کوردستان ته‌نها سلێمانی نییه
ڕه‌خنه‌یه‌ک له په‌رله‌مانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان
ئاری ئه‌بوبه‌کر
سلێمانی که جاران ناونرابوو شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و ئێستا به شاری گۆڕان خۆی ناساندووه، به‌و هه‌موو ترس و فشاره‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له کاتی هه‌ڵبژاردندا کردیان، که‌چی فاکت و داتاکانی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یان سه‌لماند، که سلێمانی نه‌ک هه‌ر چاو سوورکردنه‌وه ناتوانێت کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌بێت، به‌ڵکو چه‌ندێک فشاری نان و مووچه، ترس و دوودڵی کردنی خه‌ڵکی، ناشرینکردنی شته شه‌خسییه‌کانی به‌رانبه‌ر، وا ده‌کات ده به‌رانبه‌ر ئه‌م شاره تۆڵه‌یه‌کی سیاسی ب‌کاته‌وه له‌وانه‌ی که ساڵه‌هایه ئه‌م شاره‌یان په‌راوێز خستوه، هه‌ر له خزمه‌ت گوزارییه‌کانه‌وه، تا ده‌گاته دانانی لێپرسراوانی ئه‌م شاره، که که‌میان ڕۆڵه‌ی ئه‌م شاره بوون له ڕابردوودا(به‌داخه‌وه بۆ ئه‌م کاره‌ی ده‌سه‌ڵاتداران، که هه‌میشه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئاغا و مه‌سئول بوون به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌وه، هیچیان ڕۆڵه‌ی خودی ئه‌م شاره نه‌بوون)، بۆیه له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/7 داسلێمانی له شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانییه‌وه خۆی گۆڕی بۆ شاری گۆڕان، ده‌شێت ئه‌م پێناسه تازه‌یه سه‌رده‌میانه‌ش بێت، چونکه له ئێستادا قوربانی‌کردن و خۆ به‌کوشتدان تا ئه‌ندازه‌یه‌ک ڕه‌ویوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی لێپرسراوه حزبییه‌کان هه‌میشه ئیدیعا بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن که سه‌رده‌می قوربانی به‌سه‌ر نه‌چووه، له کاتێکدا زۆربه‌یان جنسییه‌ی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵاتییان له گیرفاندایه و ماڵ و مناڵی خۆیان هه‌موو له ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکان و ده‌یانه‌وێت شه‌ڕ به کوڕی فه‌قیر و هه‌ژار بکه‌ن، داوا ده‌که‌ن خه‌ڵک سه‌بری هه‌بێت، له کاتێکدا خۆیان ئاماده نین بۆ یه‌ک سه‌عات کاره‌بای ببڕێت و بێ ئێرکۆندیشن و هه‌وای فێنک له گه‌رمای هاوین دا بن، به‌هه‌رحاڵ ئێستا سه‌رده‌می شاخ کۆتایی هاتووه و سه‌رده‌می گفتوگۆ وجۆر و چۆنێتی ژیانکردنه، سه‌رده‌می گۆڕان(گۆڕان وه‌ک چه‌مکێکی گشتی نه‌ک لیستی گۆڕان) و چاککردنی باری گوزه‌رانی خه‌ڵکه، بۆیه ئه‌م شاره (سلێمانی) ناوی خۆی له شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانیه‌وه گۆڕی بۆ شاری گۆڕان.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌ک دنیا ده‌ست خۆشی کردن له په‌رله‌مانتارانی لیستی گۆڕان بۆ ئه‌و تێزه تازه‌یه‌ی که هێناویانه‌ته ناو دونیای په‌رله‌مانتاری ئێمه، که سه‌ردانی شوێنه گشتییه‌کان ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت له نزیکه‌وه، ئه‌گه‌ر بۆ که‌مێکیش بێت، له‌گه‌ڵ ئازاری خه‌ڵکی دا بژین و له که‌موکوڕییه‌کان ئاگاداربن، وه له خۆپیشاندانه‌کاندا به‌شداری (هه‌رچه‌ند ده‌سه‌ڵات ئه‌مه‌شی پێچه‌وانه‌کرده‌وه، به‌وه‌ی که ئه‌مه ده‌ستتێوه‌ردانه، نازانن ئێمه‌ی ڕه‌وه‌ندی کورد له هه‌موو خۆپیشاندانێکماندا، به سوپاسه‌وه ته‌کلیف له په‌رله‌مانتاره ئه‌وروپییه‌کان ده‌که‌ین بۆ به‌شداری کردن، چونکه په‌رله‌مانتار ئه‌گه‌ر له‌ناو خه‌ڵکدا نه‌ژی، ئه‌وا وه‌ک خوله‌کانی پێشووی په‌رله‌مانی کوردستانی لێدێت، که ته‌نها ئیشیان ده‌ستبه‌رزکردنه‌وه و به‌ڵێ بوو) بکه‌ن، مانبگرن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا و هیچ کات ڕێگه به دروستبوونی درز نه‌ده‌ن له به‌ینی ئه‌وان(په‌رله‌مانتاره‌کانی لیستی گۆڕان) و جه‌ماوه‌ردا، به‌ڵام وه‌ک ڕه‌خنه‌یه‌ک، پێویسته بیری په‌رله‌مانتاره‌کانی فراکسێۆنی گۆڕانی بهێنینه‌وه، که کوردستان ته‌نها سلێمانی نییه، تاوه‌کو له ئازاره‌کانی تێبگه‌ن و له‌ناو خه‌م و کێشه‌کانیاندا بژین، کوردستان یام ئه‌م به‌شه‌ی کوردستانی باشور، که ئێستا لکێنراوه به عێراقه‌وه، وه‌ک پێکهاته‌یه‌ک و به‌شێک له کوردستانی گه‌وره پێکدێت له هه‌ولێر و دهۆک و گه‌رمیان و سلێمانی و که‌رکوک، بۆیه زۆر زۆر پێویسته له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی لیستی گۆڕان که له‌نزیکه‌وه سه‌ردانی هه‌ریه‌که له هه‌ولێر، دهۆک و به‌تایبه‌تی تریش که‌رکوک و گه‌رمیان بکه‌ن و له نزیکه‌وه له ئازاره‌کانی هه‌موو چین و توێژه‌کانی هه‌ریه‌ک له‌م ناوچانه ئاگادار بن، که ساڵه‌هایه ده‌سه‌ڵات به حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌رێمیشه‌وه فه‌رامۆشی کردوون و بێ‌ناز ماونه‌ته‌وه، که‌س نه‌بووه له نزیکه‌وه له ئازاره‌کانیان ئاگادار بێت و ئه‌گه‌ر بۆ ڕوکه‌شیش بێت که‌مێک هه‌ست به‌ئازارو بێنازییه‌که‌یان بکات، به تایبه‌تی خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی گه‌رمیان، ئه‌و گه‌رمیانه‌ی که هه‌موومان شه‌رمه‌زارین له‌به‌رده‌میان دا، چونکه له کاتێکدا ئه‌و هه‌موو شۆڕه ژنه بێنازانه‌ی که ڕۆژێک تێر و ده برسین، به هه‌زار منه‌ته‌وه مووچه‌یه‌کیان پێده‌درێت، که به ئه‌ندازه‌ی به‌خشینی شاباشی کوڕه مه‌سئولێک نییه.
بۆیه ئه‌گه‌ر فراکسێۆنی گۆڕان بیه‌وێت بچێته ناو دڵی هه‌موو ئه‌و ژنه گه‌رمیانانه‌ی که خۆیان یان باوک و دایک و مێردیان سووته‌مه‌نی شۆڕشه یه‌ک له‌دوایه‌که‌کانی کوردبوون و له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی دا بوونه چێشتلێنه‌ر و کاره‌که‌ری که‌سانی وه‌ک ته‌ها محێدین مه‌عروف و ئه‌وانه‌ی که‌ده‌ستیان به خوێنی کوڕ و مێرده‌کانیانی ئه‌م شۆڕه ژنانه سووره، ده‌بێت په‌رله‌مانتارانی فراکسێۆنه‌ی گۆڕان، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه بونه‌ته په‌رله‌مانتار تا ئازاره‌کانی خه‌ڵک که‌مبکه‌نه‌وه و کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ربکه‌ن، مه‌یدانییه‌ن بچنه ناو هه‌موو چین و توێژه‌کانی ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سلێمانیش، بۆ ئه‌وه‌ی لانیکه‌م خه‌ڵکی گه‌رمیان، که‌رکوک، هه‌ولێر و دهۆکی ئازیزیش هه‌ستبکه‌ن که نوێنه‌ریان هه‌یه له‌ناو په‌رله‌ماندا.
به دیوێکی تریشدا بۆ ئه‌وه‌ی که فراکسێۆنی گۆڕان، به‌سه‌ردانی کردنی هه‌موو ناوچه‌کانی تر، بتوانێت مۆرکی ناوچه گه‌رێتی له ناو گه‌مه‌ی سیاسی کوردی دا کاڵبکاته‌وه، وه فراکسیۆنی گۆڕانیش له ته‌مومژی سلێمانچێتی بڕه‌وێنێته‌وه که پێیانه‌وه لکێندراوه و پێی تاوانبار ده‌کرێن.
ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه ژماره 194 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه
Arei1976@hotmail.com
تۆ ده‌توانیت بۆچوونێك بنوسیت, یان به‌سته‌ری هه‌میشه‌یی كرته بكه.

