له شیعره‌وه سیناریۆکانی سرووشت و مرۆڤ ده‌بینین
ده‌وه‌ن
(ئه‌ی جوانی، تۆ مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ت له‌پێشه)
پؤڵ ئێلوار
شیعر هه‌میشه هونه‌ری زمان و ئاخافتنی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان و پرسیار بووه له دونیای ئێستاتیکا و هێرمۆنتیکا و زمان و فه‌نتازیا، که له یه‌که‌مین ده‌قی شیعری دونیاوه ئه‌م پرسانه دروستبوون، و له هه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا ئه‌م پرسانه دیدی نوێ و گێڕانه‌وه‌ی تازه له‌گه‌ڵ خۆیاندا په‌لکێش ده‌که‌ن بۆ ناو منه‌کردنی وه‌ڵامه‌کان، و لێره‌شه‌وه ده‌مانخانه به‌رده‌می هه‌موو میتۆده زه‌نگینه‌کانی دونیای ئه‌ده‌ب. وه‌کیدی کاتێک دێینه سه‌ر باسی شیعر، به مانای قسه‌کردن و خستنه‌ڕووی ئه‌و چیرۆکانه‌یه که له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی شیعردا بوونی هه‌یه،(سید فیلد) وته‌نی: (کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆکانه‌یه که به مێشکماندا دێن، یان دیمه‌نێکی ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی خۆمانه( )). واته قسه‌کردن له‌سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌کانی شیعر هه‌ڵگری به‌کارهێنانی زمان و میتۆدی جیاوازه له ڕووی دونیابینی (هێرمۆنتیکا، میتافۆر، زمان، وێنه) که هه‌موو ئه‌م میتۆدانه هه‌ریه‌که‌یان ته‌فسیر و پێناسه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. لێره‌وه ئه‌ز حه‌سکرد ڕووی ئه‌و ستراکتووره ئاشکرا بکه‌م که ده‌بێته‌هۆی تووڕدانی زمانی ڕ‌ق و قه‌ڵه‌می ڕ‌ق له ئاست ده‌قه زیندووه‌کانی دونیای ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی قه‌ڵه‌م ڕه‌خنه‌سازانی هه‌نووکه‌ی زمانه زیندووه‌که‌ی زمانی کوردی، پێم چاکه چیدی نه‌گه‌ڕێین له دووی ئه‌و فه‌زا ناجۆرانه‌ی که ده‌بێته‌هۆی ڕه‌خسانی زمانی توند و له‌که‌دارکردنی ده‌قه زیندووه‌کان، پێویسته لێره به‌دوا کۆی هه‌موو ڕقه‌کانی دونیای ئه‌ده‌بی کوردی دوور خه‌ینه‌وه و له‌جێی ئه‌ودا جه‌نگه هزری و مه‌عرییفییه‌کان بخوڵقێنین، بۆپێشخستنی داهێنه‌رانی ڕاسته‌قینه و قه‌ڵه‌مه‌کانی ئێستا و ئاینده‌ی کتێبخانه‌ی کوردی، بۆ زه‌نگینکردنی زمانی ڕه‌خنه به دید و دێباتی سه‌رده‌میانه‌ی نوێخواز له به‌رامبه‌ر جوانکردن و ئارایشکردنی ده‌قه زیندوه‌کانی وه‌ک (ڕۆمان، چیرۆک، شیعر) و گشت ژانره گرنگه‌کانی ئه‌ده‌ب و هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی تری دونیای داهێنان.
هه‌موو شیعرێکی جوان، خاوه‌نی سیناریۆییه‌که له‌ناوه و ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، که ده‌توانین له ڕێگه‌ی جوانی زمان و پێکهاته زه‌نگینه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا بیاندۆزینه‌وه، ژبه‌ر هه‌ندێ پێویست ده‌کات شیعر به ووردی بخوێنرێته‌وه و دێباتی جیدی له‌سه‌ر بکرێ، خاڵی گونجاوی سه‌رنج ئه‌وه‌یه، که له‌ناو هه‌موو ده‌قێکی شیعردا، ده‌توانین ده‌قێکی نوێی شیعر بدۆزینه‌وه، هه‌ر له ڕێگه‌ی جوانی زمان و واتای دروسته‌وه شیعر و سیناریۆی دونیای شته‌کان به‌دی ده‌که‌ین و تۆن و جووڵه مێژووی و هه‌نوکه‌یییه‌کان بدۆزینه‌وه، ئه‌و جوڵانه‌ی که زه‌مه‌نێک به‌ر له ئێستا ڕوویانداوه و سروشت له‌گه‌ڵ خۆیدا خوڵقاندوونی به جۆرێک که شاعیره هۆشیاره‌کان له ڕاسته‌ڕێی شیعره‌وه نیشانمان ده‌ده‌ن، به‌پێی ئه‌و بازنه مێژووییه که مرۆڤایه‌تی دروستی کردووه، ده‌بینین که یۆنانییه‌کان گه‌لێ ئاشکراتر خودایان جوانکردووه، وه‌ک دروستکردنی خواکان له‌په‌یکه‌ر و پاشان پارستنیان له‌لایه‌ن خه‌ڵکانی عه‌وام و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، نموونه‌ی وه‌ک خودای (جوانی، باران، موزیک، شه‌راب، هه‌ور) که هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌م په‌رستن و جوانییه‌دا به‌شدارن، وه‌لێ کاتێک ده‌قی شیعری (خودا ده‌یه‌وێت پشوو بدات) که به قه‌ڵه‌می شاعیر (قوبادی جه‌لیزاده) نووسراوه، ئه‌و پێمانده‌ڵێت، خودا وه‌ک مرۆڤێکی ئاسایی ماندوو بووه و ئیدی ناتوانێ ده‌ستی بگاته ئه‌و شوێنانه‌ی که تاوانی تێدا ده‌کرێت.
(خودا هیلاک بووه ..
خودا له‌سه‌ر که‌پرێک پاڵکه‌وتووه، له ڕه‌شه ڕێحانه.
خودا شمشێره‌که‌ی به ته‌نیشت خۆیه‌وه درێژ کردووه،
خودا پێغه‌مبه‌ره‌کانمی ئیزندا ..
به فریشته‌کانی گووت: بڕۆن شوو بکه‌ن،
خودا حه‌ز ده‌کات بخه‌وێت
خودا باوێشک ده‌دات.)
ته‌سلیم بوون و ماندووبوونی خودا، پرسێکی ئێجگار گرنگ و پڕ مانا دێنێته نێو هزرمانه‌وه، که بۆچی خودا هیلاک و ماندوو بووه، بۆچی فریشته‌کانی ده‌نگدا بۆ ئه‌وه‌ی خودایه‌کی دی بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه، پێغه‌مبه‌ره‌کانی تووڕدایه ده‌ره‌وه‌ی بوون و به‌ستنه‌وه‌یان به خوداوه. لێره‌ڕا ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی که خودا له لای شاعیر مرۆڤێک و خواجه‌یه‌کی ته‌نبه‌ڵه و جگه له رۆحێکی ئێرۆتیکی هیچی تێدا به‌دی ناکرێت، هه‌ر ئه‌و ڕۆحه ئێرۆتیکاییه که خودای تووشی ته‌سلیم بوون کردووه، خودا که پێغه‌مبه‌ره‌کان و فریشته‌کانی ئیزندا، چی ده‌مێنێت پێیبووترێ مه‌زنی و جوانی، به دیوێکیتردا شاعیر ده‌خوازێت خودا وه‌ک زاکیره‌ی منداڵی خۆشه‌ویست و دلۆڤان بێت بۆ مرۆڤه‌کانی، فریادڕه‌سی ژن و منداڵ و کتێبه‌کان و حه‌کایه‌ته‌کانی داپیره و ئازادی ماچ و گوڵه‌گه‌نم بێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت خودا ڕه‌عناترین گوڵ بێت بۆ حه‌یاتی مرۆڤه‌کان، جوانترین ده‌قی شیعر ئه‌و ده‌قه‌یه که بتوانێ شه‌ڕی ده‌ق له‌گه‌ڵ ده‌قدا چێبکات، واته فه‌زایه‌ک بخوڵقێنی که خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا په‌لکێش بکات بۆناو پرسه مه‌عریفییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق، وه‌ک پرسه گرنگه‌کانی () ئێمه ناتوانین ده‌ق به‌ره‌وو خوێندنه‌وه‌یه به‌رین، که له خودی ده‌ق خۆی نه‌چێت، که‌وابێ لێره‌وه ده‌که‌وینه نێوان شه‌ڕی ده‌ق له‌گه‌ڵ خودی ده‌ق خۆیدا، له به‌رایی ئه‌م باسه‌ماندا بینیمان شاعیر خودا له بێزاریدا ده‌بینێت، کورد وته‌نی گیری خواردووه به‌ده‌ست چاوپۆشی و نێوانخوزی فریشته‌کان و پێغه‌مبه‌ره‌کانییه‌وه، ئه‌وان خودایان تووشی شۆک کردووه که له به‌رچاوی خودادا تاوان ده‌کرێ و چاوپۆشی لێده‌کرێت، خودا ماندوو بووه له ده‌ستی مرۆڤه درۆزنه‌کان و له بڕینی مه‌مکی کچه‌کان و مردنی منداڵه‌کان، جه‌لیزاده به نهێنی و له ژێر ئه‌م دێڕانه‌دا، له خودایه‌ک ده‌دوێ که له هه‌ست و ده‌روونیدا بوونی هه‌یه و ڕێگه نادات قه‌ت پیس ببێت (پاولۆ کۆئیلۆ) وته‌نی: (له هه‌ر شوێنێکدا که به دوایی خودادا ده‌گه‌ڕێیت، هه‌ر له‌وێدا ده‌یدۆزیته‌وه ( )) ژبه‌ر هه‌ندێ قه‌هر ده‌یگرێ و ده‌نوسێت:
(خودا فریایی په‌ڕاندنی، ئه‌و دارستانی ده‌سته ناکه‌وێت..
ده‌ستێک به بینه‌قاقای ژنه‌وه..
ده‌ستێک منداڵ فڕێ ده‌داته هه‌تیو خانه‌وه.
ده‌ستێک به‌قژ په‌پووله ڕاده‌کێشێت بۆ اغتصاب.
ده‌ستێک گیرفانی گوڵ ده‌بڕێت..
ده‌ستێک گه‌له گورگ به‌رده‌داته، مێگه‌لی مه‌مک
ده‌ستێک حه‌رف حه‌رف، سه‌ری کتێب ده‌نێ له قوڕ
ده‌ستێک چاوی نه‌خۆشخانه به مین ده‌ڕێژێت.
ده‌ستێک به ژه‌هر پرچی ژه‌تاو شانه ده‌کات
ده‌ستێک ماچ ده‌داته به‌ر قرمه‌ژنی فیشه‌ک
ده‌ستێک زلله ده‌دات له گوڵه‌گه‌نم
ده‌ستێک شاباتی هه‌نگوین ده‌شکێنێ
ده‌ستێک زه‌رده‌خه‌نه سوور ده‌کات له گریان.)
قوبادی جه‌لیزاده ده‌زانێ خودا ته‌نیا و بێ یاوه‌ره، هه‌موو تانیاییه‌کیش سه‌رلێشێوانێکی رۆحی و هه‌ست و ده‌روونی تووشی گومان ده‌کات، له به‌رامبه‌ر ئه‌و حه‌مکه تراژیدیایه‌ی که به ده‌ستی مرۆڤه‌کانی دروست بووه، ئه‌و له خودایه‌ک قسه ده‌کات، که چیدی ناتوانێ سزا و ئازاری مرۆڤه‌کانی بدات (جوبران) وته‌نی: (چۆن سزای که‌سانێک ده‌ده‌ن که هه‌نووکه په‌شیمانییه‌کانیان له گوناهه‌کانیان زێتره( )) هه‌رچه‌نده تاوانه‌کان و گوناهه‌کان زۆر بن، خودا هه‌ر ده‌خوازێت بخه‌وێت، گوێبیستی هیچ نزا و پاڕانه‌وه‌یه‌ک نه‌بێ له عه‌بده‌کانی، خودا ناخوازێت له‌وه زێتر فریو بدرێ، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت پشوو بدات، چونکه خوادا پیر بووه و حه‌وسه‌ڵه‌ی حوکمکردنی نه‌ماوه.
(خودا ڕه‌نگی په‌ڕیوه
خودا ده‌سته‌کانی ده‌له‌رزن
خودا پیر بووه
خودا له‌سه‌ر تاته‌به‌ردێک ڕاکشاوه
خودا شمشێره‌که‌ی ووردو خاش کردووه
خودا خه‌وی لێ که‌وتووه
خودا خه‌و به ده‌ستێکی سپی و نه‌رم و نۆڵه‌وه ده‌بینێ
پخ پخ ..
خودا پرخه‌ی ده‌ێ)
قوبادی جه‌لیزاده وه‌ک سیناریۆنووس و ده‌رهێنه‌رێکی شانۆی له‌م ده‌قه‌دا دیار و ئاشکرا خۆی ده‌نوێنێ و ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی له سێ په‌رده‌دا نمایش کرد، به جۆرێک که توانی زمانی شیعر، له‌و ئاڵۆزی و لول پێچیه دوورخاته‌وه و له جێی ئه‌ودا ڕووداوه‌کان وه‌ک وێنه‌ی شانۆیه‌ک نیشان بدات، و هه‌ر به جووڵه‌ی وێنه‌کانی ناو قه‌سیده‌که زانیمان شاعیر ده‌گه‌ڕێ له دووی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که هه‌میشه و به‌رده‌وام له‌ناو زاکیره و عاتیفه‌کانی هه‌مووماندا بوونی هه‌یه، و ناکرێ چاومانی له ئاستدا بنوقێنین. شاعیر له گۆشه‌نیگای وێنه‌کانییه‌وه، ده‌مانخاته به‌رده‌می هه‌موو ئه‌و گوناهه ڕه‌شانه‌ی که ده‌رهه‌ق به ڕۆحه پاکژه‌کان کراوه. هه‌موو ده‌قێکی شیعر له ناوه‌وه‌ی خۆیدا هه‌وڵده‌دات خۆی نمایش بکات و هه‌ر له ڕێگه‌ی زمان و گێڕانه‌وه‌ی ده‌قدا ڕازیمان بکات که بڕوا به خه‌یاڵاتی شاعیر بکه‌ین، هه‌موو شاعیرێکیش ده‌خوازێت ئیمان به خوێنه‌ره‌کانی بهێنێت که ئه‌وه زمان و هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی شیعره که ده‌توانێ هۆشیاری زێترمان پێببه‌خشێت و له‌زه‌ت بنێته نێو بیر و هزرمانه‌وه.
(خه‌ونی شاعیرانه) ده‌قێکی نوێی شاعیر عه‌بدولقادر سه‌عیده، که گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونێکه شاعیره‌کان خۆیان خاوه‌نی نین، به‌ڵکو ئه‌وه که‌سانێکی ترن که له جیاتی شاعیره‌کان خه‌ون به ئازادی و جوانی نیشتمانه‌وه ده‌بینن، ده‌قی هه‌موو شاعیره‌کان لێوانلێوه له خه‌ونی ڕاسته‌قینه، له پرسیاری دروست و پڕ مانا، له وێنه‌ی جوان و ڕه‌نگی ئینساندۆستی، شاعیره‌کان به‌رده‌وام له‌ناو خه‌ون و ژیانی ڕاسته‌قینه‌یاندا ده‌خوازن (ئینسان، نیشتیمان، گوڵ، عه‌شق و ئازادی) بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵیاندا بژین، زۆرن ئه‌وانه‌ی که ده‌خوازن وه‌کو شاعیران خه‌ون ببینن، وه‌لێ به چی ده‌چێت که ناتوانن ده‌روونیان له کین و ڕ‌ق پاکژ بکه‌نه‌وه، ناشتوانن به ته‌نیا له‌گه‌ڵ ڕسته شیعرێکی نوێ‌دا پێکه‌وه پیاسه‌یه‌ک بکه‌ن و له‌به‌ر خۆیانه‌وه قسه له ته‌ک باڵنده‌کان و وشه دڵگیره‌کانی عه‌شقدا بکه‌ن، به‌ڵام قه‌ڵه‌می شاعیر هه‌میشه گه‌ڕۆک و بێ شوێنه، هه‌موو له‌حزه‌یه‌کی شاعیر سه‌فه‌رکردنێکی سیحراویه به‌ناو جوانی سروشت و به‌ژنوباڵای مرۆڤه ئازادیخوازه‌کاندا، گه‌ر که‌سێک ویستی وه‌ک شاعیران، خه‌ونه‌کانی ته‌ژی بێت له ده‌نگی پاسارییه‌کان، له به‌ژنی ڕووت و قوتی فریشته‌کان، ئه‌وا بێ‌شک ئه‌و که‌سه گه‌مژه‌یه، (کارڵ گوستاڤ یۆنگ) وته‌نی:(ئه‌گه‌ر بته‌وێت له خه‌ونی یه‌کێکی تر تێبگه‌یت، ده‌بێت قوربانی به ئاره‌زووه‌کانت و مه‌یل و هه‌وا و هه‌وه‌سه‌کانت بده‌یت و سه‌رکوتیان بکه‌یت.( )) کارێکی ئێجگار مه‌حاڵ و قورسه گه‌ر که‌سێک له‌ودیو په‌رده‌ی فێل و زۆرزانییه‌وه، بخوازێت وه‌ک شاعیران خه‌ون ببینێت و له زمانی سروشت و مرۆڤه‌کانی بگات. (عه‌بدولقادر سه‌عید) له‌م ده‌قه نوێیه‌یدا خه‌ونی که‌سێکی دی ده‌گێڕێته‌وه دوور له خه‌ونی شاعیران.
(خه‌ونی شاعیرانه)
(شاعیره‌کان خه‌و نه‌بینن
له خه‌ونیاندا
ئازادی ڕووت ده‌که‌نه‌وه
نیشتمان له ڕه‌نگی تۆخی ئازادی هه‌ڵده‌کێشن
به گوڵی وشه باخچه‌یه‌ک له ڕه‌نگی ئازادی،
ڕه‌نگ ده‌که‌ن)
چه‌ند دڵگیره شاعیره‌کان خه‌ون به جوانی سرووشت و ئازادی نیشتمانه‌وه ده‌بینن، له مێژووی شیعری دونیادا به‌رده‌وام شاعیره‌کان خه‌ونیان له ته‌ک خه‌ونی باخچه ڕه‌نگینه‌کانی ئازادی‌دا بووه، که ده‌توانین به ده‌یان نمونه‌ی گیانبازانی ئازادی له ناوخنی ئه‌م باسه‌ماندا بهێنینه‌وه، وه‌ک (ئاراگۆن، ژاک پرێڤێر، بۆدلێر، پۆڵ ئێلوار) که ده‌کرێ قه‌سیده‌ی (ئازادی( )) پۆڵ ئێلوار وه‌ک نمونه‌یه‌کی زیندو ئارایشتی باسه‌که‌مانی پێ بکه‌ین:
(ئازادی)
(له‌سه‌ر ده‌فته‌ره‌کانی قوتابخانه‌م
له‌سه‌ر مێزه‌که‌م، دره‌خته‌کان
له‌سه‌ر خۆڵ له‌سه‌ر به‌فر
ناوت ده‌نووسم
له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی خوێندوومنه‌ته‌وه
له‌سه‌ر هه‌موو لاپه‌ڕه سپییه‌کاندا
به‌رد، خوێن، کاغه‌ز، خۆڵه‌مێش
ناوی تۆیان له‌سه‌ر ده‌ونوسم
ئازادی)
جوانی ئازادی له‌وه‌دایه که گشت شاعیره‌کان شیعریان بۆ نووسیوه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان به خوێن قوربانیشیان بۆ داوه، ئازادی تاکه پێویستی ژیانی مرۆڤه‌کان و سروشت بووه له دێرین و له ئێستادا، ئازادی ئه‌و وشه ده‌گمه‌نه‌یه که هه‌موو مرۆڤه‌کانی سه‌ر ئه‌م تۆپه زه‌ویه ده‌یناسن، ئازادی به هه‌ر زمانێک بێت، ئه‌و هه‌ست و ڕۆحه زیندوه‌یه که شاعیره‌کان هه‌موویان خه‌ونی ڕاسته‌قینه‌ی پێوه ده‌بینن، شاعیران نه‌ک هه‌ر بۆ ئازادی، به‌ڵکو هه‌میشه ده‌نووسن بۆ ئه‌وه‌ی شانۆی سروشت و مرۆڤه‌کان به جوانترین وشه وێنه‌ی بکێشن.
(سیاسییه‌کان به دزییه‌وه
ده‌چنه نێو خه‌ونی شاعیره‌کانه‌وه
ده‌ست ده‌به‌ن بۆ سنگ و مه‌مکی ڕووتی ئازادی
نیشتیمان له‌و ڕه‌نگه (ئاو) یانه پاک ده‌که‌نه‌وه
گوڵی باخچه‌کانیان ژه‌هراوی ده‌که‌ن به گوناه
تا به دیاری بینێرن بۆ نه‌یاره‌کان
دوایش ده‌ڵێن:
ئازادی نیشتمان، به‌و گوڵه ژه‌هراویانه‌وه
شتێ نییه
جگه له خه‌ونی شاعیران)
دێوانه‌ی و دلۆڤانی شاعیر له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، که هه‌رگیز ڕێگه نادات به نه‌یارانی ئازادی، ڕۆحی ئازادی زیندانی بکه‌ن، ڕه‌نگه نه‌یاران بتوانن، و‌شه‌ی ئازادی به جۆرێکی دی ڕه‌نگ بکه‌ن جودا له ڕه‌نگی شاعیره‌کان، وه‌لێ هه‌رگیز ناتوانن، رۆحی ئازادی داگیر بکه‌ن. ئیشی شاعیره‌کانه که نه‌ک هه‌ر ژیانیان، به‌ڵکو خه‌ونی درۆزنانه‌ی سیاسییه‌کان، مشه‌خۆره‌کان، جه‌للاده‌کان، به هه‌ست به قه‌ڵه‌م به شیعر ڕسوا بکه‌ن. سیناریۆی شیعری دروست له‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که ده‌توانێ به وێنه و جوڵه‌ی ناو گێڕانه‌وه‌ی دێڕه‌کان شانۆی ژیان و سروشتمان نیشان بدات، هه‌ردوو شاعیر له دوو ڕێی جوداوه سیناریۆی سروشت و مرۆڤه‌کانیان نیشانداین له دوو ده‌قی شیعریدا، وه‌لێ ئه‌وه‌ی گرنگه پاراستنی ئه‌و ده‌نگه موزیک و ڕیتمانه‌یه، که له‌ناو خودی ده‌قه‌کاندا نمایشکراون، واته ده‌نگی ڕه‌سه‌نایه‌تی موزیک به هه‌ردوو ده‌قه‌که‌وه دیاره، که ده‌توانین له ناو مه‌قامی سه‌فه‌ر و حه‌یراندا گوێبیستیان بین، کاتێک ده‌قی خودا ده‌یه‌وێت پشوو بدات، هه‌ست ده‌که‌ین له باکگراونی دێره‌کانه‌وه گوێمان له ده‌نگی ڕه‌سه‌نی حه‌یران ده‌بێت، حه‌یرانیش جۆره سوله‌مێکه ته‌نیا و تانیا کورد ده‌توانێ بیچڕێت، ده‌قی شیعری ئازادی ئه‌و ده‌نگه به‌سۆزه‌یه که ده‌توانین له ناو سوله‌می مه‌قامی سه‌فه‌ردا گوێبیستی بین، که‌وابێ هه‌م شیعر و هه‌میش سیناریۆ گیانێکن له‌ناو سروشت و هه‌ستی مرۆڤه‌کانه‌وه دروست بوون (دێنیس دیدرۆ) وته‌نی: (موزیک لاسایی کردنه‌وه‌ی سروشته( )) شیعر هه‌م زمان و خه‌یاڵ و ئێستاتیکایه، هه‌میش سیناریۆی سروشت و مرۆڤه‌کانن شاعیره‌کان ده‌ینوسنه‌وه!
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

