له گه‌رمه‌سێر
له گه‌رمه‌سێر، ئه‌مریکا، تیرۆریستانی قاعیده و به‌عس ده‌پارێزێ!

سه‌لام عه‌بدوڵا
ماوه‌یه‌که نزیکه‌ی 400 پێشمه‌رگه له‌ناوچه‌ی رانیه و ئه‌مجاره‌یان له سۆرانه‌وه بۆ خانه‌قی هاتوون و به‌رپرسه‌کانیان له‌ناو ئیداره‌ی پرۆژه‌ی ئاوی خانه‌قی باره‌گایان دامه‌زراندووه‌و له‌ته‌نیشت ده‌رگای چوونه ژووره‌وه‌وه خێوه‌تیان هه‌ڵداوه. پێشمه‌رگه‌کانیش له‌ناو قائیمقامیه‌و به‌رێوبه‌رایه‌تی و ده‌زگاکانی شاره‌که ده‌بینرێن.
بارودۆخی خانه‌قی تا راده‌یه‌کی زۆر ئاساییه‌و له‌شکر، ئاسایش و ده‌زگا حزبییه‌کان و دانیشتوانی شاره‌که سه‌نگه‌ری توندوتۆڵی دژ به تیرۆری ئیسلامبه‌عسی پێکده‌هێنن، بۆیه به‌ده‌گمه‌ن توانیویانه دزه بۆ ئه‌م شاره بکه‌ن.
له گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ل به‌رپرسێک که نه‌یویست ناوی ئاشکرا بکرێت وله وه‌ڵامی پرسیاری(بۆچی ئه‌م هێزه بۆ پاراستنی حمرین، سه‌عدیه و مه‌ندلی ناڕۆن، وتی: (ئه‌م هێزه بۆ ناوچه‌ی حمرین، سه‌عدیه و مه‌نده‌لی ته‌رخان کراوه، به‌ڵام ئه‌مریکییه‌کان رێ ناده‌ن به‌م هێزه، خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه له تیرۆریسته‌کانی قاعیده و به‌عس بپارێزن و له ژێر کارتێکردنی عه‌ره‌به شۆفینسته‌کانن(بۆ نموونه به‌رێوبه‌ری ناحییه‌ی سه‌عدیه). ئه‌و شۆفێنیستانه به ئه‌مریکاییه‌کان ده‌ڵێن” ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه بۆ ناوچه‌کانمان بێن، عه‌ره‌به‌کان ده‌کوژن. هه‌روا هه‌ر ئه‌وانن داوایان کرد هێزی ئاسایش له سه‌عدیه و جه‌له‌ولا نه‌مینێ و ده‌یان جار ئه‌و جۆره هه‌ڵه‌یانه داوه”)
شایانی باسه ئیسلامبه‌عسییه‌کان تا ئێستا به‌هۆی هێرشی چه‌کداری و بۆردومانکردن و کوشتن، نزیکه‌ی 281خێزانی کوردیان ناچار کردووه دێهاته‌کانیان به‌جێبهێڵن و نزیکه‌ی 70کوردیان کوشتووه‌و له ئیمام وه‌یس نزیکه‌ی 40کوردیان کوشتووه‌و له مه‌ندلی به ده‌یان که‌سیان کوشتووه و مینیان له‌سه‌ر رێگاکان چاندووه و قۆربانی لێکه‌وتووه.
بۆ زانیاری زیاتر له‌م باره‌یه‌وه دیداری به‌رێز عه‌قید هه‌ڵکه‌وت به‌رپرسی هێزه‌که کرد:
پرسیار: ئێوه بۆچیهاتوون بۆ ئێره؟
وه‌ڵام: ئێمه هێزی سوپای کوردستانین و له‌سه‌ر بڕیاری حکومه‌ت و پارێزه‌ری دیاله بۆ ئێره هاتووین و خانه‌قی و ده‌وروبه‌ری له تیرۆر بپارێزین.
پرسیار: مه‌به‌ستان له ده‌وروبه‌ری خانه‌قی، ناحییه‌ی سه‌عدی، جه‌له‌ولا و مه‌نده‌لییه؟
وه‌ڵام: نه‌خێر. مه‌به‌ستمان شاری خانه‌قی و ده‌وروبه‌ری خودی شاره‌که و داموده‌زگانییه.
پرسیار: به‌ڵام تیرۆر له حمرین، مه‌نده‌لی و سه‌عدیه ئه‌نجام ده‌درێ.
وه‌ڵام: ئه‌مریکییه‌کان تا ئێره رێگه‌یان به ئێمه داوه.
پرسیار: بۆچی ئه‌مریکییه‌کان رێ به ئێوه ناده‌ن بۆ ئه‌و ناوچانه بڕۆن؟
وه‌ڵام: له‌راستیدا قسه‌یان له‌گه‌ل کرا و تا ئێره رێگه‌یان به ئێمه دا. ئه‌م کێشه‌یه ته‌نها لێره نییه، به‌ڵکو له شه‌نگاریش هه‌یه، هێشتا بڕیاری 140جێبه‌جێنه‌کراوه. ئه‌مریکییه‌کان هاتن بۆ لای ئێمه‌و پێمان وت، ئێمه هاتووین بۆ پاراستنی ئه‌م ناوچه‌یه له تیرۆر. هه‌روا ده‌بێ بڵێم که به‌رپرسه‌کانی ئێره رۆڵێکی باش ده‌گێڕن له دژی تیرۆر و سوپاسیان ده‌که‌ین.)
سیناریوی رێگه‌گرتنی ئه‌مریکییه‌کان له سوپای کوردستان بۆ پاراستنی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه، بیانه‌وێت و نه‌یانه‌وێت، یه‌ک راستی ده‌سه‌لمێنێ: هه‌موو کاته‌که ئه‌مریکییه‌کان رێگه‌خۆشده‌که‌ن بۆ ته‌عریب کردن و کوشتنی کوردان و به‌رپرسیاری یه‌که‌من له‌و تاوانانه‌و له پشت ئه‌م په‌رده ره‌شه‌دا، رێگه‌گرتن له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شاروشارۆچکه‌کانی سه‌عدیه، جه‌له‌ولا و مه‌ندلی بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، به کوردییه‌که‌ی: پوچه‌ڵکردنی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140!
سه‌لام عه‌بدوڵا
31/5/2007
خانه‌قی
07701929872
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

