چوار هۆنراوه‌ی سیا
له خێزانه تاڵه‌كه‌تا
ماڵی ئێوه پڕ له ترسه و
عه‌شقی بزێو…هێشتا له‌وێ یاری ئه‌كا
ماڵی ئێوه پڕه له ڕق له بێزاری
عه‌شق هه‌ر لاساری ئه‌كا
ئێوه خێزانێكی تاڵن،
عه‌شقیش له‌وێ سۆراخی به‌ختیاری ئه‌كا
من ده‌مێكه چاوه‌ڕوانم،
خۆت پیشانی هه‌تاو بده‌ی
هه‌تاو له‌و دیو تاریكخانه‌ی ماڵتانه‌وه
سه‌رخۆشه و دڵداری ئه‌كا.
سیاڕۆژ…. ئۆسلۆ
عه‌شق له‌وێ
من ئه‌مه‌وێ
بپرسم ئه‌گه‌ر عه‌شق مرد
زه‌وی له به‌هه‌شت وه‌رئه‌گرێ؟
یان له كه‌مپی جه‌هه‌ننه‌ما..له‌گه‌ڵ من و تۆ میوانه؟؟
تاوانی پێ ئه‌بژێرن
یان له به‌هه‌شت نه‌خشی سه‌ر دیواره‌كانه؟
به‌ڵام عه‌شق،
نه وه‌ك من یاخی‌یه له گیان
نه وه‌ك تۆ شازاده‌ی تاوان
عه‌شق پڕه له كرده‌وه‌ی شیرین و جوان..!!
سیاڕۆژ… ئۆسلۆ
خۆ من یه‌كه‌م گوناهبار نیم
به‌ڵێ منیش گوناهبارم
چیرۆكێكم له لاساری نوسیوه‌ته‌وه پڕ ئه‌زموون
من ئه‌زانم..كه په‌ل و پۆی هۆنراوه‌م تێكه‌ڵت بوون
دانم به گشت خه‌تاكانی دڵا ناوه
به‌ڵام وویستم جارێكی تر..له خه‌یاڵت وه‌رگرمه‌وه
نه‌ڵێن شاعیره شێته‌كه،
پاش سووتانی قه‌سیده‌یه‌ك
پڕ باده‌یه‌ك ئاوی شكست،
ئه‌كا به ده‌م گۆرانی‌یه‌كانی دونیاوه
سیاڕۆژ……… ئۆسلۆ
با ئه‌م جه‌نگه ببه‌مه‌وه!!!
بمكێشه ناو ئه‌م جه‌نگه‌وه
كه جه‌نگی جوانی ناو ئه‌به‌ی..كه تیا دوژمنی كازیوه‌ی
هه‌ڵمه‌ت بۆ سه‌ر شاره‌كانی هه‌تاو ئه‌به‌ی
ده‌ستی منیش فێركه سه‌رانه‌ی ئاره‌زوو،
له كیشوه‌ری گوڵ وه‌رگرێ
ئیتر مه‌ڵێ..بۆچی په‌نا بۆ هۆنراوه‌ی خاو ئه‌به‌ی
بۆچی ئه‌بی به شای هۆنیا و
هۆنراوه‌كان بۆ ڕاو ئه‌به‌ی؟؟؟؟
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

