ده‌ستێک هه‌یه
ده‌ستێک هه‌یه!!
عمری خطاط omerxatat@yahoo.com
ده‌ستێک هه‌یه دێت و ده‌چێ، زۆر بزێوه‌و ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه له ئه‌زموونێک بکات. ئه‌م ده‌سته هه‌میشه تێکده‌ر بووه‌و له ڕیزه‌کانی تابووری پێنج و تیرۆریستان‌دا تاریف کراوه. ئه‌م ده‌سته توانا‌و کاریگه‌ری ئه‌فسانه‌یی هه‌یه، ده‌توانێت خه‌ڵک بخاته سه‌ر جاده، شیعاریان بداته ده‌ست و ڕێکیان بخات، خه‌ڵکی بێداربکات و پاڵیان پێوه بنێت که دۆخێک بگۆڕن.
ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێ که ئه‌م ده‌سته تیرۆریسته‌و تێکده‌ره‌و ده‌بێ به هه‌موو لایه‌ک به‌دژی بوه‌ستین. به‌ڵام ئه‌م ده‌سته نه پێناسه‌یه‌کی هه‌یه‌و نه ڕوخسار، هه‌ربۆیه ده‌سگیرکردنی زه‌حمه‌ته. ئه‌م ده‌سته به به‌رچاوی هه‌موو هێزه‌کانی ئاسایش و چه‌کداره مل پانه‌کانی حزبه موچه‌ده‌رو موچه‌خۆره‌کانی کوردستاندا بێ به‌رگه‌و پاساسپۆرت دێت و ده‌چێ، وه‌ک کاسپه‌ر وایه ناگیرێت، له‌هه‌موو که‌س ده‌چێ و که‌سیش له‌و ناچێ، ده‌مێک له ڕانیه له پێشی پێشه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که بووه، قسه‌ی کردووه‌و خه‌ڵک چه‌پڵه‌ی بۆ لێداوه. له‌که‌لار هێرشی بردووه و موڵک وماڵی به‌رپرسانی سوتاندووه، له کۆبوونه‌وه‌کانی گروپی په‌رله‌مانی سه‌رشه‌قامدا له هه‌ولێرئاماده‌یی هه‌بووه، ئاکرێ ی به‌سه‌ر کردۆته‌وه، له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی شۆرجه‌و ڕه‌حیمئاوا له که‌رکوکدا خۆپیشاندانی کردووه، تاوناتاوێکیش خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی و کۆیه‌و هه‌ولێر به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌و ده‌یانهێنێته سه‌ر شه‌قام وله دوایین کاری تیرۆریستیشیداو له‌شانزه‌ی سێ‌دا له هه‌ڵه‌بجه بازاڕی قیبله‌ی که‌سابه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی سوتاندووه که ناسراوه به “مۆنیمێنتی هه‌ڵه‌بجه”.
ئه‌م ده‌سته هه‌میشه عاشقی ئاژاوه و گۆڵمه‌زنانه‌وه بووه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئاژاوه‌گێڕه، کارێزمایه‌کی سه‌یری هه‌یه. ئه‌م ده‌سته هه‌میشه هاوڕێی بێ به‌شان و دوژمنی ده‌سه‌ڵات بووه، هاوڕێی بێبه‌شان بوو له‌دژی به‌عس، ئێستاش هاوڕێی بێبه‌شانه له‌دژی ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌دارانی کورد، دوژمنی به‌عس بوو هه‌رچۆن ئێستا دوژمنی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده.
به‌ڵام خۆ ئه‌م ده‌سته هه‌روا بێ ناونیشان وبێکه‌س نیه، ئه‌م ده‌سته له قاموسی سیاسی‌دا ناوی “ناڕه‌زایه‌تی”ه، که به ئینگلیزی ده‌کاته ” Protest “، ئه‌م وشه‌یه هه‌میشه‌و به‌رده‌وام چ بۆ به‌عس یان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ناوی تری له خۆ گرتووه وه‌ک “ده‌ستێک” “تابووری پێنج” “مخرب” ” غوغائي” و هی تریش هه‌ربۆیه هه‌ر شتێک یان که‌سێک ئه‌م دیاردانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به‌سه‌ردا ببڕێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌درێته به‌ر ده‌ستڕێژی گولله، یان وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان ماڵه‌کانیان ده‌پشکنرێت، یان ده‌سگیر ده‌کرێن و ده‌خرێنه زیندانه‌وه.
به‌ڵام بۆ به‌ختی ڕه‌شی ده‌سه‌ڵاتداران، ئه‌م ده‌سته هه‌رگیزده‌سگیرناکرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانیش وازی لێ بێنن یان ئه‌م واز له‌وان بهێنێت، ئه‌وا دوو سبه‌ی ده‌لکێت به شوێنێکی تر‌و کۆمه‌ڵێکی تره‌وه.
له‌شه‌ڕی نێوان ده‌سه‌ڵاتداران وخه‌ڵکدا، ئه‌م ده‌سته بوونی جه‌بری هه‌یه. تا ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسان له دزی و چه‌ته‌یی خۆیان نه‌که‌ون، تا بێمافی و سه‌رکوت و نه‌بوونی هه‌وای ئازاد درێژه‌ی هه‌بێ، تا زاڵکردنی کۆنه‌په‌رستی و گێژکردن وهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵک له‌لایه‌ن عالی جه‌نابه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیه‌وه بمێنێ ئه‌م ده‌سته‌ش هه‌ر ده‌مێنێ. ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سته بۆ ده‌سه‌ڵاتداران، هه‌ڕه‌شه‌و نه‌خۆشی تاعون بێت ئه‌وا بێ شک ده‌رگای ئومێد‌و کلیلی خۆشبه‌ختی خه‌ڵکی بێبه‌شیشه بۆ گه‌یشتن به ئومێد‌و ئاره‌زووه کپکراوه‌کانیان..
22ی مارت 2006
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.


Najat Yarwaly
enja lerada kakı massolı kurd rooı rasha aeli bnıe gazan harchı pey blıe tar nabıyt chonkı grng pooll wa paraya enja shraf abroo haıseat grng nıa , balam dastan xoshbeyt bo nusenakatan hamesha bardawam bin