ته‌حسین به‌گ
نامه‌یه‌ک بۆ ته‌حسین به‌گی میری یه‌زیدییان
به‌داخه‌وه ئێمه‌ی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌یری هه‌ڵه‌ی دووێنێ ناکه‌ین ببینین چ کاره‌ساتێکمان خوڵقاندووه‌و چی قه‌وماوه یان چیمان بۆ مرۆڤایه‌تی به‌جێ هێشتووه ؟. ناببینین و تێشناگه‌ین چۆن هه‌نگاوه‌کان هه‌ناسه‌کان خوشه‌ویستی و عه‌شقه‌کان شه‌ڕه‌کان کووشتنه‌کان ماڵوێرانی یه‌کان ببێته وانه‌یه‌ک و ئامۆژگاری به‌ڵکو ته‌ماشای سبه‌ینێی خراپتر‌و تاڵترو ناشرینتر ده‌که‌ین و که‌سایه‌تی و دۆستایه‌تی یان تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌و یان هه‌ر کارێکی ده‌یکه‌ین بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی قسه‌کانی خه‌ڵکه یان دژایه‌تی یان مه‌رام و ماستاوو دڵ نه‌وایی یان به‌پێچه‌وانه‌وه .
دوێنێ هه‌ڵه‌یه‌کی ئێجگار گه‌وره‌کرا له‌مێژووی یه‌زیدییاندا که‌له‌به‌رواری 7/4 حه‌وتی چواردا که‌ڕه‌شترین ڕۆژه بۆ مێژووی یه‌زیدییان که له‌ناوه‌ڕاستی شاری به‌عشیقه‌داو به‌به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵکی به‌عشیقه‌وه کیژێکی ته‌مه‌ن 17 حه‌ڤده ساڵان به‌ردباران کراو به قێزه‌وه‌نترین شێوه‌ی نامرۆڤانه به‌بلۆک و به‌ردو پێ له‌قه هه‌تا دووا هه‌ناسه‌ی پاکی و شه‌هیدبوونی هه‌ر وازیان لێ نه‌ده‌هێنا له‌وه‌ش خراپتر به‌کامێراو ته‌له‌فۆن وێنه‌ی گیراو هه‌موو دنیاش ئه‌و به‌ربه‌رییه‌ته‌ی بینی . به‌ڵام چۆن بینینێک و چۆن نمایشێک که عه‌رشی خوداوه‌ندی گه‌وره‌ی هه‌ژاند که‌ویژدانی مرۆڤ و دار‌و دیواره‌کانیشی به‌یه‌کجار هێنایه جوڵاندن .. چۆن بینینێ که زۆربه‌ی خه‌ڵکی به‌ویژدان له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌که ده‌گریان و ده‌پاڕانه‌وه له خوداوه‌ندی مه‌زن و جوانی که نیشتمانه‌که‌یان بپارێزی و ئه‌و جۆره دڕندانه نه‌هێڵی و ئه‌و په‌ڵه هه‌وری ترس و وه‌یشوومه‌یه لابه‌رێت و ڕسوای بکات . خه‌ڵکی ده‌یانووت : ده‌بێ تاوانبار‌و پیاوکوژو نیشتمان فرۆش دادگایی بکرێت نه‌ک کیژۆڵه‌یه‌کی منداڵکاری ئاوا . ئێمه‌ی کورد له‌و باوه‌ڕه‌دابووین و وامانده‌زانی تۆ ( ته‌حسین به‌گ ) ئاگات له‌و کاره‌ساته جه‌رگ بڕو جه‌سته ته‌زێنه نی یه‌و دووای ئه‌وه‌ی که‌ده‌زانی هه‌موو تاوانباران ڕاپێچی دادگا ده‌که‌یت که‌چی به‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌وه که زیاتره له حه‌فتا ساڵ فێری مرۆڤ دۆستی نه‌بوویت و هیچت هه‌ڵنه‌کڕان له‌و ته‌مه‌نه زۆره‌ی ژیان و بوونه‌دا نه‌په‌یڕه‌وی ئاینت کرد‌و نه‌په‌یڕه‌وی بیروباوه‌ڕه مادی یه مرۆڤ دۆ‌ستانه‌کانیشت کرد و قودسی یه‌ت و گه‌وره‌یی مرۆڤیشت نه‌زانی به‌تایبه‌ت ڕه‌گه‌زی ئافره‌ت که جوانترین دیاری په‌روه‌ردگاره بۆتۆی پیاو به‌ڵام به‌داخه‌وه .. له‌ووڵاتی ئێمه‌دا ڕێزی هیچ شتێکی پیرۆز‌و هیچ بوونه‌وه‌رێک نی یه . تۆ خۆت به‌نده‌یت خۆت مرۆڤی ژێرده‌ست و که‌له‌پچه‌ی ئاین و کلتورێکی داخراوی که‌چی تۆ خودایت و بڕیار ده‌ده‌یت .. چۆن بڕیارێ ؟. بڕیاری کووشتن بڕیاری حه‌ڵاڵ کردن ، حه‌رام کردن ، خستنه قه‌برو ته‌نانه‌ت له قه‌بر ده‌رهێنانیش هه‌ر تۆ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌یت بۆیه دووای شه‌هید بوونی 24 ڕۆژ به‌سه‌ر کاره‌ساتی په‌پوله‌ی خۆشه‌ویستی و سومبولی عاشقانی به‌عشیقه دوعا خان .. تۆ که میری یه‌زیدییانی بڕیارت دا که دوعا خان له قه‌بره‌که‌ی بهێننه ده‌ره‌وه بۆ پشکنینی پزیشکی و به‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌رخۆتان لیژنه‌ی پزیشکی دادوه‌ریتان هێناوه که بزانن پێش شه‌هید بوونی دوعا کچ بووه یان ژن . . ! ! ! . به‌ڕاستی شه‌رمه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌و هه‌موو سوکایه‌تی یه به مرۆڤێکی خۆی ڕه‌وا ببینێ و وورته نه‌کات ، چ مرۆڤێکیش ؟. کیژۆڵه‌یه‌کی 17 ساڵی له‌دنیای دێوه‌زمه‌کان ناحاڵی و منداڵ و بێ‌تاوان . ئه‌و کاره‌یشی که‌کردییان به‌رامبه‌ر دوعا خان ئه‌گه‌ر بۆشه‌ره‌ف بێت یان بۆ هه‌رکارو مه‌رامێک بێت کاره‌که‌و به‌رد بارانه هه‌مه‌جی یه‌که‌یان خۆی ئابڕووی یه‌زیدییانی برد نه‌ک ئه‌و کچه به‌سه‌زمانه . ئه‌وه‌ی که‌مه‌به‌ستمه‌و ده‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌وه‌یه که لێره‌دا پرسیارێک له ته‌حسین به‌گ ده‌که‌م
_ ئه‌گه‌ر دوعا کچ بوو چی ده‌ڵێت به‌خه‌ڵکی ؟. ده‌ڵێ داوای لێبووردن ده‌که‌ین مرۆڤێکمان کووشت و پاک‌و بێگه‌رد بوو عه‌شقی دوعا خان عه‌شقێکی خودایی بوو . ده‌زانن بۆ واده‌ڵێ چونکه له‌ئاینه‌کانی دنیادا خۆشه‌ویستی قه‌ده‌غه نی یه به‌ڵام ئه‌مان به‌کلتور کردیان و کارێکی ڕامیاریشی له‌پشته‌وه بوو . چونکه به هاوکێشه‌ی هه‌موو ئاینه ئاسمانی یه‌کان که خودا مرۆڤی دروست کردووه هه‌موو خۆشه‌ویستی و حه‌زێکی بۆ خستۆته دڵی یه‌وه بۆیه خوداوه‌ندی جوانی مرۆڤی عاشقی خۆشده‌وێ نه‌ک پیاو کووژو دزو درۆزن . پرسیارێکی تر
_ ئه‌گه‌ر دوعا ژن بوو ؟. حه‌زده‌که‌م من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه چونکه ئه‌گه‌ر ته‌حسین به‌گ وه‌ڵام بداته‌وه زۆر به‌خۆشحاڵی یه‌وه ده‌ڵێ : به‌ڵێ ده‌ستمان خۆش بێت که شه‌هیدمان کرد چونکه ئه‌وه‌تا بووه به ژن و ئابڕووی تکانووین به‌رامبه‌ر به‌وه ئێمه‌ش شه‌ره‌فی خۆمان کڕی یه‌وه . به‌ڵام حه‌ز ده‌که‌م ته‌حسین به‌گ و هه‌موو یه‌زیدییان دڵنیا بکه‌مه‌وه که دوعا خانم له هه‌موومان پاکتربوو چونکه به‌شێوه‌یه‌کی زانستی هه‌موو کچێک له‌و ته‌مه‌نه ناسکه‌دا به‌لێدانی ئاوا بێویژدانانه و به‌به‌ردو بلۆک کاردانه‌وه‌یه‌کی خراپی ده‌بێت و پاڵه‌په‌ستۆیه‌کی زۆری خوێن و باری ده‌روونی و ترسی زۆر په‌رده‌ی کچێنی ناهێڵێ و ده‌ته‌قێ . له‌باتی برینه‌کانمان ساڕ‌ێژ بکه‌ین چنگێ خوێی پێوه ده‌که‌ین . . ! ! .
گریمان ژنیش بوو پێش شه‌هید بوونی . . جاتوخوا عه‌یب نی یه کچێنی و ژنێتی ئافره‌تێکی به‌سه‌زمان شه‌ره‌فی تایه‌فه‌یه‌ک بێت باشه به چ یاسایه‌ک و ئاینێک ؟. دڵنیابن ئه‌مه کلتوره به‌ڵام کلتورێکی ئێجگار سه‌قه‌ت ده‌نا هه‌موو که‌سێک ژن یان پیاو لێپرسراوه به‌رامبه‌ر به‌خۆی نه‌ک ژیانی به بنه‌ماڵه‌یه‌که‌وه یان تاقمێکه‌وه به‌سترابێته‌وه که هه‌ر له‌وانه‌یه مرۆڤ حه‌زیشیان پێ نه‌کات چونکه زۆرجار ئه‌وه ڕوویداوه‌و له‌هه‌مووماندا هه‌یه که خۆمان زۆرجار حه‌زمان به‌خزمێکی نزیک نی یه له‌به‌ر جیاوازی خووڕه‌وشت یان هه‌ر شتێکی دی ئیتر بۆ ده‌بێ من هه‌تا مردن په‌یوه‌ستی ئه‌و که‌سه‌بم که حه‌زیشی پێ ناکه‌م . باشه بۆ پیاوانیش هه‌مان حه‌زو عه‌شق و خۆشه‌ویستی یه بۆ حه‌رام نی یه و قه‌ده‌غه نی یه‌و باسی شه‌ره‌فیشی تێدا ناکرێ ؟. ئه‌ی بۆ پیاویش شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌ی خۆی نه‌بێت هه‌ر مرۆڤ و هه‌مان مه‌عده‌ن نی یه ؟. یان ئێمه‌ی کورد هێشتا زۆرمان ماوه تێبگه‌ین و پێ بگه‌ین . دڵنیابه که‌س شه‌ره‌فی که‌س نی یه و شه‌ره‌فیش پێک نه‌هاتووه له خۆشه‌ویستی و جنس و .. هتد . ئه‌وه‌ی که شه‌ره‌فه‌و په‌یوه‌ندی به‌تاکی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه .. چاکه‌کردنه ، نیشتمان په‌روه‌ری یه دڵسۆزی یه خیانه‌ت نه‌کردنه به‌گه‌ل و خاک و .. هتد .
م . حه‌مید عه‌زیز
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

