ئایندەى پەیوەندییەکانی کورد و عەرەب لە عێراقدا.. بەرەوکوێ؟
گۆران فەتحی
کورد و عەرەب وەکو نەتەوە لەرووی پەیوەندییە گرژیء ئالوزیء دوژمنایەتیەکى ئەوتۆیان نەبووە لەمێژووى کۆندا، ئەگەر ئەوە بەراورد بکەین بەهەمان پەیوەندی کورد لەگەڵ تورکء فارسدا کە خاوەنی دوو دەوڵەتی زلهێزبوون بەبەردەوامی لەناوچەکەدا.
بەڵام ئەم پەیوەندییەى کورد لەگەڵ عەرەبدا بەتایبەتی لەعێراق، دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ لەسەر دەستی بەریتانیا، کەمە کەمە گرژی تێکەوت، چەندین جوڵانەوەو شۆڕش لەکوردستانی عێراق بەرپابوو حکومەتی ئەوسای بەغداو بەیارمەتی بەریتانیا شۆڕشی شێخ مەحمودو جوڵانەوەکانی بارزانیان سەرکوت کرد. ئەمەو هێنانی هۆزی عەرەبء کرێکارو فەرمانبەرى عەرەب بۆ ناوچە کوردییەکان لەلایەن حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی بەغداو زەوت کردنی مالء حاڵی کوردان، دواتر شەڕى نێوان شۆڕشی کوردو سوپای عێراق ئەو رق کینەیەى زیاتر کرد لەنێوان هەردوو نەتەوەدا.
هاتنە سەر حوکمی بەعسیەکانء پەیڕەوکردنی سیاسەتی قڕکردنی کورد ئاگری رقی زیاتر کرد دوای ئەوەى سەدان هەزار کوردی لەناوبردو زۆربەى خاکی کوردستانی سوتماکء وێران کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا هیشتا پەیوەندی هاوڵاتیانی ئاسایی بەتەواوی تێک نەدا، بچوکتریمن نمونەش دواى راپەڕین کورد ناوچە کوردییە تەعریبکراوەکانیان ئازاد کرد بەڵام ئەزیەتى هیچ ماڵە عەرەبێکیان لەسەر عەرەب بون نەدا و تەنها بەعسیەکان ئەکوژران ئیتر لەهەر نەتەوەیەک بووببن. ماوەى نزیکەی هەشتا ساڵ حوکمی عەرەب ء سەرکوت کردنی کورد متمانەى لەنێوان هەردوو نەتەوەدا نەهێشتووە، هەتا دوای ئەوەى رژێمی بەعسیش رووخێنرا، بۆیە دەبینی هەم کورد بەچاوی ترسء دڵە راوکێیوە دەڕوانێتە هەر بەهێزبوونێکى حکومەتی مەرکەزی لەبەغدا هەمیش بەغدا لەبەهێزبوونی حکومەتى هەرێمی کوردستانء پێشمەرگە نیگەرانە.
دوای پێنج ساڵ لەئازادی ء حکومەتى نوێ کە کوردو شیعەو سوننە بەشدارن تێیدا، بەڵام بەردەوام گرژییەکان بوونیان هەیەو ئەوەتا بەغدا هەر کە هەستى بەخۆى کرد تۆزێ هێزی پەیدا کردووەو تیرۆر رووی لەکزی کردووە، هەموو کێشەکانی ترى وەلا ناوەو کەوتۆتە وێزەى کوردو بەشێوازی تیرۆریستانء سوپای مەهدی دەڕوانێتە هێزی پێشمەرگەو دەیەوێت لەناوچە کوردنشینء تەعریبکراوەکان دەریان پەڕێنێ..ئەو سیناریۆێیەش لەوەتەى دەوڵەتى عێراقی دروست بووە دووبارە دەبێتەوەو نا متمانەیى قووڵ تر دەکاتەوە.
بۆیە ئەگەر چارەسەر بۆ ناوچە تەعریبکراوەکان نەدۆزێتەوەو بەدادپەروەرى حوکمی عێراق نەکرێت یان ئەگەر سوپا جارێکی تر بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتیانی عێراق بەکاربهێنرێت ئەوا لەکۆتاییدا شەڕێکى خوێناوی بەرپا دەبێت ئەمجارەشیان تەنها شەڕى نیوان سوپاو پێشمەرگە نابێت بەڵکو شەڕێکى نەتەوایەتى دەبێت لەنێوان کوردو عەرەب ئەوەش زۆر ترسناکترەو چارەسەرکردنی زۆر ئەستەمە.
تۆ دهتوانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان بهستهری ههمیشهیی كرته بكه.

