نامه‌ی ژنێک بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی
نامه‌ی ژنێک بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی
کات.. دوا ڕۆژه‌کانی ساڵێکی پڕ له حه‌سڕه‌ت بوو!
وه‌رزیش.. وه‌رزی به‌فر و سڕبوونی لێوه‌کانی ده‌شت بوو!
ساڵانێ ته‌نها خوازم بارینی کلووه به‌فری سپی بوو به سه‌ر شان و ملی ئه‌و پاڵتاوه ڕه‌شه‌ی که له به‌رمدابوو، وه‌ک دوو عیشق خولیای یه‌ک بووین، له‌م سه‌رمای وه‌رزه‌دا، هه‌موو به‌یانییه‌ک له ڕێگه‌ی چوونم به‌ره‌و شوێنی کاره‌که‌م، تێر ده‌ڕوانمه ده‌وروبه‌رم، هه‌رکه زه‌رده‌خه‌نه یان بزه له سه‌ر لێوی که‌سێ ده‌بینم له ناخمدا پرسیار ده‌که‌م ئاخۆ ئه‌و بزه‌یه له ناخییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت یا وه‌ک هه‌موو شته‌کانی ده‌وروبه‌رم ده‌ستکردن؟! یان وه‌ک ئاکته‌ره‌کان له سه‌ر شانۆی ژیان هه‌رکه‌س ده‌وری خۆی ده‌بنێت؟! یان هه‌رکات گوێم له قاقایه‌کی به کوڵ ده‌بێت، زه‌نگێ گوێی بێده‌نگیم به ئاگا دێنێت و پرسیار ده‌که‌م که‌ی بێ، منیش ئاوا له ناخه‌وه قاقای پێکه‌نینم کۆتایی به‌م هه‌موو بێده‌نگی و په‌ژاره‌ی سه‌ر ڕوخسارم بێنێت؟!
هه‌موو ساتێ ده‌ڕوانمه ئه‌و دیو په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌م و نیگای ئه‌و به‌فره سپییه ده‌که‌م که وه‌ک سه‌رپۆشێکی چه‌رمگ خۆی داوه به سه‌ر په‌رچه‌می چیمه‌نی ناو باخدا؛ ئه‌وسا حه‌زم.. ده‌بێته دروستکردنی شێره‌به‌فرینه‌یه‌ک که وه‌ک په‌یکه‌رێ بۆ ته‌نهایی، له ژێر گریانی ئه‌م زستانه‌دا گه‌مه‌ی دووری له‌گه‌ڵدا بکه‌م. یان بیکه‌مه هاوڕێی ئه‌م وه‌رزه سارده و پێکه‌وه گوێ له هه‌ناسه‌کانی به‌خته‌وه‌ریی بگرین، هه‌نسکی بێنازیمان خامۆش که‌ین و چیتر چرای ژوورمان له بان سه‌ری ته‌نهاییه‌وه کز کز نه‌سووتێنین.
کات.. چه‌ند ساتێکی خۆشی ته‌مه‌ن کورت بوو!
وه‌رزیش.. وه‌رزی ونبوونی گوڵ و په‌پووله و خۆر بوو!
هه‌رچه‌ندی به ڕوخسارتا ده‌مڕوانی، نه‌مده‌توانی ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێ بیانڵێی من بیانخوێنمه‌وه، ته‌نها له بیرمه ئه‌و ساتانه‌ی نیگاکانم ده‌بوونه دوو ده‌ریا و شه‌پۆلیان بۆ که‌ناری حه‌زت ده‌هێنا، لێوه‌کانم گڕووی ماچێکی ته‌ڕیان ده‌گرت. خوازیار بووم له جیاتی دڵێک ده‌یان دڵم هه‌بوایه و هه‌ر تاوێ ئه‌میری دڵێکم بوویتایه! کاتێک له ئامێزی خه‌ونه‌کانما چاوت لێکده‌نا، هه‌موو ترپه‌یه‌کی دڵت بانگی منی ده‌کرد. هه‌موو هه‌ناسه‌یه‌کت بۆنی منیان گرتبوو. ده‌سته‌کانت گه‌رم بوون. سنگت کردبوه دوڕگه‌یه‌کی بێ ناسنامه و ڕێگات پێدام سه‌یرانی به‌هاره به‌سه‌رچووه‌کانم نوێ بکه‌مه‌وه.
تازه له دایک بووبووم، هێشتا ناوێکی تازه‌ت بۆ نه‌دۆزیبوومه‌وه و جلکی نوێت بۆ نه‌سه‌ندبووم، تۆزی ڕێگا، ڕه‌نگی جانتاکانی سه‌فه‌رتی بزر کردبوو. مابووی، زۆرمان مابوو، هێشتا ئه‌و قاقا پێکه‌نینانه‌ی خوازم ده‌کردن گوێی ژووره‌که‌میان پڕ نه‌کردبوو له پرسیار، شێره‌به‌فرینه‌که‌مان دروست نه‌کردبوو، په‌نجه‌کانمان له باوه‌شی نازی یه‌کا گه‌رمیان نه‌بووبۆوه.
کات.. دوا ڕۆژی ساڵێکی پڕ له نائومێدی بوو!
وه‌رزیش.. وه‌رزی گریانی ئاسمان و ڕنینه‌وه‌ی پرچی دارستان و تووڕه‌بوونی هه‌ور و زیزبوونی خۆر بوو!
چاوه‌ڕێ بووم له ئامێزتا قژم شانه بکه‌م. ئه‌سرینه تۆراوه‌کانم ئاشت بکه‌یته‌وه، که‌چی به‌فر و خه‌نده و ماچت تۆراند. جه‌سته‌مت کرده به‌سته‌ڵه‌ک و دڵم بوو به گۆڕی هیواکان و، له پێش که‌رنه‌ڤاڵی دوا شه‌وی ساڵا جێت هێشتم. چه‌ندین پرسیارت هه‌روا بێ وه‌ڵام هێشته‌وه!
کات.. هه‌روه‌ک خۆیه‌تی له‌و ڕۆژه‌وه به‌فر به باڵای وه‌رزه‌کانم بڕاوه و خۆر له سه‌ر کیشوه‌رم هه‌ڵنایه‌ت، ئاسمان به‌رده‌وام بۆ دڵی پڕ له حه‌سڕه‌تی من ده‌گری.. به کوڵ ده‌گری. منی هه‌میشه چاوه‌ڕێ نه به‌وه گه‌ییم چاوه‌کانت بخوێنمه‌وه و نه دیارییه‌کانت هه‌ڵواسم به داری میلادا.
ئێستا گه‌ڕاومه‌ته‌وه ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی که گریان بۆ ته‌نهایی دروست بوو!
هۆله‌ندا، 2005
که‌ژاڵ ئیسماعیل
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.


پۆڵا سه‌عید
سڵاو و ڕێز بانوو که‌ژاڵ ئیسماعیل
ده‌شێت بێژم په‌خشانه‌که‌ت زۆرتر بوون له‌وه‌ی ناوی بنرێت په‌خشان، هه‌سته‌کان هێند شاعیرانه نووسراون، که هه‌رهێنده‌ی چه‌ند گۆڕانکارییه‌ک به ڕسته‌کان ده‌توانرێت گوڵدانێک هاوئاهه‌نگیی هۆنراوه‌یییان لێ‌دروست بکرێت. چما کام چێژ له چێژی شه‌کراوی هۆنراوه شیریینتره؟ کام ڕه‌نگی ئاڵی گوڵ له ڕه‌نگی گوڵه‌باخی هۆنراوه ڕوو سوورتره؟ وارێن ئه‌وه‌ی ڕووخساری خۆی ده‌کاته ئاوێنه بۆ بینینی ڕیاڵ ” واقیع” له هه‌موومان ڕاستگۆتره و به‌شێکی ڕاستیی له ڕیاڵ درکاندووه. یاسای سروشت وه‌ها بووه، هه‌میشه‌ی ئه‌وانه‌ی به دوای ڕاستییه‌کاندا گه‌ڕاون له هه‌مووان نامۆتر و ته‌نیا تر بوون. تۆیه‌کیش، که دوای ڕاستیی بکه‌ویت هه‌رگیز ته‌نیایی و نامۆیی ئێخه‌ت به‌رناده‌ن، ئه‌وان سێبه‌رن هه‌موو ته‌مه‌ن وان به دواته‌وه. هه‌ربۆیه ئه‌وان واده‌که بتکه‌نه پاڵه‌وانی ئه‌ده‌بیاتی درامیی. سه‌رکه‌وتوو بیت، نامه‌که‌ت پڕن له ئه‌ده‌بیات.
Anwar Ali
سلاو که‌ژاڵ ئسماعیل
ته‌نها من ده‌لیم ده‌سته کانت خوش بیت بۆ ئه‌و په‌خشانت به‌راستی جێی خوی له دلی من دا کردوه‌ته‌وه هیوا داره‌م که سه‌رکه‌وتو بیت.
ghlawezh shuker
dastakant xosh kazhalxan barastey zorm la jwan bo am paxshana har sarkawtobet