بارزانی
بارزانی و یه‌کێتی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ( برۆکسل )
م . حه‌مید عه‌زیز
ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی ده‌بێ گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێ له‌م بابه‌ته‌دا سێ هێڵی سه‌ره‌کین :
1/ بارزانی و یه‌کێتی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ( برۆکسل ) .
2/ تورکیا‌و شه‌ڕی عه‌لمانی یه‌ت یان به ئه‌ندام بوون .
3/ نامه‌ی تیرۆرستان و وه‌ڵامێک بۆ به‌رزانی .
1/ بارزانی و یه‌کێتی په‌رله‌مانی ئه‌وروپی ( برۆکسل ) :
چاره‌نووسی ئێستای کورد زۆر گرنگه‌و ده‌بێ له‌و به‌رته‌سکی و ناوخۆیی و لۆکاڵه بچێته ده‌ره‌وه‌و ببێ به کێشه‌یه‌کی جیهانی و دوور له بیرکردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زو ئاین و نه‌ته‌وه‌و .. هتد . چونکه کورد یان کوردستان هه‌ر ته‌نها باشوور نی یه به‌ڵکو ده‌بێ خه‌می ڕۆژهه‌ڵات و باکوور‌و ڕۆژئاواش بخورێت . له‌وانه‌یه پارته ئیسلامی یه‌کانی کوردستان ئه‌وانه‌ی ئه‌ندامیان له‌په‌رله‌مانی کوردستان هه‌یه لایان خۆشتربێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سعود‌و ئێران بکرێ له‌باتی ئه‌وروپا باشتربێت به‌تێڕووانینی مه‌زهه‌بیانه‌ی خۆیان به‌ڵام له‌وانه‌شه هه‌ندێکیان به‌وشێوه‌یه بیرنه‌که‌نه‌وه . بۆیه ده‌بێ کێشه‌ی کورد به‌جیهانی بکرێ چونکه له ڕووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه گه‌لێ زۆرین و ئه‌گه‌ر سه‌رژمێری یه‌کی ته‌واو هه‌بێت له‌وانه‌یه خۆی بدات له 45 ملیۆن مرۆڤ بۆیه پێویسته لێپرسراوانی کوردستان دۆستایه‌تیش له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و ووڵاته گه‌وره‌و زلهێزه‌کانی دنیا بکه‌ن چونکه ئه‌مڕۆ کاری گه‌وره‌ی ته‌کنه‌لۆژیا و زانست و مرۆڤ دۆستی له‌ئارادا هه‌یه بۆیه پێویسته خۆمان به‌که‌متر نه‌زانین له دنیای ده‌ره‌وه‌و شۆڕشێکی نوێی گه‌یاندن و زمانی گفتوگۆ‌و خۆپیشاندانمان له‌ڕووی ئه‌کادیمی و ئاشتی خوازی و شێوازی فیکری نوێی ئازاد‌و سیستمی دیموکراتی و ژیان و فیکری مه‌ده‌نی و به هۆش و بیری مۆدێرن و نوێگه‌ری یان نوێخوازی خۆ بناسێنین به دنیا‌و به‌تایبه‌ت له ئه‌وروپاو ئه‌مریکادا چونکه کوردستان و ئه‌وروپا یان ئه‌مریکا له‌یه‌ک ئاستداین له‌باری دژه تیرۆره‌وه بۆیه سه‌نگه‌رمان یه‌که که‌واته ده‌بێ حیساب بۆ ئه‌و یه‌ک سه‌نگه‌ری یه بکرێ . هه‌ربۆیه ئه‌رکێکی مێژوویی و کوردایه‌تی یه که پارته سیاسی یه‌کانی به‌شه‌کانی تری کوردستانیش خۆیان باشتر‌و چالاکانه‌تر ئاماده بکه‌ن و په‌ستانێکی زۆر بخرێته سه‌ر ووڵاتانی تورکیا‌و ئێران و سوریا له‌باری ڕامیاری و چالاکی کوردانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات . کاروکردارو پیشه‌و بیرکردنه‌وه‌و جموجۆڵی پارته ڕامیاری یه‌کانی به‌شه‌کانی تری کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ( حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ) پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نامه‌و بروسکانه‌ی دووژمنانی کورد بێت که چه‌ندین ساڵه ئه‌وان تووانای گه‌یاندنی ده‌نگیان خستۆته‌کارو ئه‌رکی ناساندنی کوردیان به‌شێوه‌یه‌کی ناشرین و تاریک نیشانی جیهان داوه‌و زۆر نامرۆڤانه ئه‌رکی شێواندنی میژووی میلله‌تی کوردیان بۆ مه‌رامی خراپی خۆیان خستووه‌ته کار له نمونه‌ی هه‌ره چالاکییان ووڵاتی ئه‌تاتورکه که مافی 22 ملیۆن مرۆڤی کوردی پێشێل کردووه‌و یاری پێ ده‌کات و پێیان ده‌ڵێت : ( تورکه شاخاوی یه‌کان ) چونکه دان به هه‌بوونی کورددا نانێت . بۆیه ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی کوردی گرنگی به‌ڕامیاری ده‌ره‌کی ( السیاسة الخارجیة ) بدات و میلله‌تی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌کی هه‌قخوازو تینووی ئازادی و ژیان و دیموکراتی و سیکۆلارو مه‌ده‌نی بناسێنێ به‌دنیای پێشکه‌وتوو ئه‌مه‌ش ده‌بێته کارێکی زۆر گرنگ و بنه‌مایه‌کی ڕامیاری به‌هێز بۆ هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان . ئه‌وه‌ش به په‌ره‌پێدان و چاککردنی ڕامیاری ناوه‌کی ( السیاسة الداخلیة ) ده‌بێت و به‌شێوه‌یه‌کی ڕاست و دروست ئازادی و یه‌کسانی و ماف و .. هتد بچه‌سپێندرێ و یه‌کگرتن و یه‌ک بوونیش له‌نێوان پارته ڕامیاری یه‌کوردستانییه‌کانیشدا ببێ و برایه‌تی و له‌یه‌ک حاڵی بوون له‌نێوان کوردستانی گه‌وره هه‌بێت . ده‌نا ئه‌و ڕامیاری و خه‌باته‌ی کورد به‌بێ یه‌کبوون هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌و سه‌قه‌ته‌و نابێته پایه‌ی ڕاگیرکردنی هیچ ڕزگاری یه‌ک و سه‌ربه‌خۆی یه‌ک و له‌دووایشدا هیچ ده‌سه‌ڵاتێک له‌دووای ڕزگاربوون . چونکه ئێمه‌ی کورد هه‌موو بواره‌کانمان تاقیکرده‌وه سوودی نه‌بوو به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه دووژمن دڵخۆشکه‌ر بوو . ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یشی که هه‌میشه پاره‌و پله‌و پایه ته‌خشان و په‌خشان ده‌کات و خه‌ڵک و هێز کۆده‌کاته‌وه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و ده‌رچوونی له‌هه‌ڵبژاردنی ووڵات یان هه‌ر مه‌رامێکی تر به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌بێ ڕامیاری هه‌بێ ( سیاسة الدولة ) ڕامیاری ووڵاتیش برێتی یه له : په‌یڕه‌وو پرۆگرامێک که ڕسته‌یه‌کی گرنگ بێت له ده‌ستوری ئه‌و ووڵاته یان ئه‌و پارته تیایشیدا هاتبێ که ڕێزگرتن و نرخاندن و یه‌کسانی و ماف و ئازادی بۆ تاکی کۆمه‌ڵگاو ڕێز‌و نرخاندنیش له‌سه‌ر بنچینه‌ی مه‌زهه‌بی ، چینایه‌تی ، نه‌ته‌وه‌یی ، تیره‌گه‌ری نه‌بێت وه‌هه‌روه‌ها ماف و ئازادی به‌شێوه‌ی پراکتیکی ده‌سته‌به‌ر بکات و بچه‌سپێنێ ( تطبیق ) بۆ خه‌ڵک ئه‌وکاته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خۆی به‌هێز ده‌بێت و خه‌ڵکیی خۆی به‌خۆشحاڵی یه‌وه له‌ده‌وری ئه‌و پارته یان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کۆده‌بێته‌وه‌و ده‌نگی بۆ ده‌دات . نه‌ک ته‌نها دروشمی به‌ته‌ماین و ئه‌یکه‌ین و ده‌بێت و ئینشاالله و خواکه‌ریمه‌و هیچیش دیارنه‌بێت ته‌نها خه‌ڵه‌تاندن و کات بردنه‌سه‌رو کاره‌کان له‌به‌ژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات خۆی بێت و خزمه‌تی خه‌ڵکی تێدانه‌بێت . لێپرسراوێکی پارتێکی گه‌وره له‌سلێمانی سێ ساڵه له‌سه‌ریه‌ک ده‌ڵێ : ساڵێکی تر کاره‌بای سلێمانی چاک ده‌بێت . . ! ! . ده‌بێ هه‌موومان بزانین و به‌تایبه‌ت ڕامیاری زانه‌کانمان که درۆکردن و خه‌ڵه‌تاندن به‌ری کوورته و ئه‌نجامی خراپی ده‌بێت و به‌ده‌ردی هه‌مان تاس‌و حه‌مامی به‌عس ده‌چین . لێپرسراوانی کورد له‌به‌رژه‌وه‌ندی دوژمن کارنه‌که‌ن باشه ، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌وانێ یان نوسه‌رێک عه‌یبێکیان باس بکات یان ڕه‌خنه له‌ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان بگرێت ئه‌وانیش شه‌و خه‌ڵک بنێرن بۆئه‌وه‌ی بیترسێنن و دووایش به‌ڕاستی لێدان و فڕاندن و ئه‌و جۆره کرده‌وانه کاری ده‌سه‌ڵاته تاکڕه‌وه‌کانه و له‌کورد ناوه‌شێته‌وه و دوورکه‌وتنه‌وه له‌وکاره باشتره چونکه باشووری کوردستان له‌سه‌ره‌تای فێربوون و موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌و نابێ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه میلله‌تی خۆمان سه‌رکووت بکه‌ین چونکه هیچ ووڵاتێک به‌تووندڕه‌وی و تاکڕه‌وی و دیکتاتۆری سه‌رنه‌که‌وتووه . ئاشکرایشه کوا ئه‌نجامی باشی ده‌سه‌ڵاته شۆڤێنی و تاکڕه‌وه‌کانی سه‌رۆک و پاشاکانی که‌نداوو ئه‌وانه‌ی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و مۆسۆلۆنی و ستالین و شاوشیسکۆو هتله‌رو سه‌دام و خومه‌ینی و ئه‌تاتورکو ئه‌لئه‌سه‌دو .. هتد .
سه‌ردانی به‌ڕێز بارزانی بۆ ئه‌وروپاو په‌رله‌مانی ئه‌وروپی ( برۆکسل ) له‌به‌رواری 8/5 / 2007 وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی گه‌وره‌یه بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای ناساندن و پێشکه‌وتن و نزیک بوونه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌باری ڕامیاری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، ئابووری ، شارستانی و مرۆیی .. هتد . له‌گه‌ڵ گه‌لانی جیهانی یه‌که‌م . چونکه له‌دێرزه‌مانه‌وه‌و نزیکه‌ی پتر له‌سه‌ده‌یه‌که 100 ساڵ دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ دراوسێکان و موسوڵمانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌که‌ین هه‌تا ئێستاش بێ سوود بووه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م دراوسێیانه‌ی هه‌مانه بۆنی کووشتن و قه‌تڵ و عامه‌کانی کوردی‌یان کردووه ئاگایان له‌هه‌موو ئازاره‌کانمان بووه که‌چی بۆ یه‌کجاریش به‌رگرییان لێنه‌کردووین که وه‌کو خۆیان مرۆڤ و هه‌مان ئایین و هه‌مان کلتورو .. هتد . ئه‌وروپاش ده‌ستی تاوانیان هه‌یه به‌رامبه‌ر به‌ئێمه‌و که هه‌میشه‌ش یارمه‌تی ده‌ری دوژمنانی کورد بوون بۆنمونه : ئه‌ڵمانیا و ڕوسیا زیاتر له 40 ساڵه چه‌ک و کۆمه‌ک پێشکه‌ش به عێراق ده‌که‌ن و ئه‌و کیمیایی یه‌ی ( بۆمبی کیمیاوی ) که درا به‌سه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌و خه‌ڵکه‌که‌یدا چه‌کی ئه‌ڵمانی و ڕوسی بوون . ڕوسیا نزیکه‌ی 28 ساڵه کۆمه‌کی چه‌کی سه‌ربازی پێشکه‌ش به‌ئێران ده‌کات . . هه‌موویشیان ده‌زانن که‌ئه‌و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییانه هه‌مووی ده‌درێ به‌ته‌وقی سه‌ری کوردان‌دا ته‌نانه‌ت ئه‌مریکاش خۆی که دووجار له‌ڕزگاربووندا بووین پشتی تێکردووین و جارێکیشیان که شۆڕشی 1974 ه به‌پلانی ئه‌و بوو به‌ڵام به‌جێ به‌جێ کردنی سێ ووڵاته تاک ڕه‌وو دیکتاتۆری یه‌که‌ی ئێران و ئێراق و جه‌زائیر بوو که گه‌وره‌ترین شۆڕشی کوردیان شکست پێ هێنا چونکه ئه‌وکات ئه‌و سێ ووڵاته دۆستی ئه‌مریکا خۆی بوون . ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که هه‌موو ئه‌وروپا دووژمنی کوردبن بۆیه ئه‌مه لێپرسراوێتییه‌کی میژوویی گه‌وره‌یه که‌له‌سه‌ر شانی نه‌ته‌وه‌ی کورد‌و سه‌رکرده‌کانی دایه‌و زۆر گرنگه که‌بزانین چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا ده‌که‌ین و به‌تایبه‌ت دۆسته‌کانمان . ئه‌م سه‌ردانه‌ی بارزانی گرنگی خۆی هه‌یه‌و هه‌ناسه‌یه‌کی نوێ ده‌به‌خشێ به میلله‌تێکی شه‌که‌ت و ماندووی ده‌ستی زووڵم و بن ده‌ستی که نه‌خۆشی یه‌کی کووشنده‌و گه‌وره‌یه . ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له باشوور ده‌توانن کارێکی وا بکه‌ن که هه‌م ئه‌وروپاو هه‌م ووڵاتانی تری جیهان کوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌چاوی هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ یان ووڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ ته‌ماشا بکه‌ن و حیسابی بۆ بکه‌ن وه هه‌روه‌ها میلله‌تی کوردیش وه‌کو قیبله‌ی خۆیان لێی بڕوانن . به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌و سه‌فه‌رو خۆناساندن و به‌شداری کردنه‌ی بارزانی بۆ ئه‌وروپاو یه‌کێتی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا دره‌نگ بوو ده‌بوایه که کوردستان 16 ساڵه ئازاده زووتر دۆستایه‌تی و گفتوگۆ ساز بکرایه له‌گه‌ڵ ئه‌وروپادا . به‌ڵام ئێستا‌و ئه‌مڕۆش نه‌چووه بچێ ئه‌مڕۆ باشتره له سبه‌ی .
2/ تورکیا‌و شه‌ڕی عه‌لمانی یه‌ت یان به ئه‌ندام بوون .
له‌مێژه تورکیا شه‌ڕی هه‌موو بواره‌کان ده‌کات بۆ گه‌یشتن به ئه‌ندام بوونی له ئه‌وروپا به‌ڵام له‌به‌ر شۆڤێنی یه‌ت و ڕه‌گه‌زپه‌رستی خۆی بیری ئه‌وه‌ی نی یه که‌ته‌نها ووڵاتێکه به‌بیری کۆنه‌په‌رستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی کار ده‌کات و گۆش کراوه‌و مه‌حاڵه گۆڕینی . ئه‌گه‌ر چاوێک له‌مێژووی تورک و ئه‌تاتورک و تورکیا بکه‌ین ده‌بینین هه‌میشه چاویان له‌ماڵ و خاک و ئاوی خه‌ڵکی بووه نمونه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌ووڵه‌تی عوسمانلی که له پێش جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و دووای جه‌نگیش چۆن ته‌ماحیان له‌ناوچه‌که‌و به‌تایبه‌ت کوردستان هه‌بووه‌و چۆن هاتوون باشوری کوردستانیان داگیر کردووه‌و ته‌نانه‌ت ناوی شوێنه‌کانیشیان گۆڕیووه که کاتێ داگیریان کردووه . له‌ڕۆژی 24/4 که یادی دامه‌زراندنی پارتی برایه‌تی تورکومانه ( الحزب الآخاء الترکماني ) له‌ئه‌سته‌مبول پایته‌ختی تورکیا تورکومانه‌کان و میتی تورکی ڕێپێوانێکیان سازدا به‌ناوی ڕۆژی دامه‌زراندنه‌وه به‌ڵام له ڕاستیدا مه‌به‌ست له ڕێپێوان نه‌بوو به‌ڵکو که‌ف و کوڵ و ڕق و کینه‌یان لێی ده‌ڕژا به‌رامبه‌ر به‌کورد هه‌ربۆیه ئاڵای کوردستان و وێنه‌ی بارزانی‌یان هێنابوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ به‌به‌رچاوی کامێراکانه‌وه بیسوتێنن وه‌کو ئیهانه‌یه‌ک و هه‌تکێکی تورکومان بۆ کورد هه‌ر بۆیه ئاڵا‌و وێنه‌که‌یان سووتاند‌و مه‌رامی کۆن و نوێی به‌عسێتییان ده‌مه‌زه‌ردو تیژ کرده‌وه . له‌وه خراپتر که پێی هه‌ڵستان ته‌له‌فزیۆنی که‌رکوکیان له‌ناوه‌وه‌ی کوردستان و له‌که‌رکوکی کوردان به‌ڕاسته‌وخۆ ئه‌و ڕێپێوان و هه‌تک کردنه‌یان نمایش و پیشانی خه‌ڵکی ده‌دا بۆیه ڕقی پیرۆزی که‌رکوک و خه‌ڵکه‌که‌ی هه‌ڵساو ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌یان کرد . من ئه‌م پرسیاره‌م بۆ ڕووی لێپرسراوانی کورده ئایا که تورکیا به‌و شێوه‌یه هێرش ده‌کات و پلانی گڵاوی هه‌میشه زوخاوی ڕه‌شی لێ ئه‌تکێ وه‌هه‌ره‌وها سووتاندن و دڕاندنی ئاڵای کوردستان و وێنه‌ی بارزانی به‌رامبه‌ر به بێده‌نگیتان چی ئه‌گه‌یه‌نێ ؟. ئایا لێپرسراوێتی ته‌نها بۆ کۆشک و پۆزلێدان و فسکه فسک و قسه‌ی زله ؟. ئه‌گه‌ر بێ ده‌نگی هه‌ڵبژێرن به‌رامبه‌ر پلانه گڵاوه‌کانی تورکیا و بێچووه‌کانیان له‌ناوه‌وه‌ی کوردستان و عێراق دڵنیابن له‌پێشدا کۆشکه‌کانی ئێوه خاپوور ده‌بێت . وه‌هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش و له‌مانگی 4 دا خه‌ڵکی تورکیا خۆپیشاندانێکی گه‌وره‌یان دروست کرد که هێزو پارته عیلمانی یه‌کان ڕێکیان خستبوو داوای ئه‌وه‌یان ده‌کرد عه‌بدوڵا گۆل خۆی هه‌ڵنه‌بژێرێ بۆ سه‌رۆکی کۆمار‌و جارێکی دی تورکیا ده‌نگ به پارته ئیسلامی یه‌کان نه‌دات . . ! . له‌ملاشه‌وه سه‌رۆک کۆماری نوێی هه‌ڵبژێردراوی فه‌ره‌نسا سارکوزی یه‌که‌م ووته‌کانی بۆ خه‌ڵکی ووڵاته‌که‌ی ئه‌وه بوو ده‌ڵێ : ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌نگ به‌توورکیا ناده‌ین ببێته ئه‌ندامی ووڵاتانی ئه‌وروپا چونکه توورکیا زۆری ماوه به سیستمی دیموکراتی شاد بێت . تورکیا هه‌موو هه‌وڵێکی خۆی خستۆته گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی ببێته ووڵاتێکی عه‌لمانی بۆئه‌وه‌ی ئه‌وکارو عه‌لمانی یه‌ته ببێته هۆکارێک یان یارمه‌تیده‌ربێت بۆ زووتر بوون به‌ئه‌ندام بوونی له ئه‌وروپا . به‌ڵام تورکیا خه‌یاڵی خاوه ته‌نها به‌عه‌لمانی بوونی ده‌ووڵه‌ت بچێته ڕیزی ئه‌ندامانی ئه‌وروپاوه چونکه ئه‌و ده‌بێ دووای هه‌نگاوی به‌عه‌لمانی بوونی ئه‌م کارانه‌ی خواره‌وه ئه‌نجام بدات :
* ماف و ئازادی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد .
* ماف و ئازادی بۆ که‌مه نه‌ته‌وه‌کانی تر .
* نه‌هێشتن و لابردنی یان که‌م کردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو پۆلیس و جه‌ندرمه‌و زیندانانه .
* نه‌هێشتنی ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌رونی له زیندانه‌کاندا .
* هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی بیری ڕه‌گه‌زپه‌رستی چ له‌ناو ده‌سه‌ڵات و چ له‌ناو خه‌ڵکدا .
* سیستیمی به‌مه‌ده‌نی کردنی هه‌ڵبژاردن و وه‌لانانی عه‌سکه‌رتارێتی و سه‌ربازی که‌به‌ئامانجی سه‌رکوت کردن و هێرش کردنه سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی تر کار ده‌کات .
* بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی .
* گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌ڵستکارانی ( المعارظة ) به‌تایبه‌ت پارته ڕامیاری و چه‌کداری یه‌کانی کورد‌و له‌سه‌رو هه‌موویشیانه‌وه په‌که‌که .
* زۆر ورده کاری تر و که‌م و کوڕی تر که‌پێویستی به دراسه کردن هه‌یه .
3/ نامه‌ی تیرۆرستان و وه‌ڵامێک بۆ بارزانی .
که سه‌فه‌ری بارزانی ده‌ستی پێ‌کرد و گه‌یشته ئه‌وروپا له به‌رواری 8/5 هه‌شتی مانگی پێنج بۆ سبه‌ینێ تیرۆریستان نامه‌یه‌کیان نارد بۆ بارزانی و میلله‌تی کورد که‌ئه‌وه‌ش بروسکه‌یه‌ک بوو بۆ ناڕه‌زامه‌ندی ئیسلامه توندڕه‌وه‌کان و تیرۆریسته‌کان ( القاعده ) و که کورد نابێ دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپادا بکات ، یان ڕه‌خنه‌و ناخۆشحاڵێتی خۆیان به‌و جۆره‌و به‌و کاره ده‌ربڕی ئه‌وه‌ش هه‌مه‌جی ترین شێوه‌ی کاری به‌ربه‌ری یه‌ته . زۆر به‌داخه‌وه جارێکی تر هه‌ولێری پایته‌ختیان ڕه‌ش پۆش کرده‌وه‌و نزیکه‌ی 15 شه‌هیدو 80 بینداری لێکه‌وته‌وه . وه‌هه‌روه‌ها نامه‌یه‌کی تریان نارد بۆ گه‌لی کوردستان به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌پایته‌خته‌وه نه‌بوو به‌ڵکو له‌شارۆچکه‌ی قاره‌مانی مه‌خموره‌وه بوو له‌به‌رواری 13/5 که دووای چوار ڕۆژ له‌کاره‌ساتی هه‌ولێری خۆڕاگر بوو که مه‌یمه‌نێکی شێتی تیرۆر‌و تاریک بین خۆی له‌ئۆتۆمۆبیلێکدا ته‌قانده‌وه‌و بووه هۆی شه‌هید بوونی 36 که‌س و بریندار بوونی 120 که‌س که ئه‌مه‌ش کارێکه له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا یه‌که‌مین جاره که مرۆڤه نائاسایی یه‌کان به‌و شێوه‌یه شۆڕش بکه‌ن و نامه‌ی خۆیان بگه‌یه‌نن که شه‌رمه ناوی مه‌یمو‌ن یان شه‌مشه‌مه‌کوێره‌یان ناو بنێین . ئه‌وه‌ی شایانی باسه میلله‌تی کورد هه‌زاران شه‌هیدی داوه بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان باوه‌ڕناکه‌م ئه‌م کاره تیرۆریستییانه کاری تێ بکات . شارۆچکه‌ی قاره‌مانی مه‌خمور له‌ساڵی 1932 بۆته قه‌زاو خاوه‌نی سه‌دان شه‌هیده‌و شارۆچکه‌یه‌کی خۆڕاگری کوردستانی یه ئه‌وه‌ی شایانی ووتنه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌م جۆره کارانه له ووره‌ی مه‌خمورو خه‌ڵکی قاره‌مانی ناوچه‌که که‌م ناکاته‌وه . هه‌ربۆیه ده‌بێ ئاسایش زۆر زۆر ووریا بێت چونکه ئه‌گه‌ر چه‌ندجارێکی تر ته‌قینه‌وه ڕووبدات له‌هه‌ولێر یان مه‌خمور یان شارێکی تری کوردستان ئه‌وه به‌دڵنیایی یه‌وه کار‌و ڕێگا له پرۆسه‌ی بازرگانی و ئاوه‌دان کردنه‌وه ده‌گیرێت چونکه زۆربه‌ی کارخانه یان کارگه ئه‌وروپی و یان عاره‌بی یه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ووڵاتانی خۆیان بۆیه ده‌بێ پۆلیس و ئاسایش زیاتر ووریابن و خه‌مخۆربن . ده‌گه‌ڕیمه‌وه بۆ دێڕی چواره‌می ئه‌م به‌شه که ووتمان : له‌وانه‌یه گروپه ئیسلامی یه تووندڕه‌وه‌کان یان تیرۆرسته‌کان یان هه‌ندێ ئیسلامی موعته‌دیل بڵێن بۆ کورد دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپادا ده‌کات ؟. له‌وانه‌یه له‌و تێڕوانینه‌وه بێت که ووڵاتانی ئه‌وروپا موسوڵمان نین بۆیه نزیک بوونه‌وه حه‌رامه لێیان . به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین که ئێمه‌ی کورد سه‌دان ساڵه دۆستایه‌تی ووڵاته موسوڵمانه‌کان ده‌که‌ین به‌ڵام ئه‌وان ته‌نانه‌ت حیسابیشیان بۆ نه‌کردووین و چه‌نده‌ها ساڵیشه دراوسێی ووڵاته موسوڵمانه‌کانین نه‌ک به‌رگریمان لێبکه‌ن به‌ڵکو چه‌و‌ساوینه‌ته‌وه له‌ژێر ئاڵای درۆ‌و ده‌له‌سه‌یان به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه دراوسێکانمان و عاره‌ب و موسوڵمانه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه یارمه‌تی ئه‌و ده‌ووڵه‌تانه‌یان داوه که کورد ده‌چه‌وسیننه‌وه . وه هه‌ر ئه‌و ده‌ووڵه‌ته ئیسلامییانه بوون که ئاگایان له ئه‌نفال و زینده‌به‌چاڵی گه‌لی کورد بووه به‌ڵام ئه‌وان ئه‌نفال و گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ و ئه‌و هه‌موو زیندانانه‌یان نه‌دی ته‌نها دڵی ده‌ووڵه‌تی عێراق و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانیان ده‌بینێ به‌رامبه‌ر چۆڕێ نه‌وت و ڕه‌گه‌زی عاره‌بی بوونیان له‌لا گرنگتربوو تاوه‌کو موسوڵمانێتی ئێمه . له‌نمونه‌ی ئه‌و ووڵاته بێ‌ویژدان و کافرانه‌دا ووڵاتی ئوردون و میسر بوون که به‌ڕاسته‌وخۆ ئاگایان له ئه‌نفال بووه به‌ڵام له‌به‌ر دڵی عه‌گاڵ و عروبه‌و کاکه سه‌دام وورته‌یان له‌ده‌م نه‌هاتۆته ده‌ر . ئێستاش له‌جاران خراپتر دژایه‌تیمان ده‌که‌ن ئه‌م دراوسێ و موسوڵمانه باشانه ئه‌وه‌نی یه جارێکی تر ئه‌نسارو قاعیده زیندوو ده‌که‌نه‌وه‌و یارمه‌تییان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کوردستان وێران بکه‌ن . ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌جاران ووریا تر بێت چونکه توند ڕه‌وه‌کان و قاعیده به‌ره‌و کوردستان دێن و ده‌ستی یارمه‌تی ووڵاتی ئێرانیان هه‌یه‌و ئێران کۆمه‌کیان ده‌کات و ڕێگه‌یان بۆخۆش ده‌کات . ده‌بێ کوردیش بکه‌وێته خۆی که ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ی باشور که خوێنی پێشمه‌رگه‌و کوڕی هه‌ژارانه بیپارێزن و له‌ده‌ست نه‌چێت . پرسیار . . چۆن ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی باشوور له کیس ناچن ؟.
1/ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی به‌هه‌موو شێوه‌کانی یه‌وه .
2/ خه‌ڵکی هه‌ست به هاووڵاتی بوونی خۆیان بکه‌ن .
3/ دادگایی کردنی تاوانبار‌و خیانه‌تکارو پاشه‌ڵ پیس که‌ده‌ستیان له‌خوێنی کوڕی خه‌ڵکیدا هه‌یه‌و به‌شداری ئه‌نفال و قڕکردنی کوردیان کردووه .
4/ مافی ئافره‌تان / ژنان و دادگایی کردنی بکوژانیان و حه‌رام کردنی کووشتنیان .
5/ گرنگی دان به‌قوتابخانه‌و بواری ڕۆشنبیری .
6/ یه‌کبوون و برایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای خزمه‌ت به‌خه‌ڵک کردن و نه‌هێشتنی هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری .
م . حه‌مید عه‌زیز
Hamid773@hotmail.com
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

