وه‌جاخ زاده
سه‌رده‌مێک خه‌ڵکانێک هه‌بوون، وه‌یان ڕاستر بڵێم کلتورێک هه‌بوو، وای له‌و خه‌ڵکه کردبوو که کچیان به‌شوو ئه‌یا، یان ژنیان بۆ کوڕیان ئه‌هێنا، کاتێک لێیان ئه‌پرسین ئه‌وماڵه‌ی خزمایه‌تیتان له گه‌ڵ به‌ستوون کوێنده‌رین؟ ئه‌یان گووت کوێنده‌ری کوێیه؟ ئه‌وان بن و بنه‌چه‌ی ئه‌م شاره‌ن، بۆ هه‌یه ئه‌سه‌ح خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌بێت و ناو‌و شۆره‌تی ماڵی شافه‌نه‌ری* نه‌بیستبێ؟ هه‌بوون به‌حه‌یاتیان ئه‌و ناوه‌یان به‌رگوێ نه‌که‌وتبوو، یان له‌به‌ر دڵی ماڵه‌که، وه‌یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌کا شکی ئه‌وه‌یان لێبکرێ که خه‌ڵکی شار نین واتا لادێین، چوونکه ئه‌وعه‌یامانه لادێیه‌که‌ش حه‌زی نه‌ئه‌کرد پێی بڵێن لادێیی، ئه‌یان گووت به‌ڵی به‌ڵی چۆن نایاناسین خوا هه‌ڵناگرێ ماڵێکی تا بڵێی وه‌جاخ زایه‌و ئه‌سڵی شارن، ئه‌وه‌یشی وێڵی دوای ئه‌سڵ و فه‌سڵه ، ئه‌بێ له قاپی ئه‌وان با.
جێگه‌ی گومان نیه ئه‌مه عورف و عاداتی ته‌نیا ئێمه‌ی کورد نه‌بوو، سه‌رتاسه‌ری میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵات، و هه‌تا له ئه‌وروپاش ئه‌و ته‌رحه ئه‌قڵه باو بوو، به‌ڵام ئه‌وان له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستا که به تاریکستانی مێژوویان به‌ناوبانگه، ئه‌و جۆره خۆ هه‌ڵدانه به نه‌سه‌ب و خۆهه‌ڵواسین به چینی ئوروستکراتیه‌کانه‌وه زۆر گه‌رم بوو لایان، دوای رینیسانس، وه‌یان تازه گه‌ری، ئه‌و نه‌ریته‌ش له‌گه‌ڵ هه‌موو شته‌خراپه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان، بو به حه‌رفی ناو کتێبه مێژووییه‌کان ،و به‌ده‌ره‌جه‌یه‌ک ئه‌و عاده‌ته‌یان توڕدا، ئێستا کچێک که پاکردنه‌وه ئه‌کات ، بۆی هه‌یه ببێته ژنه میر وه‌یان وه‌زیر ، هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌وشه‌وه، له‌لای خۆشمان ئه‌و نه‌ریته له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانه‌وه به‌هۆی بیر‌و باوه‌ڕی پێشکه‌وتن خوازانه‌وه تا ئه‌هات که‌م تر ئه‌بۆوه،و به‌ڕاده‌یه‌کیش بوو، تا منی والێکرد، له دانیشتنێکا له‌گه‌ڵ هه‌ندێک عاره‌ب و ئه‌وروپیدا که باس باسی کلتور بوو ،ئه‌و ته‌سریحه به‌م، که له مێژه‌وه ئێمه‌ی کوردیش فشه‌فشی به‌گ و ئه‌سڵ و وه‌جاخ زاده‌مان له قه‌برێ ناوه و له‌ومه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یا ته‌نها ئه‌وکه‌سه خۆیمان له‌به‌ر چاوه‌و به‌س ئیتر ناپرسین کوڕی کێیه.
هه‌ر له‌و دانیشنه‌یا ئه‌و‌براده‌رانه ووتیان بابه ئێوه‌ی کورد زۆر له میلله‌تانی تری خۆرهه‌ڵات خێراتر پێش ئه‌که‌ون، و ئاماده‌شن بۆ گۆڕانکاری، منیش ئه‌م گووت ئه‌ی چۆن براده‌رینه خۆزگه بۆتان ڕێک ئه‌که‌وت و پێکه‌وه بچویناته‌وه زێدی باب وباپیری من، تا له‌نزیکه‌وه خۆتان له ئه‌رزی واقیعدا ئه‌و پێشکه‌وتنه‌تان هه‌ست پێ بکردایه. دوابه‌دوای ئه‌وه به‌دری* خان ته‌شریفی بۆ ماڵی ئێمه هێنا، وتمان دیار نیت؟ وتی دوێنێ له حه‌فله‌ی کچه‌زاکه‌م بووم وتمان موباره‌که شووی کرد؟ وتی ئه‌ره‌وه‌ڵڵا به کوڕێکی زۆر باش، باوانی له شێخانی سربستانن! ووتمان جا سربستان شێخی کوا؟ وتی ئه‌ی بێقه‌زابن چۆن نیه‌تی ، وتمان وه‌ڵڵا موهیمه چۆن ئه‌و شێخه‌تان له‌وێ په‌یا کرد؟ وتی ئێمه خۆمان ئه‌سڵی شارین و له باب و باپیرانمانه‌وه ئه‌م عاده‌ته‌مان بۆ ماوه‌ته‌وه ،ئه‌وه‌ی وه‌جاخ زایه نه‌بێت نایه‌ڵین تێکه‌ڵمان بێت،و ئێ خه‌ڵکیشمان زۆره به‌پرسیار گه‌یشتینه سه‌ر بنج و بناوانی ، ساڵی پاریش، وتمان ساڵی پار چی؟ وتی کچه‌زاکه‌ی ترم شووی کرد، وتمان ئه‌و به‌کێ؟ وتی به کوڕێکی ئه‌ڵمانی ئه‌ویشمان لێ موباره‌کرد و وتمان حه‌تمه‌ن ئه‌ویش باپیره‌گه‌وره‌ی به‌ردی بناغه‌ی به‌رلینی داناوه، ووتی ئه‌ره‌وه‌ڵڵا ڕێک ئه‌سڵی شاره‌که‌ن و مه‌گه‌ر هه‌ر خواش بزانێ که چه‌ن ماڵێکی ئه‌سڵ زایه‌ن.
* شافه‌نه‌ر و به‌دری خان دوو ناوی وه‌همین.
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

