په‌رستنی کازیوه
په‌رستنی کازیوه جوانه‌کان و ده‌ست گرۆیی بۆ ڕه‌خنه
سالار جه‌وهه‌ر
جاویدان ئه‌بێ له ئاسمانی هونه‌روئه‌ده‌بدا، هه‌ر ووشه‌و ڕسته‌یه‌ك له هه‌ستێکی ڕاسته‌قینه‌و هزرێکی ئاوه‌دانکاری یه‌وه ڕووه‌و جه‌مسه‌ری گۆڕانکاری بێته ئه‌فراندن.
ئه‌بێته وه‌رزێکی فێنك و ئه‌رخه‌وانێکی گه‌شی کوێستانی دڵ ، هه‌ر نووسینێك به خه‌نده‌یه‌کی ساماڵی و به ڕوحێکی ئه‌ده‌بی یه‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوکردنی تێکڕای ئاراسته سازگاره‌کانی به‌سه‌ر ته‌وێڵی په‌ڕاوێکه‌وه هێلانه‌ی چێ بکات ………. زۆرن ئه‌و نووسینانه‌ی ئه‌دره‌وشانه‌وه له ڕابردوودا‌و هه‌نووکه‌ش هه‌ر گه‌شن . زۆرن ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له ئێسك سووکیاندا، ڕۆمانێ بوون له گه‌رووی شیعرێکداو شیعرێ بوون له کوچه‌کانی چیرۆکداو، هه‌تاو ئاسادا ئاوه‌زی خوێنه‌رانی ڕۆشن ئه‌کرده‌وه، بێ گومان ئه‌مێستاش نووسینی نایاب هه‌ن و له داهاتووشدا نووسینی پیرۆزی دیکه‌ش له‌دایك ئه‌بن. شاعیر .. نووسه‌ر … ڕه‌خنه‌گر … مێژوونووس … ڕۆژنامه‌نووس … ته‌نانه‌ت ئه‌و خوێنه‌رانه‌ش که جارجاره له خه‌رمانی ووشه‌دا گوڵه وه‌چنه‌ی خۆیان ئه‌که‌ن و به‌رهه‌مێ ئه‌نووسن …. ڕۆژانێ دادێ هه‌موو نووسینه‌کان ببن به مێژوو ، جا ئیتر گرنگ نی یه ئه‌و به‌رهه‌مانه له چ شارێکی ئه‌ده‌بدا ته‌مه‌ن ئه‌گوزه‌رێنن؟ له ئاسمانی شیعردا خۆیان ئه‌سپێرن به هه‌ناسه‌ی گه‌واڵه هه‌وره‌کان ، یان له جێژووانی چیرۆکدا پێکی ڕووداوه‌کان ئه‌نۆشن ، وه‌یان له‌مه‌یدانی ڕه‌خنه ئامێزدا ده‌سته گوڵی ووشه‌کان هه‌ڵئه‌بڕن بۆ سه‌رنج ڕاکێشانی هه‌موو تاك و توێژێك بۆ گه‌رد لادان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کان ، ئه‌مانه هه‌موو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بین و زاده‌ی بیری چالاکن و شه‌ونمی به‌هره‌ی جوانن و خۆشه‌ویستیان شایانه یه‌ك له‌و گوڵه مێخه‌کانه‌ی باخی ئه‌ده‌بی کوردیمان، ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه‌گرتنه. ره‌خنه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیی ئاکادیمی وه‌ك باخه‌وانێکی به سه‌لیقه وایه که ده‌ستی شاره‌زاو دڵسۆزانه ئه‌خاته باخی ئه‌و به‌رهه‌مه‌وه‌و ئه‌یکات به‌به‌هه‌شتی خوێندن و به‌سه‌رکردنه‌وه‌و له‌ودیو په‌رژینی به‌هه‌شته‌که‌یشێوه هه‌رچی خه‌وش و لاوازی هه‌یه له‌به‌رایی چاوی نووسه‌ر دایده‌نێت و به‌خه‌نده‌یه‌کی ئه‌ده‌بی یه‌وه ئاوێزانی ئاسمانی نه‌مریی ئه‌کات…… جا ئیتر ئه‌مه مه‌جلیسی ئه‌ده‌بی یه‌و به‌حه‌یاسوجده‌بردن و به ئاوه‌زی به‌رینی یه‌وه دانیشتنی گه‌ره‌که . به‌ڵام ئه‌فسووس ، هه‌زار ئه‌فسووس که‌وا زۆری نه‌ماوه بووکی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ماڵئاوایی له نووسینه‌کانمان بکات و دێوه‌زمه‌یه‌کی ڕمووزنی چه‌له‌حانێ باڵی ڕه‌شی به‌سه‌ر په‌رچه‌می به‌رهه‌م و نووسینه‌کانماندا بکێشێ، ڕه‌خنه پێویستی یه‌کی خۆراك ئاسای یه له توێ ی خانه‌کانی نووسیندا …. چه‌له‌حانێش
گلۆربوونه‌وه‌یه‌کی به‌ره‌و دواوه‌یه‌و په‌ڕه‌مووچه‌کانمان له‌یه‌کتر ئه‌تۆرێنێ، ڕه‌خنه ڕه‌وڕه‌وه‌یه‌که بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعر‌و، چیرۆك و، ڕۆمان و، گشت لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی
ئه‌ده‌بیی ….. له‌کاتێکدا چه‌له‌حانێ تۆپڵه ڕقێکه‌و ده‌لاقه‌ی ئاشنابوونی یه‌کترمان لێ ئه‌گرێ، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ڕێگه‌یه‌کی هه‌ندێك درێژ و سه‌خته، به‌ڵام جوانمان ئه‌کات و ئاسووده‌مان ئه‌کات و ئه‌مانگه‌یه‌نێت به ئاسۆ ڕه‌نگ سپی یه‌کان، به‌ڵام چه‌له‌حانێ تووله‌ڕێگه‌یه‌کی کورت و ئاسانه و کاڵمان ئه‌کاته‌وه‌و ئه‌مانگه‌یه‌نێت به خه‌رمانێ له دڕك و مرۆر. زۆر گرنگه بۆ ئێمه که ته‌مه‌نی پێنووسه‌کانمان له ماڵێکی هێمنی ئه‌ده‌بیدا بگوزه‌رێ و له‌و خه‌سڵه‌ته نامۆیه‌ی که‌له ڕه‌وتی شارستانی و ڕۆشنبیریی ئه‌ده‌بیماندا بوونی نه‌بووه دووربکه‌وینه‌وه. بابه‌لای هه‌ندێکمانه‌وه هێنده جێگه‌ی کفرێکی گه‌وره نه‌بێت کاتێ که نووسه‌رێك، په‌خشانێك… بۆچوونێك … بزمارێك …. بابه‌تێك …. هتدێك ئه‌نووسێ ئه‌مه مافێکی ئه‌و نووسه‌ره‌یه‌و ناکرێ مه‌ترسی بخه‌ینه سه‌ر شکاندنی نه‌مامه‌کانی بیروباوه‌ڕی ئه‌و نووسه‌ر، بابه‌لای هه‌ندێکمانه‌وه برینداربوونی هه‌ست تێگه‌یشتن و ڕواڵه‌تێکی دیکه بگرێته به‌ر له ئاستی نووسینێکدا که خۆی له خۆیدا گشت پۆش بێت. بابه‌لای گشتمانه‌وه هێنده‌ی پیرۆزیی ووشه پیرۆز بین و، هه‌ر کاتێك که بانگهێشتی خامه‌کانمان
کرد بۆ نووسینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌ك به خۆشه‌ویستی و نیازێکی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی یه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین و به هه‌مان خاڵی شۆخه‌وه پایان پێبهێنین ……..
25.07.06 نه‌رویج
Salar74.j@hotmail.com
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

