مه‌ملله‌که‌تی میرو بلۆک

aziz.jpgچۆن بنووم من جه‌سته‌ی بێگوناهی تۆ له‌ناو گه‌له‌ گورگێکدا که‌وتووه‌
چۆن بدوێم من دیمه‌نی خه‌ڵتانی خوێنت له‌ناو چاوما تۆمار بووه‌
چۆن دانیشم ئۆقره‌بگرم له‌م وه‌حشه‌ته‌ که‌من هه‌رده‌م به‌کووڵ ده‌گریم
عه‌شقی پیرۆزو پاکی تۆ له‌وڕۆژه‌وه‌ به‌هه‌شتێکه‌ له‌ناو ڕۆحما جێگیر بووه‌
چۆن بێده‌نگ بم له‌و‌ زووڵمه‌ته‌ ‌وه‌ک پێغه‌مبه‌ر له‌خاچیان دایت
که‌سێک بژی دور له‌ خه‌نده‌ی عه‌شق و جوانی پێش مردنی خۆی مردووه
چۆن وون ده‌بی له‌ به‌رچاوو به‌یه‌کجاری ده‌سڕێیته‌وه له‌ ویژدانما
هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤ بوونیم له‌گه‌ڵ شه‌هید بوونت تێکه‌ڵ بووه
چۆن ئۆقره‌ بگرم یه‌خه‌ی خۆم دانه‌دڕم و سته‌می ئه‌م وه‌حشه‌ته‌ ڕسووا نه‌که‌م
نه‌فره‌ت له‌و ژینه‌ تاڵه‌ی پیاو که‌ تێکه‌ڵ به‌ دین و کلتوری سه‌قه‌ت بووه‌
کوانێ ده‌ستێک کوا مرۆڤێک ئیدی ئه‌م جه‌هل و زووڵمه‌ ڕاگرێ ..
شه‌رمه‌ ئیدی ده‌ستی ڕه‌شمان زۆر له‌مێژه‌ تێکه‌ڵ به‌ مرۆڤ کووشتن بووه‌
خوداوه‌ندی میهرو جوانی لێمان په‌ست و تووڕه‌یه‌ که‌ چه‌ند گێل و نه‌فامین‌
گیاندارو باڵنده‌ چه‌ند به‌ڕه‌حمن بۆ بێچویان ئێمه‌ین ویژدانمان له‌مێژه‌ مردووه‌
چۆن وێراتان دڕنده‌کان پێغه‌مبه‌ری عه‌شق و جوانی به‌رد باران که‌ن
مه‌غۆل و ته‌ته‌ر باشتره‌ ئه‌ی ئێوه‌ چین به‌و کاره‌تان ئابڕوی مرۆڤتان بردووه
چۆنه‌ ماوم له‌م دنیای زووڵم و غه‌درستانه‌ ڕۆحم هه‌زارو یه‌ک له‌ته‌
هه‌رمیلله‌تێ هۆش و بیرو باکی نه‌بێ بۆ سبه‌ی به‌ده‌رده‌ی ئۆمه‌تی ئێمه‌ چووه‌
ئه‌ی خوداوه‌ندی ئاشتی زوڵم لابه‌ مه‌یهێڵه‌ با تۆسقاڵێ پشوو بده‌ین
سه‌یرێ بکه‌ ئۆمه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی خۆت حه‌یای مرۆڤ بوونی خۆی بردووه‌
چۆن نه‌سووتێم یاسای دین و کلتوری من ئه‌تک و به‌ردباران و خوێنه‌
میلله‌تی نه‌فام و ناحاڵی له‌ عه‌شق هیچێک زیاتر چی له‌ژین بردۆته‌وه‌‌
چۆن هه‌ڵفڕم بۆ دنیای بێستانی به‌خته‌وه‌ریت تۆ ئێستاکه به‌هه‌شته‌ جێت
ئه‌وانه‌ی تۆیان شه‌هید کرد له‌به‌ر ماڵی میرا که‌وتوون نۆکه‌رییان به‌رکه‌تووه
گه‌له‌گورگی ده‌وری تۆ نه‌فامترین بونه‌وه‌ربوون عه‌رشی خوداوه‌ندیان ڕماند
ئێستا ڕسواو ڕوڕه‌شی خه‌ڵکن تۆش مێژویه‌کی پڕ عه‌شق و جوانیت هه‌ڵگرتووه
ڕقم له‌به‌رده‌ له‌پیاوه‌ له‌میرو ئاغاو به‌گه‌ هۆشیان ته‌ته‌ره‌ ویژدانیان مه‌غۆل
له‌دێر زه‌مانه‌وه‌‌ جه‌نگه‌ڵستانه‌ مه‌ملله‌که‌تی میرو ئاغا‌ ئاڵای تاریکییان هه‌ڵکردووه‌
دوعا ده‌ڵێ : کورت بوو ته‌مه‌ن وه‌لێ زانیم وواتای ژیان و بوون چی بوو
من گله‌ییم له‌ میرو بلۆک نیه‌ نه‌حله‌ت له‌و پیاوه‌ی که‌ناوی باوکی منی هه‌ڵگرتووه‌‌

*** *** ***
*پێشکه‌شه‌ به‌ سومبول و شۆڕشی مرۆڤ دۆستی و عه‌شقێکی ئه‌به‌دی پاک و جوڵێنه‌ری ویژدانه‌ نوستووه‌کانی پیاوانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین شه‌هید خاتوو دۆعا .

م . حه‌مید عه‌زیز
Hamid773@hotmail.com


تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته‌ بكه‌.

بۆچوونێك بنووسه‌