پیاوی کورد
ئایا به‌ڕاست پیاوی کورد یه‌کسانی خوازه؟؟؟
ئیسماعیل که‌ریم/ ئه‌ڵمانیا
www.ismail-karim.com
ده‌مێ ساڵه ئێمه‌ی پیاو له بری مێینه‌ی کورد ده‌نوسین و بیریان بۆ ده‌که‌ینه‌وه، ڕێگه چاره‌یان نیشان ده‌ده‌ین، که چۆن خۆیان له کێشه‌کان و وه‌یشومه‌کانی ئێمه‌ی پیاوان دوور بگرن، هه‌ر نوسینه‌کانی ئێمه‌یه رۆژانه پانتای هه‌موو ماڵپه‌ڕه‌کان ده‌گرێت، هه‌ریه‌کمان خۆمان به دڵسۆز‌و پشت و په‌نای ژنان داده‌نێن، خه‌می ئه‌وان به خه‌می گه‌وره‌ی خۆمان ده‌زانین…
لێره‌دا پرسیار گه‌لێک دێته پێشه‌وه، گه‌ر وایه ئه‌دی له پای چی ڕۆژ له دوای ڕۆژ کوشتن و بڕین و هه‌تک کردنی ژنانمان به ده‌ستی ئێمه پیاوان ڕوو له زیاد بوونه؟؟؟ ئه‌م یه‌کسانیه‌ی که ده‌یخوازین بۆ نێر‌و مێ ی ئه‌م وڵاته، چ جۆره یه‌کسانیه‌که؟؟؟ ته‌نها خواستمانه دوور له ماڵ و که‌سی خۆمان پراکتیزه‌ی بکرێت؟؟؟ واته له‌ده‌روه یه‌کسانی وله ماڵه‌وه بێسانی،؟؟؟ ئه‌م هه‌موو ساڵه نوسینانه‌مان نه‌یتوانی زه‌ڕه‌یه‌ک له بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه بگۆڕێت، که چیتر کچان وژنانمان هه‌ر جاره‌ی به شێوه‌یه‌ک به ده‌ستی ئێمه‌ی پیاوان سه‌نگه سار نه‌کرێت؟؟؟
به‌ڕاستی من گومانم هه‌یه له ته‌وای هه‌موو ئه‌و نوسینانه‌ی که ڕۆژانه ماڵپه‌ڕه سپیه‌کان ڕه‌ش ده‌که‌نه‌وه، به نوسینی هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی که بانگه‌شه‌ی ئازادی ویه‌کسانی ده‌که‌ن بۆ کۆمه‌ڵگا به هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که‌وه، ته‌نانه‌ت به هه‌موو نوسینه‌کانی خۆشمه‌وه…
گه‌ر وا نیه بۆچی ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت نه‌مان توانی به‌ر به‌م قه‌تل وعامه‌ی ژنان بگرین، که هه‌ر ڕۆژه‌ی کوشتنی ژنێک و جه‌سته‌یه‌کی له خوێن گه‌وزاوی کچێک ده‌بێت به مارشی ماڵپه‌ڕه‌کان؟؟؟
لێره‌وه‌یه سه‌ر هه‌ڵدانی ئه‌م گومانه ده‌ست پێ ده‌کات، که ئێمه‌ی نوسه‌رانی پیاو هێنده پابه‌ندین به‌و نوسینانه‌مانه‌وه هه‌تا ئاگره‌که له ماڵی خۆمانه‌وه دوور بێت، به پێچه‌وانه هه‌ر کاتێ کار گه‌شته سه‌ر ئه‌وه‌ی خوشک و دایک و هاوسه‌ره‌کانمان داوای پراکتیزه کردنی هه‌موو ئه‌و نوسینانه‌یان لێ کردین که ڕۆژانه ده‌ینوسین و ماڵپه‌ڕه‌کانیان پێ ده‌ڕازێنینه‌وه ده‌ست و ده‌م په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زین، له ته‌واوی ئه‌و هه‌موو فرمێسکه تیمساحیانه‌ی که بۆ ئاوان ڕشتومانه، ئاخر نوسین له‌سه‌ر په‌ڕه کاغه‌زێک زۆر جیاوازتره
له‌وه‌ی ڕۆژانه بتوانتین له‌ناو خانه‌واده‌ی خۆماندا ئه‌وه‌ی وتومانه په‌یڕه‌وی بکه‌ین،، ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیی و خۆشه‌ویستیمان نه‌بێت بۆ هه‌موو په‌یڤه‌کانمان…
ڕۆشنبیر ته‌نها ئه‌و که‌سه نیه که رۆژانه وه‌ک کارخانه چه‌ندین وتار ده‌رکات و پانتای ماڵپه‌ڕه‌کان بگرێته‌وه ، به هینده‌ی تا چه‌ند ئه‌و نوسینه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له کار‌و کرده‌ی ڕۆژانه‌یدا؟؟؟
ده‌زانن ئێمه‌ی کورد چه‌ند پیاوی ڕۆشنبیرمان هه‌یه به مانا ته‌قلیدیه‌که‌ی؟ من دڵنیام به هینده‌ی نیوه‌ی ئه‌و هه‌موو پیاوه ڕۆشنبیره‌ی کورد ئه‌گه‌ر یه‌کسانی و مافی که‌سه نزیکه‌کانی خۆیان بدایه، ئێستا کوردستان لێوان لێو ده‌بوو له ئاسوده‌ی و کچ وژنانی کورد وه‌ک وڵاتانی تری دوونیا نه‌ک سه‌ر خه‌وێکی ئارامیان ده‌شکاند، به‌ڵکو ئاینده‌یه‌کی جوانتر و به‌خته‌وه‌رتر چاوه‌ڕوانی ده‌کردن،، به‌ڵام ته‌واو پێچه‌وانه ئاینده‌یه‌ک که له‌به‌رده‌م ژنانی کوردا قوت بوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه، که به‌گومانه‌وه هه‌میشه سه‌یری هه‌ڵوێست وکاردانه‌وه‌ی ئێمه‌ی پیاو بکه‌ن، ئه‌ویش له ده‌ر ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌و هه‌تک کردنانه‌یان به ده‌ستی ئێمه‌ی پیاوانه‌وه هه‌ر جاره‌ی له ژێر ناوێک‌دا ده‌بنه قوربانی و عه‌قڵی دواکه وتووی بنه‌ماڵه‌و خێڵ وعه‌شره‌ته‌وه…
بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له ئاوا مه‌رگه‌ساتێک رزگار بکه‌ین، سه‌ره‌تا پێوستمان به‌وه هه‌یه ئه‌و ته‌می گومانه بڕه‌وێنینه‌وه لای کچ و ژنانی کورد، ده‌بێت له بری هه‌موو ئه‌و نوسینانه زیاتر له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابین له‌گه‌ڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، له ویژدانێکی مرۆیانه‌وه ئه‌و په‌یڤانه بخه‌ینه سه‌ر کاغه‌ز، قه‌ناعه‌ی ته‌واومان به هه‌موو ئه‌و شتانه هه‌بێت که ده‌ینوسین، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌له کار‌و کرده‌ی ڕۆژانه‌ماندا هه‌بێت،، یه‌که‌م که‌سیش که پێوسته ماف وئازادیه‌کانیان داگیر نه‌که‌ین دایک و خوشک و خێزانی خۆمانه، ئه‌وکات هه‌نگاو هه‌ڵهێنان بۆ ناو تاکه‌کانی تری کۆمه‌ڵگا
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

