مردن چه‌ند نزیكه لێمانه‌وه… بێگومان بۆ (ئازاد سدیق)
مردن چه‌ند نزیكه لێمانه‌وه… بێگومان بۆ (ئازاد سدیق)
هوشیار عه‌بدوڵا
به‌ره‌به‌یانێكی دره‌نگ وه‌ختی رۆژی 29/6 ی 2010 له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌وه‌ی مۆبایله‌كه‌مدا، نامه‌یه‌كی به‌په‌له و پڕتاوی (ئارام سه‌عید)م پێ گه‌یشت، سێ چوار جارێ وشه‌كانیم خوێنده‌وه نه‌مده‌ویست باوه‌ڕ بكه‌م كه نوسیویه‌تی: (ئازاد سدیق كۆچی دوایی كردوه)…
ئازاد سدیق، رۆژنامه‌نوس و وه‌رگێر و گفتوگۆكارێكی سه‌ركه‌وتوی ته‌له‌فزیۆن و به‌م دواییانه‌ش پارێزه‌رێكی دڵ پر ئومێد بو، كه‌م كه‌س هه‌یه به قه‌ڵه‌ویه مه‌حبوبیه‌كه‌یه‌وه نه‌یناسیبێته‌وه، سه‌رده‌مانێك گۆشه رۆژانه‌كه‌ی له كوردستانی نوێ(رۆژانه‌ی خه‌مه‌كانی شار) و به‌رنامه پربینه‌ره‌كه‌ی (دیدار) و لێپرسراوێتی ئه‌و بۆ ناوه‌ندی هه‌واڵی كوردسات و كاركردنی وه‌ك په‌یامنێر له ئاژانسی ده‌نگوباسی (ئسیۆشیه‌تد پرێس) له ماوه‌ی جه‌نگی ئازادكردنی عێراق و به دوایانه‌ش كاری په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ناو یه‌كێتیدا مشتێكن له خه‌رمانی به‌خششه‌كانی ئازاد…
ساڵی 2002 دوای ده‌رچونم له به‌شی رۆژنامه‌نوسی په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی سلێمانی به گه‌شتێكی زانستی چوینه كوردسات ئازاد سدیق پێشوازی لێكردین و له ناو ستۆدیۆی هه‌واڵی كوردسات پێی گوتین: كێ حه‌زی له كاری تیڤیه ؟زۆربه‌ی خوێنكاره‌كان وتیان ئێمه… له منی پرسی وشیار ئه‌ی تۆ بۆ حه‌زت لێ نیه؟ وتم حه‌زم لێیه به‌ڵام له ئینصاتی مه‌ركه‌زی ده‌وام ئه‌كه‌م… وتی بۆ ناتوانی وازی لێ بێنیت؟ دواتر به تاقیكردنه‌وه‌ی خۆیدا تێپه‌ڕین و من تاكه خوێندكار بوم كه وه‌ریگرتم.. له وێوه من رۆشنای په‌نجه‌ره ئازیزه‌كه‌ی كوردساتم لێ هه‌ڵهات و ئه‌رك و به‌رپرسیاری ناسراو بونم كه‌وته ئه‌ستۆ، ئه‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌وكاته‌ی داینام به په‌یامنێر و هه‌واڵساز بۆ من دونیایه‌كی تازه بو له به‌ر ده‌ستی زبری ئه‌و و هاوار و توڕه‌بونه‌كانی ئه‌ودا من هێواش هێواش ئه‌زمونی میدیایم وه‌رگرت و پێشتریش زۆر وتومه هێنده‌ی قه‌رزاری ئازادم قه‌رزاری كه‌س نیم، ته‌نانه‌ت بۆ هونه‌ری گفتوگۆی ته‌له‌فزیۆنیش وتومه ئه‌و مامۆستا‌م بوه و له ئه‌وه‌وه ئه‌زمونم وه‌رگرتوه و ئێستا هه‌رچیه‌ك بزانم و هه‌رچیه‌ك له كه‌شكۆڵما هه‌بێت له حیوار كردن له ژێر باڵتۆی به‌رنامه‌ی دیداره‌كه‌ی ئه‌وه‌وه هاتۆته ده‌رێ…
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی روبه‌روی ئازاد بۆته‌وه، مه‌رگ نه‌بوایه و كۆڵێكی گرانبا به ئازادم ده‌گوت هه‌موی بخه‌ره سه‌رشانی من، ئه‌و پیاوه‌ی زۆر خۆم به قه‌رزاری ده‌زانم، قه‌ده‌ر وای پێ خۆش بو بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش دیسان مامۆستا‌م بێته‌وه و پێش كردنه‌وه‌ی كه‌ناَڵی KNN، ئازاد سدیق خۆ به‌خشانه بێت و له ژوری ناوه‌ندی هه‌واڵدا زانایی و لێهاتوی خۆی بۆ رۆژنامه‌نوسه‌كان بگوازێته‌وه، ئه‌و پیاوه‌ی قه‌ت بێ هه‌واڵی نه‌بوم و تا ئه‌م دوسێ رۆژه‌ش قسه و نوكته و باسه‌كانی كۆنگره و سیاسه‌تم له ده‌می ئازاده‌وه له چایخانه‌كه‌ی عه‌قاریه‌وه پێده‌گه‌یشت و هه‌واڵیم له هاورێكانی ده‌زانی…
من دوجار هه‌ستم كردوه مردن زۆر نزیكه لێم جارێكیان له ئانی بیستنی مه‌رگی ناواده‌ی باوكم و جاری دوه‌میش له بیستنی مردنی ئازاد سدیق ئه‌و پیاوه‌ی بۆنی ژیان و بۆنی خه‌ونی دورتر و زیاتری لێده‌هات، ده‌یمه‌نه‌كان به به‌رچاومدا را ده‌بورن و ئازادم دێته‌وه به‌رچاو جارێكیان ریشی هاته‌وه و چڵكن له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ دێت و ده‌چێت جارێكیشیان به جوتێك نه‌عله‌وه و له ناوه‌ندی هه‌واڵی كوردسات و جارێكیش له كتێبخانه‌ی سلێمانی رۆژنامه‌یه‌ك تاوتوێده‌كات ئه‌وه‌ی قه‌ت نایه‌ته به‌رچاوم سێبه‌ری تۆسنی مردنیه‌تی…
ئازاد سدیق ئه‌و پیاوه بو كه ته‌نها كاری رۆژنامه‌وانی لێ فێر نه‌بوم بێمنه‌تیه‌كی گه‌وره‌شی تێدا بو، نه موجامه‌له‌ی ده‌زانی و نه له‌سه‌روی خۆشی قبوڵده‌كرد ئه‌و سیفه‌ته باجی زۆری پێدا به‌ڵام مه‌ردایه‌تیه‌كی تێدا بو هه‌میشه وه‌ك سوپه‌ر وابو بۆ ئه‌وانه خوار خۆی و بێمنه‌تیش بو له‌وانه‌ی له سه‌روی خۆیه‌وه مه‌سئول بون، ئه‌وانه‌ی له ناوه‌ندی هه‌واڵی كوردسات ئیشیان له‌گه‌ڵ كردوه شایه‌تی ئه‌و قسانه‌من…
ئازاد، ئه‌وه‌نده‌ی توڕه‌ییه‌كانی جوانی له رۆحیا بو، ئه‌وه‌نده‌ی خۆشه‌ویستی مناڵه‌كانی ژیانیشی خۆش ده‌ویست، ئه‌وه‌نده‌ی سوعبه‌ت و گاڵته‌كانی راستگۆ و قسه له رو بو پیاوێك كه به‌وه ناسرابو هێنده‌ی قه‌ڵه‌ویه‌كه‌ی چوست و چالاك بو، پیاوێك كه به‌خششێكی زۆری هه‌بو بۆ رۆژنامه‌نوسی كوردی به گشتی و راگه‌یاندنی یه‌كێتی به تایبه‌تی و خودی كوردسات به تایبه‌تی تر، به‌و ئومێده‌ی به‌ڕاده‌ی به‌خششه‌كانی ئه‌و دیاریه‌كانیمان لا به قه‌در بێت كه مناڵه‌كانیه‌تی، ئه‌وانه‌ی ئازاد بۆ ئه‌وان ژیانی خۆشده‌ویست و ده‌یویست به نازی خۆی گه‌وره‌یان بكات، خۆزگه نازی هه‌موان جێگه‌ی نازی ئازادیان بۆ بگرێته‌وه…
Tuesday, June 29, 2010
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

