ڕاگەیەندراوێك لەسەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە

index3_r3_c1.jpg Source:KRP.org 10/01/2010
بەمەبەستی تاوتوێكردنی ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو هێزو لایەنە سیاسییانە كۆبۆوە كەلەپەرلەمانی كوردستان بەشدارن.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی كرد بۆ یەكهەڵوێستییان بەرامبەر بەیاسای هەڵبژاردن‌و هیوای خواست ئەو یەكهەڵوێستییە بەردەوامبێ‌و كاریگەری خۆی هەبێ لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
سەبارەت بەڕەوشی ئەمڕۆی كوردستانیش، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەكرد وەك بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بەقۆناغی جۆراوجۆردا تێپەڕیووین، هەر لەشۆڕشی ئەیلوولەوە تائێستا، بەتایبەتی لەو ململانێ سیاسییەی كەلەناو بزوتنەوەكەدا هەبووە‌و خۆزگەی خواست ئەم ململانێ‌و توندوتیژییانە ڕوویاننەدابایەو تەئكیدیشی لەوە كردەوە هەموومان ئازاری شەڕی ناوخۆمان چەشتووە كەبەداخەوە ئەمڕۆ هەندێ دیاردەی نەخوازراو سەریان هەڵداوەتەوە كەپێویستە كۆتاییان پێبهێنرێ‌و هەموو شتێكیش قابیلی چارەسەركردنە.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە ئێمە بەهیچ شێوەیەك ڕێگەنادەین جارێكی دیكە خوێنی كورد بەدەستی كوردەوە بڕژێ، ڕاستە بۆچوونی جیاوازمان هەیە، بەڵام ئەم بۆچوونانە دەبێ لەناو پەرلەمان بخرێنەڕوو و بەهیچ شێوەیەكیش نابێ بوار بەناحەزانی گەلەكەمان بدرێ ئەو ناكۆكییانە قووڵ بكەنەوەو ڕەوشی كوردستانی پێ تێكبدرێ‌و داواشی لەمیدیاكان كرد بەرپرسانە‌و پیشەییانە‌و بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری پەیامی خۆیان بگەیەنن، بەشێوەیەك كەیەكڕیزی‌و تەبایی گەلەكەمان بپارێزرێ، پاش ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان‌و جێگرو سكرتێر‌و ئەمینداری گشتیی هێزو لایەنە ئامادەبووەكان‌و بۆ چارەسەریی هەموو كێشەكان، كۆبوونەوەكە بەكۆی دەنگ بڕیاریدا:

1-دەستبەجێ شاڵاوی ڕاگەیاندن لەنێوان گشت پێكهاتە سیاسییەكانی كوردستان ڕابگیرێ.

2-ئەو لێژنەیەی كەدانراوە بۆ چارەسەری كیشەی نانبڕاوەكان بەردەوامبێ لەئەنجامدانی كارەكانی‌و بەدواداچوونی ڕاسپاردەكان بكرێ‌ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان.

3- كۆتایی بەدیاردەی توندوتیژی بهێنرێ‌و بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەك بەسەرۆكایەتیی وەزیری ناوخۆ پێكبهێنرێ.

4-كاراكردنی ئەنجوومەنی باڵای پارت‌و هێزە سیاسییەكانی كوردستان بۆ ڕاوێژكردن‌و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەر كێشەیەك كەلەئایندەدا لەنێو لایەنە سیاسییەكاندا ڕوودەدەن.


تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته‌ بكه‌.

بۆچوونێك بنووسه‌