گیرفان پڕ کردن
له مارس دا گیرفان پڕ کردن یان هه‌ڵوێستی نیشتیمانی؟؟؟
تایبه‌ته به هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژان
ئیسماعیل که‌ریم
ئه‌لمانیا
halabjayi@hotmail.com
مارس … مژده‌ی به‌هاری ساڵ،مانگی ژیانه‌وه‌ی گه‌ڵاو گوڵی دره‌خته‌کان،گڕو تینی ئاگری نه‌ورۆز،سه‌ره‌تای ساڵی کوردیمان،ده‌ستپێکی ڕاپه‌ڕین و ئازادی ئه‌و پارچه‌ی کوردستان‌مان،مانگی ئه‌و تاکه ڕۆژه‌ی ساڵ که ژنان ده‌توانن ده‌نگیان تیادا هه‌ڵبڕن و هاواری خه‌فه کراویان دوونیا به ئاگا بهێنێ،، ،وه‌لێ ئه‌فسوس هه‌ر مانگی مارس، مانگی ئه‌نفالی ڕه‌ش وهه‌ڵوه‌رینی پینج هه‌زار خونچه گوڵی به گاز خێنکێراو، ئه‌نفالی سپی شانزه ساڵی ئیمراتۆره وه‌همه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان.
مانگی مارس… ئه‌و مانگ و ساته وه‌خته‌یه که زۆربه‌ی یادو بۆنه‌کانی ئێمه‌ی کوردی تێدا کۆبۆته‌وه،،سه‌ره‌تای مانگ ده‌رون یه‌ک پارچه ئاسوده، بۆ په‌یمانی وه‌فاداریمان له‌گه‌ڵ سروشت، ڕوو له ده‌شت و سه‌یرانگاکان ده‌که‌ین،، خه‌م و مه‌ینه‌تی ساڵمان لای سروشتی به‌هاری ساڵ به با ده‌که‌ین،،تاوێ خه‌نده له‌سه‌ر لێوه، دوای چه‌ند رۆژێک قوڵپی گریان، ساتێ به‌هارو هه‌شتی مارس و ڕاپه‌ڕین ونه‌ورۆزمان جه‌ژن و ئاهه‌نگ و سه‌دایه، ساتێ گریان و ئه‌ندێشه بۆ سوتان وشه‌هیدان وماڵوێرانی میله‌تمان شین و گریه و واوه‌یلایه.
********
لێره‌دا من نامه‌وێت قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌م تاچه‌ندێ توانیومانه هاو ئاهه‌نگیه‌ک بکه‌ین له نێو ئه‌م یادانه‌دا،،وه پێشبینی ئه‌وه بکه‌م چه‌ندین بۆنه‌ی مه‌رگه‌سات و ئاسوده‌ی ڕه‌نگ و سیمای ئه‌م مانگه جوانتر و ته‌ڵختر ده‌که‌ن،، مارس له هه‌ناویدا چی تری هه‌ڵگرتوه بۆمان و که‌ی پێشکه‌شمان ده‌کات و که‌ی خه‌میکی تر دێنێت به‌سه‌رماندا
ته‌نها هێنده نه‌بێت ده‌مه‌وێت له‌م مانگه‌دا هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌م له ئاستی هونه‌رمه‌ندانی گۆرانی بێژانی کوردمان!!!
ئاشکرایه به هه‌ردوو دیوه‌کدا چ ئاهه‌نگ کردن و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ركێ بۆ یاد و بۆنه خۆشه‌کان و به‌هاری ساڵ، وه چ کۆڕی ماته‌مینی و لاواندنه‌وه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالمان پێوستمان به ده‌نگ و به‌هره‌ی هونه‌رمه‌ندانی گۆرانی بێژی کوردمان هه‌یه بۆ زیاتر ڕازاندنه‌وه‌ی چه‌ژن و سه‌رکه‌وتنه‌کانمان، وه بۆ به جۆش کردنی پرسه و ماته‌مینه‌کانمان،،چونکه به بێ هاوکاری گۆرانی بێژانمان ڕه‌نگه نه‌توانین گوزارشتی ته‌واوی هه‌موو هه‌سته‌کانمان بکه‌ین له بۆنه‌کاندا
بۆیه پێوسته له‌سه‌ر هه‌موان هه‌میشه ده‌ست خۆشی له هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده گۆرانیبێژانه بکه‌ین که ئاماده‌گیان هه‌یه له‌م بۆنانه‌دا، هه‌رچه‌نده وه‌ک ئه‌رکێکی نیستیمانیش پێوسته که هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبیژ که‌م ته‌رخه‌م نه‌بن له‌م مانگه‌دا ، چونکه ئه‌وانێش به‌شێکن له‌م گه‌له و ڕۆڵه‌ی ئه‌م خاک و نیشتیمانه‌ن، چونکه له‌پێش ئه‌وه‌ی داوای ماف بکه‌ن ده‌بێت له‌وه دڵنیا بن که ئه‌رکیان چیه وه‌ک هونه‌رمه‌ندان،، دیاره لای هه‌موان ئاشکرایه ئه‌رکی هونه‌رمه‌ندان چیه بۆیه پێوست ناکات من لێره‌دا بۆیان ڕیز به‌ند بکه‌م( چونکه بۆ نه‌فام نانوسم*)
به‌ڵام دیاره وه‌ک ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌مڕۆ زۆر شوێن و توێژی کۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژیشمان له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ ئه‌رک و ماندوو بوون و هه‌ڵوێستی به‌رزو نیشتیمان په‌روه‌رانه‌ی هه‌ندێکیان ئه‌مانیشی به دوور نین له‌و په‌تایه،، وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌کرا خۆ به‌خت له‌م مانگه‌دا ته‌وای توانا‌و چالاکیه‌کانیان له ئاهه‌نگ و مه‌رگه‌ساته‌کاندا کۆ بکردایه‌ته‌وه به بێ له‌به‌ر چاو گرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه مادیه‌کان،، ته‌واو پێچه‌وانه، مانگی مارسیان کردوه به مانگی سه‌یران و که‌یف و کار‌و کاسبیان،، ته‌نها له‌م مانگه‌دا هێنده گیرفانیان پڕ ده‌که‌ن که به‌دڵنیایه‌وه به‌شی ته‌وای ساڵیان ده‌کات،، چه‌ند خوله‌کێک گۆرانی وتنیان به چه‌ند سه‌د وچه‌ند هه‌زار دۆلار، که به‌ڕاستی مرۆڤ شه‌رم ده‌کات له ئاست ئاوا هه‌ڵوێسته‌یه‌کدا که هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژێمان ده‌ینوێنن، ئاخر که‌ی ڕه‌وایه کرێکارێ کارمه‌ندێ، قوتابیه،کاسب کارێک ڕۆژانه چه‌ندین کاتژمێر له‌ژێر کاریکی تاقه‌ت پڕوکێنێکتدا بێت و داهاتی مانگانه‌ی چه‌ند دینار ودۆلارێکی که‌م بێت،، که‌چی داهاتی چه‌ند خوله‌کێکی گۆرانی وتنی گۆرانیبێژێک هینده‌ی ساڵێکی داهاتی ئه‌وان بێت؟؟؟
بۆیه من ده‌ڵێم گۆرانی بێ‌ژان کورد زۆرترین به‌ختی مانگی مارسی ساڵیان به‌ر ده‌که‌وێت،به‌ختی پڕ کردنی گیرفانه‌کانیان، به‌ختی گه‌ڕان و ئاپۆڕای ئاهه‌نگه‌کانیان،، به‌ڵام هه‌ر ته‌نها ئه‌م به‌خته‌شیان ده‌بێته هۆی لێسه‌ندنه‌وه‌ی مۆرکی ڕه‌سه‌نایه‌تی هونه‌ره‌که‌یان،، گه ر به‌رده‌وام ئامێز بۆ ئه‌م شانسه بکه‌نه‌وه،، به‌ڕاستی کاره‌ساته هونه‌ر ته‌نهاو ته‌نها بێته پیشه‌و پاره په‌یداکردن و فه‌رامۆش کردنی ئه‌رکه نیشیمانی و مرۆیه‌کان ، له‌به‌ر چاو نه‌گرتنی پیرۆزی بۆنه نیشتیمانیه‌کان و گیرفانی خاڵی نه‌وه‌کانمان
*ڕۆشنبیرو ده‌سته‌ڵات/ حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

