ڕوونکردنەوەیەکی پەلە بۆ جەنابی سەرۆکى هەرێم

ڕوونکردنەوەیەکی پەلە بۆ جەنابی سەرۆکى هەرێم ، دیسان لە بارەى منداڵانی گەڕاوەى دەرەوەى هەرێم
تکایە بە هانای دواڕۆژی ئەو منداڵانەوە وەرن!!
تەرزە جاف
ئەم نووسینەم پێشکەشە بە (ماف)، ئەو قوتابیەم کە پارساڵ خۆی و برادەرەکانی لە پۆلەکانیان مانەوە و لەم ڕۆژانە چاو بە فرمێسک،هاتە لام گوتی:مامۆستا، یەکم وەرگرت لە عەرەبی …ئەمساڵیشم دەفەوتێت!
پێشکەشە بە ئاڤار و برادەرەکانی،کە بە ناچاری و چاو بە فرمێسک کوردستانیان بەجێهێشتەوە و گەڕانەوە ئەوروپا .
پێشکەشە بە دەسبار و بە جەنگین و بە بانە و بە پۆڵا وبە ڕەسەن و بە ئەوانەى تریش..
دوابەدواى ئەوەى لە بەرواری 8-9-2009 بە ناچاری هەستام بە بڵاوکردنەوەى نامەیەکی کراوە بۆ جەنابی سەرۆکی هەرێم بەڕێز مەسعود بارزانی ،تیایدا تیشکم خستبۆیە سەر گرفتێک کە ماوەى چەند ساڵێکە ژمارەیەکى زۆر لە منداڵانی کورد پێوەى دەناڵێنن ،ئەویش ئەو منداڵانەن کە لە ئەنجامی کۆچی پێچەوانەیی کوردەکانی دەرەوەى هەرێم ، بە قوتابخانەکانی هەرێم دا بڵاوبوونەتەوە .
بە داخەوە کە زۆر کەمتەرخەمانە هەوڵ دراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە گەورەیە و هەموو ساڵێک چارەسەرێکی “کاتی” بۆ ئەم کێشەیە دۆزراوەتەوەو ماوەی چەند ساڵێکە هەر ساڵەى بە شێوەیەک ئەم منداڵانەى کەروێشکی تاقیگە ئاسا کردۆتە مەجالی تاقیکردنەوە فاشیلە یەک لە دواى یەکەکانی سیستەمێکی نابەرپرس تا وای لێهاتووە بەرپرسانی پەیوەندیدار وەک گرفتێکی ئیفلیج تەماشای ئەم گرفتە دەکەن هەر بۆیەش دوای ئەو هەموو تەقەللایەى کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دامان دواتر پەروەردە هەمان چارەسەرە ئیفلیجبووەکەى خۆی دیسان سەپاندەوە بە سەر منداڵانێک کە تاقە گوناهیان ئەوەیە “کوردن” و لە کوردستان نەژیاون و بەداخەوە کە دیسان دۆزی قوتابیەکانیان گەڕاندەوە بۆ ئەزموونى سێ ساڵ پێش ئێستا ، بۆ ئەو ئەزموونەى کە شکستی خوارد!بۆ ئەو ئەزموونەى کە کەسانێک جێبەجێیان کردبوو شکاتیان لێکرا و ئێستاش هەر ئەوان خۆیان لێکردۆتەوە بە خاوەن لە کاتێکدا کە بۆ خۆیان ئەم منداڵانە وەک “بەرەڵا” و “لە دەستدەرچوو” تەماشا دەکەن.
واپێدەچێت گرنگترین و بگرە تاقە هۆیەک بۆ نەگەیشن بە چارەسەرێک بۆ ئەم مەسەلەیە دیدی بەرپرسانی پەیوەندیدارە بۆ ئەم قوتابیانە و رەفزکردنەوەیان لە لایەنێکی کۆمەڵایەتیەوە ئەویش لە بەر ئەوەى ئەوان هەرزەکارن و لە ئەوروپا ژیاون ! تەنانەت زۆرجاریش ڕاشکاوانە فێرکردنی ئەم قوتابیانە بە “تەئهیل” دەشوبهێنن وەک ئەوەى ئەمانە تاوانبار بن و پێویستیان بە ئیسڵاح هەبێت..
هۆی سەرەکی ئاراستە کردنی ئەو نامەیە بۆ سەرۆکی هەرێم ئەوە بوو کە من بە حوکمی ئەوەى کە لە ناو جەرگەى کێشەکە بووم و لە مێژبوو دەمزانی چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە بۆ خۆی چەند زەحمەتە و بە چاوێکی کەمەوە لەو منداڵە “خارجیانە!” دەڕوانرێت.
دوا بەدوای ئەو نامەیە لیژنەیەکی باڵای وەزارەت لە بەرواری 16-9-2009 هاتنە قوتابخانە و لە کۆبوونەوەیەکدا لە سەر چەند خاڵێک ڕێککەوتین وەک چارەسەرێک بۆ قوتابیانی گەڕاوەى دەرەوەى هەرێم ، دوای ئەمەش لە بەرواری 30-9-2009 فەرمانێکی وەزاری دەرچوو بە کردنەوەى پۆلێکی تەمهیدی بۆ قوتابیانی گەڕاوەى دەرەوەی هەرێم و بە فەرمی من کرامە بەرپرسی ئەم قوتابیانە .
لێرەوە من ئیتر هەوڵەکانم خستنە گەڕ لە دوولاوە ، لەلایەکەوە دۆزینەوەى ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو قوتابیانەى بە هۆی لاوازی سیستەمى فێرکردنى زمانی کوردی شکستیان هێنابوو زۆربەیان ساڵانە بە دڵشکاوی کوردستانیان جێدەهێشت و بەداخەوە ئەمساڵیش هەروایان بە سەرهات ، لە لایەکی تریشەوە دامەزراندنی سیستەمێکی زانستی شیاو بۆ ئەم قوتابیانە و کۆکردنەوەی قوتابیان و هەوڵ دان بۆ هێور کردنەوەیان و مانەوەیان لەناو کوردستان و بەڵێنی ئەوەم پێدەدان کە ئیتر بۆ لەمەو دوا بە شێوەیەکی ڕێک و پێک فێری زمانى دایکیان دەبن.
دوای ئەوەى هەواڵى کردنەوەى پۆلی تایبەت بە قوتابیانی گەڕاوە درا، ژمارەى قوتابیان بەردەوام لە زیادبوون دا بوو تا گەیشتە ئەوەى پۆلێکی تێپەڕاند و تەنها لە قوتابخانەکەى ئێمە ژمارەیان گەیشتە 73 قوتابی کە ئیتر ئەمە گرفتێکی تری دروست کرد ئەویش نەبوونی جێگە بوو لە ناو قوتابخانەى ئێمە بۆ ئەنجامدانی کارەکان.
ئیتر بۆ من گرنگ بوو کە چاکسازی لە ناو فەرمانەکەدا بکرێت و لە هەمووى گرنگتر وەرگرتنی سەربەخۆییەکی ئیداری بوو بۆ ئەو قوتابیانە کە بە سیستەمێکی تایبەت بێت بە شێوەیەک کە ڕێگر بێت لە بەردەم دیسان هەرەسهێنانی ئەم منداڵانە .
تا ئێرە کارەکان بە ڕێک و پێک دەهاتنە بەرچاو بەڵام بە داخەوە دەستلەکارکێشانەوەى جەنابی وەزیری پێشووى پەروەردە کە بە پەرۆشەوە کاری دەکرد بۆ چارەکردنی گرفتەکە کارەکانی خاوکردەوە و پێش دەستبەکاربوونى وەزیری نوێ پرۆژەکە بە تەواوی ئیفلیجی کرد.
لەو رۆژانەوە تا ئێستا ئەوە نزیکەى سێ مانگە من ڕۆژانە لە کۆبوونەوەدام هەر لەوەزارەتەوە ئینجا بۆ بەڕێوبەرایەتى پرۆگرامەکان و بەڕێوبەرایەتى ئەزموونەکان و دەیان جار پاشکۆی وەزارەت و بەرێوبەرایەتى گشتی پەروەردەى هەولێر و یەکەى سەرپەرشتیارانى بنەڕەتى و یەکەى سەرپەرشتیارانی دواناوەندی و رۆژانە من یەک یەک لەم بەڕێوبەرایەتیانەى پەروەردە گەڕاوم بۆ دابین کردنی مەنهەج ، بۆ یارمەتى دانی قوتابیەکانى پار و پێرار ،بۆ دامەزراندنی سیستەمێک کە هەموو قوتابیەکانى گەڕاوە بگرێتەوە نەک تەنها قوتابیەکانى دواناوەندی هەولێر چەندین جار من بە کاتژمێر لە بەردەمى ژووری ئەم بەڕێزانەدا چاوەڕێم کردووە وەک ئەوەى داوای ڕۆن و دۆشاوی تەماتە بکەم بۆ خۆم .
تا توانیم جادەکانی هەولێرم تەى کرد، ئەوەندە گەڕام لە دوو ئەو بەڕێوبەرایەتیانەى هەریەکەى کەوتۆتە کونجێکی ئەم شارە تا وام لێهات بە تەقەڵ جادەکان دەبڕم !
تا پێم کرا ئیستیفادەم لە ناوو شۆرەتى فەرهاد پیرباڵى مێردم وەرگرت ، تا پێم کرا نازونووزم بە سەر ئەویشدا کرد تا کارئاسانی بۆ بردنەپێشەوەى کارەکان بکات.
تا توانام هەبوو دڵی قوتابیەکانم دایەوە و داوای چاوەڕوانکردنم لێکردن.
من سەر بە هیچ لایەنێکی حیزبی نیم ،بەڵام زیندەبەچاڵکردنی ئەم پڕۆژەیە و ئەو هەموو زەحمەتیەى من کێشام و ئەم ئەنجامەى ئێستا قوتابیەکانی تووشکراون بۆ من جێگەى پرسیارە!
هەڵسوکەوتی هەندێک لە بەرپرسانی پەروەردە لە گەڵ خودی من و لە گەڵ مەسەلەکە وەک مەترسیەک لە سەر کورسی و دەسەڵاتى خۆیان ،هەروەها تەعامول کردن لە گەڵ مەسەلەکە وەک قاشە کێکێک کە دەبێت لە سەر مێزی خەڵکانێک دابنرێت کە ئەسڵەن هیچ لە مەسەلەکە ناگەن بۆ من جێگەى پرسیارە!
لکاندنی زۆرەملێی ئەم کێشەیە بە قوتابخانەى دواناوەندی هەولێری نموونەییەوە و جەختکردنەوەی ئیدارەى نوێیی قوتابخانەکە لە سەر ئەوەى ئەم قوتابیانە لە ناو قوتابخانەکەیدا وەک کەڕ و کوێر بمێننەوە و ناچارکردنیان کە لە گەڵ قوتابی ئاساییدا بخوێنن و ئیمتیحان بکەن و سفر لە دوای سفر وەری بگرن و لایەنی دەروونیان بڕوخێت بەشەش وانە ئینجا دوو وانەى ئیزافیان هەبێت تا ئەو دارایە بناسن کە دووداری دی جێگای راوەستانە!
ئەوەى لە کۆتاییدا تەنگی بەمن هەڵچنی ئەوە بوو کە لەو کاتانەى من دائیرە بە دائیرە بە دواى کاری قوتابیەکانەوە بووم بۆ پەیداکردنی ڕەزامەندی بۆ دامەزراندنی قوتابخانە و پەیداکردنی مامۆستا و پرۆگرام و ..هتد کەسانێک کەس و کاری قوتابیەکانى لە دژی من هاندەدا و نان و پیازی بە عارەقەی منەوە دەخوارد و لای کەس و کاری قوتابیەکان تاوانی ئەوە دەخاتە پاڵم کە من لە دوای بەرژەوەندی “ئیداری”! کەسانێک کە پێشتر سکاڵانامەى فەرمیان لە لایەن کەس و کاری قوتابیانەوە لێکراوە و وەزارەت بۆخۆی بڕیاری دوورخستنەوەى ئەمانەى دا لە بەرپرسیارێتی ئەو قوتابیانە چونکە فەشەلیان هێنا لە دۆزینەوەى چارەسەر و چەندین قوتابیان تووشی شکەستی دەروونی کرد و دەربەدەری وڵاتانی رۆژئاوایان کردنەوە!
،بە داخەوە بەڕێوبەرایەتی قوتابخانەکەی ئێمە لە دواى ئەو گۆڕانکاریانەى لە قوتابخانەکەدا کرا هەڵسوکەوتى لە گەڵ خودی من بە شێوەیەک بوو زیاتر لە سزادان دەچوو نەک هاوکاری لەمەشدا زۆر بە ئاسانی پشتگیری بۆ خۆی پەیداکرد لەو کەسانەى کە شارەزای کێشەکەن و بە ڕاشکاوانە چەندین جار لەم ماوەیەدا بە خودی خۆمیان دەگوت :”ئەم کێشەیە هیچ ڕێگەیەک نیە بۆ چارەسەرکردنی” وداوای دەستکێشانەوەیان لێکردووم لە هەوڵەکانم ،ئەمەش ئەگەر چی بۆ من هیچ گرنگیەکی نیە بەڵام لە دواییدا کاریگەریەکانی کەوتەوە سەر قوتابیەکانم کە لە پارەوە کاریان بۆ دەکەم و ماوەى سێ مانگە دەیان کۆبوونەوەم ئەنجام دا کە لە دواییدا کەوتەوە بەرامبەر بەربەستێک کە تەنها بەرژەوەندی ئیداری کەسانێکە کە ناو لە گرێ دەروونیەکانیان دەنێن “سوڵتەى موتڵەق!”
من ڕاشکاوانە لێرەدا ڕایدەگەیەنم کە ئەو دوو وانە ئیزافیە هیچ سیفەتێکی فەرمی نیە و منیش هیچ پەیوەندیەکم پێیەوە نیە ئەمە جگە لەوەى ئەم دوو وانەیە ئەو مەرجانەى تێدا نیە کە لە فەرمانە وەزاریەکەدا هاتووە کە پەیوەستە بە کردنەوەی پۆلێکی تەمهیدی و ئەوانەى دایانناوە هێشتا فەرمانە وەزاریەکەیان نەبینیوە ، بۆیە من ناتوانم بەرپرسیارێتی کارێکی نایاسایی بگرمە ئەستۆ
ئەگەرچی من لە لایەنی ئەخلاقیەوە پابەندم بەم مەسەلەیەوە بەڵام وەک وەفایەک بۆ قوتابیەکانم کە لەم ڕۆژانەدا دوانی تریان چاو بە فرمێسک چوونەوە ئەوروپا ناتوانم و ڕازی نابم کە لەو پلانە بەشدار بم و ناشتوانم بەشێک بم لەو سیستەمەى کە دەیان قوتابی ناچار کرد سکاڵانامە و لافیتە ببەنە بەردەم وەزارەت و پەرلەمان .
ئەوەى من لەم هەموو دەردەسەریەدا مەبەستم بوو ئەوە بوو کە چیتر ئەم منداڵانە زمانی دایکیان لێنەبێتە دێوەزمە و وەک کەڕ و کوێر لە پۆلدا دانەنیشن و ناچار بکرێن”وەک ئەوەی ئێستا”لە پۆلێکدا بەشداری بکەن و لەو تاقیکردنەوانە بەشداری بکەن کە هاوپۆلەکانیان چەندین قۆناغی خوێندنیان تێپەڕاندووە و زمانی یەکەمیانە لە کاتێکدا ئەمان نازانن ناوی خۆیان بە کوردی بنووسن.
بۆچی کوردستان توانای ئەوەى هەیە کە قوتابخانەى تورکی و ئەمریکى و فەرەنسی تێدا بێت کەچی کردنەوەى قوتابخانەیەک بۆ ئەم قوتابیانە موستەحیلە و خەونە ، دەبێت بۆچی چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە تەهدید بێت بۆ سوڵتەى موتڵەقی هەندێک کەس ،
دواتریش ئایا هەَسوکەوتی بەرپرسان بە تایبەتی دواى گۆڕینی وەزارەت لە گەڵ مەسەلەکە و لە گەڵ خودی من کە تا ئێستاش لە سەر کاغەز بەرپرسی ئەو قوتابیانەم نهێنیەکەى چیە؟!
ئێستاش ئیتر جێگای خۆیەتى من لێرەدا مەسەلەکە بخەمە بەرچاوی ڕای گشتی کە بۆچی پڕۆژەیەک کە ماوەى سێ مانگ زیاتر بوو کاری بۆ دەکرا و کەوتە قۆناغی چارەسەری تەواو و تەنانەت مەنهەجیشمان بۆ ئامادەکرد کەچی لە دواییدا زیندە بە چاڵ کرا و کرا بە قوربانی کورسی و پلە و پایە و بچوک کرایەوە تا گەیشتە ئەوەى تەنها دوو وانەى ئیزافی بێت کە سەنتەرێکی بچکۆلانە پێی دەکرا خولێکی لەوە بە تواناتر و پێشکەوتووتری و بە زەمەنێکی زۆر قیاسی بکردایە.


تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته‌ بكه‌.

بۆچوونێك بنووسه‌