نیاز كەركوكی: كێشەی كەركوك تەنها بە خەڵكی كەركوك چارەسەر دەكرێت
*سازدانی: سۆران مامە حەمە
كوردستان راپۆرت: سیاسەتی سەركردایەتی كورد، بەرامبەر بە ئەمریكا چۆن دەبینی؟
نیاز كەركوكی: سیاسەتی كورد لەسەر بنەمایەكی ستراتیژی و دوورخایەن نابینم، بەتایبەتی لە گەڵ ئەمریكا، چونكە كورد تاكو ئێستا خاوەن یەك دەسەڵات نییە و دەستوورێكی تایبەت بەخۆی نییە، ئەمە وایكردووە ئەمریكا هیچ بنەمایەك بۆ ئەو بڕیارانە دانەنێت و هەمیشە پشتگوێیان بخات، لە هەمانكاتدا كورد تاكو ئێستا لە سیاسەتی ئەمریكا تێنەگەیشتووە و نازانێت بە چ شێوەیێك مامەڵەیان لەگەڵ بكەن، ئەمە كاردانەوەیەكی زۆر خراپی دەبێت لە دواڕۆژدا لەسەر ئاستی كوردستان، بەتایبەتی ئەگەر كورد خۆی ساغ نەكاتەوە و سیاسەتێكی دووربین و درێژخایەنیان نەبێت لەگەڵ ئەمریكا، یەكەم هەنگاویش پێویستە لە خودی كوردستانەوە دەستپێبكات، هەر لە ئاشتبوونەوەیان لەگەڵ میللەت، تاكو بەشداریكردنی هەموو لایەنەكان لە حكومەت، ئەمریكا ئیستراتیژیی تایبەتی هەیە بۆ عێراق و هەوڵدەدات كە رێككەوتننامەی درێژخایەن بۆ مانەویان لە عێراق مۆر بكات، تاكو ئێستا زیاتر لە 700 بنكەی سەربازییان هەیە لە جیهاندا، هەروەها ئەم رێككەوتننامانە زۆر لایەن ئەگرێتە خۆی كە لەو باوەڕەدام لە دواڕۆژدا بۆ دۆزی كورد كاردانەوەی باشی نابێت.
كوردستان راپۆرت: ئایا ئەمریكا، كورد بە دۆستی خۆی دەزانێت، یان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەكات؟
نیاز كەركوكی: ئەمریكا لە سەر بنەمای بەرژوەندی كار دەكات، لەم كاتەدا كورد بە دۆستی خۆی دادەنێت، چونكە بەرژەوەندییەكانی لەمەدایە، بەڵام شێوەی ئەم دۆستایەتییە چۆنە ئەوە گرنگە، سەركردایەتی كورد هەمیشە باسی ئەوە دەكەن كە كورد دۆستی ئەمریكایە و ئەمریكاش دۆستی كوردە، بەڵام لەراستیدا ئەمریكا كارێكی بەر چاوی نەكردووە بۆ كورد، ئەوەشی كراوە بە فشاری نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان بووە، ئەمریكا هیچ كاتێ بە قسەكانی سەر زمانی پابەند نییە، بۆیە پێویستە بەڵێن و بڕیارەكانی هەمیشە بە داكیومێنت لێوەربگیردرێ، بەڵام بەداخەوە كورد تاكو ئێستا لە گەڵ ئەمریكا بەمشێوەیە مامەڵەی نەكردووە، بۆ نموونە كاتێ كە ئەمریكا ویستی سەدام لەناو بەرێ، لە ساڵی 1996 كە شەڕی ناوخۆ دەستی پێكرد، ئەمریكا دەستی كێشایەوە، هەر ئەوكات ئەفسرێكی (سی ئای ئەی) لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی پی بی سی گوتی “ هیچ كاتێ كورد داوایان نەكردووە لێمان كە چییان دەوێت، تەنها داوایان كردووە سەدام لەناو بەرن و هیچ بەرنامەیێكی تریان نەبووە بۆ ئایندەی خۆیان”. ئەو دۆستایەتییەی كورد باسی دەكات، هیچ كاتێ داكیومنتیان نەبووە، یان هیچ رێككەوتننامەیەكیان لەنیوانیاندا مۆر نەكراوە،
كوردستان راپۆرت: بەرامبەر بە قەیرانی گەندەڵی لە كوردستان چی بكرێت باشە؟
نیاز كەركوكی: هەرێمی كوردستان بەرەو ئەقاریكی زۆر خەراپ هەنگاو دەنیت، گەندەڵی ژیانی كۆمەڵگای كوردی شێواندووە، لە كۆنگرێسی ئەمریكی ئاماژە كراوە بەم گەندەڵییە و لە زۆربەی میدیاكانی دەرەوەش باسی دەكرێت. گەندەڵی بەرەو هەنگاوێكی زۆر خەتەرناكمان ئەبات، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و حوكمكردنی حزب نەك حكومەت، ئەمە وەكو قەیرانی ناوخۆ ئەبێت چارەسەر بكرێت، لە سەر ئاستی جیهانی ئەبیت كورد لوبیێكی كوردی هەبێت كە پێكبێت لە كەسانی پسپۆر و شارەزا و بێلایەن، واتە سەر بە هیچ حزبێك نەبن و كاریان تەنها بەدواداچوون و پێوەندی بێت لەگەڵ بەر پرسان و سیاسەتمەداران و دۆستانی بیانی كورد، تاكو لەنزیكەوە لە یەك تێبگەن و بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگای ئەم پێوەندییانەوە فشار بخەنە سەر ئەمریكا، لەهەمانكاتدا ئەم لوبییە پەیوەندیی راستەوخۆی هەبێت لە گەڵ حكومەتی كوردستان، بۆ ئەوی ئەم لوبییە دروست بێت، ئەبێت لایەنێك پشتگیریت بكات لە رووی ئابوورییەوە، ئەمساڵ 30 ملیۆن دۆلار تەرخان كرا بۆ نوێنەری حكومەتی كوردستان لە ئەمریكا، تاكو ئەم لوبییە دروست بكات، بەڵام تاكو ئێستا هیچ دیار نییە و كەس نازانێت ئەو پارەیە چی بەسەر هات، هەرچەن بڕوا ناكەم ئەگر دروستیش بێت هیچ كاردانەوەیەكی هەبێت، چونكە وەكو حزب كار دەكەن و كارەكانیان لە چوارچێوەی حزب دەرناچێت بۆیە ناتوانن هەنگاوی پەراكتیكی بنێن .
كوردستان راپۆرت: سەركەوتنی كۆمارییەكان یان دیموكراتەكانی ئەمریكا لە هەڵبژداردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كامیان بە قازانجی كورد ئەبیت ؟
نیاز كەركوكی: لە راستیدا ئەگەر سەركردایەتی كورد بە سیاسەتی خۆیدا نەچێتەوە، هیچ جیاوازییكی نییە بۆ كورد ئەگەر كۆمارییەكان یان دیموكراتەكانی ئەمریكا بیباتەوە، چونكە كورد هەمیشە چاوەڕێن بزانن چییان بۆ ئەكرێت، بۆیە سیاسەتی دیموكراتەكان بێت یان جمهورییەكان، ئەمێنێتەوە سەر باری عێراق كە بە چ ئاستێكا دەڕوات، نەك كورد، راستە دیموكراتەكان دژی جەنگن و نایانەوێ داهاتی ئەمریكا لە جەنگ سەرف بكەن، جمهورییەكان لە بەرژەوندییانە ئەم شەڕە بەردوام بێت تاكو بتوانن زیاتر بمێننەوە، بەڵام كورد تەنها بە مانەوەی ئەمریكا كێشەكانی كۆتایی پێ نایێت، بەتایبەت ئەگەر سەیری كێشەی كەركوك بكەیت، ئەمە یەكێكە لەو كێشانەی كە سەركردایەتی كورد نەیتوانیوە چارەسەری بكات، چونكە ئەمریكا پێی باش نییە كەركوك بگەڕێتەوە سەر كوردستان، سەركردایەتی كوردیش نایانەوێ ئەمریكا دڵگران بكەن. جمهورییەكانیش باش دەزانن كە عێراق بەوان چارەسەر ناكرێت، چەند جارێكیش دانیان بەوەداناوە كە شكستیان هێناوە لە عێراق، بەڵام لەبەر كۆمەڵێ بەرژەوەندی نایانەوێ عێراق جێبهێڵن.
كوردستان راپۆرت: كوردی دەرەوە چ هەنگاوێكی بۆ كێشەی كەركوك هەڵگرتووە؟
نیاز كەركوكی: كۆمەڵێك كەركوكی بێلایەن لە دەرەوەی وڵات دەستمان كرد بە پێوەندی لەگەڵ كۆمەڵێ كەسایەتی و رێكخراو تاكو بتوانین كۆنگرەیەك ببەستین و بەهەموو لایەنەكانەوە بتوانین چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە بدۆزینەوە، لە سەری ساڵی 2008 دەستكرا بەكار كردن، من نامەوێ ناوی هەموو ئەو كەسایەتییانە بهێنم، بەڵام رووناك شوانی پەیوندیی كرد بە رزگار عەلی، ئەویش ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنمان و گوتی پارێزگاری كەركوكیش ئامادەیە بۆ هەر هاوكارییەك، بەڵام دواتر هیچ پێوەندیكیان نەما، لە مانگی 3 من بە سەردان گەڕامەوە بۆ كەركوك و پێوندیم كرد بە چەندین كەسایتی كەركوكەوە، هەموویان كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە پارتی و یەكێتی رێگا نادەن بە هیج لایەنێك ئەم كێشەیە بگرێتە ئەستۆی و خۆیان دەیانەوێ چارەسەری بكەن، دوای ئەو كۆبوونەوە نهێنییانەی لەنێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و سەركردایەتی كورد ئەنجام درا و كەس نەیزانی بڕیارەكانی چی بوو، ئێمەش دەستمان لە كارەكە كێشایەوە، من پێموایە كێشەی كەركوك تەنها بە خەڵكی كەركوك چارەسەر دەكرێت.
كوردستان راپۆرت: بۆچی كورد نەیتوانیوە ئەنفال و كیمیابارانی كورد وەكو جینوساید بە دنیا بناسێنێت؟
نیاز كەركوكی: دەسەڵاتی كوردی لەبەر ئەوەی بەرنامەكانیان دووربین و درێژخایەن و ستراتیژی نین، نەیانتوانیوە كاری بۆ بكەن، بەڵام رێكخراوی چاك توانیویەتی لەمبارەیەوە كۆمەڵێ چالاكی بكات و پێوندی لەگەڵ كونگرێسمان و چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتی كردووە، حكومەت و دەسەڵاتی كوردی پێویستە ئەزموون لە هۆڵۆكوستی جوولەكەكان و جینوسایدی ئەرمەنەكان وەر بگرن و كارئاسانی بكەن بۆ رێكخراوە مەدەنییەكان، نەك دەستگرتن بەسەر هەموو دامودەزگایەك و رێگەنەدان بە هیچ لایەنێك.
*تێبینی: “هۆی دواكەوتنی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ كەمبوونی كات و هەروەها بڕیار وابوو ئەم چاوپێكەوتنە زۆر دوورودرێژتر بێت، واتە كاكە سۆرانی جوانەمەرگ پرسیاری دیكەم بۆ بنێرێت، بەڵام بەداخەوە تەمەنی شەهید سۆران زۆر كورت بوو، پرسیارەكانی لە ئەرشیڤەكەمدا مابووەوە، بۆیە بە ئەركم زانی بینێرم بۆ كوردستان راپۆرت. رۆحی كاكە سۆران شاد بێت. لەگەڵ رێزمدا . نیاز كەركوكی”.
تۆ دهتوانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان بهستهری ههمیشهیی كرته بكه.

