سیاسه‌تی کورد
سیاسه‌تی کورد… و… دواڕۆژری عێراق
گه‌لێک نووسراو له مه‌ڕ مێژوو و وێژه‌ی گه‌لان نووسراونه‌ته‌وه، مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن هه‌ندێک له‌و چاپکراوانه باس له گه‌لی ماف خوراوی کوردی کردبێت، ئه‌وانه‌ی گه‌ل و هۆزه‌که‌ی خۆی بهسهرکردبێتهوه و ڕووداوی کورد و کوردوستانی له بیر خۆ نهبردبێتهوهو به‌زه‌ییان به گه‌له لێقوماوهکهیان هاتبێته‌وه، هه‌رگیز له یاد ناچنه‌وه‌و تا هه‌تایه له نێو دڵی هه‌موو کوردێکتدا ده‌مێننه‌وه‌و ته‌زووی به‌رده‌وامی ژیانیان و پاکی ویژدانیان هه‌تا هه‌تایه وه‌ک دڵۆپه خوێنێک له نێو ده‌ماره‌کانی جه‌سته‌ی زیندواندا هه‌رده‌م ڕه‌ونه‌قدار چه‌شنی ئه‌ستێره‌کان هه‌میشه ده‌بریسکێنه‌وه.
چه‌نده‌ها سه‌ده‌یه گه‌لی کورد به به‌رده‌وامی هه‌وڵی داوه که رۆژگارێک بێت میلله‌تی کوردیش وه‌ک هه‌موو میلله‌تانی جیهان بتوانێت هه‌وای ئازادی به‌سه‌ربه‌ستی ههلمژێ و خودانی خاکێکی سه‌ربه‌خۆ بێت و تاکه پایته‌ختێکی هه‌بێت و خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێکی به شان و شه‌وکه‌ت بێت, که هاوڵاتیان تیایدا به گشت بیروباوه‌ڕو دین و گه‌له جوداکانیهوه له‌سه‌ر که‌ژ و کێوی کوردوستانهکهیاندا ژیانێکی پڕ له خۆشی و کامه‌رانی به سه‌ر به‌رن.
کورد هه‌ر به خۆی بتوانێت مه‌شخه‌لی بنه‌ما دیموکراتیه‌کان به‌رزبکاته‌وه و ته‌نها یاساش سه‌روه‌ر بێت و له یه‌کسانیشدا هاوشانیان نه‌بێت ، به‌ڵام مخابن میلله‌تی کورد هه‌ر له دێر زه‌مانه‌وه نه سیاسه‌تێکی دووربینی به‌رپا کردوه‌و نه پلانێکی داڕێژکراویشی بۆ دوارۆژ هه‌بوه، وه نه هێزێکی یه‌کگرتووی ڕێکخراوی هه‌بوه‌و نه زووتریش سیاسه‌تمه‌دارێکی ولۆی هه‌بوه بتوانێت گشت ڕێزه پێشکه‌وتوخوازه‌کان یه‌ک بخات، هه‌ر بۆیه ئاوات و نیازه ڕامیاریه مێژووییه‌کان نه‌یانتوانیوه بگه‌نه مه‌رام و له زۆڵم و هه‌ڵسوکه‌وته ناڕه‌واکانی ووڵاتانی دراوسێیان هه‌رده‌م په‌رێشان بوون. دور نیه زۆر جار به یارمه‌تی هێزه ناوخۆییه‌کان و ناوچه‌ییه‌کان خه‌باتی درێژخایه‌نیان کردبێت، به‌ڵام دیاره زۆربه‌ی جاران سیاسه‌تێکی ڕوونی زیندوو و ده‌ستپێشخه‌ریان بۆ دانه‌نابێت به‌ڵکو گه‌لێک له شۆڕشه دێرینه‌کانمان هه‌ر به هه‌ڕه‌مه‌کی یان به بێ به‌کاربردنی هیچ جۆره بۆچوونێکی سیاسی پلان بۆ دانراو سه‌ریان هه‌ڵدابێت که بتوانێت خۆڕاگر بێت ڕووبه‌ڕووی شکست و نه‌هامه‌تیه‌کان . یان هۆکاری درووست بوونی بزووتنه‌وه‌کان له‌وه ده‌چێت له ئاکامی ناڕه‌زایی بوون و به‌رهه‌ڵستیه‌ک بووبێت سه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی تاکی ناوچه‌یه‌کی دیاریکراو یان هه‌ڵچوونه‌که ته‌نها له نێو چه‌ند هۆزو خێلێکی به په‌نجه ژمێردراو بووبێت یان زۆر به ئاسانی پێکدانه‌کان خوڵقابن بۆ دژایه‌تی یکتر و ئارمانجیشیان ته‌نها بۆ له ناوبردنی به‌رامبه‌ره‌که‌یان بووبێت یان …هتد.، جا بۆیه کۆتایی هه ر هه‌موو بزووتنه‌وه‌و شۆڕشه به‌رپابوه ئازادیخوازه‌کانی ئه‌م میلله‌ته کۆڵنه‌ده‌ره ته‌نها شکستی بووه .
ئه‌وه‌ی بیه‌وێت زیاتر له هۆکاره‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشه کانی گه‌لی کورد ووردبێتهوه ده‌بینین به چه‌ند خاڵێکه‌وه گری ده‌درێن، له‌وانه!!!!!!!
* نه‌بوونی ئابووریه‌کی سه‌ربه‌خۆ، بۆ دابینکردن و سه‌قامگیرکردنی شۆرشێکی ته‌مه‌ن درێژ.
* نه‌بوونی که‌ش و هه‌وایه‌کی دیموکراسی له نێوان چین و توێژه جوداکانی سه‌ر به کۆمه‌ڵگای کوردی هانده‌ر بووه بۆ خه‌ڵکانی ئایینی که زیاتر بتوانن بگه‌نه ئارمانجه تێکده‌ره‌کانیان، دژایه‌تی پیاوانی ئاینی بۆ سه‌ر که‌سانێک که نیازیان بووبێت پرۆسه دیموکراتیه‌کان به به‌رهه‌م بێنن ،هێنده ڕێگر بوونه که گه‌لی کورد نه‌یتوانیبێت به مافه ڕه‌واکانی شاد بێت.
* زۆربه‌ی زۆری بزووتنه‌وه‌و خۆپێشاندان و خه‌بات و شۆڕشه‌کانی گه‌لی کورد له‌سه‌ر بنه‌مای سۆزی خه‌ڵکی بووه بۆ چه‌ند که‌سانێکی ناسراوی سه‌ر به هۆزو تیره کورده‌کان ، هه‌ر بۆیه له زۆربه‌ی زۆری لێکۆڵینه‌وه کۆنه‌کانی سه‌ر به مێژووی کورد دا ،باسی خه‌باتی ئه‌م گه‌له بۆ گرتنی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی له توێژینه‌وه‌کانیاندا خۆی وهنده کردوه .
* کزی و ئالیکاری و یارمه‌تی وڵاته زلهێزه‌کان به‌رامبه‌ر به سه‌به‌خۆیی کوردان له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وندی هاوبه‌ش بوه له گه‌ڵ دوژمنان و ووڵاته داگیرکه‌ره دراوسێکانی کوردوستان . هه‌ندێک جار به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌کان وای خواستوه که له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد بن، هه‌ر بۆیه زۆر جار ئه‌م گه‌له له لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌وه ههڵخهڵتێنراون و به‌ڵێنی درۆله خشته‌یان بردوون، به‌ڵام کوردی دلسۆزیش هه‌موو جارێک به هه‌مان ئاگره نهکوژاوهکه جارێکی تریش سوتێندراو‌ن.
* نه‌بوون و که‌می ڕۆشنبیران و خوێنده‌واران له ناو کۆمه‌ڵگای کورده‌واری دا به گشتی به کۆسپێکی سه‌ره‌کی ده‌ژمێردرێت بۆ سه‌رنه‌که‌وتنی گشت ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵانه، به‌ڵکو پێ نه‌زانین و دواکه‌وتویی سه‌رانی ئه‌م گه‌له له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانی و هاوده‌نگی و ناشاره‌زایی سیا سیی هه‌رده‌م دیوارێکی مه‌تین و گه‌وره‌بوون له به‌رده‌م خه‌باتی بێ پایانی کورد بۆ به‌دیهێنان و گه‌یشتن به ئامانج و خه‌باتێکی جه‌ماوه‌ری یه‌کگرتوی پێشکه‌وتو، بۆ نموونه….. له‌نێو زۆربه‌ی زۆری میلله‌تانی جیهاندا پرۆسه‌ی خه‌بات و شۆرش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی لۆجیک‌و ڕاسته‌قینه به‌رپابوون، ئه‌گه‌ر بێت و باسێک له شۆڕشی فه‌ره‌نسی که له سالی 1789 دا هه‌ڵگیرسابوو بکه‌ین، ده‌بینین زۆربه‌ی زۆری هۆکاره‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو نه‌بوونی و هه‌ژاری و بێ‌کاری و کهمدهرامهتیهی که له نێوان هاوڵاتیانی ئه‌و ووڵاته‌دا به گشت چین و توێژه‌کانیانه‌وه دووچاری ببوون سه‌ری هه‌ڵدابوو، هه‌رچه‌نده هاتنه کایه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه مه‌زنه به ڕۆژو دوو ڕۆژ پێک نه‌هاتبوو به‌ڵکو ده‌توانین بڵێین بۆ ساڵانی زووتریش ده‌گه‌ڕێته‌وه که فه‌قیر و هه‌ژاران و جوتیاران چی دی نه‌یانتوانی بوو ئه‌و باج و قه‌رزانه‌ی که به زۆردی زۆره‌ملێ به‌سه‌ریاندا سه‌پێندرابوون نه‌یانتوانی ئیتر پێشکه‌ش به پادشاکه‌یان لۆدڤیک و ماری ئه‌نتوانێتی ژنی بده‌نه‌وه ، ئه‌م خۆپیشاندانه بوو به هۆی شکاندنی عه‌مباری بۆگه‌ن و گه‌نه خه‌زنه‌کانی پادشا‌و دام و ده‌زگاو سه‌رانی ئه‌و وولاته. به‌رپابوونی ئه‌و شۆرشه مه‌زنه بوو به سیمبۆلی هه‌موو شۆرشێکی ئازادی خوازی دیموکراسی سه‌ر به گه‌لانی ماف خوراو له جیهاندا، ئێمه‌ی کورد که ئه‌وڕۆ زیاتر له سێسه‌د ساڵه ئه‌و شۆڕشه مه‌زنه به سه‌ر چوه، تا ئێستاش نه‌مانتوانیوه به لای که‌مه‌وه ماڵی خۆمانیش به یه‌ک بکه‌ین ،هه‌نوکه‌ش ڕاسته‌وخۆ توندڕه‌وی له سیاسه‌تی هه‌ندێک لهپارتهکانمان به دی ده‌که‌ین ، ئێستاش به‌ربه‌رکانی و دزی و گه‌نده‌ڵی و هه‌وڵی گرتنی ده‌سه‌ڵاتێکی زیاتر له نێو ڕیزی لێپرسراواندا هێنده باوه‌و ته‌شه‌نه‌ی کردوه که به یکێک له نه‌خۆشیه گه‌ل کوژه‌کان ده‌ژمێردرێن، ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ی ڕۆژانه به‌ڕێوه ده‌چن به بێ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ک، بنکه‌یان وا داکوتیوه که بڕینیان هێنده دژواره که له نه‌خۆشی شێر په‌نجه به دهها جار زه‌حمه‌ت تر‌و ترسناکترن.
ئێمه‌ی کوردی باشوری کوردستان، ده‌مێکه ئاگاداری چلۆن به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تێکی ئه‌م چوار وه‌ڵاته داگیرکه‌رانه‌ی دراوسێمانین و له ئارمانجه‌کانیان باش گه‌یشتووین ، که‌چی به داخه‌وه تا ئه‌وڕۆش هه‌ر به‌رده‌وامین له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه داگیرکه‌رانه ، ئه‌وه‌ش بێگومان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر باوه‌ڕ نه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد به یه‌کتر، یان به پارته‌کانی به‌رامبه‌ریان، واته زۆر جار چۆکمان به خۆمان داناوه، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست نه‌خه‌ینه نێو ملی برا به بیر و باوه‌ڕ جوداکانمان، ئه‌وڕۆ که‌ش و هه‌وایه‌کی یه‌کجار باش خۆی سه‌ڵماندوه که به ئاسانی ده‌توانین بۆخۆمانی بقۆزینه‌وه‌و سوودی لێوه‌ربگرین ،تا له پاشه‌ڕۆژدا بتوانێت ببێت به بنکه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی بۆ سه‌ربه‌خۆیی تا سه‌ره‌کی و هه‌تا هه‌تایی کوردوستان، ئه‌و هه‌له‌ش ته‌نها گرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ووڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکایه، سیاسه‌تی جیهانی ئه‌مڕۆمان بریتیه له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه هاوبه‌شه‌کان، جا له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ووڵاته زل هێزه ئه‌وڕۆ نیازی مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی خۆی هه‌یه له‌و ناوچه‌یه ، ده‌بێت ئێمه‌ی کورد هێنده‌ی تر هانده‌ر و پشتگیریان بین بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه بۆ ماوه‌یه‌کی دهها دوور‌و درێژ تر وه‌ک له‌وه‌ی که بۆ خۆیان داناوه، به خۆمان باش ده‌زانین که ئه‌مریکیه‌کان نه متمانه به سوننه و نه به شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وڕۆی عێراق ده‌که‌ن، چونکه به‌رژه‌وه‌ندی شیعه بێگومان له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئێراندایه، وه ئه‌وان زیاتر خولیای دینن وه‌ک له سیاسه‌ت، هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕوانگه سه‌ر به کولتوری و ئاینیه‌کانه‌وه. بێگومان ئه‌م هه‌له مێژوویه دووباره نابێته‌وه و کورد به گشت توانایه‌که‌وه ده‌بێت ڕۆڵی خۆی تیادا بنوێنێت.
ئه‌گه‌رو پێشهاته‌کان گه‌لێکن، و پاشه‌کشێی ووڵاته یه‌کگرتوه‌کانیش ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆش نه‌بێت خۆ سبه‌ی هه‌ر ده‌بێت، له میانه‌ی ته‌بایی و یه‌کێتی نێوان ڕیزه‌کانی گه‌لانی عێراق ده‌بێت میلله‌تی کورد به یه‌ک چاو ته‌ماشای گشت پێکهاته‌کان بکات، ئه‌و میانه‌یه‌ی که ده‌ریده‌بڕین بۆ لایه‌نێک ده‌بێت به هه‌مان شێوه بۆ لایه‌نه‌کانی تریشی ده‌ربڕین.
له‌وه ده‌چیت سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌مریکا له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا هیچ بایه‌خێکی ئه‌وتۆش به تورکیای نه‌ژاد په‌رست نه‌ده‌ن و گرنگیه‌کی سیاسیشی هه‌ر پێ ناده‌ن ، جا بۆیه زۆر جار به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه وگوڕه‌شه‌ی سه‌رکردانی تورکیا بۆ سه‌ر کوردان ده‌بیستین، ئه‌وان هه‌میشه له کۆششدان بۆ له ناوبردنی سه‌قامگیری له شاری که‌رکوکی سه‌ر به کوردان ،ئه‌م گوزارشانه وا ده‌گه‌یه‌نن که تورکه‌کان دهها له نزیکبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانیان له گه‌ڵ ئه‌مریکیه‌کاندا ده‌ستیان شۆردبێت، هه‌ربۆیه به ئاشکرا هاوار ده‌که‌ن و باوکهڕۆیانه ، ئاشکرا دیاره ئه‌و خۆ گیڤ کردنه‌وه‌یه‌ی تورکیا ده‌ره‌قه‌تی یه‌ک چاولێسوورکردنهوهی سوپای ئه‌مریکا نایه‌ت، و به‌خۆشیان باش ده‌زانن ئه‌وڕۆ توانای هیچ جۆره په‌لامارێکیان نیه بۆ سه‌ر خاکی کوردان، جا هه‌ر بۆیه ئه‌م هه‌له مێژووییه وئه‌و ڕووداوانه‌ی که به‌سه‌ر ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا تێده‌په‌ڕێت ده‌بێت به شێوه‌یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وتی له گه‌ڵدا بکرێت و پلانێکی سیاسی دیاریکراوی بۆ داڕژرابێت که له پاشه‌ڕۆژدا ببێته هۆی وه‌ده‌ستهێنانی کوردوستانێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ، ئه‌و ئاواته‌ی که زۆر له مێژدا کوردان خه‌وی پێوه ده‌بینن.
وه‌گیرهێنانی ئه‌و ئاره‌زوو و نیازه بێگومان ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌ستۆی گشت میلله‌تی کورد، به هۆی به گڕکردنی ئه‌و جۆره پێشخستنه سیاسی و ڕۆڵ گێڕانه‌ی که له عێراقی ئه‌وڕۆدا ده‌یبینێت و ڕوو به ڕووی ده‌بێته‌وه، پێویسته کوردیش وه‌ک گشت میلله‌تانی جیهان با به پله‌ی یه‌که‌م له به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی ووڵات و نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی بگه‌ڕێت ، دوا به دوای ئه‌و به‌ده‌ست هێنانه سیاسیانه‌ی زووتر باسمان لێوه کرد، بلا ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی په‌یوه‌ندیه‌کانی خۆی له گه‌ڵ ووڵاتانی دراوسێیدا بکات، ده‌بێت کورد بۆ ئه‌مریکای بسه‌ڵمێنێت که ئه‌وان به ڕاستی ده‌توانن ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی بگێڕن له پێکهێنانی سه‌قامگیری و ئاشتی و ئارامی له گشت عێراقدا، شان به شانی ئه‌وه‌ش ده‌بێت به کردار زه‌مینه‌یه‌ک خۆش بکه‌ین و ڕاشکاوانه‌ش دیار بێت ، که کوردان ده‌توانن به‌رژه‌وندیه گشتیه‌کانی ئه‌مریکا له‌و ناوچه‌یه‌دا بپارێزن . له هه‌ما کاتیش‌دا نابێت کوێرانه دوای هه‌ڵوێست و مه‌رامه‌کانی ئه‌و زل هێزه بکه‌وین، چونکه هیچ دوور نیه دووباره پاشقولمان لێ بگرێت و ڕاپێچی زه‌ریایه‌کی قوڵمان بکات . جا بۆیه ده‌بێت هه‌میشه بۆچونه سیاسیه‌کانمان له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه هاوبه‌شه‌کاندا بگونجێت. کاتێک کورد به کردار توانی بیسه‌ڵمێنێت که به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا له گه‌ڵ بوونی کوردوستانێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆیه، ئه‌و کاته ده‌توانین بڵێین که سیاسه‌تمه‌دارانی کوردیش ده‌توانن له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا خۆیان بنوێنن .
بارزان شوان
سوید
200701
uvnbas@hotmail.com
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

