زمانی سه‌رجاده‌و چاره‌نووسی میلله‌تێک
گۆته ده‌ڵێت : ( که‌سێک به‌هره له سێ هه‌زار ساڵ وه‌رنه‌گرێت ، به‌هه‌ژاری ده‌ژی ) .
هه‌میشه‌و هه‌رده‌م و هه‌موو کاتێک له‌ڕابردوو له‌ئیستایشدا هه‌روه‌ها بووه و هه‌روایش ده‌بێت و به‌رده‌وام ئه‌م هاوکێشه ڕاسته‌قینه‌یه به‌و ستوونه‌دا گوزه‌ر ده‌کات و ناگۆڕێت و شێووه‌ی هاوکێشه‌ی نه‌گۆڕه وه‌کو ( 7/22 ) ی ماتماتیک . له‌زۆربه‌ی نووسین و ووتاره‌کانمدا دووپاتم کردۆته‌وه‌و ووتومه : ( ئه‌وانه‌ی که‌ڕاستن که‌من .. به‌ڵام له‌کۆتاییدا ئه‌و که‌مانه سه‌رده‌که‌ون ) . ئه‌مه‌ش به‌تاقیکردنه‌وه‌و به‌ڵگه %100 سه‌د له‌سه‌د ته‌رازووی بۆچوونه‌کان پارسه‌نگ و ڕاستن .
نموونه‌ی پیاوی ئازا‌و ده‌ست پاک و داوێن پاک و گه‌ل و نیشتمان دۆست له‌ناو هه‌موو ووڵاتانی جیهانداو به‌تایبه‌ت له‌ناو گه‌لانی چه‌وساوه‌و خه‌ڵکانی زووڵم لێکراوو مرۆڤی ژین به‌ندی و بنده‌ستیدا ده‌گمه‌ن و که‌من به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیش‌دا ڕه‌گ و پێگه‌و ڕۆڵیان له‌ناو خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشدا داکوتیووه‌و هه‌یه و هاوڕێ و خۆشه‌ویستی خه‌ڵکانی تینووی ئازادین و خه‌ڵکیکی ڕۆشنبیرو خاوه‌ن ڕابردوو پاک له‌گه‌ڵیاندا کار‌و به‌شداری پرۆسه‌ی به‌باشتر کردنی ڕه‌ووتی پێشڤه‌چوونی نیشتمان و نه‌ته‌وه ده‌ست پێده‌که‌ن و دژ به سیستمی بنه‌ماڵه‌و نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و بیری کۆنه‌په‌رستی خه‌بات ده‌که‌ن .
وۆستا ده‌ڵێت : ( تاکو نیووه‌ی ڕێگا ڕۆیشتن له‌گه‌ڵ به‌هه‌ڵه‌دا ڕۆیشتن جیاوازی هه‌یه ) .
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه بیڵێم له‌م کورته ووتاره‌دا ئه‌وه‌یه که باسی دووپیاوی سه‌رکرده‌ی کوردی باشووری کوردستان بکه‌م که‌گه‌نده‌ڵ و دزو پاشه‌ڵ پیس نین و دوو پیاون بێ له‌وه‌ی که‌جیاوازن له‌بیرو هزری کاری ڕامیارییاندا به‌ڵام جێی شانازی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی باشوورن و خه‌ڵکانی وه‌کو ئه‌م دوو تێکۆشه‌ره وه‌کو له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا به‌داخه‌وه که‌م و ده‌گمه‌نن . ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه‌ی که ڕێگای ڕزگاری و سه‌رفرازی میلله‌تی کوردن کاک ( نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین ) و کاک ( جه‌وهه‌ر نامیق سالم ) ه یه‌که‌میان سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کۆن و جێگری نوێی سکرتێری گشتی ( ی ن ک ) و دووه‌میان یه‌که‌م سه‌رۆکی پارله‌مانی کوردستانی باشوور بوو له‌ساڵی 1992 و ئه‌ندامی مه‌کته‌بی ڕامیاری ( پ د ک ) بووه . ئه‌وه‌ی شایانی باسه ئه‌م دوو پیاوه تێکۆشه‌ره پله‌وپایه‌ی به‌رزی خۆیان به‌جێهێشتوه‌و ده‌ستیان له‌کاره‌کانیان کێشاوه‌ته‌وه له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو ناڕێکی و نایه‌کسانی و ده‌ست پیسی و ووڵات کاولی یه‌ی که‌به‌سه‌رشانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه‌و له‌پێناوی باشتر کردن و چاکسازی و .. هتد . زۆربه‌ی پیاوه گه‌نده‌ڵه‌کانی ده‌وروبه‌ری ده‌سه‌ڵات خه‌و به پله‌وپایه‌یه‌ی ئه‌وانه‌وه ده‌بینن که‌چی ئه‌مان خۆیان کورسی ده‌سه‌ڵات به‌جێ ده‌هێڵن و پشتی تێده‌که‌ن . ئه‌مه کارێکی ده‌گمه‌نه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا چونکه له‌وناوچه‌یه‌و به‌تایبه‌ت له‌باشووری کوردستان خه‌ڵکی ده‌روون نزم له‌هه‌ڵپه‌و خۆبرنه پێشه‌وه‌دان بۆ پله‌وپایه‌ی به‌رز بێ گوێدانه خواروخێچی یه‌کانی ده‌سه‌ڵات . به‌ڵام ئه‌م دوو مرۆڤه مه‌زنه بۆ ئه‌وه‌ی هۆشداری یه‌ک بده‌ن به‌ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی کوردی و پاکسازی و چاکسازی لێبکه‌وێته‌وه که‌چی مخابن دووای ئه‌وان که‌سی ترمان نه‌بینی له‌پایه‌و پله‌ی به‌رزدا چ له‌ناو میری یان پارله‌مان یان پارته ڕامیاریی یه‌کان ده‌ست له‌کار بکێشنه‌وه به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌ڵکێکی زۆر بێ‌ئاگا له‌کاری ڕامیاری و نابه‌رپرس و نادۆست و خه‌ڵکی هه‌لپه‌رست خه‌ریکی ماستاو کردنن بۆ چوونه پێشه‌وه‌و پۆست وه‌رگرتن و خه‌ریکی خۆ ده‌ووڵه‌مه‌ند کردنن له‌سه‌رشانی ئه‌و میلله‌ته هه‌ژاره‌ی که‌نزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌که به‌ده‌ست ئازاری بنده‌ستی و هه‌ژاریی یه‌وه به‌ده‌ستی دووژمنانیی یه‌وه ده‌ناڵێنێت و ئێستاش به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی یه‌وه ناڕه‌وایی و نایه‌کسانی وه‌کو خۆڕکه گه‌رووی ناسکی گرتووه ( 1991 / 2008 ) . ده‌بێت ئێمه سه‌یری ئه‌و جیاوازی یه بکه‌ین و بۆمان ئاشکرابێت که‌ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که وازیان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیی و پایه‌ی ده‌سه‌ڵات هێناوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر دڵسۆزن بۆ کارکردن و خزمه‌تی میلله‌تی خۆیان به‌ڵام ویژدانیان ڕێگه‌یان پێ نادات هاوبه‌شی دزان و گه‌نده‌ڵکاران و فایلداران بن ده‌نا ئه‌و دوو تێکۆشه‌ره به‌و هه‌موو ساڵه‌ی خه‌بات و ماندوبوون و تێکۆشانه‌ی خۆیانه‌وه داده‌نیشن و ده‌ست له‌کار ده‌کێشنه‌وه‌و له‌دڵسۆزیدا ڕه‌خنه‌گرتن ده‌که‌نه ئامانجی کار‌و هه‌وڵه‌کانیان له‌پێناو به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی کاڵ و کرچدا بۆ پێگه‌یشتن و کارکردن و خزمه‌تکردنی باشتر ئه‌وه‌ش کارێکی مه‌زنی ڕامیاریی یه له‌و دوو که‌سه‌وه‌و ئێمه‌ش ده‌بێت ده‌ستخۆشی و ئافه‌رینیان لێبکه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ئاماده‌نین نیشتمانه‌که‌مان بفرۆشن و هه‌رزان فرۆش و تاڵان بکه‌ن بۆیه له‌سه‌ر هه‌موو نوسه‌رێک ئه‌رکێکی پیرۆزه بنوسێت و ده‌ستخۆشی بکات له‌وکه‌سانه‌ی که‌به‌رگری له‌گه‌نده‌ڵی ووڵات ده‌که‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیتریش چاویان لێبکه‌ن و ببێته په‌ستانێکی باش بۆ خۆچاککردنی ده‌سه‌ڵات و باشترکردنی ژیانی خه‌ڵکی . خه‌ڵکانێک که ئاماده نه‌بووبن بۆ یه‌ک ڕۆژ خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی و کوردبوونی خۆیان بسه‌لمێنن له‌ڕۆژانی سه‌ختی خه‌باتی گه‌لی کوردستاندا و هیچ هیلاکیی یه‌ک و خۆبه‌خت کردنێکیان نه‌بووه له‌ژیانیاندا که‌چی ئێستاش له‌سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن و هه‌ر خنه‌ی خۆبردنه پێشه‌وه‌یانه . ده‌سه‌ڵاتی کوردیش له‌ناوچه‌که چونکه ده‌سه‌ڵاتێکی لیبڕاڵ و دیموکرات نی یه‌و نیمچه ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رمایه‌دارو كه‌سی شیاو له‌جێگه‌ی شیاودا نی یه‌و لاوازه له‌بڕیاری ڕامیاری گه‌وره بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆیه ئه‌وانیش وه‌کو ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌گه‌ییوو ئه‌وهه‌لپه‌رستانه‌یان ده‌وێت و ووشه‌ی ناشایسته‌ش به نووسه‌ران و خه‌م خۆرانی ووڵات ده‌ڵێن .. ! . ده‌بێت ده‌ستخۆشی له‌وکه‌سانه بکرێت که‌له‌به‌ر ناڕاستی و ناڕێکی به‌ڕێووبردنی ووڵات ده‌ست له‌کار ده‌کێشنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هاندانێک بۆ ئه‌وانیترو کاروکاردانه‌وه‌یه‌ک دروست ببێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵکی به‌گشتی باشتر بکرێت و به‌تایبه‌ت لاوی کورد که‌هه‌مووی له‌به‌ر که‌م و کوڕی ژیان و که‌می ده‌رامه‌ت و نه‌توانینی دروست کردنی خێزان و جێگیربوونی باری ده‌روونی ووڵات به‌جێده‌هێڵن . ئه‌و سیستمه‌ی کراوه‌ته به‌رنامه‌ی به‌ڕێووه‌بردنی خه‌ڵکی کوردستان له‌باشووری ووڵات زۆر ئاوه‌ژوو پێچه‌وانه‌ی ویستی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشه و دووره له‌یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ناڕه‌وایییه‌کی ته‌واوه بۆ چینی ژێره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاو زۆر که‌م و کوڕی تر لێره‌دا به‌ڵگه‌و نمونه ناهێنمه‌وه بۆ ئه‌م نووسین و شیووه‌ن و شێووه گریانه بۆ نیشتمان چونکه خوێنه‌ری به‌ڕێز چاک ده‌زانێت هێنده‌ی به‌ڵگه هه‌یه بۆ ده‌ست پیسی و تاڵان کردن له‌ونیشتمانه‌دا سه‌روبن و وێنه‌ی نی یه به‌ڵام یه‌ک نمونه‌ی بچوک ده‌هێنمه‌وه که‌هێندی هه‌مووی بێت بۆ نمونه له ساڵی (1991 / 2007 ) ئامێر‌و شتومه‌کی سه‌ر زه‌ویان نه‌هێشت ( ئامێری گه‌وره‌ی کاره‌با و چه‌کی قورسی له‌شه‌ڕا گیراو‌و وه‌کو تانک و تۆپ و ئامێری گه‌وره‌ی وه‌کو شۆڤڵ و ئاخچه‌م و .. هتد ئه‌مانه‌و ئامێری زۆری تری که‌خه‌ڵک نایزانن هه‌مووی بۆ ئێران ڕه‌وانه کرا ) .
له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ نه‌ما له‌و ووڵاته وێرانه‌دا ئاودیوی بکه‌ن له‌ساڵی 2008 ه‌وه که‌وتونه‌ته تاڵان کردنی ژێر زه‌وی کوردستان و به‌ته‌مان به‌ته‌واوی به‌تاڵی بکه‌ن بۆنمونه ژێر زه‌وی مه‌به‌ستمان له‌نه‌وتی خاوی ( زاخۆ / شیوواشۆکه ) که له‌ڕێگه‌ی برایم خه‌لیل و په‌روێزخانه‌وه به ئێران و تورکیای ده‌فرۆشن به‌نرخێکی هه‌رزان و که‌سیش نازانێت ئه‌و داهاته ( ئاڵتونی ڕه‌ش ) ه بۆ کێ و چۆن و له‌چیدا خه‌رج ده‌کرێت .. ! . ئیدی چۆن خه‌ڵکی کوردستان به‌م ئازار‌و مه‌ینه‌تیی یه‌وه به‌م ئابڕوچوونه‌وه به‌م هاوکێشه و دووعا سه‌قه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌ڵێن ئامین . ئێمه‌ی نووسه‌رانیش که‌شه‌وو ڕۆژ شه‌ونخوونی ده‌که‌ین و شیله‌ی هیلاک بوونی مێشکمان ده‌که‌ینه پیت و ووشه‌و ڕسته له‌پێناوی نه‌فه‌وتانی ئه‌و تۆزه نیمچه خاکه ئازاد کراوو ئازادییه که‌به‌خوێنی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی جوامێری نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ده‌ست هاتووه نه‌ڕوات و له‌ده‌ست نه‌چێت . ئێمه میلله‌تێکین بێجگه له‌وه‌ی له‌جیهانی زه‌برو زه‌نگ و زووڵم و چه‌وساندنه‌وه‌دا ژیاوین و له‌به‌کارهێنانیشیدا یه‌که‌مین ( پڕۆلیتاری دیکتاتۆر ) له‌باتی دڵنه‌وایی و ئارام کردنه‌وه‌مان که‌بۆ سه‌ده‌یه‌ک زیاتره ماڵ و دڵمان به‌یه‌که‌وه ده‌سووتێن و ڕه‌زو باخ و گوند‌و شارمان ئه‌تک ده‌کرێن به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته کۆنه په‌رست و فاشیسته‌کانی ( عێراق ، تورکیا ، ئێران ، سوریا ) وه وه‌کو کورد که‌سایه‌تیمان تیکده‌شکێنرێت که‌چی سه‌رکرده‌کانی کورد که له‌خۆمانن له‌باتی دڵنه‌وایی و به‌رگری له سه‌رو ماڵ و ژیانمان بکه‌ن پێمان ده‌ڵێن : ( تیرۆریستن ئێووه ..سه‌گن ئێوه .. ته‌مبه‌ڵن ئیووه ) . ئه‌گه‌ر هه‌موومان میژوومان خوێندبێته‌وه نه‌ماندیووه‌و نه‌مانخوێندۆته‌وه‌و نه‌مانبیستووه که ( سه‌دام و خومه‌ینی و ئه‌سه‌دو هیتله‌رو مۆسۆلۆنی و شاوشیسکۆو ئه‌تاتورک .. هتد ) که‌ئه‌مانه دیکتاتۆرو دڕنده‌بوون له‌کاتی ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا که‌چی بۆیه‌کجاریش به‌میلله‌تی خۆیان نه‌وتووه ته‌مبه‌ڵ یان بڵێن سه‌گ که‌چی سه‌رکرده به‌ناو شۆڕشگێڕه‌کانی کورد به‌میلله‌تی خۆیان ده‌ڵێن سه‌گ و ته‌مبه‌ڵ و ووشه‌ی ناشرینی تر زۆرن که‌ووتراون به‌م گه‌له سته‌م دیده‌یه‌ی که‌هیچ په‌ناو ماڵێکی نی یه‌و ووشه‌کانیش له ئاستی مرۆڤی نه‌خوێنده‌وارو سه‌رجاده‌ش نه‌بوون . ووشه‌ی ناشرین بۆ شکاندنی مرۆڤ له‌یاساکانی مرۆڤایه‌تیدا و له‌ده‌ستووری زۆربه‌ی پارله‌مانه‌کانی ووڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوادا تاوانه ئه‌مه له‌کاتێکدا که‌که‌سێکی ئاسایی ئه‌وکاره بکات یان ئه‌و جنێووه بدات .. ! . ئه‌ی ئایا ئه‌مه کاره‌سات نی یه که سه‌رکرده‌و ده‌ووڵه‌ت خۆی جنێو‌و به خه‌ڵک و هاونیشتمانی خۆی بدات .؟. که‌هه‌ر ئه‌و خه‌ڵک و که‌سانه‌ن به‌خوێنی خۆیان و که‌سوکاریان ئه‌و ڕۆژه‌یان دروست کردووه بۆ ئه‌و سه‌رکرده‌یه ئه‌ویش لاف و گه‌زافی پێووه لێده‌دات . به‌ڕای من جنێو‌و ووشه‌ی ناشرین له‌ده‌می مرۆڤی نزمترین ئاست له‌ڕۆشنبیری و مۆڕاڵ ده‌رده‌چێت . زۆر به‌داخه‌وه که‌ئێمه خۆمان زۆر به‌که‌م ده‌زانین و ئابڕووی مرۆڤ که‌زۆر به‌رزو مه‌زنتره له‌کۆشکی ده‌سه‌ڵات به‌هیچ و بێ نرخ سه‌یری ده‌که‌ین . ( ئێران که‌ووڵاتێکی دواکه‌وتووه له‌چاو ده‌ووڵه‌تانی ڕۆژئاوای پێشکه‌وتوو که‌چی بۆ دووکه‌سی خۆیان که‌له‌پێنجوێن گیرابوون ( 25/5/2008 ) هه‌زاران سه‌ربازیان هێناوه‌ته سه‌ر سنوری ده‌ستکردی کوردستان ، ئه‌وه وواتای ئه‌وه‌یه که‌ئێران نامه‌یه‌ک ده‌نێرێ بۆ سه‌رکردایه‌تی کورد‌و ده‌ڵێت : ( ئێمه خه‌ڵکی خۆمان لابه‌قه‌دره و خۆمانی له‌سه‌ر به‌کووشت ده‌ده‌ین ئه‌ی ئێووه ده‌ڵێن چی .؟. ) . به‌داخێکی زۆره‌وه ئێمه هێشتا چه‌که‌ره‌مان له ژیانی بناغه‌یی به‌ڕیووه‌بردندا نه‌کردووه له‌خۆناساندن و دروست کردنی یان په‌یڕه‌و کردنی ڕامیاریی یه‌کی سه‌رده‌مانه بۆ ناساندن و پێناسه‌مان له ڕووی شارستانی یه‌ت و فه‌رهه‌نگ و پێشکه‌تنه‌وه ووڵاتانی جیهان به‌تایبه‌ت ڕۆژئاوا گه‌یشتوونه‌ته سه‌رتۆپکی ئازادی و ژیان و مافی تاک که‌چی مخابن کوردستانی باشوور تازه به‌تازه له‌لیستی ڕه‌ش دایه له‌ئازادی ده‌ربڕیندا . سه‌رکرده‌کانی خۆمان ئاماده‌ن هه‌موو ڕۆژێک ووشه‌ی تاڵمان ئاڕاسته بکه‌ن و که‌م و بچووکمان بکه‌نه‌وه له‌به‌رچاوی بێگانه‌کان وه‌لێ سه‌د حه‌یف و مخابن بۆ چه‌ند مانگێکی زۆره ( 10/2007 / 30/5/2008 ) سنور‌و کوێستانه‌کانی کوردستان بۆردوومانی ئێران و تورکیای له‌سه‌ره که‌چی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌گووڵێ کاڵتری پێ نه‌وتوون .
مرۆڤ ئه‌گه‌ر ته‌واو یان سروشتی بێت له‌ژیریدا ( التکامل العقلي ) هه‌رگیز ئاوه‌ڵناوی باش ( وصف ) بۆخۆی دانانێت چونکه ده‌بێت خه‌ڵک بڵێت باشیت یان خراپ که‌چی سه‌رکرده‌کانی کورد خۆیان به‌ده‌می خۆیان خۆیان ده‌شوبهێنن یان ده‌چووێنن به مانگه‌شه‌و یان خۆیان به‌ده‌ریا داده‌نێن و خه‌ڵکیش به سه‌گ وه‌کو خۆیان ده‌ڵێن و له‌زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد بیستراوه‌و ووتویانه : ( ده‌ریا به‌ده‌می سه‌گ پیس نابیت ) . دڵنیابن سه‌گ ئاژه‌ڵیکی زۆر جوان و به‌وه‌فایه له‌زۆربه‌ی زۆری زووڵم و سته‌مه‌کانی مرۆڤ خۆی گه‌لێ باشتره ئه‌و ئاوه‌ڵناوی جوانی و هۆگریی و به‌ئه‌مه‌کی یه‌ی له‌سه‌گدا هه‌یه له‌هه‌موو مرۆڤێکدا نی یه . ( له‌چیرۆکی ئه‌نفال و گوند سووتاندا ( 1987/ 1988 ) سه‌گێک بۆ به‌رگری له‌ماڵ و گونده‌که‌ی خۆی په‌لامار ده‌دات و قه‌پ ده‌کات به‌زنجیری تانکی دووژمندا ) . باشه من به‌سه‌رکرده‌کانی کورد ده‌ڵێم ئه‌و سه‌گه هه‌زارجار باشتر نی یه له پاشه‌ڵ پیس و نیشتمان فرۆشان .؟. سه‌گ گیانله‌به‌رێکی هه‌تابڵێی ژیر‌و به‌سۆزه ووڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی جیهان به‌کاری دێنن بۆ کاری پۆلیسی و سنورپارێزی و ڕزگارکردنی مرۆڤ له‌خنکاندن و یارمه‌تی دانی مرۆڤی نابینا‌و هاوڕێیه‌تی له‌ناو ماڵ و وه‌رزش و پێشبڕكێ و گه‌لێ کاری دیکه‌ی سوودمه‌ندی مرۆڤانه که‌چی تازه به‌تازه گه‌وره‌کانی کورد له‌ئاستی سه‌رۆکایه‌تیدا مرۆڤ به‌سه‌گ ده‌خه‌مڵێنن بۆ ئه‌وه‌ی سووکایه‌تی پێبکه‌ن . ده‌بێت ئاستی ڕۆشنبیری ئه‌وکه‌سانه چه‌نده نزم بێت که گیانله‌به‌رانی وه‌کو سه‌گ و پشیله‌و که‌رو ئه‌سپ و ئاژه‌ڵان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌که‌م و خراپ ده‌زانن و بۆ سووک کردنی مرۆڤی کورد به‌کاری ده‌هێنن .. ! . حه‌زده‌که‌م به‌و که‌سانه بڵێم که ئاژه‌ڵ و بوونی ئاژه‌ڵ سووکایه‌تی یه له‌لایان و بۆ که‌میی و بچووک پێکردنی مرۆڤ به‌کاری ده‌هێنن دڵنیابن ئه‌و ئاژه‌ڵانه زۆر له‌وکه‌س و مرۆڤانه باشتر‌و ڕێزدارترن که‌ناویان به‌خراپ ده‌به‌ن چونکه هه‌رنه‌بێت گیانله‌به‌ران و به‌تایبه‌ت سه‌گ دز نی یه .. سه‌گ خیانه‌تکار نی یه .. سه‌گ درۆزن نی یه .. ! .
له‌لایه‌کی تره‌وه سه‌رکرده‌یه‌کی تری کورد میلله‌ته‌که‌ی خۆی به‌ته‌مبه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ل له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌ستخۆشی و ماندونه‌بوونییان لێبکات که‌زیاتر له‌سه‌ده‌یه‌که له‌ژێر چه‌وساندنه‌وه‌و ماڵ وێرانی و دڵ سووتاویدان که‌چی ئه‌جری ئه‌م نه‌ته‌وه زووڵم لێکراوو بێکه‌سه به‌ووشه‌ی ناشرین و نه‌شیاو ده‌داته‌وه . ئه‌ی بۆ ئێووه به‌وهه‌موو سه‌رمایه‌و دۆلاره‌وه داوای خێر‌و سواڵ و ئاوه‌دانکردنه‌وه له‌خه‌ڵکی ده‌که‌ن و خۆتان 17 حه‌ڤده ساڵه کارگه‌یه‌کتان نه‌کرده‌وه خێزان و لاوی کورد نانێکی لێبخوات بۆ وێنه ئه‌نجامی داخوازی یه‌کانتان ووڵاتی یابانی ناچار کرد که نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له شاری دووجار شه‌هیدی زووڵم لێکراو له‌هه‌ڵه‌بجه بکاته‌وه وه‌کو دسه‌ڵاتی کوردی خێری پێ بشێ و له‌ڕیزی سۆماڵ و ئه‌سیوبیاو مه‌دغه‌شقه‌ردا بێت بۆ هه‌ژاری که‌چی ئاشکراشه بانکه‌کانی ئه‌وروپاو ئه‌مریکا پڕن له‌پاره‌ی دسه‌ڵاتدارانی کوردی باشوور . ئه‌وه‌ی ڕێزی نه‌ته‌وه‌ی خۆی له‌لانه‌بێت ئه‌ی به کلتورو ڕه‌ووشتی چ میلله‌تێکه‌وه شانازی ده‌کات .؟. هه‌مووشمان باش ده‌زانین بێگانه په‌رستیش ئه‌نجامه‌که‌ی به‌تاڵ و ڕووڕه‌شی یه به‌ڵام که‌مرۆڤ خۆی سه‌نگین بوو خه‌ڵکیش وه‌کو خۆی سه‌یر ده‌کات ، بۆیه ده‌بێت هاوکاری و هاوبه‌شی خه‌می میلله‌تی خۆمان بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مێژوویه‌کی جوانی ئه‌مڕۆ به‌جیبهێڵین بۆ سبه‌ینێ که نه‌وه‌ی داهاتوو شانازی پێووه بکات . پرسیارێک له‌سه‌رکرده‌کانی کورد ده‌که‌م به‌تایبه‌ت له باشووری ووڵات بۆچی له‌گه‌ڵ دووژمن ده‌ست به‌سنگه‌وه ده‌گرن و زۆر ڕێزێکی بێ پایان پیشان ده‌ده‌ن به‌ڵام له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه سته‌م دیده‌که‌ی خۆتاندا لوتتان له‌ئاسمان نایه‌ته خوارو بێجگه له‌وه‌ی هیچ ڕێزێک نیشانی به‌رامبه‌ر ناده‌ن که‌چی ووشه‌ی ناشرین و قسه‌یشی پێ ده‌ڵێن .؟. به‌هه‌موو پیرۆزیی یه‌ک و باوه‌ڕێکی به‌رز جنێودان و سووکایه‌تی کردن به خه‌ڵکی خۆت شه‌رم و نه‌نگی یه .
م . حه‌مید
Hamid773@hotmail.com
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

