پیرۆزبێت ساڵێك ته‌مه‌ن
پیرۆزبێت ساڵێك ته‌مه‌ن و جیهانێك داهێنان… له‌چراکاندا.
ده‌وه‌ن
(ڕۆژنامه‌نوسی ده‌زگایه‌که‌به‌که‌س ناشکێ ، جیهانی کۆن ده‌ڕوخێنێ بۆ ئه‌وه‌ی جیهانێکی نوێ دامه‌زرێنێ) ڤۆڵتێر
دنیای ڕۆژنامه‌وانی به‌پێی گشت سه‌رچاوه مێژووییه‌کان، خاوه‌نی داهێنانێکی مه‌زن و دیرۆکێکی دوور‌و درێژه، له‌پێناو هێنانه‌دی سێنتراڵێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ ، بۆ پاراستنی داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگاو هێنانه‌دی خه‌ونه ڕۆشنبیرییه‌کان ،ڕه‌نگه له مێژوودا ئه‌م داهێنانه گه‌وره‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ میسریه‌کۆنه‌کان ،که له سه‌رده‌مه‌کانی (سێ هه‌زارو حه‌وتسه‌دو په‌نجا) ساڵ به‌ر له‌ئێستا، یه‌کێك له وه‌زیره میسرییه کۆنه‌کان ووتارێکی له‌سه‌ر به‌رد نوسیوه، که باس له(کاره‌کانی ده‌وڵه‌ت ده‌کات) ، ئه‌م ووتاره له موزه‌خانه‌ی (لۆڤه‌ری)پاریس پارێزراوه‌و، پاشان مێژوونووسی یۆنانی کۆن و گه‌وره‌ی دنیا (هیرۆدۆت) که‌له‌سه‌رده‌می پێنجه‌می پێش زاینی‌دا ژیاوه‌و ناو نراوه (باوکی مێژوو)، له نوسینه‌کانیدا باسی میسرییه کۆنه‌کان ده‌کات و ناوی یه‌کێك له ڕۆژنامه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی میسرییه کۆنه‌کان که ناوی (ڕۆژنامه‌ی کۆشك )بوه به‌مجۆره‌باسی ده‌کات و ده‌ڵێ..( نوسه‌ره‌کانی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه، باسی شه‌وانی پاشا‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌که‌ن و به‌قسه‌ی خۆش، ڕه‌خنه‌و گاڵته‌یان پێ کردون ) هه‌رچه‌نده ڕۆژنامه‌که ڕۆژنامه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌و گاڵته‌ئه‌مێز بووه به‌ڵام ئه‌مه داهێنانیکی گه‌وره بووه له‌و کات و سه‌رده‌مه‌داو، ئێستا بۆته سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژووی گرنگ بۆ مرۆڤایه‌تی، پاشان (یۆلیۆس قه‌یسه‌ر) له سه‌رده‌می حوکمڕانی خۆیدا ،توانی ڕۆژنامه‌یه‌ك بڵاوبکاته‌وه به ناوی (ڕوداوی ڕۆژانه ) که باس له‌کار و فه‌رمانه‌کانی ده‌وڵه‌ت و قسه‌و باسه‌کانی وه‌ك ( بڕیاڕی دادگاکان، وه‌رزشی، هونه‌ری )و، دوواجار شاری (ڕۆما) له‌سه‌رده‌می یۆلیۆس قه‌یسه‌ردا له‌ڕێگه‌ی ڕۆژنامه‌ی (ڕوداوی ڕۆژانه) خه‌ڵکێکی زۆر له‌شوێنه‌گشتیه‌کان کۆده‌بوونه‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ده‌نگ و باسه‌کانی شاری ڕۆما ،ئه‌م ڕۆژنامه‌یه نوسه‌ری تایبه‌ت و لێهاتوو کاریان تیا کردوه‌و، ته‌نانه‌ت کار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی ڕوداوی ڕۆژانه له‌گشت شار و ناوچه‌کان بڵاو بکرێنه‌وه، له دووای ئه‌م گۆڕان و چوونه‌پێشه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکان، جارێکی تر ( چینییه‌کان) هه‌نگاوێکی گه‌وره‌یان نایه مێژووی ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌نوسییه‌وه، که له‌سه‌ده‌ی ( حه‌وته‌م)دا توانیان بڵاوکراوه‌یه‌ك بڵاو بکه‌نه‌وه که له ڕۆژنامه‌که‌ی (یۆلیۆس قه‌یسه‌ر) پێشکه‌وتوو تر بوو، که‌ناوی ( دی باو) بووه به مانای (هه‌واڵه‌کانی پایته‌خت ) ئه‌م بڵاو کراوه‌یه به‌پێی سه‌رچاوه مێژوویه‌کان هه‌واڵ و ده‌نگ و باسه‌کانی کۆشکی پاشایان له‌ڕووی یاسا‌و ڕووداوه گرنگه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی کۆشکیان بڵاو کردۆته‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه زه‌نگینه‌ی چینیه‌کان کارێکی وای کرد که‌ناوی (دی باو) وه‌ك ناوێکی دێرین و ده‌گمه‌ن له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، بۆ هه‌تاهه‌تایه بمێنێته‌وه،له دوای ئه‌م داهێنانه گه‌ورانه ئه‌وروپایه‌کان له‌سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا بڵاو کراوه‌یه‌کیان به‌ناوی (پامفلێت) بڵاوکردۆته‌وه، مێژوو نوسه‌کانی کورد و بێگانه‌ڕاڤه‌و شیکاریان له‌سه‌ر کردوه‌و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌م داهێنانه‌گه‌وره‌یه کردوه، که‌زۆر له که‌سایه‌تیه ناوداره‌کانی ئه‌وسه‌رده‌مه نوسین و بۆچونه‌کانیان له‌ڕێگه‌ی (پامفلێت) به‌خه‌ڵك گه‌یاندوه،وه‌ك دیار‌و ئاشکرایه له‌سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مدا جارێکی تر شاری (ڤینیسیا) بووه هۆی دامه‌زراندنی سێنترالێک بۆ هه‌واڵه‌گرنگه‌کانی ده‌نگ وباسی جۆراو جۆر‌و دانانی ده‌زگای (نوسه‌ری ده‌نگ وباس) هه‌روه‌کو (مامۆستا که‌مال مه‌زهه‌ر ئحمه‌د) له‌نوسینه‌کانیدا ئاماژه‌ی بۆ کردووه، ده‌ڵێ (هه‌موو هه‌واڵه‌کانیان له‌چوارچێوه‌ی بڵاو کراوه‌یه‌کدا کۆکردۆته‌وه و له‌بڵاوکراوه‌ی ده‌نگ و باس‌دا له‌شاری ڤینیسیا که دانه‌ی به‌غه‌زه‌ته‌یه‌ک بووه ده‌فرۆشرا ، غه‌زه‌ته‌ش ناوی پاره‌یه‌کی له‌زیو دروست کراوی شاری ڤینیسیا بووه، وه هه ر له‌مه‌شه‌وه ناوی غه‌زه‌ته‌په‌یدا بووه*) لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌مێژووی مرۆڤایه‌تی هه‌میشه‌پڕو لێوان لێوو بووه له داهێنانی گه‌وره‌و مانادار، ئێمه‌ی کوردیش به‌شانازیه‌وه ده‌توانین ناوی ئه‌و که‌سایه‌تی و ڕۆشنبیرانه بهێنین که خزمه‌تیان به‌دنیای ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌وانی کردووه، یه‌کێک له‌کاره هه‌ره دیار‌و زه‌نگینه‌کانی کورد ئه‌و داهێنانه گه‌وره‌یه بووه که‌مرۆڤی دڵسۆز‌و ڕوناکبیری گه‌وره‌ی کورد (میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ) توانی له(22، نیسانی 1898) یه‌که‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی ( کوردستان ) به‌شیوه‌ی کرمانجی ژوور‌و له(قاهیره ) بڵاوبکاته‌وه‌و پاشان ڕوناکبیری گه‌وره (عه‌بدوڕه‌حمان به‌درخان)ی برای ئه‌رکی سه‌رپه‌رشتی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی گرته‌ئه‌ستۆی خۆی و هه‌تاکو (نیسانی1902) (31) ژماره‌ی لیده‌رچووه، ڕۆژنامه‌ی کوردستان بووه هۆی سه‌رچاوه‌ی له‌دایك بونی چه‌ندین ڕۆژنامه‌ی تر له‌کوردستان و له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، که ده‌کرێ له‌م یاده پیرۆزه‌دا ناوی یه‌کێك له‌و ڕۆژنامه‌نوسه له‌بیر کراوانه‌ی گه‌له‌که‌مان به‌نمونه بهێنینه‌وه به‌تایبه‌تی (موحه‌مه‌د زوهدی) که‌بووه یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌نوس له‌باشوری کوردستاندا و له ڕۆژنامه‌کانی( پێشکه‌وتن و ڕۆژی کوردستان و ئومێدی ئیستقلال )دا ڕۆڵی گرنگ و به‌های داهێنانی بینیووه له‌خزمه‌ت کردنی ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌وانیدا، له دوای ئه‌م گۆڕان و گه‌شه‌کردنه‌ی دنیای ڕۆژنامه‌وانی،گه‌لێ ناوداری تری کورد به خامه ڕنگینه‌کانیان هاتنه مه‌یدانی ڕۆژنامه‌وانیه‌وه و وه‌ک نمونه‌یه‌کی دیار و به‌ر چاو بۆ هه‌میشه له‌وویژدانی ئێمه‌و لاپه‌ڕه گه‌شه‌کانی مێژووی ڕۆژنامه‌وانی کوردی‌دا ناویان زیندووه، له‌وانه (پیره‌مێرد، خواجه ئه‌فه‌ندی، ئه‌حمه‌د زرنگ، جه‌میل سائیب، گۆران، عه‌لادین سجادی) و ده‌یان مرۆڤی دڵسۆزی دیکه‌ی گه‌له‌که‌مان داهێنانی به‌نرخیان کردوه به ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌وانی، وه‌ك له‌سه‌ره‌تای ئه‌م ووتاره‌دا په‌نچه‌مان بۆ ڕاکێشا ، ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌وانی خاوه‌نی مێژوویه‌کی شکۆمه‌ندیه‌له ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤه‌کانداو هه‌میشه ڕۆژنامه‌وانی ڕێگای زانستی بوه بۆ ئاسوده‌یو هۆشیاری کۆمه‌ڵگا و سه‌نگه‌رێک بووه بۆ به‌گژا چونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئایدۆلۆژیا ،به‌دیوێکی تردا ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌وانی هه‌ڵکردنی ئه‌و به‌یداخه‌یه که ده‌بێته هۆی ناساندنی کایه مه‌عریفیه‌کان و په‌ره‌دان به‌هۆشیاری زانستی له ڕووی گشت بابه‌ته هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فیه‌کان، ڕه‌نگه له ئێستادا بۆ ئێمه‌ی کورد هێشتا هه‌ڵکردنی ئه‌و ئاڵایه نه‌هاتبێته مه‌یدانی ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌وانیه‌وه، ئه‌گه‌رهه‌شبوبێت هه‌ر زوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و عه‌قڵه‌کۆنه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه، سانسۆری بۆ خراوه‌ته‌گه‌ڕ و له‌دوا جاردا توشی ده‌ست کێشانه‌وه بووه له کاره ڕۆژنامه‌وانیه‌کان و کۆمه‌ڵگای له‌زمانه‌کانی ئاڵ‌و گۆڕه دابڕاندووه‌و دید و پێوانه‌یه‌کانی تاساندوه، چۆمسکی ووته‌نی ( ئه‌رکی ڕوناکبیری به‌شه‌ره‌ف و ڕاست ئه‌وه‌یه که‌هه‌وڵ بدات، جیهان بناسێ و هاوڕێ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکان به‌رگری له‌مافه مرۆڤایه‌تی و ئازادی و دادپه‌روه‌رییه‌کان بکات.) ئه‌وه‌ی شایسته‌ی تێڕامان و قسه‌کردنه ئه‌و بۆشاییه دیاره‌یه که ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌وانی ئێمه وونبوون له‌ناو ده‌سکه‌وته کاتیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئایدۆلۆژیادا ، ئه‌م خۆ به‌ستنه‌وه‌یه به ده‌سه‌ڵات کارێکی وای کردووه نه‌توانراوه به‌رهه‌مه زانستیه‌کان ڕه‌ووتی گه‌شه‌کردنی ئاسای خۆیان بگرنه‌به‌ر، له‌سه‌ر ڕووی ڕۆژنامه‌کاندا و هێڵه لۆژیکیه‌کانی ئیفلیجکردوه، هۆکارێکی تری سستبوونی ڕۆژنامه‌وانی کوردی له‌ئێستادا ، به‌کار هێنانی زمانی دژه له‌خودی خۆی، واته تێکه‌ڵ کردنی مۆڕاڵه به، بابه‌ته کاتیه‌کان و کوشتنی زمانی گوڵه، بۆ به‌د حاڵی بون له کایه سیاسی و ئه‌ده‌بی و مه‌عریفیه‌کان، ده‌بێت جارێکی تر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ فه‌رمانه جیدیه‌کانی ڕۆژنامه‌وانی و گرێدانه‌وه‌ی زمانه جیاکانی کۆمه‌ڵگا، بۆ لێك حاڵی بوون به‌گشت مانا و هزره جیاوازه‌کانی،زمانی ڕوناکبیر و ڕۆژنامه‌وانی ژیربێژ، سارته‌ر وته‌نی ئه‌و زمانه‌یه (گه‌ر ڕۆشنبیر نه‌گاته دۆخی ڕه‌خنه‌گرتن، ئه‌وا مه‌حاڵه هه‌ڵگری حه‌قیقت بێت) … لێره‌وه ده‌خوازم بڵێم یه‌کێك له‌و زمانه سه‌رده‌میانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌جیهانی ڕۆژنامه‌وانی کوردی‌دا ئاماده‌گی هه‌یه، زمان و میتۆدی ستراکتوری ڕه‌خنه‌یی جیدی ماڵپه‌ڕی (چراکان)ه که‌دوور له‌عه‌قڵی ئیلۆسیۆن و ڕه‌خنه‌ی بێ‌مانا کار ده‌کات و، ده‌خوازێت قه‌ڵه‌مه‌کان بۆ شیکارییه ئه‌قڵانیه‌کان بخرێنه‌گه‌ڕ، چراکان ستیڵێکی مۆدێرن و ته‌قه‌لایه‌کی هاوچه‌رخه بۆ ناساندنی جیهانی هونه‌ره‌جوانه‌کان و په‌یڤێکی ماقووله له‌ناو ڕۆژنامه‌وانی ئه‌مڕۆی کوردی‌دا، من لێره‌وه پیرۆزبایه‌کی گه‌رم ده‌نێرم بۆ ده‌سته‌ی نوسه‌رانی( ماڵپه‌ڕی چراکان ) به بۆنه‌ی داگیرسانی یه‌که‌مین ساڵڕۆژی هه‌ڵکردنی مۆمی ته‌مه‌نی پڕ له‌جوانی و داهێنانی له بواره‌کانی ( سینه‌ما و شانۆ ، موزیك و ستران ، شێوه‌کاری ، ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری ، هۆنراوه‌و جیهانی مناڵان ) که ده‌توانم بڵێم له‌زووربه‌ی هه‌ره زۆری بواره‌کانا داهێنانی خۆی کردوه‌و هه‌میشه له‌سه‌ر میتۆدی تازه‌و ڕه‌خنه‌ی زانستی و جیدی کاری کردوه‌و، په‌ره‌ی داوه به شه‌وقه زانستی و زه‌نگینه کان ، وه پیرۆزبای خۆم ده‌نێرین بۆ هاوکاری کردنی ئه‌و خامه ڕه‌نگینانه‌ی که هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بونی تاکو ئێستا له‌گه‌ڵ چراکان هه‌میشه‌هاوڕێ بوون…. سڵاو له مناڵه چاو گه‌شه‌کانی چراکان و گشت هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌کاری و موزیك و سینه‌ما و شانۆ و سه‌رتاسه‌ر ئه‌و نوسه‌ر و شاعیرانه‌ی که‌ڕوخساری خۆیان و به‌رهه‌مه‌کانیان بۆ هه‌میشه له‌ژێر ڕوناکی چراکاندا شه‌وق ده‌ده‌نه‌وه، سڵاوم بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی که بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵ چراکاندا هاوڕێن، سڵاوم بۆ خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕی چراکان ، سڵاو و ده‌ست خۆشیم بۆ (ده‌سته‌ی نوسه‌رانی چراکان) و په‌یامنێره‌کانی ماڵپه‌ری چراکان…
(هیو ام پێ یانه، ئه‌م ده‌سته‌ی کوڕانه، مه‌شعه‌لێ هه‌ڵ که‌ن له‌تاریکی نه‌زانینا، به‌زانستی وه‌ته‌ن ده‌رکه‌ن ) پیره‌مێرد.
* تێگه‌یشتنی ڕاستی و شوێنی له‌ڕۆژنامه‌نوسی کوردی‌دا. ( د . که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د ) 1978
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

