مام رۆسته‌م ده‌ڵێت «یه‌كێتی ئێستا وه‌زعی زۆرباش نیه»
سه‌رچاوه>>> ئاوێنه
مام رۆسته‌م ده‌ڵێت «یه‌كێتی ئێستا وه‌زعی زۆرباش نیه»، سه‌باره‌ت به گه‌نده‌ڵیش ده‌ڵێت «هه‌موومان گه‌نده‌ڵین».
مام رۆسته‌م له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت «ئه‌گه‌ر به‌ته‌نهاش بێت واز له كه‌ركوك ناهێنم. من ده‌ڵێم قه‌ت كورد‌و عه‌ره‌ب برا نین، به‌ش به‌حاڵی خۆم جگه له‌كورد كه‌س به‌برای خۆم نازانم، ئه‌وه‌تا فارس‌و تورك تۆپبارانت ده‌كات». هه‌روه‌ها ده‌ڵێت «هه‌ر هه‌موومان گه‌نده‌ڵین، گه‌نده‌ڵیش ئه‌وه‌نده ناخۆش بووه پیاو ته‌ریق ده‌بێته‌وه باسی بكات».
مام رۆسته‌م: ئه‌مه‌ریكا توره‌كه‌ی كرده سه‌ر چه‌ندین به‌رپرسی یه‌كێتی‌و پارتی
مام رۆسته‌م پێشمه‌رگه‌ی دێرینی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانی پێشووی كوردستان، سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئه‌مرۆی شاری كه‌ركوك‌و چه‌ند كێشه‌یه‌كی تر بۆ ئاوێنه ده‌دوێت.
ئاوێنه: ئێوه كه له 10/4/2003، چوونه ناو كه‌ركوكه‌وه هیچ ڕێكه‌وتنێكتان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كان هه‌بوو، یاخود ته‌نها فه‌رمانێكی سه‌ركردایه‌تیان به‌جێهێنا؟
مام ڕۆسته‌م: ئه‌و هێزه‌ی كه‌دانرابوو بۆ كه‌ركوك كاك عومه‌ر فه‌تاح سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد. ئه‌مه‌ریكیه‌كان هێزی سه‌ربازییان نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌نها چه‌ند كه‌سێكیان له‌گه‌ڵ ئێمه بوون بۆ ره‌سه‌دو ده‌ست نیشانكردنی ئه‌و شوێنانه‌ی كه بۆردومان ده‌كران، ده‌نا سه‌رجه‌م هێزه‌كه پێشمه‌رگه بوون. یه‌كه‌م ڕۆژ كه چوینه ناو كه‌ركوكه‌وه‌و باره‌گامان دانا، بۆ ڕۆژی دواتر ئه‌مه‌ریكیه‌كان وتیان ده‌بێت بچنه ده‌ره‌وه. هه‌رچه‌نده وتمان ئێمه لێره‌ین بۆ ڕێگرتن له‌تاڵانی‌و ڕێگرتن له‌حاڵه‌تی نه‌خوازراو، به‌ڵام قبوڵیان نه‌كرد. باسی ڕێكه‌وتن نه‌بوو بۆ مانه‌وه‌مان بۆ ته‌نها شه‌وێك له‌كه‌ركوكدا، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت هاوكارییان بكه‌ین له‌ئازادكردنی كه‌ركوكدا.
ئاوێنه: واتا هیچ ڕێكه‌وتنێكتان نه‌بووه؟
مام ڕۆسته‌م: نازانم ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كاك عومه‌ر ڕێكه‌وتنیان هه‌بووبێت. به‌ڵام پێموایه هیچ ته‌نسیقێك نه‌بووه بۆئه‌وه‌ی ئێمه چی بكه‌ین له‌كه‌ركوك. ئه‌مه‌ریكیه‌كان وایان دانابوو خۆیان مه‌سئولن‌و قه‌ره‌هه‌نجیریان وه‌كو خه‌تی سور بۆ ئێمه دانابوو. كاتێك ئینزاركراین بۆ جێهێشتنی شاره‌كه، من نزیكه‌ی سێ هه‌زار پێشمه‌رگه‌م له‌گه‌ڵدابوو، به‌كاك عومه‌رم وت ئه‌مه‌ریكیه‌كان وتوویانه چۆڵی بكه‌ن، ئه‌ویش وتی چارنیه مادام ئه‌وان وتوویانه. ئیتر ئێمه‌ش كه‌ركوكمان جێهێشت.
ئاوێنه: بۆچی ئه‌مه‌ریكیه‌كان نه‌یانهێشت له‌كه‌ركوك بمێننه‌وه؟
مام ڕۆسته‌م: به‌ڕای من ئه‌وان وایانده‌زانی ئێمه عه‌ره‌ب‌و توركمان قه‌تڵوعام ده‌كه‌ین، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه كه‌سمان ئه‌زیه‌ت نه‌داو زۆر ڕێزی خه‌ڵكمان گرت. شتێك نه‌كرا زه‌ق بێت تاكه‌سێك بڵێت كورد وای له‌كه‌ركوك كرد.
ئاوێنه: هیچ هێزێكی ئێوه نه‌مایه‌وه بۆ پارێزگاری له‌فه‌رمانگه گرنگه‌كانی وه‌كو ڕه‌گه‌زنامه؟
مام ڕۆسته‌م: هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێت ئه‌مه‌ریكیه‌كان كۆڵان به‌كۆڵان ده‌گه‌ڕان‌و هه‌ر چه‌كدارێكیان ببینیایه توره‌كه‌یان ده‌كرده سه‌ری. پێویست ناكات ناویان بڵێم، به‌ڵام توره‌كه‌یان كرده سه‌ری چه‌ندین به‌رپرسی یه‌كێتی‌و پارتی‌و دواتر ئازادیان ده‌كردن‌و چه‌كه‌كانیان لێیان ده‌سه‌ند. ئێمه خاوه‌نی كه‌ركوك نه‌بوین، ئه‌وان ته‌نانه‌ت سه‌یته‌ره‌كانی ڕێگه‌ی چه‌مچه‌ماڵ‌و سلێمانیان لابرد.
یه‌كێتی‌و پارتی ئه‌گه‌ر پلانیان هه‌بوایه، ده‌یانتوانی له‌ڕێگه‌ی ته‌رخانكردنی پانزه ملیۆن دۆلارێكه‌وه ده‌یه‌ها خان‌و له‌وشاره‌دا بكڕن كه‌نرخی هه‌ره زۆری ده‌گه‌یشته بیست ملیۆن دینار، هه‌ر به‌وه ده‌مانتوانی كه‌ركوك بگرینه‌وه، چونكه زۆربه‌ی ته‌عریبه‌كان ترسابون‌و نه‌مابون.
ئاوێنه: به‌ڕای تۆ حه‌ماسی كورد‌و ئاره‌زوی تاڵانی، بووه هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پلانه‌كانی كورد؟
مام ڕۆسته‌م: ئه‌وه‌ش‌و بێنیزامی هه‌بوو. به‌رنامه هه‌بوو كه كه‌ركوك بگرین، به‌ڵام به‌رنامه نه‌بوو كه گرتمان چی بكه‌ین. دوای ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌ریكا نه‌یهێشت ته‌گبیر بكه‌ین‌و بكه‌وینه خۆمان چی بكه‌ین‌و پێشمه‌رگه‌یان تیانه‌هێشت. ته‌نها باره‌گای مه‌ڵبه‌ند مایه‌وه ئه‌ویش به‌ترس‌و له‌رزه‌وه‌و چه‌ند چه‌كێكیان هه‌بوو ئه‌ویش له‌ژوره‌وه. یه‌ك پاسه‌وانی كوردت به‌ڕۆژ له‌به‌ر ده‌رگا نه‌ده‌بینی. وڵاتیش له‌سه‌ره‌تای یه‌كه‌مدا به‌هێز ده‌توانی كۆنترۆڵی بكه‌یت.
ئاوێنه: ئایا له‌لایه‌نی سیاسیشه‌وه كورد هه‌ر به‌بێ پلان چووه ناو ئه‌و شاره‌وه؟
مام ڕۆسته‌م: پێموایه پلانمان نه‌بووه، ئه‌گه‌ر هه‌مانبوایه ده‌مانتوانی وه‌ك جوله‌كه بكه‌ین. با تایبه‌تمه‌ندی كه‌ركوكتان بۆ باس بكه‌م جگه له‌نه‌وته‌كه‌ی، كه‌ركوك سه‌ره‌ڕێی سه‌فه‌ركردن‌و بازرگانیكردنه بۆ كه‌ركوك‌و ده‌كه‌وێته سه‌نته‌ره‌وه‌و، كاتی خۆشی عوسمانیه‌كان به‌كاریانهێناوه بۆ بازرگانی به‌ره‌و به‌غدا، بۆیه له‌كه‌ركوك‌و ته‌له‌عفه‌رو ئه‌و ناوچانه توركمان هه‌یه. شارێكی كوردستانیه‌و چه‌ندین شۆڕشی له‌پێناودا تواوه‌ته‌وه‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ده‌وروبه‌ر به‌وهۆیه‌وه چه‌ندان بیانوویان به كورد گرتووه.
ئه‌گه‌ر ئێمه به‌رنامه‌مان هه‌بوایه، یه‌كێتی‌و پارتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه زۆریان له‌ده‌وڵه‌مه‌ندو سه‌رمایه‌داره‌كان بكردایه بۆئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌و چه‌ند خانویه‌ك له‌و شاره‌دا بكڕن، هه‌ر به‌وه ده‌مانتوانی ئه‌و شاره بگرینه‌وه.
ئاوێنه: گرفته‌كه له‌وێوه سه‌رچاوه ناگرێت كه پارتی‌و یه‌كێتی به‌پلان‌و هێزێكی هاوبه‌شه‌وه نه‌چوونه شاره‌كه‌وه؟
مام ڕۆسته‌م: خۆی وایه، خه‌تای هه‌ردوو هێزه‌كه‌ی زۆرتیایه. چونكه ئه‌گه‌ر چه‌ندێك پێشمه‌رگه‌یان نارده ناوشار، ئه‌وه‌نده‌شیان له‌ده‌ره‌وه دابنایه‌و نه‌یانهێشتایه كه‌س بچوایه‌ته ناو شاره‌كه‌وه، ئه‌وكاته ده‌یانزانی كێ تاڵانی كردوه‌و كێ دایه‌ره‌كانی سوتاندوه.
ئاوێنه: له‌زۆربه‌ی ڕوداوه‌كاندا كورد هێزی ده‌ره‌كی تاوانبار ده‌كات، به‌ڵام له‌كێشه‌ی كه‌ركوكدا به‌پێچه‌وانه‌وه خۆی تاوانباره؟
مام ڕۆسته‌م: كورد وته‌نی «ڕزق به‌ده‌ست خوایه، به‌ڵام ئحمێكی ده‌وێت». ڕاسته پشت‌و په‌ناو وڵاتێك ده‌عمت بكات‌و پشتیگری ئیعلامی باشه. به‌ڵام كه تۆ خۆت نه‌بی به‌چی ده‌چێت. بۆ نمونه زه‌ویه‌ك كاتێك ده‌كه‌یته خان‌و، ئه‌گه‌ر خۆت بلۆك‌و ئه‌ندازیارو پێداویستیه‌كانی بۆ دابین نه‌كه‌یت، به‌چی ده‌یكه‌یته خان‌و؟ له‌وه‌ته‌ی هه‌ن هۆكاره‌كه‌ی خۆمانین، له‌هه‌ڵه‌كانی خۆمانه‌وه‌یه، چ شكست‌و دۆڕان‌و ئه‌نفال‌و كیمیاباران هه‌یه هه‌ر هه‌ڵه‌كه‌ی بۆ خۆمان ده‌گه‌ڕێته‌وه. كورد وه‌كو خۆی دوربین نیه، نازانێت چه‌ند ساڵێكی تر چی ده‌بێت. ده‌بێت هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان‌و چی بكه‌ین‌و بۆچیه‌كان ده‌ست نیشان بكه‌ین.
بۆ نمونه سبه‌ینێ توركیا‌و ئێران ته‌نازول بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر پشتكردن له‌كورد، تۆ بۆ ئه‌وكاته چیت هه‌یه. واته شتی ستراتیژیمان نیه، په‌یمانگای لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یمان نیه وه‌كو وڵاتانی تر. ئه‌مه بۆخۆی حیكمه‌تێكی تیایه كه ئێمه په‌نجا ملیۆنین تائێستا نه‌بووین به‌هیچ، قابیله پیاوی ئازامان نه‌بێت. من پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆڕشه‌كه بووم‌و شه‌ش جار برینداربووم‌و دوو برام شه‌هیده، ئاماده‌م په‌نجه بكه‌م به‌چاوی هه‌موویاندا، كورد هه‌رگیز له‌ڕوی سه‌ربازییه‌وه گرفتی نه‌بووه. هه‌موو دۆڕاندنه‌كانمان به‌هۆی سیاسیه‌كانه‌وه بووه. هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی سه‌ربازیمان نه‌بووه له‌سه‌رجه‌م شۆڕشه‌كاندا.
ئاوێنه: دوای هێوربوونه‌وه‌ی باردۆخه‌كه، یه‌كێتی‌و پارتی به‌رده‌وام بوون له‌ململانێ یان به‌شێوازێكی عاقلانه كاریان كرد؟
مام ڕۆسته‌م: ململانێ بووه. من ناڵێم هیچ نه‌كراوه به‌ڵام له‌ئاستی پێویستدا نه‌بووه. شتێكی كه‌م كراوه، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ململانێی حیزبایه‌تی. هیوادارم له‌مه‌ودوا به‌هۆی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی نێوانیانه‌وه ئه‌و ململانێیه نه‌مێنێ. ده‌خوازم له‌لای سه‌یته‌ره‌كه‌ی سلێمانی‌و هه‌ولێر حیزبایه‌تی فڕێ بدرێت‌و بۆ كوردایه‌تی بچینه كه‌ركوكه‌وه. ته‌نازول بۆ دوژمن عه‌یبه، قه‌یچێكا با پارتیه‌ك بكرێته مه‌سئول، گرنگ ئه‌وه‌یه سنوری كوردستان بۆ نه‌وه‌ی دواڕۆژ بپارێزین. ئێمه یه‌ك هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌مان هه‌یه، نابێت ڕاپرسی له‌سه‌ر خاكی خۆت بكه‌یت، زیاتر له‌هه‌شتا ساڵه ده‌ڵێن كه‌ركوك كوردستانه، یه‌ك كوردیشی تیانه‌مێنێ هه‌ر كوردستانیه. گریمان له‌ڕاپرسیدا عه‌ره‌ب ده‌رچوو، عه‌ره‌ب ده‌توانێ هه‌ر به‌پاره چی عه‌ره‌ب هه‌یه بخزێنێته ئه‌و شاره‌وه، ئه‌ی ئه‌وكاته چی ده‌كه‌یت. ڕاپرسی بۆ شتێك ده‌كرێت گومانت لێی هه‌بێت. ته‌نانه‌ت پار به‌فرێك باری سنوری كوردستانی تا حه‌مرین دیاریكرد، خوا سنوره‌كه‌ی دیاریكرد، به‌ڵام كورد خۆی نازانێت دیاری بكات.
ئاوێنه: دروستكردنی وه‌ره‌قه‌ی سه‌وزو زه‌رد بۆ عه‌ره‌به‌كان، هۆیه‌كی سه‌ره‌كی نه‌بوو بۆ مانه‌وه‌یان؟
مام ڕۆسته‌م: جگه‌له‌وه خیتابی سه‌ركرده‌كان كه كورد‌و عه‌ره‌ب برایه. من ده‌ڵێم قه‌ت برانین، برا ئه‌وه له‌دایك‌و باوكێك بیت. به‌ش به‌حاڵی خۆم جگه له‌كورد كه‌س به‌برای خۆم نازانم، ڕاسته هاوسێین، به‌ڵام له‌ڕوی زمان‌و كه‌لتوره‌وه زۆر جیاوازین. توركمان‌و عه‌ره‌ب برایی ناپارێزن. ئه‌وه‌تا فارس‌و تورك تۆپبارانت ده‌كات، باشه ئه‌گه‌ر برابێت بۆ ماڵی براكه‌ی وێران ده‌كات.
ئاوێنه: خوێندنه‌وه‌ت بۆ ئێستای كه‌ركوك چۆنه؟
مام ڕۆسته‌م: ئاوا بڕوات من باشی نابینم. ئه‌و حیزبانه نه‌كه‌ونه خۆیان‌و به‌گیانێكی نوێ‌و برایانه‌وه كارنه‌كه‌ن، بارودۆخه‌كه ئاڵۆزتر ده‌بێت، چونكه كه‌ركوك چاوی زۆری له‌سه‌ره‌و هه‌روا ئاسان نیه. چونكه تائێستاش ئه‌و دووهێزه به‌گیانی حیزبایه‌تی كارده‌كه‌ن نه‌ك كوردایه‌تی.
ئاوێنه: به‌ڕای تۆ له‌بری كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ناوچه‌و كۆمیته‌یه، ئه‌و خانوانه بدرایه‌ته ئاواره باشترنه‌بوو؟
مام ڕۆسته‌م: به‌باره‌گاو دووباره‌گا پێداویستی خه‌ڵك پڕنابێته‌وه. ئه‌گه‌ر به به‌رنامه‌و هجومی پاره‌وه بڕۆیشتنایه باشتربوو، هه‌رحیزبه‌و به‌گوێره‌ی توانای خۆی. ئه‌و هه‌موو سه‌رمایه‌داره هه‌ر خه‌ریكی ته‌لاری به‌رزن له‌سلێمانی‌و چه‌مچه‌ماڵ، گرنگ كه‌ركوكه. چونكه ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ كه‌ركوك بكه‌وێته سه‌ر سكه زۆر گرنگ ده‌بێت له‌ڕوی كشتوكاڵی‌و پیشه‌سازییه‌وه.
ئاوێنه: هۆكاری فه‌رامۆشكردنی كه‌ركوك ناگێڕیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسه‌كانی له‌و شاره‌دا نامێننه‌وه؟
مام ڕۆسته‌م: به‌پێچه‌وانه‌وه زۆربه‌ی به‌رپرسه‌كان ماڵیان له‌كه‌ركوكه. ئه‌وه‌ی باسده‌كرێت مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانه، ئه‌و جه‌وله‌یه‌ی كاك كۆسره‌ت‌و فازیل میرانی ئه‌گه‌ر دانانی نوسینگه‌یه‌كی فیعلی لێ بكه‌وێته‌وه، نه‌ك بیسپێرن به‌چه‌ند كارمه‌ندێك. خۆیان سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كان بكه‌ن‌و توندوتۆڵیان بكه‌نه‌وه، باشتره له‌وه‌ی هه‌ر له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه بڵێن واده‌كه‌ین‌و وا ناكه‌ین.
ئاوێنه: ماده‌ی 140 ده‌توانێت چاره‌نوسی كه‌ركوك یه‌كلایی بكاته‌وه؟
مام ڕۆسته‌م: ماده‌ی 140، هیچ ئه‌سڵی نیه. من ماده بۆ شتێكی قه‌له‌ق داده‌نێم، بۆ به‌دره‌و جه‌سان‌و شه‌نگار. به‌ڵام كه‌ركوك هه‌ر گوناهه ماده‌ی بۆ دابنێیت.
ئاوێنه: پێتوایه چه‌مچه‌ماڵ ده‌بێته سنوری كوردستان، نه‌ك حه‌مرین؟
مام ڕۆسته‌م:(به‌پێكه‌نینه‌وه)، ڕه‌نگه ئه‌وێش بكه‌وێته خه‌ته‌ره‌وه، ئه‌ی سنوره‌كان دایمه خه‌ته‌رنین. بڕواناكه‌م ئه‌و چینه ڕۆشنبیرو گه‌نجه‌ی دروست بووه ڕێگه‌بده‌ن حیزبه‌كان وڵات به‌و شێوه‌یه لێ بكه‌ن. چونكه ئه‌مه شتێكی مێژوییه. ئێمه هه‌موومان ده‌مرین، ئه‌وه‌ی ته‌نها ده‌مێنێته‌وه ناوه. به‌ڵام چۆن ناوێك؟ ناوێكی خه‌باتكاری شۆڕشگێڕ یان شكستخواردوی دۆڕاو.
ئاوێنه: هه‌ڵوێستت له‌سه‌ر حیزبه‌كانی تر چیه، به‌ئیسلامی‌و عه‌لمانیه‌وه؟
مام ڕۆسته‌م: جاران ده‌یانوت حیزب وه‌سیله‌یه بۆ سه‌رخستنی كۆمه‌ڵگا، به‌ڵام ئێستا بوه‌ته تیجاره‌ت به‌هه‌موو حیزبه‌كان، مونافه‌سه‌ی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنیانه. پێموانیه شتێكمان كردبێت بۆ كه‌ركوك شانازی به‌سه‌رابكه‌ین. ڕاسته زۆربه‌ی پۆسته‌كان به‌ده‌ستی كورده‌وه‌یه، به‌ڵام سه‌یری وه‌زعی ئاواره‌كان‌و ڕێگاوبانه‌كان‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان بكه. مه‌عقوله خه‌ڵكی ئه‌و شاره نه‌وتیه له‌سه‌ر خاكی خۆی ئاواره‌بێت.
ئاوێنه: ئه‌ی وه‌كو خۆت چیت بۆ كه‌ركوك كردوه؟
مام ڕۆسته‌م: زۆربه‌ی خه‌ڵكی ده‌مناسن‌و، زیاتر له‌چل ساڵه له‌ده‌وری كه‌ركوك پێشمه‌رگه‌م. یه‌كه‌م كه‌رتی جه‌باریم دامه‌زراندوه، من گه‌شه‌م به‌تیپی 21ی كه‌ركوك كردوه. ته‌نانه‌ت ناوی منداڵه‌كانیشم به‌سێ كافه‌وه ناوناوه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته كه‌ركوك.
ئاوێنه: به‌ڕای به‌رپرسه ئیداریه‌كانیش جگه‌له حیزبیه‌كان، هه‌ر خه‌ریكی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنن؟
مام ڕۆسته‌م: وه‌ڵا گه‌نده‌ڵی ئه‌وه‌نده ناخۆش بووه پیاو ته‌ریق ده‌بێته‌وه باسی بكات، هه‌ر هه‌موومان گه‌نده‌ڵین. به‌ڵام خۆ گه‌نده‌ڵی خاڵ نیه به‌ناوچاوی كه‌سه‌كه‌وه دیاربێت. ڕۆژێك ده‌بێت مێژوو موحاسه‌به‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌كات له‌ئاستی پێویستدا نه‌بوون بۆ كه‌ركوك.
ئاوێنه: چۆن ده‌توانرێت باری ئه‌منی چاك بكرێت؟
مام ڕۆسته‌م: یه‌كه‌م ده‌بێت كاره‌كان بسپێردرێت به‌و كه‌سانه‌ی جێگیرن، ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌زه‌بت نه‌كراون ده‌بێت بیده‌یته ده‌ست قائیدی مه‌یدانی‌و گوێنه‌ده‌یته شه‌هاده. دووه‌م: ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی پۆست وه‌رده‌گرێت دڵسۆزی كورد‌و قوربانیده‌ربێت بۆی، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت وه‌كو ئه‌وه وایه ئه‌وروپیه‌ك بهێنی بیكه‌یته پارێزه‌ر هه‌ركاتێك كه پۆسته‌كه‌ی ته‌واو بوو جانتاكه‌ی هه‌ڵده‌گرێت‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئاوێنه: ناردنی لیوایه‌كی پێشمه‌رگه تاچه‌ند ڕۆڵی ده‌بێت؟
مام ڕۆسته‌م: ئه‌وه كاریگه‌ری ده‌بێت، به‌ڵام ئایا ئه‌وه كراوه‌و ده‌كرێت.
ئاوێنه: ئایا پۆلیس‌و ئاسایشی كه‌ركوك كه‌وتوونه‌ته به‌ر به‌رداشی ململانێی پارتی‌و یه‌كێتی؟
ئاوێنه: ئه‌وانه خه‌ڵكی كه‌ركوكن‌و دڵسۆزانه كار بۆ كه‌ركوك ده‌كه‌ن، زۆربه‌یان له‌لای من پێشمه‌رگه‌بوون. به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات‌و نه‌سرییه‌یان نیه تابتوانن به‌شێكی زانیاری بكه‌نه‌وه. خۆشتان ده‌زانن ئه‌مڕۆ هه‌موو شت به‌پاره ده‌كرێت. ته‌نانه‌ت نزیكه‌ی 300پۆلیسمان شه‌هیدبووه، به‌ڵام یه‌ك پۆلیس ته‌عین نه‌كراوه، ئیتر ده‌سه‌ڵاتمان له‌كوێدایه.
ئاوێنه: ئه‌گه‌ر داوات لێ بكه‌ن، ئاماده‌ی ببیته به‌رپرسی ئه‌و لیوایه‌ی پێشمه‌رگه؟
مام ڕۆسته‌م: ئاماده‌م نه‌ك مه‌سئولی ئه‌و هێزه، ئاماده‌م ببمه به‌رپرسی ده‌كه‌س له‌كه‌ركوكدا. هه‌ركاتێك كه‌ركوك منی پێویست بێت بۆ هه‌ر كون‌و قوژبنێكی ئه‌و شاره من ئاماده‌م.
ئاوێنه: بۆ له‌م كاته‌دا له‌و شاره نامێنیته‌وه؟
مام ڕۆسته‌م: من ده‌مێكه هیچ پۆستێكم نیه. ته‌نها بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵكی ئه‌و شاره هه‌فتانه چه‌ند ڕۆژێك ده‌چمه‌وه. ده‌چمه ئه‌وێ خه‌ڵك دێت داوای پاره‌م لێده‌كات، داوای خزمه‌تگوزاری‌و قه‌ره‌بوو و واسیته ده‌كه‌ن. كێشه‌ی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك ئه‌وه‌نده زۆره ئه‌وه‌نه‌ی چوار دائیره خه‌ڵك دێت بۆ لام.
به‌هۆی ململانێی باڵه‌كانی یه‌كێتیه‌وه پۆستم وه‌رنه‌گرتووه.
ئاوێنه: بێبه‌شكردنت له‌مه‌سئولیات، په‌یوه‌ندی به‌ململانێی باڵه‌كانی یه‌كێتیه‌وه هه‌یه؟
مام ڕۆسته‌م: به‌ڵێ. چونكه من له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌وتۆم نه‌بووه. هه‌ندێكجاریش ده‌ڵێن تۆ شه‌هاده‌ت نیه.
ئاوێنه: له‌به‌رئه‌وه‌یه سه‌ر به‌باڵه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فایت؟
مام ڕۆسته‌م: نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، پێموایه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌بۆچوونی خۆم ڕه‌نگه به‌پیاوێكی توندوتیژو توندڕه‌و ناسرابم، ڕه‌نگه سبه‌ی عه‌ره‌ب‌و توركمان گله‌یم لێبكه‌ن كه له‌وێ مه‌سئول بم. به‌ڵام له هه‌ردووجاری ئازادكردنی ئه‌و شاره‌دا به‌شداربووم، ئازاری كێم داوه‌و كێم تاڵان كردووه. ته‌حه‌دا ده‌كه‌م كه‌سێك بڵێت ڕۆسته‌ممان بینیوه ته‌پڵه‌كێك، قه‌ڵه‌مێك، تایه سپێرێكی هێناوه. تاچه‌ند مانگێك كه‌ئابه‌ی ئه‌وه لێیدابووم نه‌مانتوانی كه‌ركوك وه‌كو خۆی لێ بكه‌ینه‌وه‌و تائێستاش پێوه‌ی ده‌ناڵێنم.
ئاوێنه: ده‌ڵێن زۆر موعجیبی بۆچوونه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فایت؟
مام ڕۆسته‌م: كاك نه‌وشیروان كه‌سێكی شاره‌زاو تێگه‌یشتووه‌و لێهاتووه‌و زۆرێك له‌پێشبینیه‌كانی هاتونه‌ته دی. بۆ نمونه زه‌مانێك وتی با بایه‌خ به‌پاره‌ی عێراقی نه‌ده‌ین، ئه‌وا پاره‌ی عێراقی گۆڕا.
ئاوێنه: ده‌ڵێن جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان بۆ له‌خۆگرتنی به‌رپرسه سلێمانیه‌كانه، تۆ وه‌كو گه‌رمیانیه‌ك چۆن له‌گه‌ڵیاندایت؟
مام ڕۆسته‌م: ئه‌و جیانه‌بوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ته‌نها وازی له‌پۆستی جێگری سكرتێری گشتی‌و مه‌كته‌بی سیاسی هێناوه. به‌ڵام كاری سیاسی‌و ڕۆژنامه‌یی ده‌كات‌و مه‌ڵبه‌ندێكی ڕۆشنبیری داناوه‌و وازی له‌سیاسه‌ت نه‌هێناوه، زۆربه‌ی براده‌ران پرسی پێده‌كه‌ن. له‌هه‌ر بوارێكدابێت خه‌ڵك به‌به‌رپرس‌و مامۆستای خۆی ده‌زانێت. كاك سالار‌و ئه‌وان وه‌كو براده‌ری دێن له‌گه‌ڵیدا ئیشده‌كه‌ن، نه‌ك فه‌رمانبه‌ربن له‌لای.
ئاوێنه: تۆ له‌دیمانه‌یه‌كدا ده‌ڵێیت نه‌مانتوانی به‌ره‌نگاری به‌عس بینه‌وه بێ ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام زۆرجار به‌رپرسه‌كان هه‌ڕه‌شه له‌توركیاو ئێران ده‌كه‌ن؟ ئه‌مه چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه؟
مام ڕۆسته‌م: خۆی هه‌ڕه‌شه به‌چیه‌وه ده‌كرێت. من ده‌ڵێم فڵانه شت ده‌كڕم، به‌ڵام خۆ به‌پاره ده‌كڕدرێت. ده‌ڵێی په‌لاماری فڵانه شوێن ده‌ده‌م، ئه‌وه به‌هێز ده‌كرێت. تۆ بته‌وێت حكومه‌تێك بشكێنیت به‌هێز ده‌یشكێنیت، واته حكومه‌ت به‌رامبه‌ر حكومه‌ت. ئێمه یه‌ده‌گی هه‌فته‌یه‌ك نه‌وت‌و به‌نزینمان نیه. شانزه ساڵه كاره‌باو ئاومان دابین نه‌كردوه. ئه‌گه‌ر به‌شۆفڵێك له‌دوكانه‌وه ئاویان بۆ سلێمانی بهێنایه، ئێستا ئاو بردبووی.
ئاوێنه: ده‌ڵێن به‌هۆی ناسیاوییه‌وه ته‌ده‌خول له‌ئیشی دائیره‌كان ده‌كه‌یت؟
مام ڕۆسته‌م: من ئه‌گه‌ر ببمه به‌رپرس له‌كه‌ركوك خۆم ده‌زانم چۆن ده‌وام ده‌كه‌م. ده‌بێت ڕۆژانی ئیجازه‌شم به‌پرسی سه‌روی خۆم بێت. من ئه‌وه‌نده پێشمه‌رگه بووم بۆ دوو ڕۆژیش ئیجازه‌م وه‌رنه‌گرتووه.
ئاوێنه: ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی ماڵه‌كه‌تی لێیه له‌كه‌ركوك نوسراوه «گه‌ڕه‌كی مام ڕۆسته‌م»، ئه‌و ناونانه چۆن بووه؟
مام ڕۆسته‌م: من نازانم خه‌ڵك ئه‌و ناوه‌ی داناوه. ده‌بێت بچی له‌خه‌ڵك بپرسی. حه‌زناكه‌م له‌یه‌ك مناڵ خۆم به‌گه‌وره‌تر بزانم، چونكه هه‌موومان ده‌چینه ئه‌و شوێنه‌ی تێیدا ده‌نێژرێین.
ئاوێنه: ئه‌گه‌ر په‌یكه‌رێكت بۆ دروست بكرێت له كه‌ركوك، پێتخۆشه؟
مام ڕۆسته‌م: وه‌ڵا پێم‌خۆش نیه.
ئاوێنه: كۆمپانیا، ڤێلا، به‌نزینخانه كامیانت هه‌یه؟
مام ڕۆسته‌م: ئه‌وه تاپۆو بازاڕ هه‌یه بچن بپرسن. یه‌ك خانوم هه‌یه سه‌یاره‌كه‌شم بۆ فرۆشتووه هێشتا ته‌واونه‌بووه، تائێستا خانویه‌كی ئه‌وتۆم نیه.
ئاوێنه: چه‌ند موچه وه‌رده‌گریت؟
مام ڕۆسته‌م: ته‌نها موچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌ندام پارله‌مانیه‌كه‌م هه‌یه. ئاماده‌م له‌مونازه‌ره‌ی گه‌وره‌و له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ریشدا ئه‌و ڕاستیانه بڵێم.
ئاوێنه: چۆن نازناوی ژه‌نه‌راڵت لای ئه‌مه‌ریكیه‌كان وه‌رگرت؟
مام ڕۆسته‌م: له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه ئه‌مه‌ریكیه‌كان هاتنه ئه‌م وڵاته من له‌گه‌ڵیاندا بووم بۆ لێدانی ئه‌نسار. منیش پۆسته‌كه‌م به‌حیساب لیوام، ئه‌وه‌ش لای ئه‌وان ژه‌نه‌راڵه. له‌شه‌ڕه‌كانیشدا لێم ڕازین‌و پێموایه منیان خۆشده‌وێت بۆیه ئه‌و پۆسته‌یان پێدام.
ئاوێنه: ده‌ڵێن جارێك ئه‌مه‌ریكیه‌كان لای كه‌ركوك تۆیان گرتووه؟
مام ڕۆسته‌م: وانیه بۆچی من بگرن. جارێكیان من له‌وێ نه‌بووم پێشمه‌رگه‌یه‌كمان به‌چه‌كه‌وه له‌مقه‌ڕه‌كه هاتبووه ده‌ره‌وه چه‌كه‌كه‌یان لێسه‌ند. به‌ڵام دواتر كاپتنێكی ئه‌مه‌ریكی هات‌و چه‌كه‌كه‌ی هێنایه‌وه‌و داوای لێبوردنی كرد.
ئاوێنه: له‌چوار ساڵی ڕابردودا كورد سیاسه‌تی تۆراندنی هه‌بووه یان ئاشتكردنه‌وه‌ی توركمان‌و عه‌ره‌ب؟
مام ڕۆسته‌م: ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو، چونكه له‌ڕابردودا له‌نێوان توركمان‌و عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌نی ئه‌م شاره‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر به‌هێز هه‌بووه، به‌ڵام ئێستا دێت خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه، ڕه‌وزه ده‌ته‌قێنێته‌وه ئیتر برایه‌تی چی. به‌ڵام ده‌توانین ئه‌گه‌ر تاپۆكه‌ی كه‌وته‌وه ده‌ست كورد با پارێزگار توركمان بێت، پۆلیس عه‌ره‌ب بێت، ئاسایش مه‌سیحی بێت كه‌ی كێشه‌یه. خۆی گرنگ تاپۆكه‌یه. ده‌توانم بڵێم ئه‌و حه‌ساسیه‌ته‌ی به‌عس دروستیكرد ئێستاش هه‌ر هه‌یه. من چه‌ند جارێك به به‌رپرسه‌كانی توركمانم وتووه له‌گه‌ڵ 27 ملیۆن عه‌ره‌بدابن باشتره بۆیان، یان له‌گه‌ڵ چوار ملیۆن كورد، له‌ڕوی وه‌رگرتنی پۆست‌و به‌رپرسیارێتیه‌وه. كاتێك قه‌ڵای كه‌ركوك ڕوخا، كاتێك ئه‌و هه‌موو توركمانه ده‌ربه‌ده‌ر كران‌و كوژران كه‌چی توركیا هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بوو.
ئاوێنه: تاچه‌ندێك ئه‌و نوكتانه ڕاستن له‌سه‌ر تۆ باسده‌كرێن؟
مام ڕۆسته‌م: زۆربه‌ی وانیه. به‌ڵام بانوكته‌یه‌ك باس بكه‌م. له 1984 چووین بۆ ته‌عزێی كه‌سێكی نزیك له‌كۆیه، زۆر ته‌عزێیه‌كه‌ی گه‌وره‌بوو پێشوازییه‌كی باشیان لێكردین. كه‌گه‌ڕاینه‌وه له هه‌یبه سوڵتان به‌مام جه‌لالم وت یاخوا هه‌فته‌ی كه‌سێكی واتان لێ بمرێت. ئه‌ویش وتی ڕۆسته‌م وابێت كه‌سمان لێ نامێنێته‌وه.
ئاوێنه: ڕۆژێك دێته پێشه‌وه واز له‌ژیانی پێشمه‌رگه‌یاتی‌و عه‌سكه‌ری بهێنی؟
مام ڕۆسته‌م: خۆ من له‌سوپادا نیم، به‌ڵام تامیلله‌ته‌كه‌م پێویستی پێبێت چه‌ك هه‌ڵده‌گرم. تاده‌ستم تفه‌نگ بگرێت‌و تین‌و تاوم تیابێت، ئه‌گه‌ر به‌ته‌نهاش بێت واز له كه‌ركوك ناهێنم.
ئاوێنه: شێوازی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیت تاچه‌ندێك له‌ژیانی خێزانی‌دا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه؟
مام ڕۆسته‌م: وه‌كو هاوڕێ واین‌و ده‌توانن له‌خۆشیان بپرسن.
ئاوێنه: به‌شداری شه‌ڕی ناوخۆت كردووه؟
مام ڕۆسته‌م: زۆرنه‌بوو، چونكه ماوه‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌بووم‌و ماوه‌یه‌كیش له‌خواره‌وه بووین وابزانم جارێك له پشتئاشان شه‌ڕمان كردوه، ئه‌مه له‌هه‌شتاكاندا. له 31/ی ئابیشدا چه‌ند ڕۆژێك بوو له‌ئه‌ڵمانیاوه گه‌ڕامه‌وه به‌شداریم كرد.
ئاوێنه: بۆ شه‌هاده‌ی ته‌زویرت نه‌كرد، چونكه ده‌ڵێن هه‌ندێك به‌رپرس وایكردوه؟
مام ڕۆسته‌م: بڕوام به‌هیچ ته‌زویرێك نیه. چونكه ڕۆژێك ده‌بێت هه‌ر كه‌شف بێت. ئینجا به‌قابیلیه‌تی خۆت بچیته شوێنێك باشه، نه‌ك دروستتكه‌ن. زۆر به‌رپرسیش هه‌یه شه‌هاده‌ی ته‌زویری له دكتۆرا، ماسته‌ر، محامی. به‌یانی ده‌توانم بچم له‌ئه‌وروپای شه‌رقی شه‌هاده‌یه‌ك بێنم بڵێم دكتۆرام له‌ده‌روناسیدا هه‌یه. ئه‌وه‌ش كه‌وتۆته سه‌ر ویژدانی كه‌سه‌كه خۆی.
ئاوێنه: تاچه‌ندێك شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌یت فایلت نیه؟
مام ڕۆسته‌م: نه‌ك هه‌ر شانازی به‌ڵكو زۆرجار بیری لێده‌كه‌مه‌وه زۆر جێگای سه‌ربه‌رزییه بۆ من. یه‌كه‌مین عائیله له‌كوردستاندا ماڵی ئێمه‌و شه‌هید ئازاد هه‌ورامی گیرا له 1977. حكومه‌ت چه‌ند جارێك داوای لێكردوم. ته‌نانه‌ت حكومه‌ت ده‌یه‌وێت با پێشمه‌رگه بێت به‌ڵام نه‌یه‌ته نزیكی كه‌ركوك، به‌پێچه‌وانه‌وه من كه‌رتی جه‌باریم دروستكرد.
ئاوێنه: چی له‌وكه‌سانه بكرێت كه‌فایلیان هه‌یه؟
مام ڕۆسته‌م: من بڕوام به‌دادگا هه‌یه، هه‌رچ كه‌س شتی هه‌یه له‌سه‌ر خاوه‌ن فایل ئه‌وا دادگا هه‌یه‌و حاكم رزگار سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، دڵنیاشم ئه‌و دادگایه ده‌توانێت مافی میلله‌ت له‌سه‌ر ئه‌و خاوه‌ن فایلانه بستێنێته‌وه كه خیانه‌تی گه‌وره‌یان كردووه.
ئاوێنه: دوای مام جه‌لال كێ به‌شیاو ده‌زانیت ببێته سكرتێر؟ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌یت له‌دواین كۆنگره‌ی یه‌كێتی مام جه‌لال واز له پۆسته‌كه‌ی بهێنێت؟
مام ڕۆسته‌م: هیوادارم مام جه‌لال ته‌مه‌نی درێژبێت، من پێشبینی ده‌كه‌م مام جه‌لال یه‌كێتی رێكبخاته‌وه‌و كۆنگره‌ی ئاینده‌ش ببێته كۆنگره‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.
كاك نه‌وشیروان به‌كه‌سێكی شایسته ده‌زانم‌و، نازانم مام جه‌لال ئیستیقاله ده‌كات له‌دوا كۆنگره‌دا یان نا.
ئاوێنه: پێتوایه یه‌كێتی له‌قه‌یراندایه؟
مام ڕۆسته‌م: یه‌كێتی ئێستا وه‌زعی زۆرباش نیه‌و هه‌موو كه‌سێك ئه‌و ڕاستیه ده‌زانێت‌و پێویست به‌شاردنه‌وه ناكات. ئه‌مڕۆ له بچوكترین حیزبه‌وه تا گه‌وره‌ترینی عه‌یب‌و عاریان هه‌یه‌و خۆیان ده‌توانن چاكی بكه‌نه‌وه. به‌ڕای من ته‌نها مام جه‌لال ده‌توانێت یه‌كێتی بگێڕێته‌وه بۆ دۆخی هه‌شتاكان یان هیچ نه‌بێت گله‌یی خه‌ڵكی له‌سه‌ر نه‌هێڵێت. ئه‌وه‌ش شتێكی زۆر گران نیه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك له‌شتێك ببورێت‌و ڕێكه‌وتن هه‌بێت ئه‌و كاره ده‌كرێت.
به‌كورتی
حه‌سه‌ن حه‌مید ڕه‌حیم ناسراو به مام ڕۆسته‌م
له 1949، له‌شۆریجه‌ی كه‌ركوك له‌دایكبووه
له‌ساڵی 1968 بوه‌ته پێشمه‌رگه
له 1976 په‌یوه‌ندیكرد به‌یه‌كێتیه‌وه
دواین پۆستی ئه‌ندامی پارله‌مان بووه
كوردی‌و عه‌ره‌بی‌و توركمانی‌و فارسی‌و كه‌مێك ئه‌ڵمانیش ده‌زانێت.
سازدانی: بارام سوبحی
ئاسۆ شوانی
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

