ئه‌وه‌تام
ئه‌وه‌تام من له وێم له‌و دیوو ته‌می سه‌رپه‌نجه‌ره‌کانه‌وه ده‌مبینیت.!
شکاو سه‌راپا
لێوان لێوبوو له عه‌تر
شکاو دڵۆپ دڵۆپ ڕژایه ماڵ ئاواییه‌وه
به‌نه‌سیمێک نوقمی غه‌ریبی بوو
وه‌ک مریدێکی کۆنی ( بیاره*)
له گه‌رمه‌ی ده‌ف ژه‌نیندا
دای له شه‌قه‌ی باڵی دوافڕین
ئاسمانێکی بێ ئه‌ستێره‌ی چێهێشت و
کانیه‌ک له ئاوی خوڕه‌می
به چاوه‌کانم به‌خشی
چی ده‌بوو ئه‌و ئێواره نه‌عله‌تیه
هه‌تاو شمشاڵی ژه‌نیباو
ماچ به ئاسمانه‌وه بباریایه
ڕێحانه‌کانی دابڕان چی بۆنێکی هه‌یه
له شه‌وی تارا
ئامێزی سارد چی به‌خته‌وه‌ریه‌ک ده‌به‌خشێ
بێده‌نگی ئه‌مان باته‌وه بۆ ئه‌و که‌شکۆڵه‌ی
حه‌رفه‌کان تیایدا بوون به زووقم
چی له‌م هه‌موو خونچه‌یه بکه‌م
به‌ده‌م ژیانه‌وه تینوێتییان لێ ده‌تکێ
له‌ناخمدا گه‌وره‌ده‌بن
ئه‌م هه‌موو نه‌باتی عه‌شقه
به‌کام میهر بلاوێنمه‌وه
من ده‌مویست مه‌زرایه‌کی چۆڵ و هۆڵ بکه‌مه باخچه
ئه‌م هه‌موو داستانه چ عومرێکیان ده‌وێت بۆ پیربوون
ئه‌م دڵه میهره‌بانه‌ی من
به‌چی ئاوازێک ده‌نوێت و
له‌کام که‌له‌گییه‌وه وه‌ده‌رکه‌وێ
به‌م هه‌موو جوانیه‌ته‌وه
یاراران گیان
لوتفێکت نه خسته سه‌ردێڕی ئه‌وینم
سنۆبه‌رێکت نه‌ڕوان بۆ موحیبه‌تی شیعر
چه‌ند به‌ساده‌یی له ئازاره‌کانم ده‌گه‌یت گوڵه‌که‌م
من له شه‌وی کاکێشانا به چاوه‌کانت ئاشنابووم
تۆش له شه‌وی کڕێوه‌دا پڕووشه به‌فرت بارانه ناو چاوانم
من سایه‌قه بوو ئاسمانم
په‌شمه‌کی بوو عه‌شقم
لۆکه‌یی بوو دڵم
له ڕووباره‌کانی (ڕه‌نگ)دا خۆشه‌وستیم گوڵی ده‌گرت
له قوڵترین ده‌ریادا دڵم به‌دڵی تۆ به خشی
ئه‌و هه‌موو سه‌ره‌مێکوته‌و ماسی یه
چاوانیان ئه‌بڵه‌ق بوو بۆ ته‌ماشا
به‌رده‌کان له ئێمه‌وه فێری ماچ بوون
شه‌پۆله‌کان له سه‌مای ئێمه‌وه که‌وتنه سه‌ما
ئێواره‌یه‌ک پیاوێک له ڕه‌نگ تابلۆکانی موحیبه‌تی گۆڕی
به فڵچه‌یه‌کی کۆنه‌وه که‌وته سه‌روو ڕیشی من و
تابلۆیه‌کی ڕه‌نگ بزڕکی له‌سه‌ر تایتڵی ئه‌شقم نه‌خشان
ئه‌و ئێواره‌یه مردن منی کرده‌کۆڵی و
هه‌موو گۆڕستانه‌کانی گێڕام
گۆڕێک نه‌بوو به ئه‌ندازه‌م
ئاخر من ئه‌وه‌نده گوڵم له ئامێز گرتبوو
شوێنێک نه‌بوو مردن حه‌ز بکات بیکاته نزرگه‌ی ئاشقان
ئه‌وه‌تام هه‌نووکه من لێره‌م
له‌ودیوو ته‌می سه‌ر په‌نچه‌ره‌کانه‌وه ده‌مبینیت
ئومێد موحه‌مه‌د
هاوینی ٢٠٠٦
* بیاره .. زێدی له دایک بوونی چه‌ندین سۆفی و پیاوی زانای کورد بووه بۆ نمونه (مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس و شێخ عه‌لادینی سه‌راجه‌دینی و شێخ عۆسمانی سه‌راجه‌دین)
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.


bavel
سه‌ره‌تا جوانترین سلاو به‌رێز کاک ئومێد دووای خوێندنه‌وه‌ی شعیره‌که‌ت هه‌ستم داوای لێ کردم بنووسم ئومێد گیان ده‌سته‌کانت خۆشبن بۆ ئه‌م هۆنراوه جوان و پڕ به‌هایه من هه‌میشه هۆنراوه‌کانت ده‌خوێنمه‌وه‌و چێژیان لێ وه‌رده‌گرم هیوادارم ووشه‌ت هه‌روا به پێزوو شعیرت هه‌روا ڕازاوه‌بیت و باخچه‌ی هۆنراوه‌ت هه‌میشه سه‌وزو بۆن خۆش بێت … خوێنه‌ر باوکی باڤێڵ