خاچی دوعا
ئه‌م هۆنراوه‌یه پێشکه‌شه به گیانی ئه‌و شۆخه‌ی که له پێناوی ئه‌ویندا به سه‌ختترین و
درێژترین ئازاره‌وه ده‌رچوو.
خاچی دوعا
له و سه‌ر خاکه‌ی
خۆشه‌ویستی ، هێشتا به خه‌ڵکی نامۆیه
له‌و سه‌رخاکه‌ی
ئه‌وین کردن ، هێشتا به فه‌رهه‌نگ نامۆیه
له و سه‌ر خاکه‌ی
گه‌وره‌ترین زوڵمی ژیان، بۆ کیژۆڵه له سه‌ر پێیه
له و سه‌ر خاکه‌ی
خوێنی کیژانی شه‌هیدانی ڕێی ئه‌وین ، به فیڕۆیه
له و سه‌ر خاکه‌ی
تای ته‌رازووی مافی ژنان
یه‌کیان ئه‌وه‌تا له ئاسمان
ئه‌وی دی له‌سه‌ر زه‌وییه
له و سه‌ر خاکه‌ی
جه‌سته‌ی بێ ڕۆحی کیژۆڵه
نوقمی خوێنه وفه‌رشی سووری
به‌رپێی پیاوی دڵ ڕق و بێ به‌زه‌ییه
له و سه‌ر خاکه‌ی
هێشتا ڕیش سپی و پیاو ماقووڵ
دادوه‌ر و یاسا دانه‌ره
له و سه‌ر خاکه‌ی
هێشتا فه‌توای پیاوانی دین
تاجی سه‌ر ، ڕێ پیشانده‌ره
به به‌رچاوی
دایک و خوشک و باوک و برا
به به‌رچاوی گشت دنیاوه
حه‌زره‌تی دوعا بۆ دواجار له خاچ درا
ڕزگار گوڵه‌باخ
به‌رلین 25.10.2007
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

