ده‌نگی میلله‌ت
ده‌نگی میلله‌ت و ئه‌رکه سه‌خته‌کانی سه‌ر شانی هێژا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردوستان
کاتێک لاپه‌ڕه دێڕینه‌کانی مێژووی گه‌لان ده‌خوێنینه‌وه گه‌لێک قاره‌مان و پیاوه لێهاتوه‌کانی ئه‌و میلله‌تانه‌مان دێته به‌ر چاو که به درێژایی ژیانیان خه‌باتیان کردوه‌و به‌رده‌وام له هه‌وڵ و تێکۆشان‌دا بوون بۆ گه‌یشتن به ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌له‌کانیان،
زۆر جاری واش هه‌بوه که ئه‌و که‌ڵه پیاوانه خوێنی خۆیان ڕشتوه بۆ گه‌یشتن به ئارمانجه به‌رزه‌کانی میلله‌ته‌کانیان، نه‌ته‌وه‌ی کوردیش بێ گومان یه‌کێک بوه له‌و میلله‌ته تێکۆشه‌رانه‌ی که به درێژایی مێژوو له خه‌باتدا بوه‌و هه‌رگیزیش کۆڵی نه‌داوه‌و بوێرانه به‌ره‌نگاری ڕووداوه‌کان بۆته‌وه، بێگومان ئه‌گه‌ر کوردیش چه‌ند هه‌لێکی میژوویی بۆ هه‌ڵکه‌وتایه ئه‌وا ئه‌وڕۆش ئێمه خاوه‌ن خاک و ئاڵای خۆمان بووین ، به‌ڵام مخابن زۆر جار ڕووداوه‌کان به‌هێزتر بوون له ڕوانگه مێژوویه‌کان، گه‌لێک هۆکار بوونه به‌ربه‌ست ڕووبه‌ڕووی گه‌یشتن به مه‌رامه‌کان هه‌ر وه‌ک هۆکاری ئاینی و ئابووری و بواره کولتوریه‌کان، ئه‌م ڕووداوانه کاریگه‌ر بوون به‌سه‌ر فه‌رزکردن و قه‌ده‌غه‌کردنی مانه‌وه‌ی ڕۆحی سیاسی بواره گشتیه‌کانی هاتنه دی ئاواته‌کان، ئه‌و هۆکارانه له بڕیاردانی پاشه‌ڕۆژێکی گه‌ش بۆ نه‌وه‌کانمان وه‌ک پوشێک به ده‌م ڕه‌شه‌بای مه‌رگه‌وه ئه‌ملاو ئهولامانی پێکردوه‌و جێگه‌ی نیشته‌جێبوونی پێ له‌ق کردووین.
شۆرشه کۆنه‌کان و خه‌باتی بێ وچانی دێرینی باو باپیرانمان به‌ڵگه‌یه‌کن له‌و هه‌وڵدانه‌ی که کورد ده‌بوایه کۆتاییه‌که‌ی به ووڵاتیکی سه‌ربه‌خۆیی کوردی بهاتبایه.، به‌ڵام زۆر به داخه‌وه نه‌بوونی په‌یوه‌ندیی چڕی نێوان ئه‌و عه‌شره‌ت وخێڵانهی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و ده‌ست تێوه‌ردانی دوژمنانی کورد به ناوی قه‌ڵاچۆکردنی ئایینی زه‌رده‌شتی‌و نه‌مانی ئیمپراتۆریه‌تی مادد وته‌فرو تونا کردن و له ناو بردنی ئه‌و برایه‌تییه‌ی له نێو خه‌ڵکانی کوردی‌دا هه‌بوون به ناوی چه‌سپاندنی ئایینی ئیسلام له لایه‌ن ئه‌و عاره‌بانه‌ی که له نێو دورگه‌ی عهرهبیوه کشابوونه‌وه بۆ ناوچه پیرۆزه‌کانی کوردستان و کوشتن‌و بڕینی منداڵ و ئافره‌ت و گه‌نج و پیری کوردان و داگیر کردنی خاکه‌که‌مان، هۆکاری راسته‌قینه‌ی له‌ناو بردنی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یی کوردی بوو ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش ته‌ته‌ره‌کانی وڵاتانی قه‌فقاس و مهنغۆلیهکان که له‌م دواییه‌دا بوون به ئیسلام و وه‌ک تورکیای ئه‌وڕۆ دوژمنایه‌تی کوردیان ده‌کرد، دوا به دوای ئه‌وانیش فارسه‌کان که هه‌ر له سه‌رده‌می کوڕشهوه هه‌ر ده‌م خۆیان به خاوه‌نی میلله‌تی کورد زانیوه، واته هه‌ر زۆر له کۆنه‌وه ئه‌م سێ میلله‌ته ده‌ستیان له نێو ده‌ستی یه‌ک ناوه بۆ نه‌هاته دی وڵاتێکی کوردی که بوونی ئه‌و ووڵاته ده‌بوه مه‌ترسییه‌کی گه‌وره له ناوچه‌یه‌دا. له ناو بردنی ئه‌و هه‌موو ئه‌ماره‌ته کوردیانه‌ی وه‌ک بابان و سۆران و بادینان‌و ئه‌رده‌ڵان و..هتد. به‌ڵگه‌یه‌کی زهقو ئاشکران که چۆن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاینی ئه‌و میلله‌تانه به‌رده‌وام له تێکۆشان‌دا بوون بۆ له ناوبردنی بۆچوونی بوونی ووڵاتێکی کوردی به‌ڵکو هه‌رده‌م له‌و ناوچانه‌دا له تێکدانی په‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌کانی نێو ئیماراته کوردیهکانداههمیشه کارمه‌ند بوون.
شورشه‌کانی پاشا کوێره و شکاک و به‌درخان و به تلییسی و عه‌بدولسه‌لام بارزانی و شیخ مهحمودو قازی محه‌مه‌د و له‌هه‌مووی نوێتر شۆرشی موسته‌فا بارزانی نه‌مر که ده‌نگی کوردی به هه‌موو ووڵاتانی جیهان گه‌یاند که کوردیش میللهتێکهو داوای ژیاێکی سه‌ربه‌رز و ووڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی ده‌کات،هه‌ر بۆیه سه‌رکرده شۆڤیێنیهکانی هه‌ر سێ میلله‌ته دراوسێکانی کورد به بیر‌و باوه‌ڕێکی ئاگرین و ئاسن مامه‌له‌یان له گه‌لماندا ده‌کرد، به‌ڵام بزاڤی بارزانی نه‌مر هه‌ر له خه‌باتدا به‌رده‌وام بوو ، به‌شداری بوونی خۆی له شۆرشی مههاباتدا به‌ڵگه‌یه‌کی مێژوویه که نه‌مر باوه‌ڕی به‌و سنووره دروستکراوه‌ی پاشماوه‌ی ده‌وڵه‌تی ءوسمانی نه‌ده‌کرد، وه له‌به‌ر هه‌مان هۆکاری نیشتمان په‌روه‌ری ووڵاتی کوردستانی به‌جێ هێشت و داستانی په‌ڕینه‌وه‌ی ئاوی ئاراس له مێشکی هیچ کوردێک به ئاسانی ده‌رناچێت.
شۆرشی ئه‌یلول و ڕاپه‌ڕینی گوڵان و خه‌باتی شۆرشگێرانه‌ی به‌ره‌کانی تری کوردستان به‌رده‌وامی به شۆرشه‌کانی تری کوردوستاندا ده‌دا ،له مێژوی میلله‌تانی دیکه‌دا هه‌ر گۆڕانکاریه‌کی پیویست بۆ دروست کردنی پارت و رێکخراوی نوێ‌دا به سنگێکی فراونه‌وه پێشوازیان لێ ده‌کران ، به‌ڵام جودا بونه‌وه‌ی بیروڕای پارتیزانی و خه‌بات و دروست بوونی ڕێکخراوی نوێی کوردی به ئاگرو شه‌ری براکوژی ده‌ستی پێ کرد، که ئه‌مه خۆی له خۆیدا گه‌وره‌ترین لاوازی بیر‌و بۆچونی کوردوستانی بیشان به گه‌لان دا که ئێمه میلله‌تێکین باوه‌ڕیمان به دیموکراتی بوون نیه، به‌ڵکو له‌و ده‌مانه‌دا ده‌سه‌ڵات و کورسی زۆر گرنگتر بوه له بیروڕایه‌کی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ، یان ده‌بێت بۆچونی تایبه‌یمه‌ندی تر هه‌بوبێت که هێشتا لێکۆلینه‌وه‌کانی مێژوویی بۆ خه‌ڵکی ساغ نه‌بوبێته‌وه ، به‌ڵام به هه‌ر حاڵ ئه‌گه‌ر خه‌ڵکانی کورد ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه‌یه‌کی کاتی له گۆڕه‌پانی کوردی حیساب بکات ده‌بواییه پێکدادانی ساڵانی 94 و 96 به هیچ جورێک به‌رپا نه‌بوایه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ک کورد ده‌ڵێ زه‌ره‌ر له نیوه‌ی بگه‌رێته‌وه باشتره، ده‌بێت ئێمه‌ی کورد که‌ڵک له‌و رۆژه ڕه‌شانه وه‌ر بگرین و منداڵانمان فێر بکه‌ین که باو باپیرانمان هه‌ڵه‌یان کردوه‌و داوایی لێ بوردنیان لێ بکرێت چونکی منداڵی شه‌هیدان ڕۆژێک دێت لێمان بپرسنه‌وه بۆچی شه‌ڕی براکوژی ڕووی دا و هۆکاری به‌رپابوونی چی بوون؟.
من نامه‌وێ زیاتر لاپه‌ڕه کۆنه‌کان بکه‌مه‌وه‌و کای کۆن به ده‌م ڕه‌شه‌بادا بده‌م، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت ڕاسته‌و خۆ ئه‌و ئه‌رکه گرنگانه‌ی پرۆسه‌ی داواکردنی سه‌قامگیری و ئاسایشی کوردستان و به‌دیهێنانی خه‌وی کوردی ده‌که‌وێته سه‌ر زاتی ڕێزدار سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردوستان.
ده‌بێت ئێمه‌ی کورد هه‌رگیز له بیرمان نه‌چێته‌وه که کاتێک زۆرینه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکانی کوردستانی باشوور له هه‌ڵبژاردنێکی به‌ربڵاودا سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی به‌رێزمان وه‌ک نوێنه‌رو گه‌وره ده‌سه‌ڵاتی کورد هه‌ڵبژارد که ئه‌وه بێگومان ئه‌رکی سه‌ر شانی ئێمه بوو وه له هه‌مان کاتیش‌دا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردوستان ده‌بێت به بێ که‌م و کورتی داخوازیه‌کانمان بۆ جێ به‌جێ بکات و له گه‌ڵ ئه‌و پرۆسه کاتیه‌ی که وه‌ک ڕێزدار به‌خۆی ئاماژه‌ی پێ کرد ئه‌و خه‌وه‌ی گه‌لی کورد که سه‌ربه‌خۆیی کوردوستانه ده‌بێت بێته دی، وه ئێمه‌ی کوردیش هه‌ر هه‌موومان پاڵپشتی لێ ده‌که‌ین له هه‌مان کاتدا ده‌مانه‌وێت جه‌خت له ئاودانکردنهوی هه‌موو شاره‌کانی کوردستان بکه‌ینه‌وه و جێ به‌جی کردنی ماده‌ی 140یش که شاری که‌رکوکی زێرین به هه‌ر چ شێوه‌یه‌ک بێت، ده‌بێت بگه‌رێته‌وه ناو باوه‌شی کوردستان وئاڵای کوردستانیش ده‌بێت له‌سه‌ر شه‌قام و ده‌زگاکانی ئه‌و شاره‌شدا بشه‌کێته‌وه.
لێره‌دا کۆمه‌لێک خه‌ڵکمان لێ ڕاست ده‌بنه‌وه و به زه‌قی داوای وه‌ڵام دانه‌وه ده‌که‌ن ، وه‌ڵامه‌که‌شی ته‌نها به ووردی ده‌بێت سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردوستان به‌ر پرس بێت لێی،،،
1- سه‌رۆک ده‌توانێت چ گهرهنتیهکمان بداتێت که له په‌یمانه‌کانی داویه‌تی به گه‌لی کورد پاشگه‌ز نه‌بێته‌وه ؟
2- له گه‌ڵ پاشه‌کشێی سوپاکانی ئه‌مریکی چۆن سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌توانێت به‌رگری له هه‌ر هێڕشێکی ووڵاتانی ئیقلیمی ببێته‌وه، یاخود ئه‌گه‌ر سوپای تورکی به ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریکا هێڕشی برده سه‌ر هه‌رێم ئه‌و کاته چ جۆره پلانێک داڕێژراوه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان.
3- چۆن سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌توانێت گه‌ره‌نتی به به‌رده‌وام بوونی برایه‌تی و مانه‌وه‌ی په‌یمانه‌کان بدات له گه‌ڵ برایانی شیعه‌دا ، وه ئه‌گه‌ر گریمان ئه‌م برایانه هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له گه‌ل په‌رژه‌وه‌ندی ئیران‌دا یه‌ک بوون ، ههڵسو که‌وتی کورد ئه‌و کاته ده‌بێت چۆن بێت؟
4- گریمان ئه‌مریکیه‌کان له به‌ر په‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له دوارۆژێکی نزیک یان دوور کوردیان دووباره فڕۆشته‌وه و وه‌ک جاران و په‌شیمان بونه‌وه له گه‌ڕانه‌وه‌ی شاری که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردوستان ؟
5- چ گه‌ره‌نتیه‌ک ده‌درێت که سه‌رۆکی هه‌رێم وه‌ک چۆن هێژا به خۆی له زۆر کۆ بونه‌وه‌دا بڕیاری له ناو بردنی نه‌خۆشی گه‌نده‌لی ده‌دات که‌چی گه‌نده‌ڵچیه‌کان به‌رده‌وام سنووره یاساییه‌کان دشکێنن؟
5- که‌نگی یاسا سه‌روه‌ر ده‌بێت و که‌س له یاسا گه‌وره‌تر نابێت؟
6- چین و توێژه‌کانی میلله‌تی کورد چۆن و که‌ی به یه‌ک چاو ته‌ماشا ده‌کرێن؟
7- بۆچی زه‌وی و زار ته‌نها به‌سه‌ر کاربه‌ده‌سته حیزبیه‌کان دابه‌ش ده‌کرێن و شاخ و کێوی کوردوستانی ڕه‌نگین به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵه‌کاندا به‌رده‌وام تاپۆ ده‌کرێن؟
8- چۆن گه‌نجان و لاوان پاشه‌ڕۆژیان بۆ دابین ده‌کرێت که ووڵاته‌که‌یان به‌جێ نه‌هێڵن و ئاواره‌ی هه‌نده‌ران نه‌کرێن؟
9- چۆن قوتانخانه‌کان زامن ده‌کرێن و فه‌رق و جودایی منداڵانی هه‌ژار و پاره‌داره‌کان وه‌ک یه‌ک ده‌بێت؟
10- تا که‌ی فایل داره‌کان سه‌ربه‌ستانه دووباره پێ له‌سه‌ر گۆڕی شه‌هیدان دابنێن؟
11- هه‌تا وه‌کو چه‌ند ساڵی تر چاوه‌نواڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پێشیلیه‌کان بکه‌ین و که‌ی چاکسازی و پاک سازی سه‌رهه‌ڵدێنێت؟
12- که‌ی وه چۆن به‌ره‌نگاری له بوونی هه‌ژاری له کوردوستاندا ده‌کرێت؟ وه چۆن و که‌ی و چۆن و تا که‌ی،،،، هتد ؟؟؟؟؟؟؟؟؟
زۆر بۆچوونی سیاسی تریش هه‌ن که لێره‌دا ده‌توانین باسی لێوه بکه‌ین وه‌ک ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی تورکیا‌و ئه‌مریکا وه پێشهاتوه و وه نزیک بوونه‌وه‌ی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی گشتی تورکیا که موسڵمانه‌کان ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵات له سه‌ربازه‌کان وه‌ر بگهرنهوهو ئوردوگان ببێته سه‌رۆک کۆما رو گولیش ببێته سه‌رۆک وه‌زیران، هه‌روه‌ها ئه‌و قسانه‌ی که سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکی ده‌یکات بۆ خۆ نزیک کردنه‌وه‌ی کاتی له گه‌ڵ گه‌لی کوردا، که‌چی پێشهاته‌کان وا ده‌گه‌یه‌نن که ئه‌و خۆنواندنانه به هۆشیاری وئهجندهی تورکیا‌و ئێرانه‌وه‌یه به‌سه‌ر به‌جێهێنانی کاره تێرۆریستیه‌کانی دژ به ووڵاتی ئێراقه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌کی گشتی و په‌ره‌پێدانیه‌تی بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردوستان، جا هه‌ر بۆیه بڕیاره مێژوویه‌کانی هێژا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردوستان ده‌بێت له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کانی ئه‌وڕۆی کوردوستاندا بگونجێت و کاردانه‌وه‌که‌شی له هه‌ر چوار پارچه داگیرکراوه‌که‌دا بێته هۆی به‌رهه‌می هێنانی خۆشبه‌ختی و کامه‌رانی و سه‌رفرازی بۆ گشت گه‌لانی کوردوستان.
بارزان شوان
2007/02
سوید
uvnbas@hotmail.com
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

