دوعای نۆیه‌م
دوعایه‌کی دره‌نگ وه‌خت
(دوعای نۆیه‌م)
بۆڵه‌بۆڵ.. بۆڵه‌بۆڵ..
ماوه‌یه‌ک بوو گوێ قوڵاغی ده‌نگه ده‌نگێ، بۆڵه‌بۆڵێ بووم.. نه‌بوو!! مێشکم ئیستڕاحه‌تی کردبوو، که‌چی له‌پڕ وه‌ک شتێکی گه‌وره قه‌ومابێت هه‌را و هوڕیایه‌ک ده‌ستی پێ‌کرد هه‌رمه‌پرسه، ئای له‌و بۆڵه‌بۆڵه.. سوبحانه‌ڵڵا… من نه‌مدیوه خه‌ڵک خۆی نه‌ناسێت و نه‌زانێت کێیه و چییه؟!
هه‌تا مناڵ بووم نه‌م ئه‌وێرا به دڵی خۆم تفه‌نگێک له ته‌خته دروست بکه‌م و له کۆڵان یاری پێکه‌م. که هه‌رزه‌کاریش بووم دایمه وه‌ک قاچاغچی خۆم پێچابۆوه به هه‌ر کۆیه‌کا ئه‌ڕۆیشتم چاوه‌ڕێ بووم بڵێن ئه‌رێ وه‌ڵڵا قڵیشایه‌وه (تف بقوچێنه)، قه‌یسه‌ریم لێ ئه‌بوو به کونه مشک له ترسی جل سه‌وز و پۆستاڵ له‌پێ، ئاخر چۆن نابۆڵێنم و قه‌هری دونیا ناخۆم. خێرم له خۆم نه‌بینی له‌وه‌تی من هه‌م هه‌ر ڕائه‌که‌م، ئێستاش که ماوه‌یه‌که له ده‌ست من کێم ومن چیم نه‌جاتم بووه، وازم لێ ناهێنن و ئه‌یانه‌وێ حاشا له بوونی خۆم بکه‌م.
به ئاره‌زوو هه‌رچی داخ و زووخاوی هه‌موو عومری به ده‌م بۆڵه‌بۆڵه‌وه به با کرد و له منی داماویش زیاتر که‌س سه‌ری نه‌یه‌شا. به‌ڵام، هه‌تا ئێواره ببۆڵێنیت هیچ به هیچ ناکه‌یت، ئه‌وه زروف و زه‌مانێک بوو ڕۆیشت و ناگه‌ڕێته‌وه. خۆ هه‌رتۆ نیت به درێژایی عومرت هه‌ر ڕات کردبێ و سه‌رلێشێواو بیت، گوایه نازانیت ئه‌وه تاریخی میلله‌تێک بوو؟!
جا توخوا کێ خێری له خۆی دیوه؟! خۆ له بیرته سه‌ددام حوسێن ــ ناوی به گۆڕا چێت ــ هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌ڵایه‌کی به سه‌ر ئه‌هێناین. من خوا خوامه ئه‌و عاله‌مه به ئیستڕاحه‌ت دانیشن، که‌چی تۆ به‌زۆر برینیان ئه‌کولێنیته‌وه و ئه‌ته‌وێ به تۆبزی قسه‌م پێ بکه‌یت!
من نازانم تۆ بۆ به هیچ ڕازی نیت و هه‌رده‌م ئه‌که‌ویته بۆڵه‌بۆڵ و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین؟! بۆ شوکرانه‌بژێر نابیت که له ده‌ست حه‌ربه‌کانی (ئه‌بوعدی) نه‌جاتت بووه، خۆ ئه‌گه‌ر موالیده‌که‌ت شمولی بکردایه ده‌مێک بوو پارچه عه‌رزه‌که‌ت له یه‌کێک له شه‌هیدانه‌کان فرۆشرابوو. ئه‌زانم خه‌فه‌تی چی ئه‌خۆیت، ئه‌ڵێی هه‌موو عومرم هه‌رڕام کرد.. ئێ باشه! خۆ پانزه ساڵه بێچووه سه‌ددامه‌کان به دواته‌وه نین، ئیتر له ده‌ست کێ ڕائه‌که‌ی؟! ئه‌وه نه باوی شه‌ڕه په‌ڕۆ ماوه و نه (قڵیشه‌سۆن)، ئێستا مۆده‌ی مه‌نجه‌ڵه ماست و کیسه خوێ یه و، ئه‌گه‌ر فووشی لێ بکه‌ی ئه‌وا شازی ماستاوت به‌مێ!!
من زۆر ئه‌ترسم له قسه و باس و بۆڵه‌بۆڵی تۆ. له بیرته کاتێ حکوومه‌تی هه‌رێم بۆ یه‌که‌مجار دامه‌زرا «سه‌ددام حوسێن» له یه‌کێ له زیاره‌ته پیرۆزه‌کانی له شاری موسڵ چی وتبوو؟ ئه‌گه‌ر عاجز نابیت فه‌رمووبووی: (انی سامع علج کردی بس ما سامع حکومه کردیه)، ده دانیشه قسه‌ی ئه‌و درۆزنه مه‌که به حیکمه‌ت.
جا بۆ پێت ناخۆشه پێت بڵێن تۆ کێی؟ یان تۆ چیت؟! نه‌تبیستووه: (ڕێوی له کونی خۆی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه گه‌ڕ ئه‌بێت)؟
جا با ئه‌و عاله‌مه هه‌ر خه‌ریکی خوتبه و قسه‌ی زلکردن بن. یا خوا ئیعلام که‌س هه‌ڵنه‌یات وه‌ک مێزه‌ڵانی غازی و، که‌سیش دانه‌به‌زێنێت و نغرۆی نه‌کات، تۆ چیت و کێیت؟ گرنگ خۆتی. بابه واشمان نه‌وت، له کانییه‌ک ئاوت خوارده‌وه به‌ردی تێ فڕێ مه‌ده.. ئه‌ته‌وێت چۆن به مناڵی سروودی (ئه‌ی ڕه‌قیب)ت به دزییه‌وه له حه‌مامدا ئه‌وته‌وه ئێستاش هه‌ر له حه‌مام هاوار بکه‌یت له بیرم چۆته‌وه؟
خه‌ریکی لوشمه‌لوشم و بۆڵه‌بۆڵ مه‌به، به قسه‌ی من ئه‌که‌یت دوعایه‌کی به‌کوڵ بکه و هه‌موو بڵێین ئامین:
(خوایه جارێکی که نه‌که‌وینه ناو ڕاوی ماراسۆنی قڵیشانه‌وه و، ئه‌و خه‌ڵکه‌ش گه‌ڕ نه‌که‌یت).
هۆله‌ندا، 14-06-2006
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

