وتاری مزگه‌وته‌كان
وتاری مزگه‌وته‌كانی كوردستان دژی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر بوون
ئاوات عه‌لی
سلێمانی ـ (ده‌نگه‌كانی عێراق)
به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند كه وتاری هه‌ینی به‌شی هه‌ره‌زۆری مزگه‌وته‌كانی كوردستان بۆ ئیدانه‌كردنی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی پێشوی شاری هه‌ولێر ته‌رخانكرابوون.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، به ئاژانسی هه‌واڵی سه‌ربه‌خۆی (ده‌نگه‌كانی عێراق)ی راگه‌یاند “وتاربێژی مزگه‌وته‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا هێرشێكی توندیان كرده سه‌ر ئه‌نجامده‌ران و ئه‌وانه‌ی كه له‌پشت ئه‌م كرده‌وه تیرۆرستیه‌وه‌بوون و به كافر و مه‌لعونیان وه‌سف كردن ….. هه‌مووان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه ئه‌و جۆره كرده‌وانه دوورن له ره‌وشت و بنه‌ماكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه و ئه‌نجامده‌ران و هاوكارانیان دۆزه‌خ جێگایان ده‌بێت.”
هه‌روه‌ها مامۆستا مه‌لا مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی گه‌رمیان، له لایه‌ن خۆه‌یه‌وه جه‌ختی له‌وه كرده‌وه و وتی”سه‌رجه‌م مامۆستایانی ئاینی ئیسلامی له شاره‌كانی كفری و كه‌لار و ده‌ربه‌ندیخان و چه‌مچه‌ماڵ و هه‌موو شار‌و شارۆچكه‌كانی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان له‌وتاری هه‌ینیدا به‌توندی كرده‌وه تیرۆرستیه‌كه‌ی هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانیان مه‌حكوم و رسوا كردووه و داوایان له‌خه‌ڵكی كوردستان كردوه زیاتر ریزه‌كانیان یه‌ك بخه‌ن بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی تیرۆرست و پلانی ناحه‌زانی كورد و ئه‌زموونه دیموكراسیه‌كه‌ی.”
له لایه‌ن خۆیه‌وه مامۆستا مه‌لاعه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید، به‌رپرسی لقی سۆرانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و ئیمام و خه‌تیبی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌زای سۆران، له‌وتاری ڕۆژی هه‌ینیدا جگه له مه‌حكومكردنی ئه‌و كرده‌وه “تیرۆرستیه”، ئامانجی كرده‌وه‌كه‌شی به‌سته‌وه به‌و “سه‌ركه‌وتنه دبلۆماسی و ئابووریه‌وه كه هه‌ریه‌كه له‌سه‌ركۆماری عیراق و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ده‌ستیان هێناوه و كێشه‌ی گه‌لی كوردیان گه‌یاندۆته به‌رزترین ئاستی دبلۆماسی و سیاسی و ئابووری له‌جیهاندا.”
له لایه‌كی تره‌وه له‌مزگه‌وتی (سه‌واف)ی شاری هه‌ولێریش مامۆستا مه‌لاعومه‌ر سوێری، ئیمام و خه‌تیبی مزگه‌وته‌كه،له‌سه‌ر بنه‌ما شه‌رعیه‌كانی ئیسلام به‌رامبه‌ر به “كاری تیرۆرستی و تێكده‌رانه” وه‌ستا و چه‌ندین ئایه‌تی قورئان و فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ری هێنایه‌وه كه هه‌مویان نه‌فره‌ت له “تیرۆر” و كوشتنی به‌ناحه‌قی خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
له‌سلێمانیش مامۆستا مه‌لا عوزێر حافز، ئیمام و خه‌تیبی مزگه‌وتی زه‌رگه‌ته، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی به “كارێكی دژ به مرۆڤایه‌تی و ئیسلام وه‌سف كرد و داوای له‌خه‌ڵكی كوردستان كرد هاوكاری داموده‌زگاكانی حكومه‌ت بكه‌ن له‌پێناو بنبڕكردنی ئه‌و جۆره كارانه‌دا.”
له‌كه‌ركوكیش ئیمام و خه‌تیبی مزگه‌وتی برایه‌تی چاره‌نووسی میلله‌تی كوردی به‌سته‌وه به یه‌كریزی و ته‌بایی خۆیانه‌وه و وتی “گه‌رانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه هاوشێوه‌كانی بۆ سه‌ر ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان باشترین رێگاچاره‌یه بۆ دوباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كرده‌وه تیرۆرستیه‌ی كه له‌هه‌ولێر رویدا و رۆژانه‌ش له كه‌ركوك و ناوچه كوردیه دابڕێنراوه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا رووده‌دات.”
به‌هه‌مان شێوه له‌مزگه‌وته‌كانی دهۆك و هه‌ڵه‌بجه و ئاكرێ و ره‌واندز و ئامێدی و رانیه و زاخۆ ده‌نگی ناره‌زایی دژی كرده‌وه “تیرۆرستیه‌كه‌ی” شاری هه‌ولێر به‌رز بووه و داوایان له‌خه‌ڵكی كوردستان كرد زیاتر هۆشیاربن و به‌هه‌موو توانایه‌ك ئارامی و ئاسایشی كوردستان بپارێزن و ببنه ده‌ست و چاوی حكومه‌ت دژی تیرۆر و تیرۆرستان.
جێی ئاماژه‌یه هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 4000 مزگه‌وتی تێدایه كه زیاتر له 2000یان وتاری هه‌ینی تێدا ده‌خوێنرێته‌وه و سه‌دان هه‌زار كه‌سیش له‌ناو مزگه‌وته‌كاندا بۆ گوێگرتن له‌م وتارانه ئاماده ده‌بن.
ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو ته‌قینه‌وه‌یه‌كی خۆكوژی له نزیك وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌ولێر روویدا و بووه هۆی كوژران و بریندار بوونی زیاتر له 125 كه‌س كه ژماره‌یه‌كی زۆریان مه‌ده‌نی بوون و له نێوانیاندا ژن و منداڵ هه‌بوون.
ع ع
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

