دۆعایه‌کی تر
دۆعایه‌کی تر، خه‌باتێکی تر!
عمری خطاط
omerxatat@yahoo.com
هێشتا سێبه‌ری تاوانی کوشتنی “دۆعا” به‌و شێوه سامناکئامێزه له‌سه‌رسه‌رمان لانه‌چووه، هێشتا هه‌وڵ و خه‌باتی ڕه‌وتی ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی کوردستان له‌پێناو فشارهێنان بۆ ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌قامگیرکردنی ده‌ستورو یاسایه‌ک که ژنان بپارێزێت، که به‌باڵای ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه بێت له‌گه‌رمه‌ی خۆیدایه‌و دانه‌مرکاوه‌ته‌وه.
وا کوشتنی دۆعایه‌کی تر به‌رگی ڕه‌شپۆشی کرده‌وه به‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، وا زامێکی تر، سوێیه‌کی تر، خه‌مێکی تر خۆی کرده‌وه به‌ناو دڵمانداو له ئه‌بڵه‌قیدا رایگرتین. ئه‌مجاره‌یان “شه‌وبۆ”ی نۆزده به‌هاره بووه قوربانی بیری پیسی پیاوسالاری و له‌گه‌ڵ خۆیدا زامی هه‌موو ژنانی هێنـــــــا! واجارێکی تر برینی “دۆعا” کولایه‌وه!.
ئێمه لێره‌دا له‌به‌رده‌م کوشتنێکی “ئاسایی”دا نین، کوشتنێک که ده‌کرێت له‌زۆر شوێنی دنیا ڕوو بدات، هۆی هه‌بێت، پاساوی هه‌بێت، وه ته‌نانه‌ت خودی تاوانباران بزانن که ئه‌مه تاوانه!. ئه‌م کوشتنه زۆر جیاوازی هه‌یه له هی تر. ئه‌م کوشتنه به “تاوانی شه‌ره‌ف” ناوده‌برێت و له‌کوردستان خه‌ریکه ده‌بێته دیارده‌یه‌کی ڕۆژانه. بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه ته‌نها بوختانێک به‌سه، خۆشه‌ویستیه‌که، سێکسێک، گومانێک، به‌گوێنه‌کردنێک، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بکوژرێیت. که‌سی بکوژ مه‌رج نیه دوژمنێکی ده‌ره‌کی بێت، کێشه‌ی تایبه‌تیت هه‌بێت له‌گه‌ڵی، نه‌ناسیاو بێت. ده‌شێ باوکت، برات، هاوسه‌رت، ئامۆزات بێت. ده‌کرێت له کۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌م کاره بکه‌یت و زۆر “حه‌ق به جانب” ملی خۆت به‌رز بکه‌یته‌وه‌و بڕۆیت به ڕێگادا بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک پێت بڵێت تۆ “تاوانبار”یت. ئه‌مه کاره‌ساته‌و ده‌مێ له‌به‌رامبه‌ریدا بوه‌ستین، کاره‌ساته‌و هه‌موومان لێی به‌رپرسین!.
له فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا له‌م ده‌ربڕینانه زۆرن ” دایک خۆشه‌ویسته.. خوشک دڵسۆزه.. هاوسه‌ر به‌وه‌فایه!!” وه‌ده‌می هه‌رکه‌سێک بکه‌یته‌وه له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا به‌فه‌رهه‌نگدارو بێفه‌رهه‌نگیه‌وه، به دانا‌و که‌لله‌پوته‌کانیشیه‌وه هه‌ر ئه‌مانه‌ت بۆت ده‌ڵێنه‌وه. وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌به‌ریان کردبێ و هه‌رباشه بیزانن، به‌ڵام هه‌مان ئه‌م دایک و خوشک و هاوسه‌ره له‌یه‌ک بیرکردنه‌وه‌ی پیاوسالاریدا زۆر ئاسان له‌ناوده‌برێن،نه خۆشه‌ویستی دایک و نه‌دڵسۆزی خوشک و نه وه‌فاداری هاوسه‌ر دادی هیچ یه‌کێک له‌قوربانیه‌کان نادات!
کولتوری کوشتن به‌تاوانی شه‌ره‌ف، کولتورێکی کوێره، ئه‌مه هه‌ر به‌ته‌نها ئه‌و کولتوره نیه که له‌ناوگه‌ڵی ژنه‌وه به‌دوای عیفه‌ت و پاکی، بێشه‌ره‌ف و شه‌ره‌فدار، ئینسانی به‌دکار و پاک دا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌مه کولتورێکه که‌له بونیادێکی فکری نزمه‌وه له کوللی ئینسان ده‌ڕوانێت نه‌ک به‌ته‌نها ژن! ئه‌مه هه‌ر ئه‌و کولتوره کوێره‌یه که‌شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه یه‌کسان ده‌کات به‌شه‌ره‌فی ژن، وه‌ئه‌گه‌ر ژنێک “بێشه‌ره‌ف”ی کرد، ئه‌وا شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یه که له‌که‌داربووه، وه‌ئه‌مه به خیانه‌ت ناوده‌برێت وه تاوانکی گه‌وره‌یه‌و ئه‌بێت “بێشه‌ره‌فه‌که” سزا بدرێت. سزای خیانه‌تکاریش مه‌رگه!! ئه‌مه ئه‌و موعاده‌له‌یه‌یه که ڕۆژانه به‌رهه‌م دێت، قسه‌که‌ری هه‌یه، فه‌تواده‌ری هه‌یه، پارێزه‌ری هه‌یه، وه‌له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه یاسای ده‌وڵه‌تی گشتی هه‌یه که پاڵپشتی ده‌کات، هه‌ربۆیه زۆر ئاساییه هه‌ر له‌کاتی نوسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا دۆعایه‌کی تر، شه‌وبۆیه‌کی تر، به‌نازێکی تر، مهابادێکی تر‌و تر‌و تر بکوژرێن، بسوتێنرێن یان خۆیان بسوتێنن، بێده‌نگ بن یان بێده‌نگ بکرێن و به‌قه‌ده‌ری ژێرده‌سته‌یی خۆیان رازی بن!.
ئه‌مه کاره‌ساته ئیتر له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م تاوانانه‌ی که رۆژانه رووده‌ده‌ن بێده‌نگ بین، کاره‌ساته ئیتر پێمان وابێت تووندوتیژی له‌به‌رامبه‌ر ژنان و کوشتنیان مه‌سه‌له‌یه‌کی تایبه‌ته‌و په‌یوه‌ندی به “گشت”ه‌وه نیه. کاره‌ساته ئیتر رۆژنامه‌کان و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن ته‌نها له‌په‌نجه‌ره‌یه‌کی بچوکی خۆیانه‌وه ئه‌م تاوانانه نمایش بکه‌ن و ئێمه‌ش وه‌ک تیتری هه‌واڵێکی ساده بۆی بڕوانین!. کاره‌ساته ئیتر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م مه‌رگانه‌دا که‌مه‌رگی رۆژانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه، سه‌ره‌تانه‌و له‌جه‌سته‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بارگه‌ی خۆی خستووه بێ موبالات بین، بێده‌نگ بین و چاره‌سه‌رێک نه‌دۆزینه‌وه!. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئه‌بێت شه‌رم بیگرێت، شۆک بیگرێت، ڕاچڵه‌کێت وه له‌هه‌مووی گرنگتر بره‌و بدات به هه‌وڵ وخه‌باتێک بۆ ڕزگارکردنی کۆمه‌ڵگه له‌و کولتور‌و فه‌رهه‌نگا‌نه‌ی که نامۆن به ئینسانیه‌تی ئینسان، به قودسیه‌تی ئینسان، به ئه‌ساڵه‌تی ئینسان!
کولتوری چه‌وسانه‌وه‌ی ژن و پله‌وپایه‌ی نزمی ئه‌و تا ده‌گات به کوشتنی،کولتوری هه‌موو کۆمه‌ڵگه نیه به‌ڵکو کولتوری ئه‌و هێزو بزووتنه‌وانه‌ن که مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م میراته ڕه‌شه درێژه پێ ده‌ده‌ن. ناسیونالیزم و دین له‌م نێوه‌دا ئه‌و دوو برا ئازیزه‌ی یه‌ک، ئه‌و دوو تاوانباره زۆر گه‌وره‌یه‌ن به‌درێژایی بوونی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عێراق له‌په‌نجاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوه‌وه به ئێستاشیه‌وه له شێوه‌ی “ده‌ستور”و “یاسا”ی ده‌وڵه‌تدا کاری پێ ده‌که‌ن و‌له‌پشتی ئه‌م تراژیدیا ئینسانیه گه‌وره‌وه وه‌ستاون. هیچ بزووتنه‌وه‌و هێزێک و تاکێکی ئازادیخواز ناتوانێت خه‌باتکاری ڕێگه‌ی ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی بێت له کوردستان ئه‌گه‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دوو بزووتنه‌وه کۆنه‌په‌رسته‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌وه‌ستێت. به‌ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌م نێوه‌دا تاوانباره چونکه یاسا‌و ده‌ستورێکی په‌سه‌ندکردووه که هی هیچ سه‌رده‌مێکی مێژوویی ئینسان نیه، یاساوده‌ستورێک که له شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه ئاو ده‌خواته‌وه‌و “کوشتنی ژن” له نێو ئه‌م ده‌ستورویاسایه‌دا وه‌ک مانگی چوارده دیاره!.
ئه‌وه ده‌ستورو یاسایه که “فه‌رهه‌نگ” و “کولتور”ی کۆمه‌ڵایه‌تی دیاری ده‌کات نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. هه‌ر ئه‌و ده‌ستورو یاسایه بگۆڕه، تێکسته دینیه‌کانی لێ بکه‌ره‌وه‌و له‌جێگه‌یدا ده‌ستورێک دانێ که ئینسان تێیدا “محور” بێت، جیاکاری له‌سه‌ر بنه‌مای “ڕه‌گه‌ز”ی تیا نه‌بێت، ئه‌و کاته ده‌توانین قسه له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک بکه‌ین که ئینسانه‌کانی ناوی به گوڵ و پێکه‌نین له‌گه‌ڵ یه‌ک ئه‌دوێن، خۆشه‌ویستی تابو نابێت و ده‌ماره گرژه‌کانی پیاوسالاریش له‌نێوچاوان نامێنن!! بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه، ئه‌م په‌یوه‌ندیه، هه‌وڵی ده‌وێت، خه‌باتی ده‌وێت، خۆشبه‌ختانه ده‌نگ و هێزی ئه‌م بزووتنه‌وه یه‌کسانیخوازه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا هه‌یه‌و هه‌ر ئێستاش له‌کاردایه، ده‌با هه‌موومان به‌م هێزه‌وه په‌یوه‌ست بین!.
24.05.2007
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

