نهێنیەکانی ژنایەتى

تەرزە جاف

بە ڕێڕەوى منداڵیدا
لەگەڵ ماڵە باجێنە
لە مەمکی خۆم
شیر دەدەمە بووکەڵەکەم.

لەکۆڵانە پێچاوپێچەکانى باڵق بوونەوە
خەون بە پیاوێکەوە دەبینم
بێت و
خەونەکانم لە ئامێزی ئەو دا چەکەرە بکەن.

بە جادەکانى گەنجێتیدا
لە دەروازەى گسک
لە تەنیشت کەف
لەبەر ئاوێنەى سووراودا
گەورەتر دەبم و
پیاوێک دەمکاتە باوەش.

بەسەر ڕووسپێتیدا
لە تەنیشت ژنایەتى
بە رێگاى ماچدا
چاوەڕوانى منداڵ دەکەم
کچۆڵەیەک دێت.

بە ڕێڕەوى گسک
لە تاریکایی ماچ
لە بەرسێبەری تەنیایی
لە ژوورسەری ئەلبوومەکان
چاوەڕێی کوڕ دەکەم
لە چاوەڕوانى کوڕێکدا
ئەو کوڕەى بەر لە هاتنی
وەک موروەکانى منداڵیم
چوار دەنکە کچ بەر لەئەو دێن.

لە گۆڕەپانی سارد و سڕی پیرێتی
پێ بە پێ ی خشەى خاوی گسک
لە مۆریانێی دەنکە حەبە سەوز و سوورەکاندا
لە ناو زاکیرەى ماچدا
لە پشت هیواکانەوە
من تاق و تەنیا
بیر لەو کچە دەکەمەوە ماڵە باجێنەى دەکرد و نایناسمەوە!


تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته‌ بكه‌.

بۆچوونێك بنووسه‌

نوێتر: Zindana mi, mala mi »