په‌یامی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له هه‌رێمی كوردستان
خوشك و برایانی به‌ڕێز ئه‌م كاته‌تان باش ئه‌م جاره ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای شارستانی و په‌یوه‌ندی له نێوان رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای شارستانی و حیزب‌دا بدوێم.
یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌مو سیسته‌مێكی دیموكراتی، بونی كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆیه، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌ورێكی گرنگی هه‌یه له‌وه‌ی وا بكات زۆرترین خه‌ڵك له پیشه و گروپ و هێزی جیاوازدا به‌شدارییان له ژیانی سیاسی و ئه‌و توێژانه‌دا هه‌بێت كه په‌یوه‌ندیان به چاره‌نوسی كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه.
تێگه‌یشتن له گرنگی و بونی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و راستییه بزانین كه به ته‌نها حیزبه سیاسییه‌كان ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن، چونكه زۆرێك له خه‌ڵكی له بنه‌ڕه‌تدا حه‌زیان به ژیانی حیزبایه‌تی نییه و به‌شداری تیا ناكه‌ن، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به رێكخراوه جیاوازه‌كانیه‌وه ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌وتی كۆی ئه‌و هێز و گروپانه بكات كه به هه‌ر هۆیه‌ك بوه حیزبه سیاسییه‌كانیان به نوێنه‌ری خۆیان نازانن یان له بنه‌ڕه‌ته‌وه حه‌زیان به ژیانی حیزبایه‌تی نییه، گرنگییه‌كی تری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و راستییه زانستیه‌ی كه هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی خراپ به‌كاربهێنرێت و ببێته هه‌ڕه‌شه له ئازادی خه‌ڵك و ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی سته‌مكاری، بونی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌ك رێگرێك له به‌رده‌م خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و زیاده‌ڕه‌ویكردن و به‌رگریكردن له به‌رژه‌وه‌ندی و ئازادیه‌كانی ئه‌ندامه‌كانی، یه‌كێكه له‌و ره‌گه‌زه گرنگانه‌ی بۆ سه‌قامگیری سیاسی و دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی دیموكراسی یه‌كجار پێویسته، ئه‌مڕۆ ئه‌و راستییه ئاشكرا بوه كه جیاوازی سیسته‌مێكی دیكتاتۆر و تۆتالیتا‌ر له‌گه‌ڵ سیسته‌مێكی دیموكرات و كراوه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بونی كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز له یه‌كه‌میاندا و بونیشی له دوه‌میاندا.
كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بریتییه له كۆی ئه‌و رێكخراو و ده‌زگایانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی بواری سیاسی كار بۆ داكۆكیكردن له ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تیانه ده‌كه‌ن كه له پێناویدا دروست بون، له دنیادا دو ئه‌زمونی سه‌ره‌كی له ئه‌زمونی ئه‌و رێكخراوانه‌دا هه‌یه، ئه‌ویش هه‌ردو ئه‌زمونی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوایه، كام ئه‌زمونیان له كوردستاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه؟.
ئه‌و زه‌مانه‌ی كه دنیا به‌سه‌ر دو بلۆكی رۆژهه‌ڵاتی و رۆژئاوایی‌دا دابه‌ش بوبون، رێكخراوی خوێندكاری و مامۆستایی و كرێكاری و جوتیاری و لاوان و ئافره‌تان و پیشه‌ی جۆراوجۆری پزیشكی و هه‌نده‌سی و قانونی له هه‌مویاندا هه‌بون، به‌ڵام سروشتی رێكخراوه‌كان و ئه‌ركه‌كانیان و میكانیزمی پێكهێنانی ده‌زگا سه‌ركرده‌ییه‌كانی ئه‌م رێكخراوانه به‌پێی جیاوازی سروشی رژێمه‌كان ده‌گۆڕن، رژێمه‌كانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات وه‌كو رژێمی تۆتالیتاری شمولی ژیانی هاوڵاتی ئاسایی و هه‌مو دا‌و و ده‌زگا حكومه‌تی و ناحكومه‌تییه‌كانی ناو وڵاته‌كه‌ی به‌پێی ئایدیۆلۆجیای حیزبی حاكم له قاڵب درابو، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م قاڵبه دیاریكراوه‌دا رێگا به هیچ جۆره چالاكییه‌ك نه‌ده‌درا، ده‌وڵه‌ت و دا‌و و ده‌زگاكانی و رێكخراوه دیموكراتی و جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان، ده‌بو له خزمه‌تی سیاسه‌تی حیزب‌دا كار بكه‌ن، حیزب پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ته ده‌بێت هه‌مویان دوای ئه‌و بكه‌ون، ئه‌ندامی رێكخراوه‌كانیش به جۆرێكی ناڕاسته‌وخۆ لایه‌نگری حیزب به‌ڵكو دریژَبونه‌وه‌ی حیزب بن له ناو خه‌ڵكدا به جۆرێكی تر، له‌م رژێمانه‌دا مانگرتن له كار و خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه له شوێنه گشتیه‌كاندا، چالاكی چینایه‌تی و پیشه‌یی له ده‌ره‌وه‌ی موافه‌قه‌تی حیزب دژی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت یان بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێ ده‌سكه‌وتی چینایه‌تی و پیشه‌یی به خیانه‌تی نیشتمانی داده‌نران و سزادانی قورسی به دواوه بو، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه له رژێمه‌كانی رۆژئاوادا كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئازادی تاك و قبوڵكردنی پلورالیزم دامه‌زرابو، ئه‌م رێكخراوانه‌ی وه‌كو به‌شێكی پێویستی كۆمه‌ڵی شارستانی ده‌دی، ئه‌گه‌رچی هه‌ر حیزبه بۆ ئه‌وه‌ی له ململانێی ده‌سه‌ڵاتدا له كاتی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانیدا زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌وڵی ده‌دا بنكه‌ی خۆی له ناو خه‌ڵكدا به‌هێز بكات، به‌ڵام له كاتی حوكمڕانیدا هه‌رگیز مه‌رجی پڕكردنه‌وه‌ی ئیستیماره‌ی ئینتیمای حیزبه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر پزیشكێك یان موهه‌ندیسێك یان مامۆستایه‌كدا یان ئیداریه‌كی شاره‌زادا نه‌ده‌سه‌پاند بۆ ئه‌وه‌ی پله‌یه‌كی به‌رز له حكومه‌ته‌كه‌یدا وه‌ربگرێت چ جای ئه‌وه‌ی خوێندكارێك یاخود كرێكارێك، له‌م رژێمانه‌دا مانگرتن و خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی دژی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و حیزب، هه‌ندێك جار نه‌ك هه‌ر سزادانی به‌دوادا نه‌ده‌هات، به‌ڵكو ده‌بو به‌هۆی گۆڕانی ئه‌و سیاسه‌ته و یان ته‌نانه‌ت روخاندن و گۆڕینی حكومه‌ته‌كه كه هی حیزبی زۆرایه‌تی بو، كوردستانی ئێمه‌ش وه‌كو به‌شێك له عێراق هه‌مان سیسته‌م و سیاسه‌تی بلۆكی رۆژهه‌ڵاتی به خراپتر و توند‌وتیژتر په‌یڕه‌و كردوه، حیزبه‌كانی ئێمه به چه‌پ و راسته‌وه، به كۆمۆنیست و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت دینییه‌وه په‌یڕه‌وی هه‌مان رێوڕه‌سمی وڵاتانی ئه‌وروپای بلۆكی رۆژهه‌ڵاتیان كردوه.
به حیزبیكردنی هه‌مو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای شارستانی و كردنیان به شانه‌ی حیزبی كه هه‌مو سه‌رچاوه‌ی ماددیان له حیزبه‌وه بۆ دابین ده‌كرێت، هه‌مو جۆره سه‌ربه‌خۆییه‌كی له‌م جۆره رێكخراوانه سه‌ندۆته‌وه و كارێكی كردوه نه‌توانن هیچ یه‌ك له‌و ده‌وره گرنگانه ببینن كه بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی دیموكراتی پێویسته.
دروستكردنی رێكخراوه دیموكراتییه‌كان كه هه‌ر حیزبێك بۆ خۆی دروستی كردوه و راسته‌وخۆش له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی به‌رپرسیارێكی حیزبیدایه كه به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حیزبی كۆمه‌كی ئه‌م رێكخراوه ده‌كات و فشار له‌می تریان ده‌كات و رێگا له كار و چالاكییان ده‌گرێت، ئه‌مڕۆ به‌قه‌د ژماره‌ی حیزبه‌كان رێكخراوی جیاوازمان بۆ هه‌مو پیشه و گروپی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، چه‌ند حیزبی سیاسیمان هه‌یه ئه‌وه‌نده‌ش رێكخراوی خوێندكاران و ئافره‌تانمان هه‌یه، ته‌نانه‌ت ده‌ستیان خستۆته ناو بواری وه‌رزشه‌وه، سه‌ربه‌خۆیی كاركردنیان لێسه‌ندونه‌ته‌وه، سه‌رۆكایه‌تی یانه‌كان له باتی ئه‌وه‌ی به وه‌رزشكاران بسپێردرێت، خراوه‌ته ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزبی، واته ئه‌و كه‌رتبونه حیزبیه‌ی له‌بواری سیاسی‌دا هه‌یه، راسته‌وخۆ شۆڕ بۆته‌وه بۆ ناو ئه‌م رێكخراوانه و له ناوه‌وه دابه‌شی كردون، ئه‌م دابه‌شبونه كارێكی كردوه ئه‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی بۆ به‌رگریكردن له داخوازییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه پێویسته لاواز و په‌رته‌وازه بن و به‌مه‌ش تواناكانی گوشار و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر حكومه‌ت و كۆمه‌ڵ كه‌مبێته‌وه، ئه‌مڕۆ رێكخراوه‌كانی ژنان، خوێندكاران، مامۆستایان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ره‌نگ نین و بگره هه‌ندێك جاریش ده‌كه‌ونه دژایه‌تی یه‌كتری و به‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره هه‌م به‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌گه‌یه‌نن كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، هه‌میش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بواری سیاسی لاواز ده‌بێت، یه‌كخستنی ئه‌م رێكخراوه جیاوازانه‌ی كه به‌ناوی جیاوازه‌وه بۆ یه‌ك چین یان توێژ یان پیشه دروستكراون، ده‌رهێنانی له چنگی حیزبه‌كان و گۆڕینی پێكهاته‌ی حیزبی‌یان به پێكهاته‌ی چینایه‌تی یان پیشه‌یی و گۆڕینی بۆ رێكخراوێكی ئه‌وتۆ كه به‌ر له دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی حیزبه‌كه‌ی، خه‌ریكی دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی چین و توێژ و تاقمه‌كه‌ی خۆی بێت، له‌بارودۆخی ئێستای كوردستاندا نیه، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌و رێكخراوانه‌ی ئامانجی هاوبه‌ش و په‌ژاره‌ی ناوخۆییان هه‌یه، بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌و كه‌رته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، رێكخراوی فیدرالی پێكبهێنن، هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ربه‌خۆیی و ئایدیۆلۆجی رێكخراوه‌یی خۆی بپارێزێت، له‌هه‌مانكاتدا خواست و داواكارییه پیشه‌یی یان چینایه‌تییه‌كانیان له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا یه‌كبخه‌ن و به یه‌كگرتویی داوای جێبه‌جێكردنیان بكه‌ن، ئێمه له لیستی گۆرٍٍِاندا پێمان وایه هیچ گۆڕانێكی راسته‌قینه ئه‌نجام نادرێت ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی شارستانی ته‌ندروست و سه‌ربه‌خۆ و دور له ده‌ستێوه‌ردانی حیزب دروست نه‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه لیسته‌كه‌ی ئێمه به جدی كار بۆ ئه‌وه ده‌كات:
1-ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی له رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای شارستانیدا كۆتایی پێبێت و ئه‌م رێكخراوانه به ئازادی بتوانن بێ هیچ گوشارێكی سیاسی یان حیزبی كاری خۆیان بكه‌ن.
2-كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین بودجه‌ی ئه‌م رێكخراوانه له ده‌ستی حیزب ده‌ربهێنرێت و راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه ئه‌م بودجه‌یه‌یان بۆ دابین بكرێت به‌بێ هیچ جیاوازییه‌ك به‌پێی قه‌باره و چالاكییه‌كانی ئه‌و رێكخراوانه.
3-كار بۆ په‌ره‌سه‌ندنی هۆشیارییه‌كی رۆشنبیری و سیاسی ده‌كه‌ین كه هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه‌و جوڵه‌ی ئه‌م رێكخراوانه نه‌ك وه‌كو جوڵه‌یه‌كی دوژمنكارانه، به‌ڵكو وه‌ك كارێكی پێویستی دیموكراتیانه ته‌ماشا بكرێت.
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

