به‌ڵگه
(به‌ڵگه‌م پێیه هه‌زار به‌ڵگه‌ی ئاشکراو ڕوون)*1
ئیسماعیل که‌ریم
ئه‌لمانیا
halabjayi@hotmail.com
خۆزگه ئێمه فێر ده‌بووین دیوه ڕووناکه‌کانی مرۆڤمان بخوێندایه‌ته‌وه،،چونکه ئه‌و نامه‌یه‌ی من له ڕوانگه‌یه‌کی زۆر مرۆییانه‌وه بوو،، به هێنده‌ی تاکه ده‌سته‌واژه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی له پشته‌وه بێت،، وا له خۆڕا پاڵه‌په‌ستۆی تۆی به‌رز کردووه‌ته‌وه و بێ به‌ڵگه کۆمه‌ڵێ که‌م ته‌رخه‌میت ناوه‌ته سه‌ر شانی من ، وه‌ک ئه‌وه‌ی که من کاتی خۆم به خوێندنه‌وه‌ی بڵاوکراوه‌کانی کوردستانه‌وه به فیڕۆ ناده‌م…
نا مامۆستا گیان به هه‌ڵه چوویت، گه‌ر که‌مێک خۆت ماندوو بکردایه و سه‌یری ماڵپه‌ڕی (کوردستان.نێت، کڵاوڕۆژنه، کوردستان نیوز، ده‌نگه‌کان، بۆ پێشه‌وه، پێنووسی کورد،کوردستان پۆست و..هتد) بکردایه دڵنیام هه‌رگیز قسه‌ی وات نه‌ده‌کرد، تۆمه‌تی بێ به‌ڵگه‌ت نه‌ده‌دایه پاڵم،، که زۆربه‌ی کاته‌کان بابه‌تی من ئاماده‌یی هه‌یه له‌و ماڵپه‌ڕانه‌دا شێوازی نووسینی ساڵانی پێشووی تۆ له‌گه‌ڵ ئێستادا لای هه‌موو خوێنه‌رێک ئاشکرایه ئاسمان و ڕێسمانه،، ئه‌گه‌ر نا بۆچی ته‌نها یه‌ک دیوی ڕووداوه‌کان ده‌بینیت؟
ده‌زانیت له‌و کاته‌وه که تۆ گه‌ڕاویته‌وه نیشتمان چه‌ندین جار بێ حورمه‌تی به خاک و گه‌ل و هه‌موو پیرۆزیه‌کانی کراوه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردییه‌وه؟ پێویست به ده‌ست نیشان کردن و ژماره‌ی هه‌موو ئه‌و سووکایه‌تیانه ناکات من بۆت باس بکه‌م چونکه وه‌ک خۆت ده‌ڵێی (بۆ نه‌فام نانوسم) ئه‌ی کامه ده‌نگت ؟ کوانێ ڕه‌نگت؟
باشه زانیمان له‌و کێوه سه‌وزه‌ی ئه‌ولا نا‌توانیت کارمامزی نووسینه‌کات به‌ره‌ڵا بکه‌یت،چونکه سه‌دان ڕاوچی له که‌میندان بۆت ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ساڵانێکی زۆر له دووره‌وه هه‌موو ژێر به‌ڕه‌یانت خسته سه‌ر به‌ڕه بۆ هه‌موومان (ئه‌ڵبه‌ته شایسته‌ی ده‌ست خۆشیه لێت ) که نا‌توانیت بۆ ته‌نها جارێک خه‌م و مه‌ینه‌تی ئازاری هه‌موو ئه‌و کوڕه کورده زیندانییانه‌ی قه‌ڵا چۆلان که هه‌ر ساتێکی ژیانیان مه‌رگێکی له‌سه‌ر خۆیه، بخه‌یته ناو ڕسته‌یه‌کی نووسینه‌کانت،، ئه‌دی خۆ له پایته‌ختدا له پاڵ حه‌جه‌که‌دایت به قسه‌ی خۆت*2 بۆچی جارێک له نزیکه‌وه گوێت له ئاه و فیغانی زیندانیه‌کانی ئاکرێ نه‌گرت و شه‌قت هه‌ڵ نه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆت؟؟چما دڵی پاشات لێ ده‌ڕه‌نجا؟؟؟
تا سه‌ر ئێسقان ئازارم پێ گه‌یشتووه ، له دڵه‌وه ناڕه‌حه‌ت بووم که هه‌وڵی تیرۆر کردنت دراوه.
به‌ڵام به‌ڕێزم له وڵاتێک‌دا که ته‌واوی میلله‌ت له په‌راوێز خراوه ده‌سه‌ڵات بچووکترین ده‌رفه‌تی بۆ هیچ تاکێکی کۆمه‌ڵ نه‌هێشتووه‌ته‌وه نامه‌یه‌کی پشتگیری من بۆ تۆ ئه‌بێ چی گۆڕانێك دروست بکات له‌و کاره‌ساته‌ی تۆدا؟؟؟
مه‌گه‌ر نامه و ئیمزای چه‌ند ملیۆن که‌سی وه‌ک من و تۆ کۆنه‌کرایه‌وه بۆ ڕێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆی کوردستان نه مامه و نه کاکه که‌سیان گوێیان پێ داین؟؟؟ ئه‌نجامه‌که‌ی له‌به‌ر چاوه هه‌موو شۆڕش و خوێنی شه‌هیدانمانیان کرده قوربانی یه‌ک پارچه‌یی خاکی عێراق . ته‌نیا له پێناو دانیشتن له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ی سه‌دامی ڕه‌حمه‌تی دۆست و هاوڕێی له مێژینه‌یان و به‌رده‌وامی به درێژه دانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌کانیان…
به‌ڵێ من پێم وایه شێوازی نووسین لای هه‌ندێ نووسه‌ر له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ هه‌موو قه‌ڵه‌مه پاکه‌کان، نه‌ک وه‌ک کراس دوو ڕۆژ جارێ ده‌گۆڕرێت ، به‌ڵکو وه‌ك جلی ژێره وایه هه‌موو ڕۆژێک ده‌گۆڕرێت ، ئاخر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نووسه‌رانه له‌وه‌دایه که به‌رده‌وام شێوه و ناوه‌ڕۆکی نووسینه‌کانیان بگۆرن ئه‌گینا کوڕه پاشا پێشوازی دیوه‌خانی گه‌رمی لێ ناکات ،،به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌م دووره له ڕووی هه‌موو قه‌ڵه‌مه‌ڕاستگۆ و نیشتمان په‌روه‌ره‌کانه‌وه به گشتی …
بێ ئه‌ده‌بی من له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرت که له كۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا و لای پیاوان و مامۆستایانی ڕۆژهه‌ڵاتی وه‌ك ئێوه بێ ئه‌ده‌بیه گه‌ر قوتابییه‌ک مامۆستا به ئاگا بهێنێته‌وه که ئاگای له وانه‌ی ئه‌مرۆ بێت و خه‌یاڵی نه‌چێت بۆ کۆشکی سوڵتان،، ته‌نها ئه‌وه بوو بێ ئه‌ده‌بیه‌که‌ی من که بۆم نووسیبویت،، ئه‌گین ئه‌وه هێنده‌ی کارێکی مرۆیی بوو له ڕووی مامۆستادا که گوناهه به هیچ شێوه‌یه‌کی تر لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێت .
ده‌ڵێیت( حوکمدانی نابینا ده‌ده‌یت) .. ده‌پرسم… حوکم دانی نابینا بۆ؟؟؟
وه‌ک په‌شێوی مه‌زن ده‌ڵێ (به‌ڵگه‌م پێیه هه‌زار به‌ڵگه‌ی ئاشکراو ڕوووون) به‌ڵگه به‌ڵگه‌ی ژێر سایه‌و سێبه‌ری سوڵتان، وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئاراس،، ئه‌دی بیرت چوو کاتێ مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم بانگهێشتی خه‌ڵاتی بله کرا، هه‌ر ده‌ست و ده‌م به نوسینێکت ئه‌و خه‌ڵاته‌ت لێکرده ژه‌هری مار؟ ده‌پرسم جیاوازی چییه له نێوان خه‌ڵاتی بله وئاراسدا؟
گه‌رقوتابییه‌کی که‌م ئه‌مه‌ک نه‌بویتایه بۆ ئه‌و مامۆستایه‌ت نه ده‌کرا هیچ کاتێ ده‌ست ڕاگریت بۆ خه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به زه‌رد و سه‌وزه‌وه چونکه خۆت گوته‌نی(هه‌ردوولا دیوی یه‌ک دراون) .
من نه‌م وتووه تۆ هه‌ر هیچت نه‌نووسیوه، به‌ڵکو له‌وه ئاگادارم کردوویته‌وه هه‌موو شته‌کان وه‌ک خۆی ببینه نووسه‌ر پێویسته چاوی چۆله‌که‌ی هه‌بێت له هه‌موو مه‌دار و گۆشه‌کانه‌وه کاره‌ساته‌کان ببینێت نه‌ک وه‌ک تۆ ته‌نها یه‌ك دیوی کاره‌ساته‌کان ببینێت،، گه‌ر وانییه؟؟؟
ئه‌دی کوا نوسینێکت کاتێ هه‌مووان ده‌کرێین به سه‌گ؟ گوندییه‌کانمان بێشه‌هامه‌ت ده‌کرێن؟
پێشبینیم له خۆڕا نییه گه‌ر ئارا‌سته‌ی نووسینت وا بڕوات، ڕۆژێک دێت به خواستی پاشا بنووسیت،، ئه‌وه پاشایه ڕێگه‌ت پێ نادات جارێکی تر نووسینێک بنووسیت به که‌ڵکی دیوه‌خان نه‌یه‌ت، ئه‌گین من دڵنیام گه‌ر ئاره‌زووت له‌سه‌ر بێ و شه‌قێک له بریق و باقی کۆشکی سوڵتان هه‌ڵبده‌یت ، ژیانێکی خاکیانه هه‌ڵبژێریت ، ئه‌وا دڵنیام له جاران جوانتر ده‌نووسیت .
له دڵه‌وه شادومانم ئه‌و پێشبینیه‌م داری زڕ بێت و هه‌رگیز به‌ر نه‌گرێت،له سوچێکی دیوه‌خانی پاشادا هه‌ڵنه‌تروشکێیت بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی قه‌ڵه‌مێك خاڵی نه‌بێت به‌ڵام کورد واته‌نی مانگه‌شه‌و سه‌ر له ئێواره‌وه دیاره… چونکه.. (شاعیره بێکه‌سه‌که‌شمان) سه‌ره‌تادا هه‌روای تێگه‌یاندین. به‌ڵام رۆژگار هه‌موو نهێنیه‌کانی بۆ ئاشکرا کردین، که دوور نیه له‌وه‌سێتنامه‌ی شێعرێکیدا نه‌ڵێت توخوا یاران کاتێ مردم با کفنه‌که‌م ڕه‌نگی سه‌وز بێت…
نووسه‌ری حه‌ق بێژ پێوستی به په‌راسوی که‌س نییه بیکاته په‌یژه ، به‌ڵکو ته‌نها به خۆ ماندوو کردن و نغرۆ بوونی له نێو په‌ڕتۆوکه‌کان و بیر و فه‌لسه‌فه‌ی بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سووفه‌کان و ئه‌زموونی ژیانی خۆیه‌تی بۆ به‌رز ڕاگرتنی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی، ئه‌وه تۆیت وا هه‌ست ده‌که‌یت سه‌ر به هه‌ساره‌یه‌کی تری ئه‌م گێتیه‌ی‌ت هه‌موو قه‌ڵه‌مه ئاراسته دژه‌کان به بچوکی ده‌بینیت وه‌ك ده‌ڵێن (مرۆڤی به فیزوخۆ به‌گه‌وره زان وه‌ک بابایه‌ک وایه له‌سه‌ر شاخێکه‌وه،سه‌یری کۆمه‌ڵێ خه‌ڵکی خوار شاخه‌که بکات و گاڵته‌یان پێ بکات که چه‌ند بچووک دیارن، به‌ڵام ئه‌و داماوه نازانێت که ئه‌وانیش له خواره‌وه ئه‌م له‌و بچووکتر ده‌بینن و گاڵته‌ی پێ ده‌که‌ن)*3
هه‌رگیز نه‌م ویستوه له نوسینێکمدا زوبانێکی زبر به‌کار بهێنم له به‌رامبه‌ر قه‌ڵه‌مێکی تردا،، به‌ڵام وا دیاره به‌رده‌وامیم له‌م جه‌نگه‌دا له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌مبات به‌ره‌و ڕۆخی ئاوا نوسینێك، بۆیه بڕیارمدا ئه‌مه دواهه‌مین نوسینی من بێت بۆ به‌ڕێزت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م سه‌ره‌تای نوسینمه‌وه له شکۆی قه‌ڵه‌مه‌که‌م که‌م نه‌که‌مه‌وه
له‌گه‌ڵ ڕێزمدا
————————————————————————
په‌راوێز
*1 دێڕه هۆنراوه‌یه‌کی په‌شێوی مه‌زنه.
*2 چوار ڕۆژ بوو گه‌یشتبوومه‌وه کوردستان نێچیره‌ڤان به‌رزانی گه‌وره‌یی نواند و سه‌ردانی کردم ، ئه‌وه یه‌که‌مین جار بوو ئه‌و هێژایه ببینم، ئه‌وه‌م وه‌ك که‌سێکی کراوه‌ی بێ‌فیز هاته به‌ر چاو . به‌و په‌ڕی ساده‌یی و ڕاستگۆییه‌وه پێی گوتم.( تۆ ئه‌گه‌ر چی ڕه‌خنه‌ی توند له ئێمه ده‌گریت، به‌ڵام چونکه به کوردیه‌کی هێنده جوان و به شێوازێکی سه‌رنجڕاکێش بیروڕای خۆت ده‌رده‌بڕیت، هه‌رچی بنوسیت به ڕێزه‌وه ده‌یانخوێنمه‌وه ونه‌ک هه‌ر چێژیان لێ ده‌بینم، به‌ڵکو سوودیشیان لێ ده‌بینم) ڕۆشنبیرو ده‌سه‌ڵات لاپه‌ڕه111
*3 په‌یڤی کلیك… کڵاوڕۆژنه
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

