ده‌روێشیان
گفت و گۆیێک ده‌گه‌ڵ ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان
سه‌ربرده‌ی وان ساڵان له‌م هه‌رێمه‌وه*
ئه‌نجامدانی: که‌وبوته‌ر ئه‌رشه‌دی
وه‌رگێڕ بۆ کوردی: ڕێناس جاف
چه‌ن په‌یڤی پێویست:
ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان ڕۆژی سێی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٢٠ی هه‌تاوی (١٩٤١زایینی) له کرماشان دیده‌ی له ڕووی ژیان هه‌ڵێنا. پاشی ته‌واوکردنی خوێندنه‌که‌ی له فێرگه‌ی مامۆستایان، ڕووی کرده پیشه‌ی مامۆستایی قوتابخانان و له فێرگه و قوتابخانه‌کانی ئاوایی و گونده‌کانی گیلانی ڕۆژاوا و شاباد خه‌ریکی وانه وتنه‌وه بوو که دۆخی تایبه‌تی ئه‌و ناوچانه و هه‌ژاری و ده‌ستکورتی خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌و مه‌حاڵه، بوو به هه‌وێنی چیرۆکه‌کانی ده‌روێشیان.
بۆ وتن ده‌شێ مامۆستا ده‌روێشیان ده‌رچووی به‌شی ده‌روونناسی په‌ره‌وه‌رده و هه‌روه‌ها به‌شی ڕاوێژکاری خوێندن به پله‌ی به‌کالۆریۆس و ماسته‌ره.
ده‌روێشیان پاشان له به‌شی وێژه و ئه‌ده‌ب له زانستگه‌کانی تاران درێژه به خوێندنی خۆ ده‌دا. چه‌ن به‌رهه‌مێکی وه‌ک” هه‌وره ساڵان” و “چیرۆکی وان ساڵان” چه‌ندین جار له چاپ دراونه‌ته‌وه.
ده‌روێشیان فه‌رهه‌نگی ئه‌فسانه‌کانی گه‌لانی ئێرانی ئاماده‌ی چاپه که هه‌ڵبه‌ت هه‌تا ئێستا ١٠ به‌رگی بڵاو بۆته‌وه، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی مامۆستا ده‌روێشیان وه‌کی ئاگادار بین، نزیکه‌ی ٢٠ به‌رگه. هه‌روه‌ها ئاواتی قاقه‌زین، به‌رهه‌مێکی دی نووسه‌ره که په‌خشکاری “چه‌شمه” ئه‌رکی له‌چاپدانی وه‌ئه‌ستۆیه.
له به‌رهه‌مه‌کانی دی ده‌روێشیان ده‌کرێ ئاماژه بکه‌ینه: “له‌م هه‌رێمه‌وه”، په‌ڕه‌مووچ، که داگری نزیکه‌ی ١٠–١٢ کورته چیرۆکێکه،”ئاوشووران”، “فه‌سڵی نان” و ” هاوڕێی گۆرانییه‌کانی باوکم” که گه‌لێ جاران له چاپ دراونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها چه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌کانی ده‌روێشیان ده‌چنه خانه‌ی وێژه‌ی مناڵان؛ له‌وانه‌ش ده‌کرێ ئه‌م به‌رهه‌مانه نێو به‌رین: هه‌وری ڕه‌شی هه‌زار چاو، ڕه‌نگینه، ڕۆژنامه‌ی دیواری قوتابخانه‌که‌ی مه، کاکه گیان که‌ی ده‌گه‌ڕێیته‌وه و گوڵ ته‌ڵا و کڵاشی سوور و کۆمه‌ڵه کتێبێ بۆ مناڵان و مێرمناڵان .
مامۆستا ده‌روێشیان به‌م ساڵانه خزمه‌تێکی شیاوی زمان و وێژه‌ی کوردیشی کردووه و به له چاپدانی چه‌ن به‌رهه‌مێک، ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزی بۆ گه‌له‌که‌ی به ئه‌نجام گه‌یاندووه. مامۆستا ده‌روێشیان به وه‌رگێڕانی هه‌ڵبژارده‌ی کورته چیرۆکی هاوچه‌رخی کوردی، هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری خۆی به‌و چه‌شنه لای هه‌موووان ده‌سه‌لمێنێ. ئه‌م نووسه‌ره کۆڵنه‌ده‌ره خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌ییشه، له‌و به‌رهه‌مانه‌شی ده‌کرێ ئیشاره‌تێک به‌مانه بده‌ین: کۆمه‌ڵه وتار، چلۆن و بۆچ، کورته چیرۆکه‌کانی له‌به‌ردڵانی لام له ٨ به‌رگدا به هاوکاری ڕه‌زا خه‌ندان، بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌فه‌رخان، یاده‌وه‌ری سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی، قامووسی کوردی- فارسی(که‌ڵهوڕی)، کتێبی بێستوون و سه‌مه‌د چووه ڕیزی نه‌مران. جێی خۆیه‌تی ئاماژه به‌و خاڵه‌ش بکه‌ین مامۆستا ده‌روێشیان له ساڵی ١٣٥٠ ی هه‌تاوییه‌وه ده‌که‌وێته زیندانی ڕژێمی شا به‌ڵام به سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌لانی ئێران ،ساڵی ١٣٥٧ ی هه‌تاوی له به‌ندیخانه به‌ر ده‌بێ. ئه‌وه‌ی ده‌خرێته به‌رده‌س و به‌رچاوتان وتووێژێکه ده‌گه‌ڵ ئه‌م که‌سایه‌تییه پایه‌به‌رزه که له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی زارۆکان ده‌دوێ.
پ: چلۆن پێناسه‌ی ئه‌ده‌بی زارۆک ده‌که‌ی؟ مێژینه‌ی وێژه‌ی زارۆک له ئێران‌دا ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌ی؟
و: ئه‌ده‌بی مناڵان ئه‌و به‌رهه‌م و نووسراوانه‌ی ده‌گرێته‌وه که یارمه‌تی گه‌شه و پشکووتنی به‌هره‌ی منداڵ ده‌دا، بۆ به‌ره‌و ڕووبوونه‌وه ده‌گه‌ڵ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و گیر و گرفته‌کانی سه‌رده‌می گه‌وره‌ساڵی ئاماده‌ی بکات، په‌رسڤ و وه‌رامی هه‌ستی په‌یجۆری و وشیاری بداته‌وه ، ڕه‌هه‌ند و لایه‌نی به‌خۆوه‌سه‌رقاڵکردنی تێدا ڕه‌چاو بکرێ، هه‌ڵگری په‌یامێکی مرۆڤانی و ئاشتیانه بێت، بتوانێ هاسان پێوه‌ندی به منداڵه‌وه بگرێ و وه‌ڵامی نیاز و پێداویستی بداته‌وه.
وێڕای په‌روه‌راندنی هه‌ستی خه‌یاڵ و داهێنان، ڕاستییه‌کانی ڕوون و به‌رهه‌ستی ژیان و گیر و گرفته‌کانی وی، وه‌پشت گوێ نه‌خات، له هه‌مان حاڵیش‌دا هه‌ڵگری باری ئایدیۆلۆژیکیش نه‌بێت. زۆر حه‌ز ده‌که‌م به ده‌نگی به‌رز هاوار بکه‌م: ” گه‌وره‌ترین یارمه‌تیمان بۆ زارۆکان، ئه‌وه‌یه وازیان لێ بێنین منداڵ بن و سه‌رقاڵی یاری و کایه و لاسارییه‌کانی تایبه‌تی ژیانی مناڵی خۆ بن.” به‌ڵام له نێو کۆمه‌ڵگه‌یێکدا هه‌موو شتێکی ته‌نانه‌ت خوێندن، هه‌ڵگری باری جیاوازی چینایه‌تییه، وا هاوارێک به کوێ ده‌گات؟ ئایا ده‌گاته‌وه گوێچکه‌ی ئه‌و دایک و باوکه‌ی بۆ وه‌ده‌س خستنی بژیوی ژیان، منداڵه‌که‌ی خۆ بۆ سواڵکردن به کرێ ده‌ده‌ن و وێڵی نێو کووچه و کۆڵان و شه‌قامانی ده‌که‌ن و گه‌ر له‌و هاواره تێبگه‌ن ده‌بێ وه‌رامیان بۆی چ بێت؟
له حاڵێکدا پرسی سه‌ره‌کی لای ئه‌وان، هه‌وڵ بۆ گوزه‌رانی ژیان و ده‌ربازبوون له برسیه‌تییه، پرسی مه‌رگ و ژیانه،ئایا ده‌گاته‌وه به‌ر گوێچکه‌ی که‌سانی میناک هیتله‌ر و سه‌ددام که مناڵان ده‌که‌ن به نێو کووره‌کانی مرۆ سووتاندن و گۆڕی به کۆمه‌ڵدا؟
ده‌مه‌وێ ئه‌ده‌بی منداڵ له دووی کایه و یاری، شادی و خۆشحاڵی و خوڵقاندنی دونیای جوان و خه‌یاڵاوی بۆ وی بێت؛ به‌ڵام له کامه جیهاندا؟ له‌و جیهانه‌ی ئێستا ئێمه‌ی تێیداین، هه‌ڵبه‌ت من هێشتا ده‌گه‌ڵ بۆچوونه‌که‌ی سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی (م).
ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی دونیای دوور له واقیع و ده‌ستکرد و ئالووده‌ی درۆ و مه‌رایی له دووره‌وه پیشانی منداڵ ده‌دا، له ڕاستییه‌کانی ژیان دووری ده‌کاته‌وه و وا منداڵێک ئه‌خاته نێو گۆمی بێ بنی مه‌ینه‌ت و چه‌رمه‌سه‌ری و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌وه.
ئایا ڕه‌وایه مناڵانمان وه‌ک به‌رخێکی خشپیلانه و خرپن بار بێنین که ته‌نێ ده‌بێ بیانلاوێنین و به‌س؟
کاتێ له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه ، مناڵانی وه‌به‌ر بوومه‌له‌رزه‌که‌وتووی “به‌م” پیشان ده‌درێن؛کاتێ کاره‌ساته‌که‌ی سۆنامی و مناڵانی برسی و نه‌خۆش و ڕه‌قه‌ڵه و باریکه‌ڵه‌ی ئه‌فریقی به‌رچاو ده‌خرێن، ئایا ده‌بێ نه‌هێڵی منداڵ ئه‌و دیمه‌نانه ببینێ؟
له‌به‌رچی به‌یانان مناڵانمان بۆ نان کڕین نانێرین هه‌تا چاویان به هه‌رمان و هه‌وێر شێلانی کرێکاران له ته‌نیشت کووره‌ی گه‌رمی نانه‌وایی بکه‌وێ؟
دروستکردنی ئه‌منیه‌ت و هێورییه‌کی ده‌ستکرد و درۆینه بۆ منداڵان، جگه له به‌خشینی که‌سایه‌تییه‌کی له‌رزۆک به مناڵ، چ ده‌ستکه‌وتێکی دی نابێت. ده‌بێ منداڵ فێر بکرێ چلۆن چاو له دونیای چوارته‌نیشتی خۆ بکات. ده‌بێ فێر بکرێ دڵی به شتێ خۆش بکرێ و تۆوی هیوا له دڵیدا بچێندرێ هه‌تا له سه‌رده‌می گه‌نجی و گه‌وره‌ساڵیدا ، تووشی بێ هێوایی یان هیوا بڕوایی نه‌بێت.
ده‌بێ له حاند حه‌ق و مافی خۆ، ئاگادار بکرێته‌وه، ئه‌ده‌بی منداڵان جێی مرۆی مه‌رایی کار، کاسبکار، هه‌لپه‌رست و کوڕی ڕۆژ و بانگه‌شه‌کارانی ئایدیۆلۆژیا نییه.
پ: له ئێران‌دا له کامه ساڵانه‌وه به شێوه‌یێکی هه‌ره‌قه‌تی “ئه‌ده‌بی منداڵ” وه‌ک پرسێکی تایبه‌ت و ڕوون له نێو ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا؟ پێشه‌نگه‌کانی ئه‌و به‌ستێنه کێها بوون؟
و: ئاوڕدانه‌وه له “ئه‌ده‌بی منداڵ” ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رنجدانی هه‌ره‌قه‌تی به شوناس و که‌ساێتی منداڵ له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا و لاکردنه‌وه له بوونی منداڵ، واته پێویستی ناسیاری و ئاگاداری له‌سه‌ر منداڵ، هه‌ستی پێ بکرێ، ئه‌و سه‌رنجدانه‌ش، فه‌یله‌سووف و خه‌ڵکی نێو هه‌مان کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و لای خۆ ڕاکێشێ.
گه‌ر وێژه‌ی منداڵان له ڕۆژاوا ئاوڕێکی تایبه‌تی لێ ده‌درێته‌وه و گه‌لێ به‌رهه‌م ده‌خوڵقێندرێن که له دونیادا پێشه‌نگ و به شاکار ده‌ناسرێن، له‌به‌ر بوونی فه‌یله‌سووفانی وه‌ک ڕۆسۆ و جان پیاژه و هه‌وڵی مرۆڤه تێکۆشه‌ره‌کانه.
سه‌رهه‌ڵدانی ده‌روونناسی منداڵ که ده‌ره‌نجامه‌که‌ی هه‌وڵی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌یه، بوو به مایه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ورده‌کارییه‌کانی دونیای ده‌روونی منداڵ، لێکۆڵینه‌وه بکرێ و پێگه‌ی وی، وه‌به‌ر سه‌رنج بکه‌وێ. ئایا له ئێران‌دا هه‌وڵی له‌و چه‌شنه دراوه؟ له که‌یه‌وه منداڵ له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا خاوه‌نی که‌ساێتی سه‌ربه‌خۆ بوو؟
ئه‌ده‌بی ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه.
یه‌ک له‌و که‌سانه‌ی په‌ی به له‌باربوونی نیوه‌چڵی وا دۆخ و پێگه‌یێک برد، نه‌مر “جه‌باری باخچه‌بان” بوو،ئه‌و له دایکبووی ساڵی ١٢٦٤ بوو، ساڵی ١٣٤٥ هه‌تاویش کۆچی دوایی کردووه.
ئه‌و بناغه‌دانه‌ری باخچه‌ی ساوایان له ئێران و یه‌ک له نووسه‌رانی وریا و پێشه‌نگی ئه‌ده‌بی مناڵانه.
پاشی ئه‌و چه‌ندین نووسه‌ری دی له‌و بواره‌دا هاتنه نێو مه‌یدانه‌وه، هه‌ندێ که‌سیش بۆ خۆسه‌رقاڵکردن، له به‌رهه‌می خۆدا ئاوڕێکیان له منداڵان داوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی به شێوه‌ی به‌کرده و تیۆری لای له ئه‌ده‌بی مناڵان کرده‌وه، سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی له دایکبووی ساڵی ١٣١٨ هه‌تاوی بوو که ساڵی ١٣٤٧ هه‌تاوی له ڕووباره‌که‌ی ئه‌ره‌س دا خنکا. ئه‌و ته‌نیا ٢٩ ساڵ ژیا، له‌و ماوه کورته‌دا ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی منداڵان شوێن دانه‌ر بوو که له مێژووی ئه‌ده‌بی ئێران‌دا بێ وێنه بوو .
هه‌ژمار و تیراژی کتێبه‌کانی له ساڵی ١٣٤٦ هه‌تا ١٣٥٨ به پێنجسه‌ت هه‌زار گه‌یشت. پاشی ئه‌و ساڵه هه‌تا به‌م ساڵانه‌ش، به‌رهه‌م و کتێبه‌کانی، ئیزنی بڵاوبوونه‌وه‌یان پێ نه‌درا،کاتێ ئه‌و ئیزنه درا(سی و دوو ساڵ پاش مه‌رگی) فره‌تر له ١٠ ده‌زگه‌ی چاپ و په‌خشی کتێب، به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ویان به هه‌ژماری فره و بان بڵاو کرده‌وه، ئه‌و کاره هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامه. پاشی سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی ، به‌رهه‌مه‌کانی نه‌مر ئه‌حمه‌دی شاملوو بۆ مناڵان ، وه‌به‌ر پێشوازی که‌وتن، پێویسته (جێی خۆیه‌تی) له نووسینه‌کانی دڵسۆزانه‌ی مه‌هدووختی که‌شکۆڵی بۆ مناڵان ، یاد بکرێ.
سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی، ده‌سپێکه‌ری خولێکی نوێ له ئه‌ده‌بی مناڵ و مێرمناڵ بوو. ئه‌و خوڵقێنه‌ر و داهێنه‌ر بوو .
سه‌مه‌د سه‌ربه‌خۆیی و شوناسی به ئه‌ده‌بی منداڵ به‌خشی. نووسین بۆ منداڵ لای ئه‌و، ئامانجیکی کۆمه‌ڵاێتی له پشته‌وه بوو. پێش سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی ، ئه‌ده‌بی منداڵانی ئێران، له‌باری تیۆرییه‌وه بنه‌مایێکی ئه‌وتۆی نه‌بوو؛ به‌ڵام سه‌مه‌د به‌ردی بنه‌مای بۆ دانا و پێوه‌ری نوێی بۆ ئه‌و چه‌شنه ئه‌ده‌به ده‌س نیشان کرد.
تیۆری و پێوه‌ره‌کانی سه‌مه‌د، شۆڕشێکی به‌سه‌ر دۆخی ئه‌ده‌بی منداڵاندا هێنا. ئه‌و گۆڕانگارییه، ،گه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵانی لێکه‌وته‌وه.
پ: ئایا ئه‌ده‌بی مناڵ و مێرمناڵ بنه‌ماکه‌ی له‌سه‌ر ته‌وه‌ری په‌روه‌رده‌یی- فێرکاری بوو یان له‌بن کارتێکه‌ری بزاوتی دیکه‌دا بوو؟
و: دیاره ئه‌م ئاوڕدانه‌وه له ئه‌ده‌بی مناڵان، له‌سه‌ر ته‌وه‌ری په‌روه‌رده‌یی- فێرکاری بوو.
جه‌باری باخچه‌بان وه‌ک وتم ، بناغه‌دانه‌ری باخچه‌ی ساوایان له ئێران دا بوو. چیرۆکه‌کانی ئه‌و، هه‌ڵگری باری فێرکاری و په‌یامی ڕوونه. هه‌م له کتێبی ” منیش له‌م دونیا ئاواتم هه‌یه” و هه‌میش له “باوکه به‌فرینه” دا؛ به‌ڵام سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی مامۆستای قوتابخانه‌ی گونده‌کانی دووره‌ده‌ستی ئازه‌ربایجان بوو، ئه‌و سات و کاتی خۆی ده‌گه‌ڵ مناڵانی ڕه‌نجبه‌ری گوندی که زۆربه‌یان له بنه‌ماڵه‌ی نه‌دار و ده‌س کورت بوون، به‌سه‌ر ده‌برد. ئێوه له دونیادا نووسه‌ر، شاعیر و توێژه‌رێک نابینن ڕووانگه‌ی فه‌لسه‌فی و ئه‌زموونی ژیانی تاکی و که‌سێتی خۆی نه‌گوێزتبێته‌وه بۆ نێو به‌رهه‌مه‌کانی. گه‌ر نووسه‌رێک بێژێ من بێ لایه‌نم، به دڵنیاییه‌وه درۆ ده‌کات.
ئایا هانس کریستییه‌ن ئه‌ندرسن له چیرۆکی : ” کچه‌ی شقارته فرۆش” و ” جلی نوێ بۆ ئیمپراتۆر” دونیا بینی و فه‌لسه‌فه‌ی خۆ پێشکه‌ش ناکا؟ ئه‌و به‌ڕاستی له به‌رهه‌مه‌کانیدا بێ لایه‌نه؟
ئه‌و نووسه‌ره‌ی له فێرگه‌کانی ناده‌وڵه‌تی باکووری تاران1 وانه ده‌ڵێته‌وه ده‌گه‌ڵ ئه‌و نووسه‌ره‌ی له شه‌قامی خه‌ییام و باشووری شار ده‌رز ده‌ڵێته‌وه، ده‌رحه‌ق به قوتابیان یه‌ک بۆچوونیان هه‌یه؟
ئایا قوتابی ئه‌و دوو شوێنه به یه‌ک جۆره ده‌ژین؟
سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی له به‌رهه‌مه‌کانیدا ئاوڕی له ڕاستییه‌کانی کۆمه‌ڵاێتی ده‌دایه‌وه، بۆیه به‌رهه‌مه‌کانی وه‌به‌ر سه‌رنجی مناڵ و مێرمناڵ و ته‌نانه‌ت گه‌وره‌کانیش ده‌که‌وت.
دوابه‌دوای بڵاوکرانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی وی، ته‌نانه‌ت مناڵ و مێرمناڵی ده‌وڵه‌مه‌ندیش ده‌گه‌ڵ گوندییه‌کان ئاشنا بوون، له ده‌رد و چه‌رمه‌سه‌ری و ڕه‌نج و کوێره‌وه‌ری ئه‌وان ئاگادار بوون و زۆرێ له‌وان به خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی بێهڕه‌نگی ، بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و سیسته‌مه ناڕه‌وایه ده‌ستیان دایه خه‌بات.
پ: له ده‌یه‌ی چلدا که ئه‌ده‌بی مناڵان به شێوه‌ی فه‌رمی سه‌ری هه‌ڵدا و نووسه‌رانی بواری مناڵان له‌و ساڵانه‌دا، چالاکانه بۆ مناڵ و مێرمناڵیان ده‌نووسی، له ژێر کارتێکه‌ری کامه بزاڤدا بوون؟
و: دیاره هیچ هونه‌رمه‌ندێک بێ هه‌ڵوێست ناژی. هیچ هونه‌رمه‌ندێکی پێشه‌نگ ،دوور له سیاسه‌ت نابێت. لێره‌دا مه‌به‌ست له سیاسه‌ت، ناسیاری و ئاگاداری و هه‌ستیاری ده‌رحه‌ق به پرسه‌کانی دونیای چوارته‌نیشتی هونه‌رمه‌نده، ئه‌گینا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له به‌رامبه‌ر ده‌رده سیاسه‌ت ده‌وه‌ستێ.
ئه‌و بزاوته‌ی وای له سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی کرد ڕوو بکاته نووسین، جگه له سه‌رنجدان و هه‌ستیاربوونی له حاند مناڵانی هه‌ژار و ده‌س کورتی لادێی ، شتێکی دی نه‌بوو، هه‌ڵبه‌ت به هۆی موتاڵا و خوێندنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی، هه‌موو بوارێکی له‌باری بۆ ده‌سپێکی کار و چالاکی، ڕه‌خساندبوو.
له لایێکی تره‌وه ئه‌و وه‌ک هه‌موو نووسه‌ر ، شاعیر و هونه‌رمه‌ندێکی به‌رپرس و دڵسۆز و خودان به‌ڵێن جگه له پێشکه‌شکردنی به‌رهه‌مه‌کانی، بیری له‌وه ده‌کرده‌وه چلۆن ده‌توانێ به‌ره‌نگاری ڕژێمێکی سه‌ره‌ڕۆ و دیکتاتۆری پڕ چه‌ک که لاگرێکی گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌مریکای له پشته‌وه بوو و هۆکاری چاره‌ڕه‌شی و چه‌رمه‌سه‌ری خه‌ڵک بوو، بێته‌وه. ئه‌و ڕژێمه‌ی ڕووناکبیر و زانا و بیرمه‌ندانی ده‌خسته کونجی زیندانه‌وه ، ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌دان و له سێداره‌ی ده‌دان.
له هه‌مبه‌ر وا ڕژێمێکدا که به‌کرێ گرته و کاسه‌لێس و ئه‌ڵقه‌له‌گوێ، ده‌وره‌یان دابوو، زۆر نووسه‌ر که کۆشک نشین نه‌بوون و داخوازی خۆیان به داخوازی جه‌ماوه‌ر ده‌زانی، ده‌ستیان دایه خه‌بات. وێنه و نموونه‌ی ئه‌و خه‌باتکار و تێکۆشه‌رانه له به‌رهه‌مه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌یی و چیرۆکی ئاخر و ئۆخری ده‌یه‌ی چلدا به‌رچاو ده‌که‌وێ. بۆ نموونه له به‌رهه‌مه‌کانی سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی دا ، بێهروز دێهقانی، سه‌عید سوڵتان‌پوور، عه‌لی ڕه‌زا نابه‌دڵ، حه‌مید مۆمنی و غوڵامحسێنی ساعیدی دا.
له نێو نووسه‌رانی ده‌یه‌ی چلدا که‌م نین ژماری ئه‌وانه‌ی له هه‌ردووک بواری سیاسه‌ت و ئه‌ده‌بدا ده‌وریان ده‌بینی.
ئه‌ده‌بی به‌رپرسی ده‌یه‌ی چل و په‌نجا، شانۆی ئه‌ده‌بی بزاڤی سیاسی بوو و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و بزاڤه‌ی (به پارتیزانی و هتده‌وه) له ناخدا بوو.
سه‌مبول و هێما، خوازه و درکه، به‌ر له‌وه‌ی جه‌وهه‌ر و ماکی ئه‌ده‌ب بن ، په‌ناگه و ناوه‌ندی “چالاکی” هزر و وته‌ی یاساخ کراو بوون.
ده‌کارگرتنی نازناو له لایه‌ن هه‌ندێ نووسه‌ره‌وه که کاری سیاسی‌یان ده‌کرد، گه‌لێ بره‌وی هه‌بوو، له‌و نێوانه‌دا سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی فره‌ترین نازناوی بوو.
پ: به‌رهه‌مه‌کانی سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی چلۆن ده‌نرخێنی؟ ئایا سه‌مه‌د وه‌ک چه‌کێ یان که‌ره‌سته‌یێک بۆ خه‌بات یان کرده‌ی “ڕقی چیناێتی” سه‌یری منداڵی کردووه؟ تۆ هه‌تا چه‌نده تووشبوون به ده‌رده سیاسه‌ت له‌و به‌رهه‌مانه‌دا ده‌بینی؟ تایبه‌تمه‌ندی جوانناسانه‌ی ئه‌ده‌بی له کامه به‌رهه‌می ئه‌ودا پتر به‌رچاو دێ؟
و: من سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی به ده‌سپێکه‌ری خولێکی نوێ بۆ ئه‌ده‌بی مناڵ و مێرمناڵ داده‌نێم که پێش ئه‌و ته‌نانه‌ت پاش ئه‌ویش، نووسه‌رێکی وا دڵسۆز، به‌جۆش، تێکۆشه‌ر، کارا و به‌رپرسم لا شک نایه. له‌سه‌رانسه‌ری مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا که‌س شک نابه‌م به‌رهه‌م و پاڵه‌وان و که‌سایه‌تییه‌کانی نێو چیرۆکه‌کانی، ئه‌وه‌نده ناوبانگیان ده‌رکردبێت. گه‌ر سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی نه‌بوایه،. ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌نده لا له ئه‌ده‌بی مناڵان نه‌ده‌کرایه‌وه.
ئه‌مڕۆکه له‌سه‌ر مۆسیقای مناڵان ، کاری ئه‌وتۆ ئه‌نجام نه‌دراوه چونکه سه‌ره‌ڕای کۆسپه‌کانی سه‌ڕێی، له بواری مۆسیقاشدا که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی ده‌رنه‌که‌وتووه.
هه‌ڵبه‌ت به‌رهه‌مه‌کانی وی، ده‌کرێ وه‌به‌ر ڕه‌خنه و لێکدانه‌وه و نرخاندن بخرێن، به‌ڵام له بیر نه‌که‌ین ئه‌و بناغه‌دانه‌ره. ئه‌و به نووسینه‌کانی، له پڕێک سه‌رنجی گه‌لێکی خودان مێژینه‌ی پرشنگداری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری، به‌ره‌و لای توێژێکی له‌بیرکراو ڕاکێشا. گه‌ر ئه‌ده‌بی مناڵان ئه‌مڕۆکه ئه‌وه‌نده گه‌شه‌ی کردووه، له‌به‌ر سه‌رهه‌ڵدانی سه‌مه‌دی بێهڕه‌نگی له بواری ئه‌ده‌بی مناڵ و مێرمناڵدایه. هه‌ندێ ده‌یانه‌وێ به ناوی لادانی ئایدیۆلۆژیکی له ئه‌ده‌بی مناڵان، پێگه‌یێک بۆ ئایدیۆلۆژی و هزری دواکه‌وتووانه‌ی خۆ وه‌ده‌س بخه‌ن. ئه‌مانه ده‌ڵێن تۆ مه‌نووسه هه‌تا من که چوومه‌ته ژێرباری ڕه‌وشی ئێستا، بنووسم. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت زۆر که‌سان، نووسین یان به‌رهه‌مێک ده‌گه‌ڵ ڕووانگه و بیر و هزری خۆیاندا نه‌یه‌ته‌وه، به‌سیاسی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن هه‌تا مه‌یدانی پێ چۆڵ بکه‌ن.
به کورتی بێژم، ماسییه ڕه‌شه‌ی چکۆڵه، ناسراوترین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی بۆ مێرمناڵانی سه‌رانسه‌ری دونیایه.
هیچ به‌رهه‌مێکی ئێرانی هه‌تا ئێستا نه‌یتوانیوه ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه به‌رز بێت.
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی جوانناسانه له ماسییه ڕه‌شه‌ی چکۆڵه، پیره‌ژن و جووجه‌ڵه‌ی زێڕین و کوڕه‌ی چه‌نه‌وه‌رفرۆشیدا، زێتر له به‌رهه‌مه‌کانی دی به‌رچاو دێن.
پ: پاشی شۆڕش، به تایبه‌ت له ده‌یه‌ی ٧٠دا،ناوه دیاره‌کانی بواری ئه‌ده‌بی مناڵان له ئێران‌دا کامانه‌ن ؟
و: ده‌توانم له به‌رهه‌می ئه‌حمه‌دی شاملوو بۆ مناڵ و مێرمناڵ و هه‌روه‌ها له مه‌هدووختی که‌شکۆڵی، ڤیۆلێت ڕه‌زاق په‌نا، په‌روێز ده‌وایی، به‌هرام خائێفی، شه‌هرام شه‌فیعی و محه‌ممه‌د ڕه‌زا شه‌مس ناو ببه‌م.
پ: ” هه‌ری پاتێر” ت خوێندۆته‌وه؟ ئه‌مڕۆکه مناڵ و مێرمناڵی ئێرانی چی ده‌وێ؟ پڕفرۆش‌ترین بازاڕی کتێبی مناڵان ده‌توانێ شوێنێ له‌بار و سه‌نگی مه‌حه‌کێ بۆ ده‌س نیشانکردنی ئه‌و پرسه بێت؟
و: کتێبه‌کانی خاتوو جی.که‌ی.ڕۆلینگ(م) خوێندۆته‌وه. ئه‌مه به‌رهه‌مێکه ئه‌چێته خانه‌ی نوێگه‌ری و داهێنانه‌وه.
کاتێ هزر ئاسووده و سه‌ربه‌ست بێت، ده‌توانێ ڕێی نوێتر ببڕێ و په‌ی به جیهانی تازه‌تر ببات و داهێنانی تیا بکات. ئه‌مه زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ره چوارهه‌زار مناڵ و مێرمناڵ له شوێنێکدا خڕ بنه‌وه هه‌تا خاتوو ڕۆلینگ چه‌ن لاپه‌ڕه‌ی کتێبه‌که‌ی خۆی بۆیان بخوێنێته‌وه.
به جیهانیکردنی ئه‌ده‌بی کۆمه‌ڵگه‌یێک ئا به‌و چه‌شنه‌یه. ده‌بێ ئاوڕ له‌وه بدرێته‌وه به‌رهه‌مێک له چ هه‌ل و مه‌رجێکدا فرۆشی زۆر ده‌بێ. گه‌ر هه‌لی پڕۆپاگه‌نده، ڕه‌خنه و ناساندن بۆ هه‌موو به‌رهه‌م و کتێبێک یه‌کسان و به‌رانبه‌ر بێت و نووسه‌ریش قسه‌ی تازه‌ی بۆ وتن پێ بێت، هه‌ڵبه‌ت له سه‌رێ بوونی هه‌ژمار و تیراژی بانی به‌رهه‌مێک، سه‌نگێکی باشه بۆ دیاری و ده‌س نیشانکردنی ئه‌و به‌رهه‌مه.
پ: بزوتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ده‌بی مناڵ و مێرمناڵ،ده‌رد یان ده‌رمان و چاره‌سه‌ر؟ ئایا وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌کانی بواری مناڵ و مێرمناڵ، توانیویه ڕۆحی ئاشتیانه، ڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه، به په‌رۆشبوون بۆ دێمۆکراسی و چێژبردن له هه‌ڵمژینی هه‌وای ئازادی، به وره و ڕۆحی مناڵ و مێرمناڵی ئێرانی ببه‌خشێ؟
و: وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌کانی بیانی هه‌میشه یارمه‌تییه‌کی فره‌ی ئه‌ده‌بی ئێمه‌ی داوه. ئه‌م یارمه‌تییه هه‌ڵبه‌ت له سه‌ر بواری ئه‌ده‌بی مناڵان‌یش شوێن دانه‌ر بووه و ئێستا به گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی له‌وه‌رده‌ستدایه سه‌تی هه‌فتای به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی مناڵان، وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می ده‌ره‌کییه. سه‌تی سی بۆ به‌رهه‌می نووسه‌رانی ئێرانییه، کاتێ نووسه‌رانی مناڵ و مێرمناڵ به هاسانی ناتوانن سیمای واقیعی ژیان و داواکاری مناڵانی ئێرانی به‌ده‌سته‌وه بده‌ن و بۆ ئه‌وان بنووسن، کاتێ کاری نیگارکێشی و وێنه‌ی نێو کتێبی مناڵان به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، له ئاستێکی باندا نییه، دیاره ئه‌و که‌لێنه به کتێبی ده‌ره‌کی پڕ ده‌کرێته‌وه.
به‌م ساڵانه گه‌لێ به‌رهه‌می نووسه‌رانی سه‌رانسه‌ری دونیا بۆ سه‌ر زمانی فارسی وه‌رگێڕدراون. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م به‌رهه‌مانه گه‌ر به زمانێکی ساده و ساکار و بێ گرێ و گۆڵ له‌باری ڕێزمانییه‌وه وه‌رگێڕدرێن، زیانیان بۆ که‌س نابێت، بگره له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نووسه‌رانی نوێی ئه‌ده‌بی مناڵان ده‌توانن زۆر شتان له‌و به‌رهه‌مه وه‌رگێڕدراوانه‌ش فێر بن ، پڕ به‌ده‌ستکه‌وتیش ده‌بێ؛ له‌و لاشه‌وه خوێندنه‌وه و بینینی ئه‌و کتێبانه، ئاستی چاوه‌ڕوانی و ئینتیزاری خوێنه‌ری ئێرانی ، به‌رز ده‌کاته‌وه که هه‌ر وا سووک و هاسان وه‌رگری هه‌ر به‌رهه‌مێکی گۆتره نه‌بێت.
ئێستا له وڵاتی ئێمه‌دا ناوی ئه‌و نووسه‌ره ده‌ره‌کییانه‌ی بۆ مناڵان ده‌نووسن، نائاشنا نین. خوێنه‌ری ئێمه، ئه‌مڕۆکه چاک ئه‌م ناوانه ده‌ناسێ: هانس کریستییه‌ن ئه‌ندرسن، لافۆنتێن، برایانی گریم، ڕۆڵد داڵ(زه‌به‌لاحه له‌به‌ردڵانه‌که‌م)، ڤلادێمیرسۆته‌یف(چیرۆک و وێنه)، میکاییل ئه‌نده(چیرۆکی بێ کۆتایی)، سترید لیند گێرن( پی پی گۆره‌وی زل)، ژێ-کریستان(زاڵبوون به‌سه‌ر شه‌ودا)، یاشار که‌ماڵ(سوڵتانی فیلان)، ئێریش ئێزر(چیرۆکه‌کانی من و باوکم)، ڤلادێمیر بۆگۆ مۆلۆف((منداڵیی ئیوان)، دۆمینیک هاله‌وی(ئه‌ستێره و منداڵ)، مامین سیبریاک(قه‌له ڕه‌شه) و جی.که‌ی.ڕۆلینگ(هه‌ری پاتێر).
ئه‌و کتێبانه‌ی ئاماژه‌م پێدان به تایبه‌ت له پێک هێنانی وره و ڕۆحی ئاشتیخوازی، گه‌لسالاری، ئازادیخوازی و دادوه‌ریخوازی له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی مناڵ و مێرمناڵ، گه‌لێ شوێن دانه‌رن.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی شه‌رق، یه‌ک شه‌ممه ،٣ی گوڵانی ١٣٨٥ ی هه‌تاوی
چه‌ن سه‌رنجێک له لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه:
* ناوی دوو به‌رهه‌می ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان
١ باکوور و باشووری شاری تاران، هه‌ڵگری دووباری ته‌واو جیاوازی چینیایه‌تییه و ئه‌وه‌ی دانیشته‌ی باکووری شاره له توێژی ده‌وڵه‌مه‌ندی نێو کۆمه‌ڵگه‌یه و له‌باری ژیان و گوزه‌رانه‌وه له ئاستێکی بانتر و باشتردایه که‌چی خه‌ڵکی باشوور نشینی شار له دۆخێکی نزمتری ژیاندا ده‌ژین و ئه‌وه‌ی له توێژی ده‌ستکورت و هه‌ژار یان مامناوه‌ندی نێو کۆمه‌ڵه، نیشته‌جێی باشووری شاره. ئه‌م پێناسه ته‌نێ بۆ ئاستی داهات و ده‌رامه‌ته و ڕه‌نگه گه‌لێ ڕه‌هه‌ند و لایه‌نی که‌ساێتی و هزری نه‌گرێته‌وه. چونکه ئه‌مڕۆکه به چاوی خۆ ده‌بینین زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی له گه‌ڕه‌که‌کانی خواری شار ده‌ژین که‌چی زۆر ڕووناکبیر و مرۆڤی خودان هزریان تێدایه به‌ڵام له‌به‌ر گیرۆده‌بوونی کۆمه‌ڵ به گه‌لێ ده‌ردی کاری وه‌ک مه‌رایی کاری و گه‌نده‌ڵییه‌وه له هه‌موو بارێکه‌وه ئه‌و مه‌ودا هه‌تا دێ فره‌تر ده‌بێت. لێکدانه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه دیاره بۆ خۆ پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت هه‌یه و من ته‌نێ ویستم سووکه زانیارییه‌ک له‌و پێوه‌ندییه‌دا به خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته ببه‌خشم.
** ئه‌م بابه‌ته نزیکه‌ی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر ئاماده کراوه به‌ڵام داخه‌که‌م له‌به‌ر ژیانی کرێ نشینی نێو شاران و کۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێی ژیان، پێم نه‌کرا و بۆم نه‌لوا زووتر له‌مه بۆ بڵاوکرانه‌وه ڕه‌وانه‌ی لای ماڵپه‌ڕه‌کوردییه‌کانی بکه‌م. ڕه‌نگه هه‌ندێ زانیاریشی به ڕۆژ نه‌بن، هه‌ر لێره‌دا داوای لێبوردن له خوێنه‌ر ده‌که‌م؛ به‌و حاڵه‌وه‌ش هه‌وڵم داوه له‌سه‌ر مامۆستا ده‌روێشیان زانیاری فره‌تر به خوێنه‌ری کورد ببه‌خشم.
تاران،٣٠ ی پووشپه‌ڕی ٢٧٠٦ی کوردی
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

