ووڵاتی سوید به‌ره‌و کوێ ..؟.
ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی گفتووگۆی له‌سه‌ر ده‌که‌ین چوار خاڵی سه‌ره‌کی له‌خۆ ده‌گرێت :
1/ کورته مێژووی سوید .
2/ سوید‌و کوده‌تای ڕامیاری .
3/ سوید به‌ره‌و سیستمی سه‌رمایه‌داری .
4/ سوید و کێشه‌ی په‌نابه‌رانی کورد .
1/ کورته مێژووی سوید .
سوید ووڵاتێکی سه‌وزو دارستانیی و جوانه هه‌وایه‌کی زۆر پاک و خاوێنی هه‌یه‌و خاکێکی ئاودارو به‌پیتی هه‌یه‌و ساڵی واهه‌یه دووجار گه‌نم و جۆ به‌به‌رهه‌م دێت له‌باشووری ئه‌م ووڵاته‌دا به‌ڵام له‌باره‌ی که‌ش و هه‌واوه زستانی درێژ‌و ووڵاتێکی به‌فراوی یه و خه‌ڵکه‌که‌شی به‌گشتی هێمن و له‌سه‌رخۆن و سپی پێست و چاوو کاڵ و قژ کاڵن له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه لاوازن و که‌متر تێکه‌ڵ به‌یه‌ک ده‌بن و له‌گه‌ڵ په‌ناهه‌نده‌دا ته‌نها گه‌نجه‌کانیان تێکه‌ڵ ده‌بن . به‌گشتی له بابه‌ت تێکه‌ڵ بوون و که‌سایه‌تی و هاوڕێ یه‌تی یه‌وه سارد‌و سڕن و وه‌کو خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ( الشرق الاوسط ) نین . له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه بۆ سویدی و په‌ناهه‌نده پێم وایه ئاوهه‌واو کلتورو ئاین ڕۆڵی سه‌ره‌کییان هه‌یه له‌و باره‌یه‌وه .
ژماره‌ی دانیشتووانی ووڵاتی سوید 9.5 نۆ ملیۆن و نیوو ڕووبه‌ری درێژییه‌که‌ی 1572 کیلۆمه‌تره‌و ڕووبه‌ری پانتاییه‌که‌ی 500 کیلۆمه‌تره . زمانی سویدی زمانێکی فه‌رمی یه‌و زۆربه‌یان ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی ده‌زانن و ئاینیان مه‌سیحی یه . خه‌ڵکی ئه‌و ووڵاته دابه‌شبوون به‌سه‌ر 24 پارێزگاداو 230 شاره‌وانییان هه‌یه‌و زیاتر له‌به‌شی ناوه‌ڕاست و باشووری ووڵات خه‌ڵکی تێدا ده‌ژی و به‌شی باکوره‌که‌ی له‌به‌ر سه‌رماو زستانی دوور‌و درێژی و به‌فر بارینی زۆر که‌متر خه‌ڵکی تێدا ده‌ژی . وه‌کو کشتوکاڵیش گه‌نم و جۆیان هه‌یه‌و به‌ڵام بۆ ناردنه ده‌ره‌وه نی یه ، په‌تاته‌یان گه‌لێ زۆره‌و 200 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر په‌تاته گه‌یشتۆته ووڵاتی سوید . سوید ووڵاتێکی سه‌وزه‌و دارستان و دارێکی زۆری هه‌یه‌و وه‌کو به‌رهه‌مێکی ئابووری سودی لێده‌بینن ، دار‌و ته‌خته‌ی سویدی و فینله‌ندی له‌جیهاندا به‌ناوبانگن . له‌باری پیشه‌سازیشه‌وه گه‌لێ پێشکه‌وتوون و 3 جۆر ئۆتۆمۆبیل و فڕۆکه‌و تراکتۆرو کاری ده‌ستی و شتومه‌کی ناوماڵ و .. هتد دروست ده‌که‌ن . له‌باری ڕامییاریشه‌وه سوید خاوه‌نی 7 پارتی ڕامیاره‌و هه‌تا ئێستاش که ساڵی 2007 ه به‌ووڵاتی ئاشتی خواز‌و بێلایه‌ن و مرۆیی ناسراوه . سوید زۆر میلله‌ت و کلتورو ئاینی تری تێدا ده‌ژی که‌له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی ووڵاتانی دیکه‌ن . ئه‌گه‌ر سه‌یری پێش چه‌ند هه‌زار ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر بکه‌ین ده‌بینین زۆربه‌ی ووڵاتانی ئه‌مڕۆ که‌به‌شێوه‌یه‌کی جوان و شارستانی ڕازاوه‌ته‌وه پێشتر بیابان بووه یان به‌سته‌ڵه‌ک یان ئاو بووه . ووڵاتی سوید و ده‌وروبه‌ری پێش 18000 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌سته‌ڵه‌ک و پارچه‌یه‌ک بووه له سه‌هؤڵ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ژیانی تێدا نه‌بووه پێش 9000 ساڵ ناوچه‌که بووه به ده‌ریاو پێش 6000 ساڵ خاکیشی تێدا ده‌رکه‌وتووه وواتای وایه له‌دووای ئه‌م به‌رواره‌وه که 4000 ساڵ پێش زاینه وورده وورده ژیانی تێدا ده‌رکه‌وتووه . ئه‌م به‌روارو مێژووه به‌ڕای من هه‌مووی ڕێژه‌یی یه و دروست سه‌د له سه‌د نی یه . به‌ڵام ئه‌م به‌روارانه‌ی خواره‌وه سه‌د له سه‌د ڕاستن و له‌مێژووی ووڵاتی سویددا نووسراوه :
آ/ ووڵاتی سوید له‌ساڵی 1435 یه‌که‌م پارله‌مانی خۆی پێک هێناوه .
ب/ له‌ساڵی 1680 ده‌سه‌ڵاتی پادشایی دابه‌ش کراوه‌و پاشا وه‌کو سومبولێک دانراوه نه‌ک وه‌کو بڕیار و خۆی هه‌موو شتێک بێت وه‌کو ئێستای ووڵاته عاره‌بی یه‌کان که سیستمی شاهانه‌یه‌و هه‌ر شا‌و کوڕی شا بڕیار به‌ده‌ستن ، نمونه‌ی ئه‌و ووڵاتانه‌ش ووڵاتی شاهنشینی سعودی و ووڵاتی شاهنشینی ئوردونی و .. هتد . به پێوه‌ری جیاوازی ساڵه‌کان ووڵاتی سوید 327 ساڵ جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و ووڵاته عاره‌بیانه‌ی که پادشاه ( الملک ) بڕیار به‌ده‌ستن تێیدا .
ج/ له‌ساڵی 1921 یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن و به‌شداری کردنی ئافره‌تان و مافی ئافره‌تان / ژنان له‌هه‌مان ساڵدا . ووتای وایه سوید 22 جار هه‌ڵبژاردنی دیموکراتییانه‌ی کردووه هه‌تا ئێستا .
د/ له‌ساڵانی ده‌وروبه‌ری 1800 که نزیکه‌ی 200 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌کات په‌تاته گه‌یشتۆته ووڵاتی سوید و له‌ڕێگه‌ی ئه‌مه‌ریکای باشووره‌وه که 8000 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خۆیان په‌تاته‌یان دۆزیوه‌ته‌وه په‌تاته گه‌یشتۆته سوید . نمونه‌ی ئه‌و ووڵاته‌ی باشوری ئه‌مه‌ریکاش ووڵاتی به‌رازیله که زۆر به‌ناوبانگه له چاندن و به‌رهه‌مهێنانی په‌تاته‌دا .
2 / ووڵاتی سوید‌و کوده‌تای ڕامیاری .
ڕه‌نج و ماندوبوونی زۆربه‌ی زۆری شۆڕشه‌کانی دنیا که‌به‌خوێنی کرێکار‌و چه‌وساوه‌و پرۆلیتاری جیهان ده‌ست پێده‌کات به‌رهه‌می ڕوباری ئازادی یه‌که‌ی تینوێتی کۆمه‌ڵێ سه‌رمایه‌دار ده‌شکێنێت . نمونه‌ی زیندووش بۆ ئه‌و شۆڕشانه زۆرن شۆڕشی کوبای فیدڵ کاسترۆو خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌باشوری کوردستان و .. هتد .
له‌هه‌موو جیهانی پێشکه‌وتوودا پارتی ده‌سه‌ڵات و پارته‌کانی به‌رهه‌ڵستکار هه‌ن و ده‌بێ ببن چونکه ئه‌نجامی کار‌و مامه‌ڵه‌ی دیموکراسی کاری هه‌ڵبژاردنه‌و هه‌ڵبژاردنیش یه‌کێکه له پایه هه‌ره به‌هێزه‌کانی بینای ژیانی دیموکراسی سه‌رده‌م . هه‌ڵبژاردن و ئه‌م سیستمه مه‌ده‌نی یه یه‌کێک یان پارتێک ده‌کاته به‌رپرس و به‌رپرسیش به‌وواتا پراکتیکییه‌که‌ی هیلاک بوون و به‌ره‌و پێشبردنی ووڵات و لێپرسراو له‌ژیانی خه‌ڵک و خه‌بات و شه‌ونخوونی بۆ ئامانجی به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانی نیشتمان نه‌ک وه‌کو به‌رپرسانی کورد و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات که خوا خۆی ووڵاتیان بۆ به‌ڕێوه ده‌بات و نیشتمان بێنازو خه‌ڵکیش هه‌تیوو بێ باوکه . نیشتمان ده‌بێ ئازاد و خه‌ڵکیش ده‌بێت یه‌کسان و هه‌موو تاکێکیش ده‌بێت هه‌ست به هاووڵاتی بوونی خۆی بکات بۆیه ئه‌م نمایشی ئازادی یه له‌سه‌ر شانۆی که‌ش و هه‌وای ووڵاتێکی دیموکراسیدا ڕؤڵیان ده‌بێت به‌م نه‌خشه‌ی پلان و پێشکه‌وتنه ووڵات له‌ڕه‌وتی به‌مه‌ده‌نی کردن و شارستانی بوون دوواناکه‌وێت . به‌ڵام شۆڕشی چه‌کداری له‌ئه‌نجامی زووڵم و تاک ڕه‌وی و نایه‌کسانی هه‌ندێ له سه‌رکرده‌و ووڵاته دوواکه‌وتووه‌کان دروست ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتێکیش زمانی گفتوگۆ‌و لێک حاڵی بوونی نه‌بێت ( المفاوظات ) diskussion ئه‌وا هه‌ر شۆڕشی چه‌کداری وه‌کو به‌رهه‌ڵستکار له‌و جۆره ووڵاتانه به‌رده‌وام ده‌بێت و خه‌باتی خۆی ده‌کات بۆ ڕێکخستن و دروست کردنی ده‌سه‌ڵاتێکی فره حیزبی که ئه‌و میری و ده‌ووڵه‌ته به‌رهه‌ڵسکاره‌کانیش بگرێته خۆی . شۆڕشی چه‌کداری و خه‌بات بۆ ئازادی تاکی نه‌ته‌وه‌یه‌ک کاری ڕامیاری و سه‌ربازی ده‌وێت و ئه‌مه کار‌و خه‌باتی به‌رهه‌ڵستکاره له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌ووڵه‌ت ئه‌وه‌ش له‌ئه‌نجامی تینوێتی خه‌ڵکی ئازادیخوازه بۆ نان و ئازادی و ژیان ( ناوچه‌یه‌ک له‌ناو ووڵاتدا ئازاد ده‌کرێ و خه‌ڵکه‌که‌ی فێری خه‌باتی سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌رزی و ژیان ده‌کرێ ) . به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه لای ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵ و سه‌رمایه‌داره‌کان هه‌وڵ ده‌درێ که خه‌ڵکی هه‌ژارو نه‌خوێنده‌وارو گێل بن . زۆرجاریش له‌سیستمی دیموکراسیدا به‌رهه‌ڵستکار له‌ناوه‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌ووڵه‌تن و هه‌م کار‌و هه‌م مافیشیان هه‌یه به‌ڵام دووای چه‌ند ساڵێک له هه‌وڵدان بێ هیوا ده‌بن له‌هاتنه سه‌ر حوکم و ده‌سه‌ڵات له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌و به‌رهه‌ڵستکاره یان ئه‌و گروپه کاری ڕامیاری به‌جێده‌هێڵن و پلانی کوده‌تای ڕامیاری داده‌ڕێژن نمونه‌ی زیندوش بۆ ئه‌و کاره ووڵاتی سویده که‌له‌ساڵی 2006 ئه‌و کوده‌تا ڕامیارییه‌یان له پارتی سۆسیال دیموکرات کرد و هه‌رچه‌ند شێوه‌ی کوده‌تا زووڵمه به‌ڵام ئه‌و کوده‌تایه به‌شێوه‌و کارێکی یاسایی داده‌نرێت له سیستمی هه‌ڵبژاردن و دیموکراتی یه‌تدا . له‌خواره‌وه‌ی ووتاره‌که زیاتر ڕوونی ده‌که‌مه‌وه . ئه‌وه کاری مرۆیی و شۆڕشگێڕی یه که خه‌ڵکی فێری ژیان و ئازادی بکرێت له‌ناو نیشتمانێکی یه‌خسیرو که‌له‌پچه‌دا به‌ڵام زۆرجاریش ئه‌و خه‌ڵک و تاقمه‌ی به‌ناوی چه‌وساوه‌وه تێده‌کۆشن خۆیان له‌دوواییدا ده‌بنه دیکتاتۆرو ته‌ڕو ووشک پێکه‌وه ده‌سووتێنن نمونه‌ش بۆ ئه‌وه ( سه‌دام حسێن ) ی دۆڕاوو نه‌خۆش بوو که‌خۆی به‌شؤڕشگێڕو خه‌باتگێڕی نه‌ته‌وه‌ی عاره‌ب ده‌زانی و شۆڕشی پارتی به‌عسی دژ به ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ( عه‌بدولڕه‌حمان عارف ) به‌رپا کرد له‌ساڵی 1968و خستی و دوواتریش کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی و ڕامیاری له دژی سه‌رۆک کۆماری عێراقی ئه‌وسا ( احمد حسن بکر ) که‌له ساڵی 1979 دا بوو به‌رپا کردوو خۆی و که‌سوکاری و کوڕی ( محمد احمد حسن ) کووشت و سه‌رکه‌وت به‌سه‌ریانداو بوو به گه‌وره‌ترین بکووژو شه‌ڕانگێزو دیکتاتۆری ناوچه‌که . فیدڵ کاسترۆی کوباش به‌ناوی چه‌وساوه‌کانی دنیاوه خه‌باتی کرد که‌چی ئێستا زیاتر له 50 ساڵه له‌ده‌سه‌ڵاتدا کارده‌کات و چوار نه‌خۆشیی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه که‌چی ڕێگه به‌هه‌ڵبژاردنێکی دیموکراسی نادات و نایه‌ڵێت خه‌ڵکی فێری مامه‌ڵه‌ی ئازادی و دیموکراسی ببن و هه‌ناسه‌یه‌کی به‌خته‌وه‌ری بده‌نه‌وه که‌چی براکه‌ی خۆی ئاماده کردووه له دووای خۆی میریی کوباو یه‌که‌م ده‌سه‌ڵاتی کوبا بێت . کوردستانی باشووریش زیاتر له سه‌ده‌یه‌که خه‌بات و خوێن ڕشتن و ماڵوێرانی و چه‌ند جار سووتانی ووڵات و نیشتمان و چه‌ند هه‌زار شه‌هیدو 17 ساڵیش موماره‌سه‌ی کاری ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن که‌چی به‌داخه‌وه نایه‌ڵن خه‌ڵکی به‌و سیستمی یه‌کسانی یه شادبێت که هه‌ڵبژاردن و دیموکراسی یه‌ت ده‌یخوازێ و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو پارت و هه‌موو داهاته‌کانیش به‌ش کردنه له‌نێوان ئه‌و دوو پارته که یه‌کێتی و پارتین ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که 17 ساڵه نه مافی تاک و نه یه‌کسانی و نه ئازادی ڕا ده‌ربڕین هه‌یه بێجگه له‌وه‌ی که فیکرێکی کۆنه‌په‌ره‌ستی تاو ده‌ده‌ن و هانده‌رێکن بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان و ئافره‌تان . وه‌هه‌روه‌ها بوونه‌ته هۆی داڕمانی ئابووری یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند که‌له ووڵاته‌که‌دا هه‌یه و له‌باتی خه‌ڵکی فێری هه‌ڵبژاردن و ڕاستی بکه‌ن خۆیان به‌شێوه‌یه‌کی خێڵه‌کی ڕێکه‌وتوون هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م ئابووری ( پاره ) دابه‌ش ده‌که‌ن له‌نێوان خۆیاندا و هه‌تا ئێستا خه‌ڵکی کوردستان له‌بوجه‌ی ساڵانه‌ی ووڵاته‌که‌یان ئاگادارنین و مخابن له‌ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌هه‌زاران گه‌نج بێکارو بێ پاره‌یه‌و ئه‌مه‌ش بۆته هاندانێکی گه‌وره که گه‌نجه‌کان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات بڕۆن و به‌قاچاغ و ژیانی ترسناک و مردن هه‌ڵبژێرن ته‌نها له‌پێناوی ئه‌وه‌ی له جێگه‌یه‌کی تر ژیان و بژێوی یان به یه‌کسانی و سه‌ربه‌ستی شاد ببن و یان به‌ده‌ستی بهێنن . ئه‌و کوده‌تاو به‌رهه‌ڵستکارو خه‌باتانه‌ی ووڵاتانی دنیا که هه‌میشه باسی لێوه‌ده‌که‌ین بۆ مه‌رامی فێربوونه ، فێربوونی ژیان و مه‌ده‌نی یه‌ت و ئارامی و یه‌کسانی بۆ مرۆڤه‌کانی هه‌موو دنیا بۆیه بۆ ووڵاتی سویدیش هه‌مان هاوکێشه‌یه به‌ڵام به‌جۆرێکی تر چونکه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌سوید ده‌چوو به‌ڕێوه له‌لایه‌ن پارتی سۆسیال دیموکرات Socialdimokrat Parti به‌سه‌رۆکایه‌تی گۆران پێرشۆن Göran Perssonنزیکه‌ی دووانزه ساڵ میریی و له‌ده‌سه‌ڵاتدا بوو . !! . به‌ڵام چۆن ده‌سه‌ڵاتێک و چۆن کارکردنێک .؟.
پارتی سۆسیال دیموکرات که خۆم نزیکه‌ی 7 ساڵ ئه‌ندامی بووم و به‌جێم هێشت یان وازم لێ هێنا له‌به‌رئه‌وه‌ی بڕیاری ڕاگرتنی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی ( الاقامة ) ده‌رکرد دژ به په‌ناهه‌نده‌کانی کورد ئه‌وه جێی شانازی منه که‌له‌پێناوی نه‌ته‌وه‌که‌م هه‌موو کارێکی باش بکه‌م . ئه‌وکاره‌شی که‌کردی پێش کۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بوو له 16/9 2006 دا . به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا پارتی سۆسیال دیموکرات کاری زۆرباشیان کردووه بۆ کورد‌و بۆ نه‌ته‌وه‌کانی تر له‌و دووانزه ساڵه‌ی فه‌رمان ڕه‌واییاندا له‌دووای ساڵی 1994 که‌هه‌ڵبژێردرانه‌وه هه‌تا 2006 ئه‌م پارته پێشکه‌وتووه هه‌م هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵک و جێی متمانه‌ی خه‌ڵکی بوون هه‌روه‌ها کاری زۆر باشیان کردووه بۆ ووڵاته‌که‌ی خۆیان که ووڵاتی سویده و له زۆرجارو بۆنه‌شدا سه‌رۆکایه‌تی ئه‌وروپاشیان کردووه به‌ڵام هه‌رچه‌نده هیچ پارت و که‌سایه‌تی و ڕامیاری یه‌ک به‌ده‌ر نابێت له‌هه‌ڵه‌و که‌م و کوڕی . دووای چه‌ند جار له‌سه‌ر یه‌کی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامی تێکۆشانی ڕامیاری حه‌وت پارتی ڕامیاری و هه‌ڵبژاردن و ده‌رچوونی سۆشیال دیموکرات له‌و ساڵانه‌ی پێشوودا که هه‌ر چوار ساڵ جارێک ده‌بوو بێ هیوایی دروست کردبوو له‌ناو ڕیزه‌کانی به‌رهه‌ڵستکاراندا ( المعارظة ) و به‌تایبه‌ت پارتی مۆدێرات به‌سه‌رکردایه‌تی فرێدریک ڕاینفێڵد چونکه ئه‌م پارته زۆر هه‌وڵی ده‌دا که‌جێی پارتی سۆسیال دیموکرات بگرێته‌وه به‌ڵام له ساڵانی هه‌ڵبژاردنی 94 و 98 و 2002 و هه‌ر سۆسیال دیموکرات ڕێژه‌ی به‌رزی به‌ده‌ست ده‌هێناو سه‌رکه‌وتنی ته‌واوی مسۆگه‌ر ده‌کرد له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا . بۆیه له ساڵی 2006 دا له کۆی حه‌وت پارتی فه‌رمی ( الحزب الرسمي ) ووڵاتی سویددا چوار پارتیان یه‌کگرتنێکی فراوانیان دروست کرد دژ به سۆسیال دیموکرات و ده‌سه‌ڵاتیان له سۆسیال دیموکرات بردوو خستیان به‌ڵام نه‌ک به‌هه‌قی ڕێژه‌یی پارته‌کان خۆیان بۆیه ئه‌و هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه له‌لای من له کوده‌تایه‌کی ( انقیلاب ) ڕامیاری ده‌چوو وه‌هه‌روه‌ها له‌گه‌له‌کۆمه‌ی به‌رهه‌ڵستکاران کوده‌تای ڕامیاری ( انقلاب سیاسي ) ده‌چوو دژ به ده‌سه‌ڵات که سۆسیال دیموکرات بوو . به‌ڵام ئه‌و یه‌کگرتنه‌ی پارته‌کان له‌کاتی هه‌ڵبژاردندا دژ به ده‌سه‌ڵات یان پارتێکی گه‌وره ئه‌وه‌ش کارێکی یاسایی یه‌و له سیستمی دیموکراسیدا کارێکی په‌سه‌نده . له‌به‌شی خاڵی سێهه‌می ووتاره‌که‌دا ناوی پارته‌کان هاتووه .
3/ ووڵاتی سوید به‌ره‌و سیستمی سه‌رمایه‌داری .
ووڵاتی سوید یه‌که‌مین نیشتمان و یه‌که‌مین جیهانی به‌خته‌وه‌ری منداڵ و ئافره‌تانه له‌ئاستی به‌رزدا . ووڵاتانی تر زۆرن که پێشکه‌وتوو دیموکراتیین به‌تایبه‌ت ئه‌وروپای ڕۆژئاوا وه‌کو : ئا‌ڵمانیا ، هۆڵه‌نده ، ئیتالیا ، سویسرا ، فه‌ره‌نساو .. هتد . به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی زانستی و لێکۆڵینه‌وه‌ی هه‌مه‌جۆرو ڕای زۆربه‌ی ڕێکخراوه مه‌ده‌نی و مرۆیی یه‌کان و ڕای لێکۆڵه‌ره‌وه‌و زانای به‌ریتانی ئینکۆمست inkomstده‌ڵێ : ( ووڵاتی سوید یه‌که‌م ووڵاتی دیموکراسی بووه بۆ ساڵی 2006 له جیهاندا . ووڵاتی سوید جوانترین ماڵی دڵنیایی و حه‌سانه‌وه‌یه که جێی ئازادی و ماف و یه‌کسانی و ڕێزگرتنی ئاده‌میزاد و ئاژه‌ڵان و نرخاندنی مرۆڤ به‌گشتی و به‌رز ته‌ماشا کردنی هه‌موو بوونه‌وه‌ران و مافی منداڵ و ژنانیش له‌پله‌ی یه‌که‌مدا بووه . سوید یه‌کێکه له‌ووڵاته هه‌ره باش و مرۆیی و بێلایه‌ن و پێشکه‌وتووه‌کانی جیهان که‌نزیکه‌ی 50 ساڵه له‌پێشکه‌وتنی به‌رده‌وام دایه له‌هه‌موو بوواره‌کانی ژیاندا . ئه‌وه‌ی شایانی باسه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌ووڵه‌تی سوید شه‌ڕخواز نه‌بووه‌و هه‌میشه‌ش بێلایه‌ن و هێمن و ئارام بووه له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خاک و نه‌ته‌وه‌ی سوید هه‌وڵی زۆری داووه‌و تێکۆشاوه‌و هه‌میشه‌ش به‌زمانی سه‌رده‌م و لێک حاڵی‌بوون له‌گه‌ڵ دۆست و دووژمنانی دوواوه . سوید به‌شداری جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و دووه‌می نه‌کردووه‌و زۆر به ژیرانه ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و بێگانه‌دا کردووه له‌پێناوی ژیانی هاووڵاتیانی خۆی که به‌باشترین شێوازی به‌مه‌ده‌نی بوون و سیستمی په‌روه‌رده‌یی سه‌رکه‌وتوو کاری بۆ کردوون و بردوونی به‌ڕێووه . ووڵاتی سوید نزیکه‌ی 200 ساڵه هیچ جۆره جه‌نگێکی نه‌کردووه‌و هیج جۆره کووشتارێکی تێدا ڕووی نه‌داوه‌و هه‌میشه میری و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ووڵاته له‌هه‌وڵی خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵکه‌که‌ی بوون . سوید ووڵاتێکی زۆر پێشکه‌وتووه له باری په‌روه‌رده‌یی منداڵ و سیستمی قوتابخانه‌و نرخاندنی قوتابی و به‌گه‌وره‌و ڕێزه‌وه سه‌یرکردنی منداڵ و په‌روه‌رده‌و فێرکردنێکی زۆر نمونه‌یی له قوتابخانه‌کان به‌تایبه‌ت قوتابخانه سه‌ره‌تایی یه‌کان که خۆم وه‌کو پیشه کاری تێدا ده‌که‌م . مخابن ئه‌م جوانی و مرۆڤ دۆستی و یه‌کسانی و .. هتد هه‌تا چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر بوو چونکه له به‌رواری 16/9/2007 و دووای هه‌ڵبژاردنی چوارساڵه‌ی سه‌رتاسه‌ری ووڵاتی سوید و هه‌ڵبژاردنی پارتی مۆدێرات Moderatparti به‌سه‌رۆکایه‌تی فرێدریک ڕێینفێلد (Fredrik Reinfeldt) و شکستی پارتی سۆشیال دیموکرات ( socialdimokrt ) که‌به‌سه‌رۆکایه‌تی گۆران پێرشوون (Göran Persson) بوو ئه‌نجام درا . به‌ڵام وه‌کو ده‌نگ و لایه‌نگرو ڕێکخستن و دۆستی سۆشیال دیموکرات گه‌لێ زیاتر‌و گه‌وره‌ترن له پارتی مۆدێرات به‌ڵام یه‌کگرتنی مۆدێرات له‌گه‌ڵ سێ پارتی تردا بووه هۆی سه‌رکه‌وتنی و هاتنه سه‌ر حوکم و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پارتانه‌ی یه‌کگرتنی له‌گه‌ڵ ساز دابوون هه‌مووی پارتی به‌رهه‌ڵستکارو یه‌کگرتنه‌که‌ش له‌شێوه‌ی کووده‌تای ڕامیاری ڕوویدا ئه‌وانه‌شی که‌یه‌کگرتنیان سازدا له‌گه‌ڵ پارتی مۆدێرات بریتی بوون له‌م سێ پارته Kristdemokraterna و Folkpartiet و Centerpartiet . ئه‌وه‌ش به‌ڕای من بووه هۆی تێکچوونی ژیان و سیستمی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ی که له‌لایه‌ن سۆشیال دیموکراته‌وه چه‌نده‌ها ساڵه بنیات نرابوو چونکه نزیکه‌ی 12 ساڵێک ده‌بوو که ئه‌م ووڵاته هه‌ر به‌سیستمی سۆشیال دیموکراتی ڕۆیشتووه به‌ڕێوه و ئه‌وه‌ی شایانی باسه زۆربه‌ی ووڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی دنیا به‌م سیستمی سۆسیال دیموکراته ووڵات و سیستمی ژیانی نوێ ده‌به‌ن به‌ڕێووه . تائێستاش خه‌ڵکی سوید کێشه‌یان نه‌بووه له‌گه‌ڵ سیستمی خۆیان و هه‌موویان ژیانیان مسۆگه‌ربووه چونکه که‌سێک نی یه بێ پاره‌و یارمه‌تی بێت ته‌نها ئه‌لکهولیستی یه‌کان نه‌بێت به‌ڵام پێموایه ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریکاش گرنگه‌و ئه‌مریکاش پێی خۆشه سویدیش ببێته ووڵاتێکی سه‌رمایه‌داری چونکه خه‌ڵکی ئه‌مریکا گله‌یی یه‌کی زۆر ده‌که‌ن له ده‌ووڵه‌ته‌که‌یان و ده‌ڵێن : ( بۆچی ووڵاتی سوید خه‌ڵکه‌که‌ی تێروته‌سه‌ل و بێ پاره نی یه خۆ سوید هێنده‌ی نیوه‌ی ئه‌مریکاش ده‌وڵه‌مه‌ند نی یه که‌چی میلله‌ته‌که‌یان باشتر ده‌ژین له‌ئێمه ) . ئێستا سوید به‌ره‌و سه‌رمایه‌داری ده‌ڕوات و ده‌ستکاری زۆربه‌ی سیستم و به‌رنامه‌کانی کراووه هه‌رچه‌نده به‌رنامه‌و ڕێکلامی مۆدێرات پێش هه‌ڵبژاردنی 2006 ی ئه‌وه بوو که زه‌کات و ( ظریبة ) که‌م بکاته‌وه‌و خه‌رجی و معاشی کارمه‌ندو مامۆستا زیاد بکات به‌ڵام به‌داخه‌وه وا ده‌رنه‌چوو . له‌به‌رئه‌وه‌ی مۆدێرات پارتێکی سه‌رمایه‌داره کار‌و بڕیاره‌کانی ته‌نها له‌به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن سه‌رمایه‌و کارگه‌کاندایه بۆیه ئومێدی خه‌ڵکی هه‌ژارو خه‌ڵکی مامناوه‌ندی نی یه . به‌وه‌ش زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م ووڵاته زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن چونکه به‌شێکی که‌م له خه‌ڵکی ئه‌م ووڵاته خاوه‌ن کارخانه‌ن بۆیه زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که ئاستی ئابووریان مام ناوه‌ندی یه و سه‌رمایه‌دار نین له‌ڕاستیشدا خه‌ڵکی هه‌ژار زۆر که‌مه له‌م ووڵاته‌دا چونکه ئه‌وکه‌سه‌ی بێکار ده‌بێت بیمه‌ی بێ‌کاری وه‌رده‌گرێت یان ده‌ووڵه‌ت پاره‌ی یارمه‌تی نه‌خۆشی و بژێووی ژیانی دابین کردووه بۆ هه‌ژارو بێکاران له‌م ووڵاته‌دا به‌سیستمی سۆسیال . به‌داخه‌وه هه‌رووڵاتێ به‌ره‌و سه‌رمایه‌داری مل بنێ کۆمه‌ڵێکی زۆر له خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌بێته زه‌حمه‌تکێش و کۆمه‌ڵێکی که‌م و بچووکیش ده‌بێته ئاغا‌و سیمای جوانی ئه‌و ووڵاته کاڵتر ده‌بێته‌وه‌و و نامێنێ و شار‌و ووڵات به‌ره‌و ناڕێکی و ناشارستانی ده‌ڕوات نمونه‌ش بۆ ئه‌وه جاده‌کانی واشینتۆن یان نیویۆرک ببینی به‌و هه‌موو جوانی یه‌وه سواڵکه‌رو هه‌ژارو بێ‌ماڵ ده‌بینی که‌له‌سه‌ر شۆسته‌کانی به‌کارتۆن و مقه‌با ژور دروست ده‌که‌ن و یان پاڵ که‌وتوون له‌سه‌رجاده ئه‌و دیمه‌نه‌ش کاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌روونی ده‌بێت له‌سه‌ر خه‌ڵک . بێجگه له‌وه‌ی له‌سیستمی سه‌رمایه‌داریدا دزی و گه‌نده‌ڵی زیاتره‌و نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئابووریش زۆرتره .
4/ ووڵاتی سوید و کێشه‌ی په‌نابه‌رانی کورد .
ئه‌وه‌ی که ئاواتی خه‌ڵکی سیاسی و هه‌ژارو لێقه‌وماو بوو به‌تایبه‌ت خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات و ئاسیا که‌له‌ده‌ست زووڵم و ناحاڵێتی و نایه‌کسانی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان په‌ناو ئاواتیان ئه‌م ووڵاته بوو هیواکانیان به ژیان و به‌رده‌وامی کۆتایی هات . له‌زۆربه‌ی ووڵاتانی دنیاوه خه‌ڵکی هه‌مه‌جۆر ڕوویان کردۆته ئه‌م ووڵاته که زۆربه‌یشی بۆ په‌نادان و ژیان و گوزه‌ران بووه ، به‌ڵام مخابن ئێستا ده‌رگای په‌ناو یارمه‌تی دانی مرۆیی داخستووه‌و تروسکایی متمانه‌و دڵنیایی و خۆشیی له‌دڵی په‌ناهه‌نده‌دا نه‌هێشتووه به‌تایبه‌ت ئه‌و په‌ناهه‌ندانه‌ی که چاوه‌ڕێی مۆڵه‌تی مانه‌وه ده‌که‌ن و کوردن یان عێراقین له‌و ووڵاته‌دا . که‌چی ساڵانه په‌ناهه‌نده‌یه‌کی زۆر وه‌رده‌گرێ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه بۆ خۆی بۆ نمونه زۆر له‌کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات یان فارسه ڕاکردووه‌کانی ئێران له تورکیا‌و له ووڵاتانی تری وه‌کو پاکستانه‌وه به‌هۆی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه UN مانه‌وه‌ی ڕامیارییان پێده‌درێت و به‌فڕۆکه ڕه‌وانه ده‌کرێن بۆ سوید . به‌ڕاستی ئه‌مه بانێکه‌و دوو هه‌وا ، چۆن چۆنی سوید پێویستی به‌خه‌ڵکه‌و که‌چی خه‌ڵکێکی زۆر به‌پێی خۆیان و به پاره‌و هیلاک بوونی خۆیان گه‌یشتوونه‌ته سوید ده‌ریان ده‌کات .؟. که‌واته به‌م هاوکێشه‌یه وواتای وایه ووڵاتی سوید پێویستی به‌په‌ناهه‌نده هه‌یه . !! . لێره‌دا پرسیارێک خۆی قوت ده‌کاته‌وه :
پرسیار : سوید پێویستی به‌په‌ناهه‌نده هه‌یه ئه‌ی که‌واته بۆ په‌ناهه‌نده کورده‌کانی باشوور ده‌نێرێته‌وه .؟. به‌تایبه‌تیش 1400 که‌سی کوردی باشوور که مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی یه‌ک ساڵیشیان هه‌بوو که‌چی لێی سه‌ندوونه‌ته‌وه‌و پاره‌ی یارمه‌تی لێبڕیون و ژیانیانی خستۆته مه‌ترسی یه‌وه .
وه‌ڵام : ووڵاتی سوید په‌یوه‌ندی و ڕێککه‌وتنێکی نهێنی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان گرێ داوه‌و ڕێک که‌وتوون له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا . ئه‌ی به‌ڵگه چی یه بۆ ئه‌م وه‌ڵامه .؟.
به‌ڵگه :
1/ هه‌تائێستا ووڵاتی سوید به‌درێژایی 35 ساڵ و هاتنی بێگانه بۆ ووڵاته‌که‌یان مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی له هیچ په‌ناهه‌نده‌یه‌ک وه‌رنه‌گرتۆته‌وه به‌بێ هۆ . ( باس له‌و حاڵه‌تانه ناکه‌ین که تاوانیان کردووه له‌م ووڵاته‌داو بانگهێشتی دادگا کراون ) .
2/ زیاتر له پانزه جۆر نه‌ته‌وه له ووڵاتی سویدن و داوای مۆڵه‌تی مانه‌وه ده‌که‌ن . بۆ ته‌نها کوردی باشوور مۆڵه‌تیان لێبسه‌ندرێته‌وه‌و بنێردرێنه‌وه .؟.
3/ هه‌ر میری یه‌ک یان ده‌سه‌ڵاتێک که په‌نابه‌ری هه‌یه له سوید به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی به سویدی ڕابگه‌یه‌نێت که په‌نابه‌رانی وه‌رناگرێته‌وه سوید په‌نابه‌رانی ناگه‌ڕێنێته‌وه .
4/ به‌یاسای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی ساڵی 1952 ئه‌گه‌ر ترس و ڕاونان و بێ‌کاری و نادیموکراتی یه‌خه‌ی مرۆڤی گرتبێت و به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک ڕابکات بۆ ووڵاتی سێهه‌م به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌یه ناردنه‌وه‌ی بۆ ووڵاتی خۆی . په‌نابه‌ر ده‌نێردرێته‌وه بۆ نیشتمانی خۆی ته‌نها به‌مه‌رجێک که‌ئه‌ویش به ڕه‌زامه‌ندی خۆیی و به‌ئاره‌زووی خۆی ئه‌و بڕیاره بدات .
5/ سوید ئاگای له‌و ته‌قینه‌وانه هه‌یه که‌له‌کوردستان ڕووده‌دات به‌تایبه‌ت شاری که‌رکوک .
که‌واته سوید که ووڵاتێکی دیموکراسی یه چۆن ئه‌و کاره ده‌کات و خه‌ڵکی بێکه‌س و داماوی وه‌کو میلله‌تی کورد که‌نه‌ده‌ووڵه‌ت و نه نیشتمانێکی ئازادی هه‌یه ده‌نێرێته‌وه به‌ڵام خه‌ڵکانی په‌ناهه‌نده‌ی وه‌کو : ڕوسی و بولگاری و سۆمالی و ئه‌سیوپی و ئێرانی و یوغوسلافی و تورکی و عاره‌ب و .. هتد که‌ئه‌مانه ده‌ووڵه‌تیشیان هه‌یه‌و باری ئاسایش و ئابووریشیان له کورد باشتره که‌چی نایاننێرێته‌وه .؟. ده‌بێ ئه‌و ماستی سویده چ موویه‌کی ده‌سه‌ڵاتی کوردی تێدابێت .؟. ئه‌وه وه‌ڵامه‌که‌ی بۆ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته‌که به‌جێده‌هێڵم . چونکه ئێمه‌ش وه‌ڵامی خۆمانمان پێ یه که له هی ئه‌وان ناچێت چونکه من وه‌کو نووسه‌رێک هه‌میشه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی هه‌ژارو لێقه‌وماوی میلله‌ته‌که‌م دام چونکه ته‌نها نه‌ته‌وه‌یه‌که که‌س ئازاره‌کانی نابینێت ئه‌وه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت من له‌هه‌موو کارێک‌دا دژ به‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی و سویدی بم . ده‌سه‌ڵاتی کوردیی باشوور له‌باتی ئه‌م فڕوفێڵانه و کلک گڕێدان له‌گه‌ڵ ده‌ووڵه‌تان دژ به مرۆڤ و گه‌نجانی خۆی ده‌یکات و چاڵیان بۆ هه‌ڵده‌که‌نیت باشتر وایه بیربکاته‌وه باری ڕامیاری و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی میلله‌ت و ووڵاته‌که چاک بکات و بژێوی ژیانیان بۆ دابین بکات و ئه‌رکیان له‌سه‌ر که‌م بکاته‌وه ئه‌وکات خه‌ڵکی خۆی داده‌نیشێت و ناڕوات و ووڵات به‌جێ ناهێڵێت . خه‌ڵکی چۆن ئه‌و ووڵاته به‌جێ ناهێڵێت که‌به‌ڕۆژ چه‌ند سه‌عاتێک به‌دیار به‌لوعه‌وه دابنیشێت چاوه‌ڕێی ئاو بکات هه‌تا چه‌ند سه‌تڵێکی لێ پڕبکات بۆ خواردنه‌وه‌و خۆ شتن یان ئه‌بێ بچێ به‌به‌رمیل ئاو بکڕێت .!. باشه که ئاو به‌به‌رمیل و ته‌نکه‌ر هه‌بێت بۆ فرۆشتن ئه‌ی بۆ قه‌تره‌یه‌ک به‌به‌لوعه‌که‌دا نایه‌ت .؟. یان شه‌وان به‌بێ ڕووناکی و بێ کاره‌با به‌دیار چرای دوکه‌ڵاوی و به‌تاریکی ده‌بێ دانیشن وه‌کو هه‌شتا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر حه‌قایه‌ت بۆ یه‌کتری بکه‌ن .!! . خه‌ڵکی ئه‌و ووڵاته هه‌موویان گورچیله‌یان داڕزاوه له‌به‌ر ئاو کڕینی پیس . ده‌سه‌ڵاتێک نه‌توانێت ئاو دابین بکات که‌ئه‌م کاره‌ساته له سۆمالیشدا نی یه ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی چی بێت .؟. ئاخر ئه‌وه که‌مترین و ساده‌ترین مافی هاووڵاتی یه که ئاو‌و کاره‌بای هه‌بێت کۆتایی یه‌که‌ی خراپ ده‌شکێته‌وه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی که خۆی نه‌توانێ مافه سه‌ره‌تایی یه‌کانی خه‌ڵک دابین بکات و نه‌شهێڵێ له‌هیچ ووڵاتێکدا بحه‌سێنه‌وه ..!!. له‌دووایدا پاڵه‌په‌ستۆیه‌کی ئێجگار گه‌وره دروست ده‌کات بۆ خۆی چونکه بابه‌تی کۆچ و سه‌فه‌رو گه‌ڕان کارێکی شه‌رعی یه ، ئه‌ی باشه بۆ خۆیان ( ده‌سه‌ڵاتی کوردستان ) پاسپۆرتی ووڵاتانی ئه‌وروپییان پێ یه‌و به‌ئاره‌زووی خۆیان سه‌فه‌ر ده‌که‌ن .؟. خه‌ڵکیش مرۆڤه به‌ر به‌لێشاوی ناڕه‌زایی و کۆچ به‌م سیاسه‌ته نابێت .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ژماره‌ی په‌ناهه‌نده‌یه‌کی زۆر هه‌یه‌و له بارێکی ده‌روونی خراپ و له چاوه‌ڕوانیدان به‌تایبه‌ت کورده‌کانی باشووری کوردستان که مۆڵه‌ت و مانه‌وه‌ی یه‌ک ساڵیشیان پێ دراو ژماره‌یان 1400 که‌سه که‌چی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌که‌یانیان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌و بێجگه له‌وه پاره‌ی یارمه‌تی و کرێ خانوویان لێ بڕدراوه که ئه‌مه باری ده‌روونی زۆربه‌یانی خراپ کردووه‌و به‌تایبه‌ت خێزانه‌کان چونکه خێزانه‌کان خه‌رجیان پێویسته بۆ منداڵه‌کانیان ئه‌مه‌ش وائه‌کات له‌دووایدا خه‌ڵکێکی زۆر په‌نا بۆ کاری خراپ ببه‌ن و سیستم و شیرازه‌و باری ئاسایشی ئه‌م ووڵاته تێک بده‌ن .. ئه‌وه‌ش کارێکی خراپه‌و هه‌موومان ناڕه‌حه‌ت ده‌کات چونکه ئه‌م ووڵاته به‌ئه‌رک و ماندوبوونی چه‌نده‌ها ساڵه‌ی خه‌ڵکی سوید دروست بووه‌و دامه‌زراوه‌و هه‌یه . دووا به‌دووای ئه‌و بڕیاره سوید بڕیارێکی سه‌ختتری ده‌رکرد بۆ عێراقی یه‌کان و به‌ته‌واوی ئاواتی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی نه‌هێشت که چاوه‌ڕوانی مانه‌وه‌ن ( اقامة ) ئه‌ویش خه‌ڵکێکی زۆرن و ژماره‌یان 9300 که‌سه‌و زۆربه‌یان کوردی باشوورن و هیچ مۆڵه‌تێکیان نی یه و چاوه‌ڕێی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ن به‌ڵام ئه‌وانیش پێیان ڕاگه‌یاندوون که هیچیان پێ‌نادرێت و ڕه‌وانه‌یان ده‌که‌نه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که هه‌موومان ده‌زانین باری ئاسایشی و ئابووری ئه‌و ووڵاته چه‌ند خراپه ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ئه‌و چه‌ند دێڕ به‌ڵگه‌و نووسراوه‌ی سه‌ره‌وه که چۆن ده‌سه‌ڵاتی کوردی و عێراقی ده‌یانه‌ویت گه‌نجه‌کانیان نابووت و ڕسوا بکه‌ن . ئه‌مه‌شیان ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و میری عێراق و کوردی تێدایه چونکه له ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی عێراقدا کوردیش به‌شداره‌و هه‌ر قه‌رارێک له ده‌ووڵه‌تی عێراقی یه‌وه بێت بڕیاری کوردیشی تێدایه . داواکارم به‌م ووتاره‌م که ده‌سه‌ڵاتی سوید چاوێک بخشێنێته‌وه به‌و قه‌راره‌دا که بۆ 1400 که‌س به‌یه‌که‌وه دراوه چونکه ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه خه‌ڵکانێکی تێدایه که شایسته‌ی مانه‌وه‌ن و حه‌قی وایه که مافی په‌نابه‌رییان پێ بدرێت و کۆمه‌ڵێکیش که‌به‌زۆر بنێردرێته‌وه هه‌م زووڵمه‌و هه‌م ژیانیان له‌مه‌ترسیدا ده‌بێت . بۆ ئاگاداری ووڵاتی سوید که‌هه‌ر په‌ناهه‌نده‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه یان ده‌گاته‌وه کوردستان زۆر ئیهانه ده‌کرێت و قسه‌ی ناشرینی پێ ده‌ووترێت چونکه به‌گێڕانه‌وه‌ی زۆر له‌و که‌سانه‌ی که په‌ناهه‌نده بوون له تورکیا و تورکیاش ده‌یناردنه‌وه ئه‌و په‌ناهه‌ندانه خۆیان ده‌یانگێڕایه‌وه که چۆن له‌زیندان قسه‌یان پی ووتون و سه‌ریان سفر کردوون و دووایش به‌که‌فاله‌ت به‌ریان داون . بۆخۆتان ئاگادارن که‌تائێستا چه‌ندین ئافره‌تیش له‌کوردستانی باشوور کوژراوه‌و نمونه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ش دۆعاو به‌نازو شه‌وبۆو شیلان و .. هتد . وه‌کو ئاگاداربم زۆر له‌و خێزانانه‌ی کوردی باشوور به‌خۆشه‌ویستی و به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی دایک و باوکیان خێزانیان پێک هێناوه‌و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یانکوژن په‌نایان بۆ ووڵاتی سوید هێناوه ئه‌گه‌ر ئه‌وانه ڕه‌وانه بکرێنه‌وه یان خۆیان له‌ناچاریدا بگه‌ڕێنه‌وه به‌بێ قه‌یدو شه‌رت کوژراون به‌ده‌ستی که‌س و کاریان . وه‌کو ئاگادارم زۆر له‌و که‌یسانه هه‌یه که دوو خۆشه‌ویست له‌ناچاریدا په‌نایان بۆ سوید هێناوه ئه‌وه‌ش به‌ڕای من تاوانه‌و پێویسته که‌یسی له‌و جۆره به‌ووردی ببینرێت و بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت .
* تێبینی :
ئه‌م ووتاره به‌زمانی سویدی له‌چه‌ند سایت و ڕۆژنامه‌ی سویدی بڵاو ده‌بێته‌وه . هه‌رکه‌سێک له‌وانه‌ی مافی په‌نابه‌رییان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه ده‌توانێت وه‌کو دێکۆمێنت پێشکه‌شی فه‌رمانگه‌ی بێگانانی بکات له ووڵاتی سوید .
م . حه‌مید عه‌زیز
Hamid773@hotmail.com
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

