ئێواره‌یه‌ک به‌ر له هاتنی مه‌رگ
ئێواره‌یه‌ک ئه‌بم به هۆره‌یه‌کی حه‌زین و
ئینجانه‌یه‌ک خاڵی له‌گوڵ،
ئه‌بمه کانییه‌کی خه‌واڵوو
ئه‌و ئێواره‌یه
ترسی هاتنی مه‌رگ ئه‌نێته ڕۆحی بێسره‌وتم
وه‌ک پیره‌دار (با) به ته‌وسه‌وه
گاڵته به ڕووت بوونه‌وه‌م ئه‌کات
له به‌رده‌م پاییزدا
ئه‌و ئێواره‌یه گوڵه هه‌نارله سه‌ر لێوه‌کانم
کۆچ ئه‌کات و
ئه‌بمه قه‌ڵه‌مێکی یاخی،
وشه هه‌نگوینییه‌کان له ژێر ده‌ستم ئه‌تارێن
ئه‌و ئێواره‌یه
باوه‌شێکم پڕ له هه‌ناسه‌ساردی و
وه‌رزێک له هه‌ڵاتن
فریای کۆکردنه‌وه‌ی بوخچه‌که‌م ناکه‌وم و
گه‌ڵاکان، دوور دوور
بۆ ژێر پێێ به‌فر جێده‌هێڵم…
زۆر ده‌مێکه
به‌هار پێم ئه‌ڵێت:
ئه‌ی ژن بۆت نییه
سه‌یران له لێڕه‌وارێکم سازبکه‌یت و
بۆنی عه‌تری ته‌ڕه‌داربییه‌کم به دیاری بنێریت
بۆ (ئه‌و)!
بۆت نییه
له ژێر بارانێکمدا سه‌ما بکه‌یت
تۆ که له‌جه‌نگێکی دوای ته‌ته‌ر جێماویت و
ده‌ماوده‌م
له‌گه‌ڵ خه‌راباتی ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاته‌دا
گه‌وره‌بوویت
چیدی به ڕه‌نگی من خۆت ئارایشت نه‌که‌یت
له‌کانی من تینوێتی بیابانی دڵت نه‌شکێنیت!
ئاخر، من نه‌مئه‌زانی
کچی گوناهم و
باوکم پشتاوپشت ئه‌چێته‌وه سه‌ر تاوان
دایکیشم له‌مێژه (ئه‌میره‌کان)
پرچیان بڕیوه‌و بۆ سه‌مه‌ری شه‌و
کردوویانه به‌ڕه‌شماڵ،
ئیدی له‌وکاته‌وه من ژنێکم
غه‌رقی قه‌هرو گه‌مه‌ی ده‌م وه‌رزه‌کان
من له دڵڕه‌قی خاک ئه‌زانم و
له بێڕه‌حمی ئاسمان گه‌یشتووم!
زه‌وی گه‌ر دڵڕه‌قی گرتی
ڕێگه به دڵۆپێک ئاو نادات
بستێ بیابان ماچ بکات و
ئاسمان
گه‌ر تووڕه بوو
هه‌ربه ئاو به‌یداخی جه‌نگ ‘له‌گه‌ڵ حیشمه‌تدا هه‌ڵده‌کات
ئاخر دارستان
هه‌میشه گاڵته به دره‌ختی زڕ ئه‌کات
داریش به خه‌وی بن سێبه‌ر پێئه‌که‌نێت
ئه‌وانیش له سولاله‌ی ته‌بیعه‌تن و
هه‌میشه ئه‌مبوغزێنن!
ئه‌ی خودایه
له ئه‌فسوونی ئه‌م گه‌ردوونه‌ی
غه‌رقی کردووین به نهێنی و
له بێمروه‌تی ئه‌م قه‌ده‌ره‌ی
بۆته مه‌نفای به‌دبه‌خته‌کان
ئاخر خودایه
من چۆن بتوانم ماڵێکی ئارام
له نێو زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کدا بدۆزمه‌وه و
له‌گه‌ڵ چیمه‌نا
که‌ی باوه‌ش به‌ئاودا بکه‌م!؟
من به‌هار ترساندوومی
پاییز جێێ هێشتووم و
به‌فر پێم ئه‌ڵێت چاوه‌ڕێ به،
چاوه‌ڕێ به وا ئه‌بارێم
ئینجانه‌کانت کۆبکه‌ره‌وه،
نه‌مامه‌کانت بپێچه‌وه و
به لاولاوی قه‌د په‌نجه‌ره‌که‌ت بڵێ
شایه‌تمان بهێنێت
به‌فر ئه‌ڵێت
وا ئه‌بارێم
به کوکوختییه‌کان بڵێ
چێتر سه‌ربه‌یه‌کدا نه‌که‌ن و
ئه‌و شانۆی په‌پوولانه‌ش بڕوخێنه
ئیدی به‌سه
چاوه‌ڕێ به…
من چاوه‌ڕێم و ئه‌و نابارێت
ئای له‌به‌فر، فێری چاوه‌ڕوانی کردم
که‌چی هه‌رنه‌باری!
ئاخر خودایه
حیکمه‌تی قڵیش بوونی لێوی هه‌ڵوژه و
سرکه‌سرکی هه‌نگه‌کان و
هه‌ڵوه‌رینی (توو) له‌چیدایه
که من لێیان نه‌گه‌م؟
من ژنی زه‌مه‌نێکم
ده‌ردی قه‌یره کچه‌کانی شار و
چاوی پڕ له ڕقی پیاوێک و
کۆچی باڵنده حه‌زینه‌کان ئه‌مگرێنن
به‌ده‌ستی خۆم ئاگر له جه‌سته‌ی شیعرێکم به‌رئه‌ده‌م
جوانی خۆم ئه‌سپێرم به ترپه‌ی چرایه‌ک
ئه‌شقیشم ئه‌به‌خشم به مردن
ئاخر من زۆر له‌مردن ئه‌ترسم و
نامه‌وێت ئه‌و دیمه‌نه ببینم
نامه‌ویت حه‌سره‌ته‌کانم وه‌ک گوڵه ئه‌رخه‌وان هه‌ڵوه‌رێن و
خۆزگه‌کانم وه‌ک سووتوووی نامه‌یه‌ک
به‌مه ده‌م (با)!
ئاخر خودایه
ماچه‌کانی به‌هار که‌ی گوڵ بگرن،
کراسه‌که‌ی پاییز که‌ی لای خه‌یات بێنمه‌وه‌و
شاتووه‌کانی (ئه‌و) به دیاری بۆی ناردووم
بیانکه‌مه خۆشاو
ئیتر مردنی چی؟
خۆ هێشتا هاوین نه‌هاتووه
هێشوه ترێیه‌کم
ــ له جوانی خۆی ــ
کوڵمه‌کانی سوورهه‌ڵگه‌ڕێن و
هه‌رمێیه‌کم له تاو بێ‌بارانی
ئاوس ببێت به شیرینی؟
له یادمه ڕۆژێک
له مشتێ به‌ڵاڵووک،
چه‌پکێ گوڵه به‌یبوون،
ڕستێ مێخه‌ک و
قه‌سیده‌یه‌كی «نالی»
ماڵێکم دروست کرد بۆ ژوان
که‌چی (ئه‌و) نه‌هات
منیش به‌ده‌م گریانه‌وه
سپاردم به چه‌مێکی شێت
له‌و ڕۆژه‌وه
چاوه‌ڕوانی هه‌ڵکردنی (با) یه‌کم
فڕفڕۆکه‌که‌ی مناڵیم بخولێنێته‌وه و
بمكاته هاورێی ته‌نهایی!
من ژنێکم قه‌هر پڕی کردووم له سه‌رشێتی
کردوومی به‌کۆلاره‌یه‌کی کاغه‌ز
هه‌رکه ئاسمان ڕقی هه‌ستا
به ده‌م زریانه‌وه ون ئه‌بم
کردوومی به جۆگه‌له‌یه‌ک
پڕ پڕ له گه‌ڵا و
دارستانێک
دوور دوور له ئاو
خۆ هێشتا له باخچه‌یه‌کدا نه‌ڕواوم و
هێشتا پڕ نه‌بووم له بۆنی موحیبه‌ت
ئیدی مردنی چی؟!
ئای له ئه‌ندێشه
نایه‌ڵێت سه‌ر بنێم به سه‌ری قومریه‌که‌وه‌و
له‌گه‌ڵ شه‌وێکا هێشوویه‌ک ترێی شه‌رابی به‌ش بکه‌ین
تێکه‌ڵ به‌ئازاری کردووم
یه‌ک تابلۆین
بێڕه‌نگ و بێده‌نگ
نایه‌ڵێت تامی ماچ بڕژێته نێو په‌رداخێکمه‌وه و
له‌به‌ر سووتانی مۆمێکا
قه‌سیده‌یه‌ک بۆ سێبه‌ری ئه‌شق بنووسمه‌وه و
له‌گه‌ڵ که‌ناریه‌کا پیاسه‌یێ بۆ که‌نار ده‌ریا بکه‌ین
ئاخر که‌ی
نووشته‌یه‌کی چاوه‌زار هه‌ڵواسم به ده‌رگاکه‌ما و
ئینجانه‌یه‌ک پڕ له ڕه‌یحانه له‌به‌رده‌م ده‌رکه‌وتنتا دابنێم؟
من له شارێکم
بۆنی مه‌نفا له کۆڵان و شه‌قامه‌کانی هه‌ڵئه‌سێت و
ده‌مامکی شه‌رم ئه‌دا له ڕووخساری گوڵاڵه سووره
زه‌مه‌نێکه به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی
حه‌قیقه‌تی خۆم و هاوڕێیه‌تی ئازارا
چاوه‌کان چێ ئه‌که‌م
هه‌رکه بێزار بووم
سه‌ردانێکی ده‌ریا ده‌که‌م و چیرۆکی خۆم
ئه‌ده‌مه ده‌م شه‌پۆله‌کان
منی ته‌نیا، له ده‌ریا ته‌نیاتر و
منی پڕ له ئازار، له‌خۆم پڕ ئازارتر
له سه‌ر زه‌ویم ئاگر شین ئه‌بێت و
کاروانی گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیان بێره‌دا گوزه‌رناکات
منی پڕ له بۆنی مه‌رگ
هه‌رکه پۆرترێتی دیوی ناوه‌وه‌ی ڕۆحم ئه‌بینم
ئه‌و گۆرانییه‌م گوێ لێده‌بێت
که له مه‌رگستان میلۆدیایان بۆ داناوه و
چیرۆکی سه‌ربڕینی ئه‌و ڕۆژه‌م دێنێته‌وه یاد
که گوڵه به‌یبوونی سه‌ر یه‌خه‌میان له‌خاچ دا و
نه‌یانهێشت پڕ بم له‌تامی چرپه‌کانی…
من،
که له ئازار جودا نه‌کرێمه‌وه و
حه‌قیقه‌تی مردنم نه دۆزیبێته‌وه
ئیدی مردنی چی خودایه؟
كه‌ژاڵ ئیسماعیل
هۆله‌ندا، 29-30-31|1|2007
تێبینی: ئه‌م پارچه‌هۆنراوه‌یه كه له كتێبه تازه چاپكراوه‌كه‌مدا هه‌ر به‌م ناوونیشانه هاتووه، بۆ یه‌كه‌مجار لێره‌دا و له ماڵپه‌ڕه‌كاندا بڵاوده‌كرێته‌وه. كه‌ژاڵ
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

