هه‌ڵه‌بجه له به‌هاردا
هه‌ڵه‌بجه له به‌هاردا هه‌ڵوه‌ری و له زستان‌دا چرۆ ده‌کاته‌وه
“په‌یامی ڕادیۆی کوردی له فینله‌ند سه‌باره‌ت به بریاڕی زیندانیکردنی بازرگانی ماده‌کیمیاویه‌کان”
به پێی ڕێکه‌وتننامه‌ی جنێڤ جینۆساید بریتیه له ” هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک که به نیازی وێران‌کردن ئه‌نجام ده‌درێت، وێرانکردنی هه‌موو یاخود به‌شێك له نیشتمانێک، نه‌ژادێک، ره‌گه‌زێک، یا ئاینێک”.
وه‌له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م رێکه‌وتننامه‌یه و له روانگه‌ی دادگای هۆله‌ندیه‌وه کورده‌کان وه‌ک گروپێکی نه‌ژادی مه‌رجه‌کانی جنۆسایدکردن ده‌یانگرێته‌وه
كوشتني كوردان و‌ه ک جینۆسايد ناسرا!
دادگایه‌ک له لاهای رایگه‌یاند که‌وا کوشتنی هه‌زاران کورد له عێراقدا له هه‌شتاکاندا کارێکی جینۆسایدی بووه!
ئه‌و هۆله‌ندیه‌ی یارمه‌تی سه‌دامی دا له به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی کیمیاویدا دواتر به‌کارهێنان و بۆمبارانکردنی به‌سه‌ر کورده‌کاندا، به تاوانکاری جه‌نگ تاوه‌نبارکرا!
بازرگانی مه‌رگ “فرانس ڤان ئه‌نرات” له‌لایه‌ن دادگای لاهای هۆله‌ندی ه‌وه 15 ساڵ زیندانی بۆ بڕایه‌وه!
ئه‌وه‌ی پارته کوردستانیه‌کان پێیان نه‌کرا ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفالكردن و جینۆسایدی گه‌لی كورد-چاک به هاوکاری گه‌لی کورد کردی !
ئه‌مانه‌و ده‌یان ناونیشانی تر رۆژی هه‌ینی 23.12 له زوربه‌ی میدیا ناوخۆی و ده‌ره‌کیه‌کاندا بونه سه‌رده‌قی هه‌واڵه گرنگه‌کان. ئه‌و میدیایانه‌ی که له کاتی رودانی کاره‌سه‌تاکه‌دا که‌ڕ و کوێر بوون ، نه توانیان گوێ بیستی هاوارێک بن و نه ئاماده بوون ببن به بینه‌ری هه‌ڵوه‌رینی 5000 رۆح له هه‌ڵه‌بجه‌دا، وا ئێستا خه‌ریکه له خه‌وی درێژه وه‌خته‌یان به ئاگادێنه‌وه. خۆ باش ده‌زانین نه ئه‌م بڕیاره‌و نه بڕیاره‌کانی تریش یه‌کێک له‌و پێنچ‌هه‌زار په‌پوله‌یه‌مان بۆ ناهێننه‌وه، به‌ڵام ده‌توانین بڵێن‌ئه‌م بریاره سه‌ره‌تایه‌که بۆ ره‌سمی ناسین و یاسایی ناسینی ئه‌و کوشتار و زوڵم و زۆره‌ی که له‌سه‌ر میلله‌تی کورد کراوه به هۆی کورد بوونیه‌وه، به‌ده‌ر له‌وه ده‌توانین بڵێین به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی شایه‌تحالیش ده‌بێت له دادگایی کردنی باقی ئه‌و کاربه‌ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتدار وده‌وڵه‌ت و لایه‌نانه‌ی له کاره‌ساتی کیمیاوی باراندا به‌شدار بوون ، هه‌روه‌ها ده‌شبێته به‌ڵگه‌یه‌کی گرنگ و سوودمه‌ند له دادگایی کردنی سه‌دام حوسه‌ین و داروده‌سته‌که‌یدا، که‌هه‌روه‌ک هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن له پرۆسه‌کانی دادگایی کردنی ناوبراو رژێمه‌که‌ی‌دا خه‌ریکی گێڕانی سیناریۆیه‌کی چه‌واشه‌کارانه‌ن بۆ رای گشتی و ده‌یانه‌وێت خۆیان له‌و تاوانانه خاڵی بکه‌نه‌وه که له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیاندا ئه‌نجامیان داوه.
به بیستنی ئه‌م هه‌واڵه هه‌ورێکی پڕ له موحیببه‌ت و وه‌فا ده‌نێرین بۆ بیابانه ئه‌نفاله‌کانی عه‌رعه‌ر، له هه‌ڵه‌بجه‌شه‌وه ئامێزی عومه‌ری خاوه‌ر نه‌ک ته‌نها کۆرپه تاقانه‌که‌ی به‌لکه هه‌ر سه‌دوهه‌شتاودووهه‌زاره‌که‌تانی له خۆ گرتوه.
ئێمه به ناوی رادیۆی کوردی له فینلاند ده‌ستخۆشی کار و هه‌ڵسوڕانی دانه به دانه‌ی ئه‌ندامان و به‌رێوه‌به‌رانی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفالكردن و جینۆسایدی گه‌لی كورد-چاك ده‌که‌ین و ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌و ئه‌م به فه‌رمی ناسینه‌ی جینۆسایدی گه‌لی کورد له ئه‌نجامی ماندوبوون و خه‌باتی ئه‌وان ده‌ناسین، و هیواخوازین هه‌نگاوێک بێت بۆ ئاشکرابوونی تاوانبارانی تر.
به‌و ئومێده‌وه‌ین که بیستنی ئه‌م هه‌واڵه ته‌زویه‌کی خۆش به دڵ و جه‌سته‌ی برینداری که‌س و کاری کیمیابارانکراوه‌کاندا ببه‌خشێت و ئاسوده‌ییه‌ک بێت بۆ رۆحی قوربانیان. و‌ه به‌و هیوایه‌ی له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ئه‌نجام ده‌رانی کاره‌ساتی ئه‌نفالیش به سزای خۆیان بگه‌ن ، تائێمه‌ش بتوانین خۆمان ئازاد بکه‌یه‌ن له ئاهوو ناڵه‌ی به کۆمه‌ڵیان!
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی کوردی له فینله‌ند
Kurdiradio@gmail.com
25.12.2005
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

