داگیرکردنی بارەگاکانی “پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان”

germik.jpgداگیرکردنی بارەگاکانی “پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان” هێرشکردنە بۆ سەر دیموکراتی
وەک دەزانرێت دەوڵەتی ئۆلیگارشی تورکیا لەدوای کوشتنی (21) عەسکەرەکەى ئیدی ئیسرارو فشارێکی زۆری هەیە لەسەر پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادیخوازى گەلی کورد، بۆیە هەموو هەوڵەکانی خستۆتە گەڕ بۆ ئەو مەبەستە ناپاکەى و هەروەها مەسەلەی دەربازکردنی سنووری خستۆتە رۆژەڤەوە و پیلانێکی گەڵاو بەڕێوە دەبات، بۆ ئەم مەبەستەش گەلەکەمان کەوتنە سەرجادەو گۆڵان ناڕەزاییان دژ بەو هەڵوێستانە نیشاندا و ئەمەش بەتایبەت (پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان) لەبەر ئەوەی پارتییەکی نەتەوەییەو لەبەر ئەمەش دەیانەوێت بەبیانووی جۆراوجۆر دروست بکەن کە سەر بەپەکەکەن، بۆیە بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر داوای تورکیا لەمانگی رابردوو حکومەتی ئێراق بڕیارێکی وای دابوو کە بارەگاکانی پارتی ناوبراو دابخات، هەرچەندە پارتی چارەسەری بەشداری هەردوو هەڵبژادنە سەرتاسەرییەکەى ئێراقی کردووە و ئەوڕۆکە لەشارەکاندا بارەگاو کاروخەباتی خۆی دەکات، بەڵام ئیدی بەبیانووی سەر بەپەکەکەیە دەیانەوێت بارەگاکان دابخەن.
چەند شەوی رابردوو ئەو چاوپێکەوتنەى کەناڵی ئەلجەزیرە کە لەگەل “مەسعود بارزانی” کردی ئەو بۆ خۆی دانی بەوەدا نا کە مەبەستی پارتی چارەسەری بوو کە رەسمین و بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە، بەڵام لەدوای چوونی وشیار زێباری بۆ ئەستنەنبول بۆ کۆبوونەوەى وڵاتانی دراوسێی ئێراق ئیدی تەوەری سەرەکی باسەکەیان پەکەکە بووە، بۆیە وشیار زێباری لەقسەکانیدا دیسان وەکو پیشەی هەمیشەى لەپێناو رازیکردنی عەلی باباجانی هاوپیشەى باسی لەوە کرد کە ئەو حیزبانەى موتەعاتیفن لەگەڵ پەکەکە بارەگاکانیان دادەخەین، بۆیە دوای نێوەڕۆی رۆژی (4/11/2007) ئاسایشەکانی سەر بەدەزگای پاراستنی هەولێر هەڵیانکوتایە سەر بارەگای هەولێری پارتی چارەسەری و بارەگاکەیان داگیرکرد و دوابەدوای ئەمەش بەهەمانشێوە ئاسایشەکانی سەر بەیەکێتی هەڵدەکوتنە سەر بارەگای پارتی ناوبراو لەسلێمانی بارەگای ئەوێش دادەخەن پێش ئەوەش لەبەرواری (3/11/2007) هەڵدەکووتنە سەر ماڵی (عەبدوڵڵا ئیسماعیل) کە ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی (پ چ د ک) دهۆکەو تومەتەکەشی تەنها لەبەر ئەوەبووە کە ئەندامی پارتی چارەسەرییە بۆیە دەبێت ئەم جۆرە کردەوانە ریسوا و مەحکوم بکرێت بۆ رازیکردنی تورکە بۆرەکان هیچیتر نییە.
ئەگەر بارەگاکانی پارتی چارەسەری ناوەندی بەغداد و کەرکوک و موێل داگیربکرایە ئەوا بۆ ئەوە شتێکی تر مرۆڤ دەتوانێت بڵێت و دەمانگوت ئەوان غەیرە کوردون و بۆ مەبەستی جۆراوجۆر حکومەتی ئێراق دەیەوێت ئەو بارەگایانە دابخات، بەڵام ئەمڕۆ بەبڕیاردانی کردەوەیەکى وەهای دەسەڵاتی ئۆلیگارشی باشوور بێگومان جێگای نیگەرانییە و ئەمەش یەکەمجاریان نییە کابارەگاکانی پارتی ناوبراو داگیربکەن، بەڵام شتی سەڕسورهێنەر لێرەدایە ئەوان بانگەشەی دیموکراتی دەکەن و فرەحیزبی و ئازادی، بەڵام بەتەواوەتی بەپێچەوانەی ئەوەن، چونکە کردەوەکانیان لەپێش چاوە و دەسەڵاتدارانی کوردی بەغداش کارتۆن ئاسا هیچ هەڵوێستێکی نەتەوەییان نییە لەبەرامبەر ئەم ڕەوشە.
ئەمڕۆ کۆنسێپتەکانی دوژمنانی کورد رۆژ بەڕۆژ زیاتر هەوڵدانیان هەیە بۆ ئەوەى دەستکەوتەکانی باشوور لەدەست بدرێت و گەلەکەمان لەپارچەکانی دیکەى کوردستان بانگەوازى یەکڕیزى کورد دەکەن، بەڵام بۆ جارێکی تر کوردی خۆ خۆر دورست دەبن و دەبنە کۆسپ لەبەردەم دیموکراتی و ئازادی، بێگومان بەم کردەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەمەش بۆ خۆی گەورەترین سەرکەوتنە بۆ پارتی چارەسەری، چونکە گەلیش ئیمڕۆ ئەو راستییە دەزانی کە پارتی چارەسەری پارتییەکى نوێ دیموکراتی و نەتەوەییە و ئەمڕۆش لەبەر نەتەوەیی بوونی خۆی بارەگاکانی دادەخەن، بەڵام بەمەش (پ چ د ک) کۆڵ نادات بێگومان، بەڵکو ئەمە هاندانێکە بۆ زیاتر و پێداگری لەسەر دیمورکراتی و کۆتایهێنان بەئۆلیگارشی.
عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی
GERMIKI@GMAIL.COM


تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته‌ بكه‌.

بۆچوونێك بنووسه‌