دوعای هه‌شته‌م
كابینه‌ی وه‌زاره‌ت.. سه‌د به‌ره‌كه‌ت!!
(دوعای هه‌شته‌م)
خۆم فیكرم مه‌شغووڵه و زۆریش به بۆڵه‌بۆڵ ئیزعاجم..
بابزانم ئه‌و هه‌را و بۆڵه‌یه چییه؟!
ئه‌وا بۆڵه‌ی یه‌ت…
ئه‌مه وه‌زعه؟ ئه‌مه حاڵه؟ من ئه‌م هه‌موو وه‌خته چاوه‌ڕێی كابینه‌ی وه‌زاره‌ت بووم ته‌شكیل بێ، به‌دڵی خۆم و خه‌ڵك! نه كه‌س ڕه‌خنه‌ی هه‌بێت و نه كه‌س بێزار بێت! خۆم بۆ سه‌رچۆپی حازر كردبوو، وام زانی «ده‌ی.. ده‌ی.. ده‌ی.. بهشانان»، خه‌ڵك ئه‌ڕژێنه سه‌رجاده، كه‌چی لووتم ئه‌بێ به‌لووتی هه‌ر براده‌رێكه‌وه حه‌وت لۆچ له ناوچهوانیایهتی و ئه‌پرسێ: كابینه‌ی وه‌زاره‌تی هه‌رێمت بینی؟ به‌دڵته؟ ده‌ك.. خوا… ت.
به‌خوا ئه‌م ماسته بێ موو نییه! ئه‌ترسم شینی ههریسهكهبكهیت وا ئه‌بۆڵێنیت؟ ناشێ تۆش به‌ته‌مای كورسییه‌كی سه‌ر بهڕزقی وه‌زاره‌ته‌وه خه‌وت بینیبێت و، بهئهسهفێكی شهدیدهوه پێیان ووتبی “بڤه‌یه”؟! ئه‌گینا وه‌زاره‌تێكی وا عه‌زیم كهئهشێ ناوی له‌ناو كتێبی ژماره قیاسییهكاندا تۆمار بكرێت ئه‌مه‌نه گه‌وره‌یه، به‌لایه‌نی كه‌م ئیمپڕاتۆریه‌تی چین(سین)ه، كه وه‌ك سه‌عات به‌ڕێوه‌ئه‌چێت!! ئیتر تۆ بۆ ناڕازیت؟
ئه‌ی من بڵێم چی؟ ئاخر با نه‌ڵێم (الحسود لایسود)، ئه‌مجاره‌یان له‌خۆم دڵنیام ئه‌گینا ئهمبۆڵان، ئه‌زانم حه‌ز ئه‌كه‌ی بزانی بۆ؟
من حه‌زم له‌م بۆڵهبۆڵهنییه.. له‌عه‌زه‌مه‌تی ئه‌و وه‌زاره‌ته حه‌په‌ساوم كه هێن دیموكراسی و مساواته، ناوی ژنی لهكوولهكهی ته‌ڕیشا نه‌هێناوه، مه‌گه‌ر به ته‌له‌سكۆب به‌دوای ناوی سێ ژنا بگه‌ڕێی، من ئه‌ڵێم له‌بیریان چووه و وایان زانیوه ژن سه‌ره‌واو لهسكیا نییه!
هیچ نه‌بێت با هه‌ر بۆ جوانی، ناوی یه‌ك دوو ژنیان بنایهته ناو قایمه‌ی وه‌زیره ئیحتیاته‌كانی هه‌رێمه‌وه. «گۆڵچی ئیحتیاتم بیستووهجهماعهت.. وه‌زیری ئیحتیا‌ت له‌سه‌ر ڕه‌قه‌م!؟».
خۆ هه‌ر بیانكردایه‌ته عه‌داڵه‌ت و چه‌ند وه‌زاره‌تێكی (ئاوگرتن و بلووری چرا شتن و لفكهچنینیشیان) دابنایه و پۆسته‌كانیان بدایه به‌و ژنانه‌ی دكتۆرایان هێناوه له زووخاوخواردن و وهنهوسدان، یان به‌دیار به‌لووعه و ته‌شی ڕستنه‌وه، چونكه ژنی كورد له عیلمی ته‌شی ڕستن زیاتر هیچ عیلمێكی پێ نییه!؟ ئه‌و خانمانه‌ش مشوورێكیان ئه‌خوارد و چه‌ند ڕێكخراوێكیان ساز ئه‌كرد بۆ ناوبژی كردنی شه‌ڕه قژ و، ده‌وراتیان ئه‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خانمانیش له تهخهسووسا خۆیان شاره‌زا بكه‌ن.
تۆش ئه‌مه‌نه‌ی ئه‌بۆڵێنی ڕێگه چاره‌یه‌ك بدۆزهرهوهكهچۆن خۆت به‌ریته پێشه‌وه و پۆستێكی گه‌وره وه‌ربگریت له‌و شوێنه‌ی ئیشی لێده‌كه‌یت. شههادهكهشت هه‌موو ئێواره‌یه‌ك بخه‌ره په‌رداخێك ئاوه‌وه‌و ئاوه‌كه‌ی بخۆره‌وه به‌ڵكو شیفات بات و كه‌مێك هێور بیته‌وه! به‌ڵام توخنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌كه‌ویت كه ئه‌سڵه‌ن بۆت نییه توخنی بكه‌ویت.
ئه‌ڵێن «خوا غه‌زه‌بی له مێرووله گرت باڵی بۆ دروست نه‌كرد»، به‌ڵام خوا به‌ڕه‌حمه‌ت و گه‌وره‌یی خۆی، به‌ره‌كه‌تی خستۆته كابینه‌ی پێنجه‌می هه‌رێمه‌وه و به‌قودره‌تی قادر چلوسێ هه‌زار عه‌فو، 43 وه‌زیر و وه‌زاره‌تی بچكۆڵه‌ی به‌خشیوه به‌گه‌لی كورد كه‌ئه‌مه خۆی مایه‌ی فه‌خر و سنگ ده‌رپه‌ڕاندنه، جابزانه چی له‌باشووری كوردستان ئه‌كه‌ن: «ئاشتی، ئاسایش، یه‌كسانی، هه‌رزانی، كاره‌با، عیماراتی سه‌كه‌نی..، له‌وانه‌شه چه‌ند وه‌زاره‌تێكی تازه به‌ن به ژنان و لاوان تا به‌ئاره‌زوو مافه‌كانیانی تێدا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن». كوڕه دوور نییه گورگ و مه‌ڕ پێكه‌وه ئاو نه‌خۆنه‌وه!
مه‌بۆڵێنه.. ڕه‌حمه‌ته و خوا ناردوویه‌تی، له‌قه‌ی لێ مه‌یه و به دۆی خۆت مه‌ڵێ ترشه.. بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌كه‌مان مه‌حفووز بێت دوعایه‌ك بكه و هه‌موو بڵێین ئامێن: «خوایه شوكر و سهدهقهمان بۆ ئه‌و هه‌موو وه‌زیر و گوزیرهی پێت به‌خشین، له‌چاوی پیس به‌دور بن و، ژنانیش نانێك بخۆن و نانێك بكه‌ن به‌خێر!!».
هۆله‌ندا، 29-05-2006
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

