه‌بووری
به‌ئاونگی لێوت ساڕ‌ێژ ئه‌بێ
منیش فرمێسکم بارانێکن به‌لێزمه
ڕۆحم ئاشنای ژانێکی بێ هوده‌یه
وه‌ره خه‌نجه‌ری ڕقت
له‌کالان ده‌ربێنه
شمشێری هه‌قت
له‌گه‌ردنم بسوێنه
***
*(…..)واته قه‌سیده‌که بێ ناونیشانه.
(….)*
بۆ ئه‌و هه‌واره‌ی،هاوارم به‌بێ ده‌نگی ده‌زانێ
بۆ ئه‌و هه‌وره ئامیزه‌ی
باران په‌له‌ی به‌سه‌ر ساخدا ده‌بارێنی و
ده‌شتیش به‌تینوویی جێ دێڵێ
بۆ ئه‌و ڕۆحه‌ی شێتێتیم به‌شێتێکه‌ی،
حه‌سون و ڕه‌زاو طارق ده‌زانێت
بۆ ئه‌و خوایه‌ی بێ عه‌رشیش هه‌ر خوایه‌و
منیش به‌عه‌بدی خۆی ده‌زانێ
دڵم شه‌وانه
به‌کۆڵه‌وژی عه‌شقت
خه‌می خۆی داخ ده‌کا
تۆش چڕاوگی
تاریکیه‌کی بێ ڕوناکیت
خه‌ڵک خۆشه‌ویستی
به‌هه‌ورێک ده‌زانێ
له‌دایک بوونی ئه‌بێ و
مردنی زوو بێ
که‌چی بۆ من،بۆ منی شێت
له‌دایک بوون تامردنه
***
*(….):واته قه‌سیده‌که بێ نانیشانه.
(……)*
ئه‌ی مۆنالیزای هاوڕۆحم
بێ تۆ،قه‌رار له‌کوێ بگرم
منی قه‌له‌نده‌ر
بێ تۆ له‌کوێ بمرم
ئه‌ی هه‌موو غه‌مم
ئه‌ی هه‌موو عومرم
***
خۆ ئه‌م سه‌ده‌یه
سه‌ده‌ی..نه‌مانی
میهرو..وه‌فاو..موحیبه‌ته
به‌ڵام تۆ خۆت ده‌زانی
بۆ یۆ نه‌بێ
بۆ که‌سێکی دی نامرم
ئه‌ی مۆنالیزای هاو ڕۆحم
***
(په‌خشانی ئه‌ده‌بی)
چاوو مێشک و هه‌ناسه‌م تێکه‌ڵ تێکه‌ڵ دێڕه‌کانی ئه‌وان بوو،وێنه‌که‌ی تۆی له‌به‌ینی دوا لاپه‌ڕه‌و به‌رگی به‌سه‌رهاته‌که‌دا بوو،بۆنم ده‌که‌یت،چوار دڵۆپه بارانی پایزی،له‌جیاتی بۆنی خۆشه‌ویستی خۆت،عه‌ترو بۆنی به‌هاری قژی تۆی کرده هه‌ناسه‌مه‌وه،دڵم، چاوم، مێشکم،هه‌ناسه‌م،ووتی دێت،ده‌بێ بێت.
هاتیت وه‌ک په‌یامیک،وه‌ک ئاوی حه‌یات،خدری زینده بوویت،وه‌رزی خه‌زانت کرده هه‌میشه به‌هاری ئه‌م دره‌خته پیره‌ی عومرم.
پێم ووتی،که‌لێوم بێ لێوی تۆیه،چاوم ته‌مه‌نم،بیابانێکه‌و ته‌مه‌نی سه‌دان سه‌ده‌یه،پێم ووتی ژیان بێ تۆ عه‌به‌سه‌و بێ هوده‌یه،ژیان بێ تۆ ده‌واری ماڵێکی زۆر به‌ختیاری بێ سروه‌یه.
***
(غه‌مه‌کانی بیوتی زجاجی)
جاران غه‌م..شه‌ونم بوو
شیرینی باڵای گه‌ڵاو گه‌زۆ بوو
جاران غه‌م..ڕۆحی عه‌شق ق خۆشه‌ویستی و وه‌فا بوو
جاران غه‌م..خۆی له‌دایک ده‌بوو
خۆی گۆرانی شه‌م و
خۆی گۆرانی نامۆیی و خۆشه‌ویستی بوو
به‌ڵام ئێستا
غه‌م ته‌فاعولی دوو کانزایه
غه‌م تێکشکانی دوو ده‌زگایه
غه‌م فه‌وتانی دوو سه‌ودایه
هه‌یهات،هه‌یهات
جاران غه‌م،هه‌وێن بوو هه‌وێن
ئێستاش بۆ من
هه‌ر هه‌وێنی یه‌ک ئیحایه
ئه‌و هه‌وێنه‌ش هه‌ر هه‌وێنی
عه‌شق و خۆشه‌ویستی و وه‌فایه
هه‌ر هه‌وێنی
عه‌شقه‌و کۆڕی نیشتیمان و کوردوستان
کوردوستان و کوردوستان و
کورد زمانییش بۆ کوردوستان
یه‌ک هیچ
بۆ دوژمنانیش
کانی نه‌وت و
جه‌نگه‌ڵێکی زۆر سه‌ری بێ هۆش و،
زۆر دڵی بێ جۆش و
بۆ دوو…
بۆ دووی..تریش
هیچ غه‌مێک وه‌ک ئه‌وی تر نیه
هیچ…هیچێک…وه‌ک هیچێکی تر نیه
***
(غه‌می شه‌وانه عه‌شق)
ده‌رگای دڵم بۆ غه‌م ئاوه‌ڵایه
خۆشه‌ویستیش
له‌برۆی ڕه‌شی هه‌ر ڕه‌شت
یه‌خه‌ی دڵم ده‌گرن
من و تۆش ده‌زانین
هه‌موو ڕۆژێ
چاومان یه‌کتر له‌ئامێز ده‌گرێ
که‌چی زمان ڵاڵه‌و
هه‌موو ساتێ
یه‌خه‌ی خۆی داده‌دڕێ
واباوه،له‌ژیانیش واباوه
ده‌م و چاوه‌کان چوون یه‌کن.
***
_______________________
(بۆنسۆی گڕی دواهه‌ناسه‌م بابۆ تۆ بێ)
به‌ڕێبواری ئه‌گه‌ر لات دا
بۆ سه‌ر وێرانه‌ی گۆڕی دڵم
ئه‌مجاره له‌باتی درۆ
گوڵێکی ژه‌هراوی تیا بڕوێنه
ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره ویستت عاشق بیت
ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره ویستت سه‌ر شێت بیت
ئه‌سرینی غه‌مێکی دوور هه‌ڵبڕێژه‌و
له‌لافاوی چاوه‌کانتا خۆت بخنکێنه
***
(بۆ ڕێبواره،بێ ڕێکانی ئه‌م شاره)
تۆ ئافره‌تێکی قه‌شه‌نگی
بۆ گیرفان پڕه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره
تۆ مودێلێکی جوانی
که‌چی بۆ منی کۆست که‌وتوی عه‌شق
چاه‌وکانت
تاڤگه‌ی دوو ڕووباری خه‌م په‌رستن.
___________________________________________________________
هه‌ندێ کۆپله شیعری جیاواز:-
زۆر جار بۆ ئه‌و چاوانه ئه‌گریم
نازانن بۆچی ده‌گرین
به‌زه‌ییم به‌و دڵانه‌دا دێته‌وه
چوار په‌لێ ده‌به‌ن به‌ڕێوه
نازانن ئاخ چیه
بازنه‌کان هه‌ندێ ده‌ستکردو هه‌ندێ سروشت ئاسان
به‌ڵام سوڕان یه‌ک چه‌قه‌و
به‌ره‌و ناکۆتایی مل ده‌نێت
بۆ مێشک واڵاکان داخراون و
بۆ گه‌مژه‌ی گه‌مژه‌ش پان و به‌رینن
__________________________________________________________
بگه‌ڕێ،بگه‌ڕێ
هه‌موو ئاوازه مردۆکان زیندوو که‌ره‌وه
هه‌موو گۆرانیه کۆنه‌کان تازه‌که‌ره‌وه
خه‌فه‌ت هه‌موو گیانمی گرتۆته‌وه
هه‌مویان بکه‌یت به‌گژ عه‌شقما
وێرانه ماڵم تازه چانابمه‌وه
_________________________________________________________
یه‌خه‌ی عیشقێکی سه‌رشێتم گرتووه
ئه‌گه‌ر من له‌غه‌می ئه‌وا نه‌مرم
ئه‌و تۆزی مردووی لێ نیشتوه
ئه‌م دڵه بێ ئۆقره‌یه‌م
واوه‌یلای مه‌رگی پێ یه
تۆش له‌ئامێزی ئه‌وی
ئه‌و کفنی دوانی پێ یه
_________________________________________________________
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات خواوه‌ندم ده‌بوو
به‌چاوی خۆشمه‌وه
هه‌موو چاوه‌کانم کوێر ده‌کرد
نه‌بادا،ڕۆژێک،یاساتێک
چاوێکی پیست پیا هه‌ڵبێنن
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات خاوه‌ن شکۆم ده‌بوو
هه‌ر پێنج ووشه‌ی ناوه‌که‌م
له‌په‌رستگای مه‌زندا،ده‌خسته خه‌ڵوه‌ته‌وه‌و
به‌کار هێنانیانم یاساغ ده‌کرد
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

